ئایندەی پرۆسەی سیاسیی عێراق.. لەناو چەمكی دەوڵەتە جیاوازەكاندار كورد: فیدڕاڵی .. سوننە: قەومی عەرەبی.. شیعە: ویلایەتی فەقی
بەپێی ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگدەرانی كوردستان بە ڕێژەی 52.5% دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان و، بە ڕێژەی 25.5 دەنگیان بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوە، ئەمەش مانای ئەوەیە پارتی و یەكێتی پێكەوە ڕێژەی 78%ی دەنگەكانیان بەدەست هێناوە، ئەم دوو لایەنەش هەر لە ساڵی 1992ـەوە كە پەرلەمانی كوردستان دامەزراوە، پێكەوە لە پەرلەمان دەنگیان بە بڕیاری فیدڕاڵی داوە، پاشانیش لە میانەی كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆن لە «1992-2003» فاكتەری سەرەكی بوون بۆ بونیادنانەوەی عێراقی دوای ڕژێمی سەدام حوسێن وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و هەر پێكەوەش سیستمی فیدڕاڵییان لە دەستووری عێراقدا چەسپاندووە.
عەرەبی سوننەی عێراقیش بە ڕێژەی زیاتر لە 90% دەنگیان بە هەردوو لایەنی قەومی عەرەبی (هاوپەیمانیی تەقدوم و هاوپەیمانیی عەزم) داوە، لە بەرامبەر ئەمەدا پاشەكشەیەكی گەورە لە ناو حزبە ئیسلامییە سیاسییەكانی هاتووەتە ئاراوە و، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی عەرەبی سوننە خوازیاری دەوڵەتێكی «قەومی عەرەبی علمانی»یە و زیاتریش حەزدەكەن ئەو دەوڵەتە قەومییە دەوڵەتێكی لامەركەزیی ئیداری بێت، نەك فیدڕاڵی وەك ئەوەی لەناو دەستووری ساڵی 2005دا پێناسە كراوە.
بە پێچەوانەی دەنگدەرانی كورد و عەرەبی سوننەوەوە، دەنگدەرانی عەرەبی شیعە بە ڕێژەی سەرووی 75% دەنگیان بە حزب و لایەنە سیاسییەكانی ئیسلامی شیعە داوە و، تەیاری سەدر بە تەنیا 73 كورسی هێناوە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەش (كە نوێنەرایەتیی باڵی سیاسیی حەشد دەكەن)، خۆیان دەڵێن سەرووی 80 كورسییان كۆكردووەتەوە. ئەوجا ئەگەر سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە ڕێكبكەون، یان هەر لایەكیان بە تەنیا هەوڵ بۆ دروستكردنی كوتلەی گەورە بدات، ئەوا سەرەنجام هەر هەوڵدانە بۆ دامەزراندنی كۆمارێكی ئیسلامیی شیعە، لەوانەیە جیاوازیی نێوان ئاراستەی لایەكیان لەگەڵ لایەكەی دیكەیان وەك جیاوازیی حزبوڵای لوبنانی و كۆماری ئیسلامیی ئێران وابێت، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە حزبوڵای لوبنانی بانگەشە بۆ ئەوە دەكات ئامانجی ئەوان لە لوبنان دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی نییە.
گەمەی ئیسلامی سیاسیی شیعە
بۆ گۆڕینی ناسنامەی دەوڵەتی عێراق
هەموو ئەو حزب و هاوپەیمانییە ئیسلامییانەی شیعە كە ئەمجارەش كورسیی زۆریان بەدەست هیناوە و، ململانێ لەسەر پیكهێنانی كوتلەی گەورە دەكەن، هەر هەموویان بە بێ ئیستیسنا بەشێك بوون لە حوكمڕانیی فاشیلی 18 ساڵی ڕابردووی عێراق و هەر یەكەشیان بە پێی قەوارەی خۆی بەرپرسیارە لە شكستی حوكمڕانی لە عێراقدا و، هۆكاری شكستی هەموو لایەنەكانی ئیسلامی سیاسیی شیعەش لە یەك خاڵدا خۆی بەرجەستە دەكات، ئەویش ئەوەیە كە هیچ كام لە لایەنە ئیسلامییەكانی شیعە نایانەوێت عێراق لە چوارچێوەی دەستووری ساڵی 2005 بەرەو دەوڵەتێكی (فیدڕاڵی، فرەیی، پەرلەمانی، دیموكراتی) هەنگاو هەڵبگرێت، بەپێچەوانەوە هەموو هەنگاوەكانیان بەو ئاراستەیە بووە كە دەستوورەكە بكەنە مەرەكەبی سەر كاغەز و لە پراكتیكدا هیچ بایەخێكی نەبێت و، لەژێر پەردەی ئەو دەستوورەدا و لە ناو هەناوی دامەزراوە دەوڵەتییەكانی عێراقدا، تۆی دەوڵەتێكی ئیسلامیی شیعە بچێنن و، لەو كاتەوەشی حەشدی شەعبی بە ئاشكرا باڵە سیاسییەكەی لە هەڵبژاردنەكان بەشداری دەكەن و بوونە كوتلەیەكی پەرلەمانی، لایەنە سیاسییەكانی شیعە بە بێ پەردە هەنگاوەكانیان بەو ئاراستەیە ڕاشكاوانەتر كردووە.
لەناو ئەم ئامانجە هاوبەشەی كۆی حزب و هاوپەیمانییە ئیسلامییەكانی شیعەی عێراق، سیمای سیناریۆیەكی «شەڕی دەسەڵات» هەستی پێ دەكرێت و، هەندێك جاریش لەناو میدیاكان دەگاتە ئەوەی مەزندەی ئەوە بكرێت كە «شەڕی خۆبەخۆی شیعە دژی شیعە» بەرپا ببێت، بەڵام پێش ئەوەی بارودۆخەكە بگاتە حاڵەتێكی مەترسیداری لەو جۆرە، ئەوا بە دوو ڕێگە (كۆماری ئیسلامی و مەرجەعییەتی نەجەف) بارودۆخەكە هێور دەبێتەوە و حزب و هاوپەیمانییەكانی شیعە لەسەر یەك مێز كۆدەبنەوە، هەروەك چۆن دوای كۆبوونەوەكەی ئیرەج مەسجدی لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دەنگۆی ئەوە دروست بووە كە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بەرەو قبووڵكردنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن هەنگاو هەڵدەگرن.
بۆ ئیسلامی سیاسیی شیعەی عێراق، خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە كە حوكمڕانی و دەسەڵاتیان لە دەست دەرنەچێت و هەر لە دەستی خۆیاندا بمێنێتەوە، ئەوجا لە حزبی دەعواوە دەگۆڕێت بۆ فەتح، یان سەدر و لایەنێكی دیكە ئەوە گرنگ نییە، لە ئێستاشدا بارودۆخی سیاسیی عێراق فەرزی كردووە كە هەردوولایەنی كورد و عەرەبی سوننە خۆیان نەك بە لایەكی ئەو كێشەیەوە خۆیان گرێ داوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە بەجێیان هێشتووە بۆ ئەوەی حزب و لایەنە ئیسلامییەكانی شیعە خۆیان ناوماڵی خۆیان ڕێكبخەنەوە، ئەمەش جۆرە دڵنیاییەكی بە ئیسلامی سیاسیی شیعە و تا ڕاددەیەك بە كۆماری ئیسلامیی ئێران داوە، كە دووبارە ڕێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق لە ناو چوارچێوەی ئەو نەخشە ڕێگەیە دەرنەچێت كە ئیسلامی سیاسیی شیعە بۆ هەنگاوهەڵگرتن بۆ كۆمارێكی ئیسلامیی شیعە ئومێدی بۆ دەخوازن.
خواستی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی شیعە، خواستێكی شاراوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق نییە و، هەر لەگەڵ دەستپێكی كابینەی دووەمی نووری مالیكی ئەم خواستە بە ناڕاستەوخۆ لە میانەی دەستكاریكردنی سوێندی فەرمی بۆ پێكهێنانی كابینەكە و لابردنی وشەی فیدڕاڵی وەك ناسنامەیەك بۆ دەوڵەتی عێراق، بە ئاشكرا هەنگاوی بۆ هەڵگیرابوو، لەمەش زیاتر دوای تەنیا یەك ساڵ لە كابینەی دووەمی نووری مالیكی بانگەشەی دامەزراندنی حكومەتی زۆرینە و پشتكردنە تەوافق و سازان دەستی پێ كرد و، هەر ئەمەش بووە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی 2014 و، ڕاستە لەو هەڵبژاردنەدا لیستەكەی نووری مالیكی زۆرینەی كورسییەكانی بەدەست هێنا، بەڵام هاتنی تیرۆریستانی داعش و داگیركردنی مووسڵ و ڕاگەیاندنی بەناو خەلافەتی ئیسلامیی داعش، هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی و مالیكی نەیتوانی سێ بارە پۆستی سەرۆك وەزیران پێك بهێنێتەوە.
لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و دەركەوتنی حەشدی شەعبی وەك هێزێكی سەربازیی گەورە و براوەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و، پاشانیش بەدەستهێنانی دەنگێكی زۆر لە ناو هەر یەك لە هاوپەیمانیی فەتح و نەسر (مەبەست كوتلەكەی فالح فەیازە كە لە 2018 لە عەبادی جیابووەوە)، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی كە حەشدی شەعبی ببێتە فاكتەری سەرەكی لە دروستكردنی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی و لەسەر ئەرزی واقیعی گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیش، بە پراكتیكی هێزەكانی حەشدی شەعبی جڵەوی پرۆسەی سیاسییان لە عێراق، بە تایبەتی لە پەرلەمان و حكومەت كۆنتڕۆل كردبوو و، خۆیان هەر بڕیار و یاسایەك ئامانجیان بووە لە پەرلەمان و حكومەت جێبەجێیان دەكرد، بەڵام ئەم حاڵەتە خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019ی بە سەردا هات و، گوشاری خۆپیشاندەران وای كرد، حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی دەست لە كار بكێشێتەوە و، دوای چەندین مانگ بۆشایی حكومەت لە عێراقدا، بە ناچاری حزب و لایەنە ئیسلامییەكانی شیعە ڕازی بوون كە مستەفا كازمی حكومەتێكی تازە پێكبهێنێت و، ئەم حكومەتەش تەنیا كاری ئەوە بێت كە زەمینە بۆ هەڵبژاردنێكی تازە ڕێكبخاتەوە.
دیارە لە ئایاری 2020 ـەوە كە مستەفا كازمی بووەتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەتا ئەو كاتەی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەنجام درا، ماوەی 17 مانگە، لە ماوەی ئەم 17 مانگەدا شەخسی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، ددانیان بەوەدا ناوە كە «عێراق لە دووڕێیانی دەوڵەت و نادەوڵەت»یدایە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە عێراق لە قۆناخی «دەوڵەت لەناو دەوڵەت»دایە، لەمەش زیاتر ئەو دەوڵەتە قووڵەی حەشدی شەعبی لە ناو دەوڵەتی عێراقدا دروستی كردبوو، ڕاستە لە لایەك شكۆی دەوڵەتی عێراقی وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ شكاندبوو، بەڵام لە لایەكی دیكەوە بناخەیەكی پتەویشی بۆ ئەو دەوڵەتە ئیسلامییە شیعەیەش دامەزراندبوو كە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا دەنگدەرانی شیعە بە ڕێژەی زیاتر لە 75% دەنگیان پێ داون.
كێشەی ناوخۆی حزب و لایەنە ئیسلامییەكانی شیعە لە زۆر ڕووەوە لە كێشەی ناو پەرلەمانی بەریتانیای ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دەچێت لەسەر شەڕی فۆكلاند، ئەوكات سەرنووسەری تایمزی بەریتانی نووسیبووی، كێشەی نێوان پەرلەمانتارانی بەریتانیا ئەوە نییە كە گرووپێكیان لایەنگری شەڕەكە بن و گرووپەكەی دیكە دژی شەڕ بن، بەڵكو كێشەی نێوانیان ئەوە بوو، گرووپێكیان پێداگرییان دەكرد لەسەر ئەوەی شەڕەكە بكرێت، بەڵام تەنیا بۆ داگیركردنەوەی دوورگەی فۆكلاند بێت، لە بەرامبەردا گرووپەكەی دیكە پێداگرییان دەكرد، شەڕەكە كە هەر دەكرێت، با دوای گرتنەوەی دوورگەی فۆكلاند، ئەرجەنتینیش داگیر بكرێت.
لەمەوە ئەگەر سەیری كێشە و ناكۆكیی نێوان موقتەدا سەدر بكەین كە 73 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، لەگەڵ نووری مالیكی كە ئێستا وەك دەمڕاستی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە قسە دەكات و، خۆیان بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن، ژمارەی كورسییەكانیان لە سەرووی 85 كورسییە، لەسەر ئەوە نییە، بۆ نموونە سەدر دەیەوێت عێراق دەوڵەتێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی بێت و مالیكی بیەوێت دەوڵەتێكی سەنتڕاڵیی بەهێز بێت، نەخێر، كێشەی نێوانیان لەسەر ئەوەیە كە ئەو كۆماری ئیسلامییەی سەدر، یان مالیكی پێكی دەهێنێت، عێراق كۆپییەكی كۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، یان كۆپییەكی حزبوڵای لوبنانی بێت، لە هەردوو حاڵەتەكە هەر لایەكیان ببنە كوتلەی گەورە، یان جۆرە سازانێك لە نێوانیان بیتە ئاراوە و كاندیدێكی هاوبەش بۆ سەرۆك وەزیران ڕابسپێرن، ئەوا گۆڕینی ناسنامەی دەوڵەتی عێراقە وەك: «دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و پەرلەمانی و دیموكراتی» بۆ «دەوڵەتی عێراق وەك كۆمارێكی ئیسلامیی شیعە».
شیعە ترسی سوننەیان نییە
هەوڵی هەڵكردنی گلۆپی سەوزی هەولێر دەدەن
عەرەبی سوننەی عێراق، جیا لەوەی كێشەی سەرەكییان ئەوەیە كە شارەكانیان بە هۆی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشەوە كاول بوون و، پێویستیان بە هەڵمەتێكی گەورەی دووبارە بونیادنانەوەی شارەكانیان و گەڕانەوەی خەڵكە ئاوارەكەی خۆیان هەیە، لە هەمانكاتدا لە ڕووی سیاسییەوەش چەتری مەرجەعییەتێكی نیشتمانی هەموویان پێكەوە كۆناكاتەوە و، نایكاتە خاوەنی یەك بڕیار و یەك هەڵویست، ئەو هەوڵانەشی توركیا و هەندێك وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕێكخستنەوەی ناوماڵی عەرەبی سوننە دەیدەن، هەتا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە ئەو چەترەی كە وەك مەرجەع هەموویان كۆبكاتەوە، هەر بۆیە ئەگەر كار بگاتە ئەوەی جۆرە پێكەوە سازانێك لە نێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە دروست نەبێت و پێكەوە كاندیدێكی هاوبەشیان نەبێت، ئەوا هیچ دوور نییە، جۆرە دابەشبوونێك لە نێوماڵی عەرەبی سوننە بە سەر هەردوو بەرەكەدا ڕوو بدات، هەر بۆیە ئەو ڕێككەوتنەی كە چاوەڕوان دەكرێت لە نێوان هاوپەیمانیی تەقدوم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی عەرەبی سوننە بیتەئاراوە، ڕێككەوتنێكی لەرزۆك و ناجێگیر دەبێت و بە ئاسانی لەبەر یەك هەڵدەوەشێنرێت.
سەردانی یەك دوو ڕۆژی ڕابردووی موقتەدا سەدر بۆ لای محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانیی تەقدوم «بەبێ ئامادەبوونی هیچ ئەندامێكی عەزم» پەیامێكە لە سەدرەوە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كە ئەگەر ئەوان لایەنێكی دیكەی سوننە بەڵێنی پێ دابن، ئەوا لایەنە براوە گەورەكە لەگەڵ سەدر لێكتێگەیشتنیان هەیە، لە هەمانكاتدا سەردانی سەدر بۆ لای عەمار حەكیم وەك لایەنێكی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، پەیامێكی دیكەی سەدرە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بەوەی لە ناو خۆتاندا یەكگرتوو و یەك هەڵویست نین.
لەبەرامبەردا سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیاری سەدر و بەشیكی زۆری لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوپەیمانیی شیعە (دەوڵەتی یاسا و فەتح)، پاشانیش كۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانیی تەقەدوم وەك لایەنی سەرەكیی براوەی عەرەبی سوننە، چەند پەیامێكی ڕاشكاوانەی لێ دەخوێندرێتەوە كە دەكرێت بە چەند خاڵێك ئاماژەیان پێ بكەین:
1- پارتی دیموكراتی كوردستان، (كە لێكتێگەیشتنی زۆر باشیشی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە)، دەربڕی هەڵوێستی یەكگرتوویی كوردستانییە و بە یەك مەودا لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكان ڕادەوەستن و، خوازیاری ئەوەن ببنە لایەنێكی خێر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام نابنە لایەنێك لە كێشەكە.
2- ئامانجی كورد لە بەشداریكردنی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق پلە و پۆست نییە، بەڵكو بەرنامەی داهاتووی حكومەتی عێراقە بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا.
3- لایەنی كوردستانی بە ئامانجێكی دروست و پیرۆزی دەزانێت، هەموو پێكەوە دەستووری عێراق وەك سەفقەیەك بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراق جێبەجێ بكرێت و عێراق بە كردەوە ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانی، بەڵام ئەگەر لەبەر هەر هۆیەك ئەمە نەكرا، ئەوا لایەنی كوردی سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان ناكات، ڕاشكاوانەتر جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی كوردستان ئەركی سەرەكی و ڕاستەوخۆی لایەنی كوردستانییە كە پێداگریی تەواوی لەسەر بكات، بەڵام جێبەجێكردنی كۆی دەستوور وەك یەك سەفقە ئەركێكی هاوبەشە و ئەگەر لایەنەكانی دیكە ئامادەباشییان هەبێت، ئەوا لایەنی كوردستانییش پێشوازی لێ دەكات.
بێگومان لەگەڵ ئەوەی سەردانی ئەمجارەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت نییە و، تەنیا گۆڕینەوەی بیروڕایە لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسیی عێراق، بەڵام ئەو پەیامانەی لەم سەردانە هەستی پێ دەكرێت، ئەوەیە كە جۆڕیك لە ڕەشبینی سەبارەت بە داهاتووی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و جۆرە گەشبینییەك بۆ كردنەوەی دەروازیەك بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدای لێ دەخوێندرێتەوە.
كارتەكانی كورد
پارێزگاریكردنی وەزعی ڕاهین و جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكان
لە چەند ساڵی ڕابردوودا خاڵی هاوبەشی نێوان سیاسەتمەدارەكانی عەرەبی شیعە و سوننە لەسەر سەرۆك مسعود بارزانی لە دوو خاڵی سەرەكیدا خۆی چڕ دەكردەوە و، دەیانگوت ئەگەر دەتانەوێت لەگەڵ ئەم ڕێبەرە ڕێكبكەون، دوو خاڵی گرنگ هەیە، پێویستە پێش قسەكردن لە بەرچاو بگێردرێت، ئەو دوو خاڵەش بریتین لە:
1- بارودۆخی سیاسیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەرچییەك بێت، مسعود بارزانی سازش لە سەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان ناكات.
2- مسعود بارزانی ڕێبەرێكی ڕاستگۆیە و ئیمزا لە سەر هەر ڕێككەوتنێك بكات، ڕێز لە ئیمزاكەی خۆی دەگرێت.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق و وتووێژی نێوان سیاسەتمەدار و دەستەبژێری عێراق، نەك ئەو دوو خاڵەی پێشتری كردووەتە ئەمری واقیع، بەڵكو باس لەوە دەكرێت:
قسەی كۆتایی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق لای مسعود بارزانی-یە.
داوا دەكەین مسعود بارزانی وەك ڕابەرێكی عێراقی و نیشتمانی هەنگاو بۆ ڕێككەوتنی هەولێر «2» هەڵبگرێت و جارێكی دیكە هەموو لایەنە سیاسییە عێراقییەكان لە هەولێر كۆبكاتەوە و ڕێككەوتنی هەولیر «2» بە هاوشێوەی ڕێككەوتنی هەولێری 2010 دووبارە بكاتەوە.
هەموو سەركردە سیاسییەكانی عێراق پێویستە سەردانی هەولێر بكەن و لەگەڵ مسعود بارزانی كۆببنەوە، بۆ ئەوەی ئەم گرێیەی پرۆسەی سیاسیی عێراق بكرێتەوە.
ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێ كردن، چەند خاڵێك نین بمانەوێت بە شان و باڵی سەرۆك مسعود بارزانی هەڵبدەین، بەڵكو ئەمە مانشێتی سەرەكیی ئەو دیالۆگ و حیوارانەیە كە تەلەفزیۆنە دیارەكانی عێراق وەك «ئەلشرقیە، دجلە، Utv Iraq و ...هتد» ڕۆژانە لە سەر شاشەكانیان دەبیندرێت.
كەواتە ئەم خاڵانەمان ئاماژە پێ كردووە، بۆ ئەوەی خوێندنەوە بۆ ئەوە بكەین، ئێستا لایەنی بەرامبەر چۆن بارودۆخی سیاسی و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان لە ژێر سایەی لۆژیكی سەرۆك مسعود بارزانی سەیر دەكەن، ئەمەش دەكرێت بە چەند خاڵ ئاماژەیان پێ بكەین:
لە ئێستادا گوێبیستی ئەوە نابین كە پێشتر دەیانگوت، بەغدا بودجە بۆ كوردستان دەنێرێت و كوردستان لە سەر حیسابی بەشەكانی دیكەی عێراق بەرەو پێشەوە دەچێت، بە پێچەوانەوە دەڵێن: مسعود بارزانی ڕێبەریكی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەورەیە، جیا لەوەی توانیویەتی پێشكەوتن و ئاوەدانییەكی گەورە لە هەرێمی كوردستان بەدی بهێنێت، لە هەمانكاتدا ئەو ڕێبەرەیە توانی بە لۆژیكی خۆی دوای تەوابوونی هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكڕیزییەكی پتەو لە هەرێمی كوردستان دروست بكات.
لە هەڵبژاردنەكانی 2018 كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەدەستهێنانی 25 كورسی بووە یەكەم حزبی براوە لەسەر ئاستی عێراق، هاوپەیمانیی فەتح و هاوپەیمانیی نەسریش بە تەواوەتی گەیشتنە ئەو قەناعەتە، تەنیا ڕێگە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كیشەی كورد لە عێراقدا ئەوەیە كە قسەی كۆتایی بۆ مسعود بارزانی بێت، ئەمەشمان لە پێكهێنانی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی بینی و، هەر ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی لە بەغدا دژایەتیی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، ناچار ببوون لە تەلەفزیۆنە عەرەبیەكانی عێراقەوە دەیانگوت: «پێیان گوتووین ئەگەر دەتانەوێت نوێنەری كوردستان بن، بگەڕێنەوە بۆ لای مسعود بارزانی»، ئاكامی هەڵبژاردنەكانی تشرینی 2021 ئەم واقیعەی زیاتر گۆڕی و كورسییەكانی پارتی جیا لەوەی هەشت كورسی لە چاو هەڵبژاردنی 2018 زیادی كردووە، لە هەمان كاتدا یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستانیش زۆر لە 2018 باشتر و تۆكمەتر بووە، هەموو ئەمانەش بۆ لۆژیك و لێهاتوویی سەرۆك بارزانی لە قەڵەم دەدرێت، بۆیە ڕایەكی گشتی دروست بووە، دەبێت دوایین قسە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق لای مسعود بارزانی بێت، ئەگەر بمانەوێت حكومەت دروست بكەین، دەبێت مەرجەكانی بارزانی لە بەر چاو بگرین.
لە چاوی سیاسەتمەدارانی شیعە بە تایبەتی و عەرەبی عێراق بە گشتی، داخوازی و پێداگریی سەرۆك مسعود بارزانی لە چوارچێوە گشتییەكەی عێراقدا بریتییە لەوەی كە (عێراق، عێراقێكی سەقامگیر بێت و سیستمێكی سیاسی هەبێت كە هاووڵاتیان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەیانەوە خۆیان بە هاووڵاتی پلەیەك بزانن و هەموو تواناكان بكرێتە یەك بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵكی عێراق)، بەڵام لە چوارچێوە نیشتمانییە كوردستانییەكەیدا كە بریتییە لە (پارێزگاریكردن و پاراستنی قەوارەی سیاسیی ئێستای هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی یاسا و دەستووری عێراقدا).
سیاسەتمەداری عەرەبی شیعە و سوننە دەزانن، داخوازیی بارزانی لە چوارچێوە گشتییەكەی عێراقدا، ئەركێكی دەستەجەمعیی هەموو هێز و لایەنە سیاسییە جیاوازەكانی عێراقە و ئێستاش ئەو زەمینەیە لەبار نییە، بەڵام چوارچێوە نیشتمانییە كوردستانییەكە، تەنیا ئەركی سەرشانی مسعود بارزانی-یە و ئەویش سازشی لەسەر ناكات، ئەوجا، یان دەبێت وەك مێژووی سەد ساڵەی عێراق، عێراق دەوڵەتێكی كاول و ناسەقامگیر بێت، یان ئەوەتە دەبێت لەگەڵ سەرۆك مسعود بارزانی ڕێكبكەون.
عێراقی داهاتوو
لە ناو كام شێوازی دەوڵەت خۆی پێناسە دەكاتەوە؟
لە كۆتایی ساڵی 2006 و سەرەتای 2007، جۆزیف بایدنی سەرۆكی ئێستای ئەمریكا، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بوو لە كۆنگرێسی ئەمریكا و، زەمینەی بۆ هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی خۆش دەكرد و، گەورەترین كارت بە دەستیەوە بۆ ئەو مەبەستە «شكستی سیاسەتی بوش بوو لە عێراقدا»، بۆیە پلانێكی تازەی بۆ سیاسەتی ئەمریكا لە عێراق داڕشت و ناوی لێ نا: پلانی «B»، بەپێی ئەم پلانەش عێراق بە شێوەیەكی نەرم بە سەر سێ هەرێمی «كورد و سوننە و شیعە» دابەش دەكرێت و هەر سێ هەرێمەكەش یەكگرتوویی خاكی عێراق دەپارێزن.
هەر لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی ئەم پلانەی جۆزیف بایدن، بیرمەندی ناسراوی ئەمریكی ئەمیتا ئیزایۆنی پلانێكی بۆ عێراق بە ناوی پلانی «Z» وەك دواپلان بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق ڕاگەیاند، ئیتزایۆنی لە پلانەكەیدا ئاماژەی بەوە كردبوو، مۆدێلی دەوڵەت بە سەر عێراقییەكاندا فەرز مەكەن، خۆیان چ دەوڵەتێكیان دەوێت، با خۆیان دروستی بكەن، بۆ ئەمەش شاری سەدری ناو بەغدای بە نموونە هێنابووەوە و، ئاماژەی بەوە كردبوو، ئێستا لەو شارە تەنیا سەدر و چەكدارەكانی باڵادەستن و خەڵك كاروباری خۆی بەڕێوە دەبات و قوتابخانە و نەخۆشخانەكان كراوەن و ژیانیش زۆر ئاسایی بەڕێوە دەڕوات، خەڵكیش لە بارودۆخەكە ڕازییە، ئیدی بۆ ئەو بارودۆخە تێك دەدەن؟
ئەوكات و دوای هاتنی ئۆباما وەك سەرۆك و بایدن وەك جێگری سەرۆك، كەم تا زۆر قسەكانی ئیتزایۆنی بایەخی پێ نەدرا، بەڵام لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەی كە جۆزیف بایدن وەك جێگری سەرۆكی ئەمریكا و بەرپرسی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق نەیتوانی پلانەكەی خۆیشی جێبەجێ بكات، كە ناوی نابوو: «دابەشكردنێكی نەرم». بەڵام ئەوەی لە ماوەی ئەو 10 مانگەی كە جۆزیف بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكار بووە و، دوو هەڵوێستی فەرمیی ئیدارەی بایدن تا ڕاددەیەكی زۆر گرنگ، ئاماژەیە بۆ خوێندنەوەی سیاسەتی ئیدارەی بایدن بەرامبەر بە عێراق و هەرێمی كوردستان:
1- هەڵوێستی فەرمیی حكومەتی ئەمریكا بۆ درێژكردنەوەی ماوەی كارەكانی یۆنامی لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دیكە و پشتگیریی بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش كە داوای پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەولێر و بەغدا دەكات، ئەمە دووپاكردنەوەی هەمان ئەو هەڵویستە نێودەوڵەتییە بووە كە جەخت دەكەنەوە لەوەی دەبێت عێراق بەهێز بێت و هەرێمی كوردستانیش لەناو دەوڵەتی عێراقدا هەرێمێكی بەهێز بێت.
2- هەڵوێستی فەرمیی حكومەتی ئەمریكا سەبارەت بە ئاكامی كۆنگرەی بونیادنانەوەی عێراق كە بە سەرپەرشتیی ئەمانوئیل ماكرۆن (سەرۆكی فەرەنسا) یەك دوو مانگ پێش ئێستا لە بەغدا بەڕێوەچوو، لەم هەڵویستەدا حكومەتی ئەمریكا جیا لەوە پیرۆزبایی لە عێراقییەكان دەكات بۆ سەركەوتنی كۆنگرەكە، لە هەمانكاتدا زۆر ڕاشكاوانە جەختیش لە پەیوەندیی باشی نێوان هەولێر و بەغدا دەكاتەوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا جۆزیف بایدنی ئێستا كە سەرۆكی ئەمریكایە، جیاوازە لەو جۆزیف بایدنەی كە لە ساڵی 2006 سەرۆكی ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە بووە لە ئەنجومەنی سەنات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەكریت بە دوو شێواز بدرێتەوە:
یەكەمیان: لە 2006 جۆزیف بایدن بەشێك بووە لە ئۆپۆزسیۆن و هەموو كاتیش قسەی سەردەمی ئۆپۆزسیۆن قسەی سەردەمی فەرمانڕەوایی نەبووە.
دووەمیان: لە 2006 ئیسلامی سیاسیی شیعە خۆیان هاندەر بوون بۆ سیستمی فیدڕاڵیی عێراق و كێشە لە سەر یاسای دروستكردنی هەرێمەكان هەبوو، بۆیە دەكرێت ئەو پیشنیارەی بایدن تەواوكاری ئەو پیشنیارەی لیسلی گلپ سەرۆكی فەخریی ئامۆژگای پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا بووبێت، كە گلپ خۆی خاوەنی پڕۆژەی دروستكرنی سێ هەرێمە لە عێراقدا، بە دیوێكی دیكەدا، ئەوكات بایدن كە ئۆپۆزسیون بووە و لایەنی فەرمانڕەواش كە كۆمارییەكان بوون، هیچیان لە عێراق بەو ئاستە نائومێد نەبوون كە بكەوێتە گۆشەیەكەوە و نەتوانرێت گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەڵام ئێستا ڕاستە بایدن سەرۆكە، بەڵام كۆمارییەكانیش كە ئۆپۆزسیونن بەرامبەر بە عێراق زۆر نائومێد بوون.
ڕیشەی ئەم نائومێدبوونە لەسەر ئاستی ئەكادیمی و ئەو لیژنانەی بۆ ڕاستكردنەوەی سیاسەتی ئەمریكا پێكدەهێندرێن، تازە نین و لە 2016وە و لە میانەی ڕاپۆرتی (ئۆلبرایت و هادلی) پێشنیاری ئەوە كراوە، لە ڕێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، كوردستان و عێراق تیكەڵ نەكرێن و، لە پێشدا پرۆسەی سیاسی لە بەشە عەرەبییەكەی عێراق ڕێكبخرێتەوە، پاشان میكانیزمێك بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە.
ئەو بارودۆخەی ئێستا كە لە دوای ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هاتووەتە ئاراوە، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە لە سەر ئاستی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ناسنامەی عێراق بەو ئاستە گرنگ نەبێت بەوەی «فیدڕاڵی بێت، یان قەومی، یان ویلایەتی فەقی»، ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە كە «بەشە عەرەبیەكەی عێراق» هەر چۆنێك بێت، دەوڵەتێكی سەقامگیر بێت و هەرێمی كوردستانیش وەك قەوارەیەكی سیاسی هێز و شكۆی خۆی هەبێت و مافە دەستوورییەكانی جیبەجێ بكرێت، ئەوكات كە ئەمە هاتەئاراوە لە چوارچێوەی سیاسەتێكی نەرمدا میكانیزمێك بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا دێتە ئاراوە.