دەستەی ژینگە هەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان دەكات
لە بەر گرنگیی ڕۆڵی كەرتی تایبەت لە پاراستنی ژینگە و پاڵپشتیكردنی پلانەكانی گەشەپێدانی بەردەوام و، لە بەر زیادبوونی فشاری پڕۆژە پیشەسازییەكان لە سەر پێكهێنەرەكانی ژینگە و، لەبەر ئەوەش كە ژیان لە ژینگەیی سەلامەتدا مافێكی دەستووریی هەر هاووڵاتییەكە و، لە بەر ئەوەش كە ئاشتكردنەوەی هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت پێویستییەكی سەردەمە و، زۆربەی وڵاتان كار بە سیستمی كاری هاوبەشی نێوان هەر دوو كەرتەكە دەكەن، لە پێناوی پەرەپێدانیش بە چەمكی ئابووریی سەوز و بەدیهێنانی گەشەپێدان بە بێ زیانگەیاندن بە سیستمی ژینگەیی و برەودان بە وەبەرهێنانێكی ژینگەیی، ئاكاریی، بەرپرسانە كە بتوانێت داخوازییەكانی ئەمڕۆ بەدی بێنێت بەبێ زیانگەیاندن بە نەوەكانی داهاتوو.
هەروەها لە پێناوی دروستكردنی تێڕوانینێكی نوێ بۆ كەرتی تایبەت كە ناكرێت تیایدا ئابووریی تەنیا لە پارە و قازانجی خێرادا كورت بكرێتەوە، بەڵكو كەرتی تایبەت وەك هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی لە خزمەتی ژینگە و مرۆڤدا دەبێت.
ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان و سكرتێری ئەنجومەن و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی كاروباری هونەریی و هۆشیاریی ژینگەیی و، بەڕێوەبەرانی فەرمانگەكانی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی نێو ئەنجومەن و نوێنەرانی بۆردی ڕێكخراوە ژینگەییەكانی كوردستان، ئەنجومەنی ژینگە كۆبو،نەوەی ئاسایی خۆی لە هەولێر ئەنجام دا.
ئەنجومەن لەم كۆبوونەوەیەدا مێوانداریی بەڕێز د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كرد، بە مەبەستی ئاشاناكردنی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بە كار و بەرنامەی دەستەی وەبەرهێنان و یاسا و ڕێنماییەكانی وەبەرهێنان..
سەرەتا ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆكی ئەنجومەن تیشكی خستە سەر پەیوەندیی نێوان هەر دوو دەستەی ژینگە و وەبەرهێنان و ئاماژەی بە چەمكی وەبەرهێنانی ژینگەیی كرد و، پاشان د.محەمەد شوكری بە وردی باسی لە كارەكانی دەستەی وەبەرهێنان كرد و، دواتریش تەواوی ئامادەبووان بە پرسیار و پێشنیارەكانیان كۆبوونەوەكەیان دەوڵەمەندتر كرد، لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا ئامادەبووان گەیشتنە ئەم ڕاسپاردانەی لای خوارەوە:
1- هەماهەنگیی نێوان دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی ژینگە بە جۆرێك بێت، كە هیچ پڕۆژەیەك بە بێ ڕەزامەندیی ژینگە دەست بەكار نەكات.
2- كارئاسانی بۆ وەبەرهێنان بكرێت، بۆ ئەو پڕۆژانەی كە دۆستی ژینگەن.
3- بایەخدانی زیاتر بە وەبەرهێنانی كشتوكاڵی و تەواوكردنی بەنداوەكان.
4- هەوڵدان بۆ زووتر داڕشتنی نەخشەیەكی گشتگیری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.
5- ئاگاداركردنەوەی دەستەی وەبەرهێنان لە هەر پڕۆژەیەك كە دەستكاریی ماستەر پلان بكات.
6- پابەندكردنی خاوەن پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بە بنیاتنانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری.
7- بایەخدان بە وەبەرهێنان لە بواری گواستنەوەی گشتیدا.
8- هەر خاوەن پڕۆژەیەك لە ماوەی دیاریكراودا بۆی كەموكورتییەكانی تەواو نەكات، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.
9- لێژنەكانی چاودێریی پڕۆژەكان زیاد بكرێن.
10- نوێكردنەوەی مۆڵەت بۆ هەر پڕۆژەیەك پێویستە پێشتر ڕەزامەندیی ژینگەی هەبێت.
11- پابەندكردنی خاوەن پڕۆژە لەلایەن وەزارەتی كارەباوە بۆ ئەوەی بەشێك لە وزەی كارەبای پڕۆژەكە لە سەرچاوەی وزەی خاوێنی وەك خۆرەوە بێت.
12- بایەخدان بە چەمكی وەبەرهێنانی سەوز، یان ژینگەیی لە بواری وزەپارێزیی و بەكارهێنانی ئاو و، لە بواری مامەڵەی تەندروست لەگەڵ چارەسەركردنی زبڵ و خاشاكدا و، لە بواری پاراستنی كواڵێتی هەوادا و ڕەچاوكردنی مەرجە ژینگەییەكان لە گواستنەوە و هاتوچۆدا.
13- پابەندكردنی خاوەن پڕۆژە بە دابینكردنی پشتێنەی سەوز بە پانیی گونجاو بە دەوری شوێنی نیشتەجێبووندا.