سنوورەكانی ئیلامەوە زیاتر لە 53 هەزار تۆن كاڵا هەناردەی عێراق كراوە
هەرچەندە هەرێمی كوردستان و عێراق رێكەوتوون لەسەر زیاتر گرنگیدان بەبەرهەمی ناوخۆیی بەڵام وڵاتی ئێران و توركیا سوودمەندی سەرەكین لەهەناردەكردنی زۆرترین كاڵای خۆراكی و كشتوكاڵی ، ئەوەتا مەھناز ھێمەتی بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی کوالیەتی کونتڕۆڵی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند، لە ئاداری ئەمساڵەوە تاوەکو ئەیلول، ٥٣ ھەزار و ٤٩٤ تۆن کاڵا لە سنورەکانی شاری مێھرانەوە ھەناردەی عێراق کراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو کاڵایانەی ھەناردەکراون بەرووبوومی كشتوكاڵی و میوەجات و خۆراك و کاشی و ئاسن و کەلوپەلی بیناسازی و پێداویستی ئۆتۆمبێل و مەوادی پلاستیکی بوون.
وڵاتی ئێران بەردەوام لەرێگەی واژووكردنی رێكەوتنەكانەوە زۆرترین كاڵای بازرگانی هەناردەی كوردستان و عێراق دەكات، لەكاتێكدا بۆ هێنانی كاڵای عێراقی و كوردستانی چەندین ئاستەنگ و بەربەستی باج و قەدەغەكردن و رۆتین پەیڕەو دەكات ئەمەش بەزیانی عێراق و هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت.