گرژیەكانی نێوان بیلارووسیا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەهای گازی بەرز كردەوە

گرژیەكانی نێوان بیلارووسیا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەهای گازی بەرز كردەوە

دوای هەڕەشەكانی ئەلێكساندەر لوكاشینۆی سەرۆكی بیلارووسیا كە رایگەیاندبوو ئەگەر یەكێتی ئەوروپا لەسەر سزادانی وڵاتەكەی سوور بێت ئەوا گازی سروشتی لەسەر سەرجەم وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەبڕێت و زستانێكی سارد چاوەڕێیان دەكات، روسیاش لەلایەن خۆیەوە راستەوخۆ وتەكانی سەرۆكی بیلاروسیای بەوە وەسف كرد كە بۆ ئەم هەڕەشەیە نەگەڕاوەتەوە بۆ روسیا و روسیا وڵاتێكە هەمیشە پابەندی بەڵێنەكانی بووەو بەردەوام دەبێت لەسەر ناردنی گازی سروشتی بۆ یەكێتی ئەوروپا و پێویست ناگات كەس گومان بخاتە سەر روسیا بۆ دابینكردنی سەرچاوەی گازی سروشتی و جێبەجێكردنی رێكەوتنەكانی .
هەرچەندە لێدوانەكانی روسیا بارودۆخی هەڵكشانی بەهای گازی سروشتی هێوركردەوە بەڵام لەمەودوا یەكێتی ئەوروپا دەبێت بیر لەسەر چاوەی دیكەی سوتەمەنی بكەنەوەو بۆ گازی سروشتی دەبێت روو بكەنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێڵی نوێی بۆری گازی سروشتی رابكێشن چونكە روسیا بەردەوام لەسەر چەندین دۆسێیە ململانێی لەگەڵ ژمارەیەك لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هەیە و لەگەڵ هەڵگیرسانی هەر بارگرژییەك بۆری گازی سروشتی نێوان روسیا و یەكێتی ئەوروپا دەكەوێتە بەر هەڕەشە.
یەکێک لەو هێڵانەی کە لە رێگەیانەوە رووسیا گاز رەوانەی ئەوروپا دەکات بەناوی " یامال-ئەوروپا"یە کە بە خاکی بێلاڕووس تێدەپەڕێت.
لەسەر بنەمای "سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن" و " ساختەکاری هەڵبژاردنەکان" یەکێتیی ئەوروپا سزای ئابووریی بەسەر حکومەتی بێلاڕووس سەپاند، لە بەرامبەردا سەرۆکی بێلاڕووس هەڕەشەی کردنەوەی سنوورەکانی بە رووی کۆچبەران و رێگەخۆشکردن بۆ چوونیان بەرەو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای کرد و لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەزاران کەس روویانکردە ئەو وڵاتە و بەرەو پۆڵەندای هاوسنووری چوون و لە چەند هەفتەی رابردوودا و لەگەڵ زۆرتربوونی ژمارەی کۆچبەران پۆڵەندا سنوورەکانی داخست و قەیرانێكی مرۆیی گەورەی لێکەوتەوە .

Top