سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی سەردانی تاران دەكات

سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی سەردانی تاران دەكات

 

سەعید خەتیبزادە گوتەبێژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بانگهێشتی سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی دەکات بۆ وتووێژکردن. ناوبراو ڕوونی كردەوە كە پەیوەندی بە   ڕافائێل گرۆسی سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمییەوە كراوە تاكو سەردانی تاران بكات.

 

ناوبراو لە میانی لێدوانەكەی دوێنیدا بە تەواوی باسی لە کاتی سەردانەکە نەکرد، هەر چەندە ئەوەشی گوت كە  چاوەڕوان دەکرێت  گرۆسی لەم سەردانەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی وڵاتەکەدا کۆببێتەوە.

 

شایانی باسە لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا، سەرۆکی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ڕافائێل گرۆسی، سەردانی تارانی کردبوو، لەو سەردانەشدا گەیشتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێرانییەکاندا لەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئامێرەکانی چاودێریکردندا لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێراندا.

Top