ئەو بەلەمەی تەرمی ( 10 ) پەنابەری هەڵگرتبوو گەیشتە ئیتاڵیا

ئەو بەلەمەی تەرمی ( 10 ) پەنابەری هەڵگرتبوو گەیشتە ئیتاڵیا

 

 

بەلەمێک کە تەرمی ( 10 ) پەنابەری هەڵگرتبوو کە لە دەریای سپی ناوەڕاستدا دۆزراوەتەوە لە ڕۆژی هەینی 20ی تشرینی دووەمدا گەیشتە دوورگەی سیسیلی ئیتالیا،  بێگومان دەیان کەسی دیکە لە ناو بەلەمەكە بوون کە بە یارمەتیی دەستەی کەشتی ژئۆ ڕانتس کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی دکتۆرە بێ سنوورەکانەوە بەڕێوەدەبران، ڕزگارکران.

بەلەمی هەڵگری پەنابەران 30 میل لە کەناری لیبیا دۆزرایەوە،  سەرنشینانی بەلەمەکە هەوڵیان دا لە ڕێگەی دەریای سپیی ناوەڕاستەوە بگەنە وڵاتانی ئەوروپا،  ڕێكخراوی پزیشكانی  بێ سنوور لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: کە هۆکاری مردنەکە 13 کاتژمێر لە بەشی خوارەوەی بەلەمەکە بووە،  کە ئەو خەڵکەی خنکاون  بەهۆی هەڵمژینی بۆنی سووتەمەنی گیانیان لە دەست داوە.

186 کەس كە لەو بەلەمەدابوون لە ئۆپەراسیۆنێکی جیا جیادا ڕزگارکران  و گواسترانەتووە بۆ کەناراوەکانی مسینا لە باشووری ئیتالیا،  لەنێو ئەو کۆچبەرانەدا کە زۆربەیان ئەفریقین، 61 منداڵن، کە بچوكترینیان منداڵێکی تەمەن 10 مانگەیە.

لەم هەفتانەی دواییدا، ئیتالیا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە کۆچبەران کە هەوڵ دەدەن بە بەلەم بگەنە ئەو وڵاتە،  ئەو شەپۆلە نوێیە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر حکومەتی ماریۆ دراگی  سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، بۆ دۆزینەوەی ڕێکەوتنێک لە یەکێتیی ئەوروپا لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کۆچبەران.

بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئیتالیا ئەمساڵ 59 هەزار و 702 پەناخواز لە ڕێگەی دەریاوە چوونەتە ئیتاڵیا،  ئەمە لەکاتێکدایە کە لە هەمان ماوەدا لە ساڵی 2020دا ئەم ژمارەیە تەنیا 32 هەزار و 576 کەس بووە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top