ڕووسیا: بە بڕیاری ئەمریکا پێویستە 27 دیپلۆماتکارمان تا 30ی کانوونی دووەم ئەو وڵاتە جێبهێڵن
ڕووسیا دەڵێت: 27 دیپلۆماتکاری ئەم وڵاتە بە بڕیاری واشنتۆن دەبێت لە 30ی کانوونی دووەم وڵاتی ئەمریکا بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە ڕووسیا.
ئەناتۆلی ئەنتۆنۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند: کە ڕۆیشتنی چەندین دیپلۆماتکاری ڕووسیا دەبێتە هۆی کەمبوونی كارمەند لە باڵوێزخانەی ڕووسیا لە واشنتۆن. ئەو دیپلۆماتکارەی ڕووسیا ئەوەشی گوت: "ئێمە ڕووبەڕووی کەم و کوڕییەکی جدیی هێزی مرۆڤ دەبینەوە "27 لە هاوپیشەکانم و خێزانەکانیان دەبێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا ئەمریکا بەجێبهێڵن و ئەوەش کێشەکانی ئێمە لە باڵیۆزخانەکە زیاد دەکات.
ماریا زاخارووا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە 29ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند: کە نزیکەی 200 دیپلۆماتکاری ڕووسیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە واشنتۆن و لە ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک.
لەم چەند مانگەی دواییدا گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ زیاتر بووە، بەتایبەتی لەو کاتەوەی بایدن لە ئەمریکا دەستی بە کار کردووە. ئەم دوو وڵاتە جیاوازیی جدییان هەیە بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی ئۆکرانیا و داگیرکردنی نیمچە دوورگەی کریمیا لەلایەن ڕووسیاوە، جۆ بایدن بە بەردەوامی ڕایگەیاندووە: کە هەرگیزبەفەرمی دان بە پاشکۆکردنی کریمیا بۆ ڕووسیا دانانێین. هاوکات ڤلادیمیر پوتین دەڵێت: کریمیا بۆ هەتاهەتایە سەر بە ڕووسیا دەبێت.
حکومەتی ئەمەریکا مانگی ڕابردوو لە ئامارە فەرمیەکاندا ڕایگەیاند: کە ژمارەی فەرمانبەرانی ئەمەریکا لە ڕووسیا لە 1200 بۆ 120 کەسی کەمبۆتەوە بەو پێیە بەرپرسانی ئەمەریکا جەختیان لەوە کردەوە کە ئەدای ئەرکەکانی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان لە ڕووسیا تووشی چەندین ئاستەنگ بووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ڕووسیا پرۆسەی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی مۆسکۆ هەڵپەسێرێت و هاووڵاتیانی ڕووسیا ئێستا دەبێت گەشت بکەن بۆ وڵاتێکی دیكە بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا.
گوڵان: سەردار خەلیل