ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم: ڕاپۆرتی وەرزی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرزدەنرخێنێت

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم: ڕاپۆرتی وەرزی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرزدەنرخێنێت

 


لێکۆڵەری تایبەت لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، بە هەماهەنگی لەگەڵ لێکۆڵەرانی تایبەت لە وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەی نێودەوڵەتی (USAID)، بیستوحەوتەمین ڕاپۆرتی وەرزییان (مانگی حەوت تا نۆ) سەبارەت بە ئۆپەڕاسیۆنەکانی هاوپەیمانان لە ڕێککەوتی ٣/١١/٢٠٢١ بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژەیان بە ڕۆڵی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش، و هاوکات ئاماژەیان بە چەند بابەتێکی گرنگ کردووە.


لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە "ڕاپۆرتەکە سەنگ و قورسایی خۆی هەیە چونکە گشتگیرە و تیشک دەخاتەسەر ڕەوشی چالاکییە سەربازییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، هاوکارییەکانی هاوپەیمانان، جموجۆڵەکانی داعش و قۆستنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان، و چەند بابەتێکی دیکە."


ڕێکخەر ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی، "جێی سەرنجە کە ڕۆڵی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش لە ڕپۆرتەکە بەرزنرخێندراوە، و وەک لایەنێکی متمانەپێکراو ناسێندراون لە دەستنیشانکردن و هەڵوەشاندنەوەی سێ خانەی نووستووی داعش لە ماوەی دوو مانگدا، پاراستنی ئەمنی بەشێکی فراوانی سنووری نێوان دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی فیدڕاڵی، و ئەنجامدانی نزیکەی ٩٠٠ هێرشی زەمینی بێ هاوکاری هاوپەیمانان، هاوکات هەوڵە بەردەوامەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژەیان پێدراوە و لەگەڵ چەند پرسێکی تر."


سەبارەت بە هێرشە تیرۆرستەکانی داعش لە نێوان مانگی حەوت و نۆدا، د. دیندار گوتی، " بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، داعش ١٨٢ هێرشی ئەنجامداوە لەم ماوەیەدا، لەوانەش هێرشە دڕندانەکەی بۆ سەر پۆلیسی فیدڕاڵی لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک کە تێیدا پتر لە ١٣ کەس کوژران. داعش لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەمان ماوەدا بەرپرسیارەتی خۆی لە ئەنجامدانی ٢٣٠ هێرش ڕاگەیاندبوو.


ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکانیش داوە بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هەروەها باس لەوە دەکات کە لە دوو مانگی ڕابردوودا چەند هێزێک گەڕانەوە سەر وەزارەت و چاوەڕێ دەکرێت تا دوو مانگی تر چەند هێزێکی تریش یەکبخرێنەوە، هاوکات لەم ماوەیەدا هاوکاری هاوپەیمانان بە ٤٩ ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.


لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، د. دیندار زێباری گوتی، "داعش هەڕەشەیەکی بەردەوامە لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، داعش تا ئێستاش سەرچاوە داراییەکانی وشکیان نەکردووە، هەروەها بەردەوامە لە ڕاکێشانی خەڵک بۆ ناو ڕیزەکانی و قۆستنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان و سنووری نێوان عێراق و سووریا بۆ گواستنەوەی چەک و چەکدار، بۆیە پێویستە هەوڵە فرەلایەنەکان چڕبکرێنەوە بۆ ڕیشەکێشکردنی شانە نووستوو و چالاکەکانی داعش

Top