سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندێکى بەریتانى کۆبووەوە
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١١/٨ بەڕێز فەوزى هەریرى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە شاندێکى سەربازیى بەریتانى بە سەرۆکایەتیى بەڕێز مارشاڵ سامی سهمپسن گەورە ڕاوێژکاری سەربازیی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانى هەردوولا ئامادەى بوون، مارشاڵ سهمپسن پایەندیى وڵاتەکەى بە برەودان بە پەیوەندییەکان و بەردەوامیى کارکردن لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عیراق دووپات کردەوە و خۆشحاڵى و پشتگیری بۆ هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عیراق لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆردا دەربڕى و جەختى لە گرنگیى بەردەوامیى هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ عیراق و هەریمى کوردستان تا نەهیشتنى یەکجارەکیى داعش کردەوە.
چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەى، گرنگیى بەردەوامیى پێکەوەکارکردنى هەولێر و بەغدا، دۆخى عیراق و هەڵبژاردن و ئەنجامەکانى، دوایین پێشهاتەکانى ئەفغانستان و ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەکە بوون.