تەرمی دیپلۆماتێکی ڕووسیا لە دەرەوەی باڵیۆزخانە لە بەرلین دۆزرایەوە

تەرمی دیپلۆماتێکی ڕووسیا لە دەرەوەی باڵیۆزخانە لە بەرلین دۆزرایەوە

 

 

تەرمی دیپلۆماتێکی ڕووسیا مانگی ڕابردوو لەبەردەم باڵیۆزخانەی شاری بەرلینی ئەڵمانیا دۆزرایەوە،  هەواڵەکە یەکەم جار ڕۆژی هەینی لە لایەن سایتی ئشپیگلەوە ڕاگەیەنراوە، پۆلیسی بەرلین تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو ڕووداوە نەداوە.

بەپێی هەواڵی هەفتەنامەی ئەڵمانیا تەرمی ئەو پیاوە لە 19ی تشرینی یەکەم لەلایەن پۆلیسی بەرلینەوە دۆزرایەوە، وادیارە لە نهۆمی سەرەوەی بیناکە كەوتۆتە خوارەوە، بەڵام هۆکار و شێوازی ڕووداوەکە هێشتا ڕوون نییە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا مردنی ئەو دیپلۆماتەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام وردەکاری زیاتری لە بارەی ڕووداوەکەوە بۆ پەیامنێران نەدا.

بە وتەی ئشپیگل، باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە ئەڵمانیا ئەوەی بە "ڕووداوێکی خەمناک" وەسف کرد، بەڵام ڕەتی کردەوە کە زیاتر لێدوان بدات لەبەر هۆکاری ئەخلاقی.

ناوی ئەو دیپلۆماتەی گیانی لەدەستداوە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتەکان تەمەنی 35 ساڵە و وەک سکرتێری دووەمی باڵیۆزخانەی ڕووسیا خزمەتی کردووە.

هەروەها ماڵپەڕی ڕۆژنامەنووسیی لێکۆڵینەوەی بلینگکت پشت بە سەرچاوەکانی خۆی بەستووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو کوڕە جێگری بەڕێوبەری دووەمی خزمەتگوزاری ئێف ئێس بی بووە، کە خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدڕاڵیی ڕووسیایە.

بلینگکت پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیا لە تیرۆرکردنی زەلیمخان خانگۆشویلی، كە هاوڵاتییەکی جۆرجیایە  و فەرماندەی پێشووی گروپێک لە یاخیبووانی چیچانە کە لە مانگی ئابی 2019 لە پارکێکی بەرلین تەقەیان لە سەری كرد و كوشتیان دەستی هەبووە.

لەوکاتەدا ئەڵمانیاش ڕووسیای تۆمەتبار کرد بەوەی كە فەرمانی تیرۆرکردنی داوە.

تۆمەتێکی تر دژی دووەم دەزگا ئەمنییەکانی ئێف ئێس بی پەیوەندی بە ژەهراویبوونی ئەلێکسی ناوالنی هەیە، کە کەسایەتییەکی دژە کرملینە لە 2020 میلادی .

بە وتەی ئشپیگل، دوای مردنی ئەو دیپلۆماتکارە  مانگی ڕابردوو، باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە ئەڵمانیا تەرمەکەی گەڕاندەوە بۆ ڕووسیا.

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top