كارلێكی دەوڵەت و قەوارە بچووكەكان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا
دەوڵەتانی بچووك سەرباری بچووكیی قەوارەكانیان بە شێوەیەكی گشتی و نەبوونی هێزێكی كاریگەر، بەڵام مەیلیان بۆ ئەوەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا چالاك بن، هەروەها ڕۆڵی گرنگیان هەبێت لە دیپلۆماسیەتی هەمەلایەندا، بۆیە بە گشتی مەیلیان دەبێت بۆ بەرگریكردن لە سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی و پاڵپشتیكردنی و پتەوكردنی نەتەوە یەكگرتووەكان، وێڕای گرنگیی هاریكاری لە هەموو بوارەكاندا.
لە نێو ژینگەیەكی نێودەوڵەتی و لەئارادابوونی سیستەمێكی فرەلایەن، دەوڵەتە بچووكەكان دەرفەتیان هەیە بۆ پێشكەشكردنی بیروبۆچوون و پێشنیارەكانیان، هەروەها چەندین بۆنە هەبووە كە دەوڵەتە بچووكەكان، لەوانەش ماڵتا، لە میانی ڕۆڵی لە داڕشتنی یاسای ساڵی 1982ی دەریاوانیی نێودەوڵەتیدا، توانیویانە پێشنیارگەل بخەنەڕوو بۆ پتەوكردن و پەرەپێدانی لایەنە جیاوازەكانی چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی. دیسان دەوڵەتە بچووكەكان پێشەنگ بوون لە ڕاكێشانی سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو كێشە مەترسیدارانەی ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، وەك گۆڕانكاریی كەش و هەوا. كۆتاییهاتنی شەڕی سارد لە سەرەتای نەوەدەكاندا، گۆڕانكاریی جەوهەری لە هەیكەلبەندیی سیستەمی نێودەوڵەتی هێنایە ئاراوە (لە سیستەمی جووت جەمسەرەوە بۆ سیستەمی تاك جەمسەر)، هەروەها گۆڕانكاریی ڕیشەیی بە خۆیەوە دی، لەو كێشە و ئامرازانەی كە كاریگەرییان بۆ سەر سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتان هەیە، لە ئەنجامی ئەمەدا، گۆڕینی چەمكی هێز لە ڕەهەندە ماددییەكان (هێزی ڕەق)ـەوە بۆ ڕەهەندی ناماددی (هێزی نەرم)، ئەمە بووە هۆی ئەوەی كە سیاسەتە دەرەكییەكانی دەوڵەتە بچووكەكان بكەونە ژێر كاریگەریی ئەو گۆڕانكارییە، ئەو دەوڵەتانە سیاسەتێكی كارای دەرەكییان گرتەبەر بە بەكارهێنانی ڕەهەندە ناماددییەكان بەو ڕێگایەی كە لەگەڵ تیۆری واقیعی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ناكۆك بێت، كە ئیدیعای ئەوە دەكات كە ناكرێت دەوڵەتە بچووكەكان لە دەرەوەی سنوورەكانیان سیاسەت دابڕێژن، چونكە هێزی ماددییان نییە، بە تایبەتیش هێزی سەربازی، ئەوەش بە هەبوونی ئەو هێزە سەربازییە، دەوڵەتانی زلهێز دەتوانن پەرە بە سیاسەتێكی كارا و كاریگەری دەرەكی بدەن، ئەگەرچی دەوڵەتە بچووكەكان ناتوانن ئەو سیاسەتە كارایە پەرە پێ بدەن، چونكە لە سیستەمی نێودەوڵەتی كارا نین، بۆیە تیۆری واقیعی پێی وایە كە چاكترین ڕەفتاری دەوڵەتە بچووكەكان ئەوەیە كە ببنە دەوڵەتانی پاشكۆی زڵهێزەكان.
پێشتر و بەر لە كۆتایی شەڕی سارد لەو باوەڕەدا بوون كە توێژینەوەكانی دەوڵەتە بچووكەكان بێسوودن، چونكە كارا نین، بەڵام بە هۆی تەوەرە ناماددییەكانی هێز (واتا هێزی نەرم) دەوڵەتە بچووكەكان توانییان بە بەشێكی كەم ڕۆڵی سەرەكی لە درەوەی سنووركانیان ببینن و، بوار بۆ كاریگەریی دیاریكەرەكانی ناوخۆ بەجێ بهێڵن، بە تایبەتی گۆڕانكەریی تێگەیشتن و سەركردایەتیی سیاسی، بە سەر ڕەفتاری دەرەكیی دەوڵەتان.
ساڵانێكی زۆر، توێژینەوەكانی دەوڵەتە بچووكەكان لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان پەراوێز خرابوون، كە بە دەست كێشەی نەبوونی پێناسەیەكی پەسندكراوی جیهانییەوە دەیانناڵاند، چونكە دەوڵەتی بچووك بوون، زانایانیش نەیانتوانی پێوەرگەلی گونجاو دەستنیشان بكەن بۆ پێناسەی وشەی (بچووك) یان تەنانەت زاراوە گونجاوەكان بۆ ئاماژەكردن بەو دەوڵەتە بچووكانە، بۆیە هەندێكیان زاراوەكانی(هێزە بچووكەكان) و هەندێكی دیكە (هێزە لاوازەكان) و هەندێكی دیكەش (دەوڵەتە لاوازەكان)یان پێ باش بوو، سەرەڕای ئەوەی كە ئەو زاراوانە تا ڕاددەیەك تێكدەكەنەوە و هاو واتای یەكدین، بە كورتی، وێڕای ئەوەی زانایان زۆرجار لە سەر (دەوڵەتە بچووكەكان كە هەن) كۆكن، كە ئەمە (یەكەیەكی دیراسەی پەیوەستە بە تاقیكردنەوەی بوارەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان)، بەڵام لە سەر چۆنێتیی دەوڵەتە بچووكەكان كۆك نابن.
وەك ئەنجامێكی ئەو تەحەددییانەی پێناسەكردن، بووەتە شتێكی نەریتی توێژەران لە دەوڵەتان و قەوارە بچووكەكان كە سەرنج بدەن و لێكدانەوە بكەن بۆ ڕوونكردنەوەی پێناسەیی، كاتێك كە بابەتەكە پەیوەست دەبێت بە بابەتی دیراسەكانیان، هەروەها زۆربەی توێژینەوەكانی دەوڵەتە بچووكەكان تا ڕاددەیەك بە گفتوگۆی تێروتەسەل دەست پێ دەكەن، سەبارەت بە ئەوەی چۆن دانەر دەگاتە پێناسەیەكی دیاریكراو، لە ئەنجامدا، دەوڵەتە بچووكەكان بە نادیاریكراوی و شاردراوە دەمێننەوە.
زۆربەی ئەو ئامرازە باوانەی لەئارادان بۆ دیاریكردنی چەمكی دەوڵەتی بچووك، بریتییە لە پێوانی هەندێ هێماگەلی بابەتییانە وەك (كۆی ڕووبەری زەوی، یان قەبارەی دانیشتووان) بە شێوەیەكی گشتی زانایان یەك گۆڕدراو هەڵدەبژێرن، وەك پێوەرێك لە پۆلینكردنی دەوڵەتان بە پێی قەبارە بە كاری دەهێنن، لە نێو ئەو گۆڕدراوە چاوەڕوانكراوانە كە دەكرێ بۆ دیاریكردنی دەوڵەتی بچووك بەكار بهێنرێت، قەبارەی دانیشتووانە كە لە هەموو بژاردەیەك باوترە، ئەمەش بە كەمی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێمایەك دەستەبەر دەكات بۆ هەبوونی سەرمایەیەكی مرۆیی، دەوڵەتە بچووكەكان بەوە پێناسە دەكرێن كە دەوڵەتانێكن ژمارەی دانیشتووانیان1.5ملیۆن یان كەمترە، بانكی نێودەوڵەتییش هەمان پێوانە بەكاردێنێت، كەچی هەر یەك لەم دووانە لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی دیكە، هەڵاوێردی دەوڵەتە گەورەكانیان بۆ دادەنرێت وەك (جامایكا، یان نامیبیا)، هەردووكیان دەستنیشانی (45) دەوڵەتی بچووك دەكەن لە جیهاندا، لەسەر بنەمای پێوەری قەبارەی 1.5 ملیۆن كەس، بە پێچەوانەی ئەمەش، گردبوونەوەی نافەرمیی دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان، كە بە كۆڕبەندی دەوڵەتە بچووكان (FOSS) ناسراوە، ئەندامێتی لەسەر ئەو دەوڵەتانە كورت دەكاتەوە كە ژمارەی دانیشتووانیان 10 ملیۆن یان كەمترە، كە لە نێوان105 دەوڵەت، 60 دەوڵەت بە دەوڵەتی بچووك دادەنرێن و كە (55%)ی ئەندامانی نەتەوە یەكگرتووەكان (193دەوڵەت) لە دەوڵەتە بچووكەكانن.
لە دەرەوەی پێوەری قەبارەی دانیشتووان بۆ پێوانی دەوڵەتی بچووك، كۆی ڕووبەری زەوی و كۆئەنجامی ناوخۆیی (GDP) و خەرجیی سەربازی و گۆڕانكارییە تاكەكەسییەكانی دیكە بۆ دیاریكردنی دەوڵەتی بچووك بەكاردەهێنرێت.
لە ڕووی شیكردنەوەدا بەسوودترە كە پشت بە یەك گۆڕدراو بەسترێت، چونكە ئەو وڵاتانەی هاوشێوەن لە ڕووی یەك جوگرافیا، یان دیمۆگرافیاوە، دەكرێ بە تەواوی لە فاكتەرەكانی دیكە جیاواز بن، بۆ نموونە: هەریەك لە قەتەر و فانواتو كۆی ڕووبەری زەوییان نزیكەی 12000كیلۆمەتر دووجایە، بەڵام قەتەر دووەم بەرزترین پشكی تاكی هەیە لە كۆبەرهەمی خۆماڵی بە نزیكەی124000 دۆلاری ئەمریكی، كەچی فانواتو پلەی 196ی هەیە لە ڕووی ئەوەی پشكی تاك لە كۆبەرهەمی خۆماڵی 2700 دۆلاری ئەمریكییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێ مشتومڕی ئەوە دەكەن كە بچووكی هەمیشە چەمكێكی ڕێژەییە، دواجار پێناسەیەكی پەسندكراوەی جیهانیی دەوڵەتە بچووكەكان دەست ناكەوێت، بۆ نموونە، نیوزیلەندا كە ژمارەی دانیشتووانی كەمێك زیاترە لە چوار ملیۆن و نیو، بە دەوڵەتی بچووك دادەنرێت، بەڵام نیوزلەندا كورسیی تەرخانكراوی لەو دەوڵەتانەی كە هەمیشەیی نین لە ئەنجومەنی ئاسایش لە كۆتایی ساڵی 2014 وەرگرت، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتە، جۆن كەی، ئەنجامەكەی بەوە وەسف كرد كە (سەركەوتنێكی دەوڵەتە بچووكەكانە كە زیاتر لە نیوەی ئەندامانی نەتەوە یەكگرتوووەكان پێك دەهێنن)، بانگەشەی ئەوەشی كرد كە نیوزیلاندا سوورە لەسەر نوێنەرایەتیكردنی تێڕوانینی دەوڵەتە بچووكەكان لە ئەنجومەنی ئاسایش، لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە ناوچەی ئۆقیانووسی هێمن، دەكرێ نیوزیلاندا لە پاڵ ئوستراڵیا بە هێزێكی ئیقلمیی گەورە دابنرێت، بۆیە، نیوزیلاندا پێناسەیەكی بچووكی هەیە بەراورد بە دیموكراسییە گەورەكانی دیكەی ڕۆژئاوا وەك ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەریتانیا، یان ئەڵمانیا، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئۆقیانووسی هێمن هێزە ڕێژەییە ئابووری و سەربازییەكەی توانای ئەوەی پێ دەدات كە گوشاری سیاسی لە كۆڕبەندە ئیقلیمییەكان پیادە بكات، بەو ڕێگایانەی كە لە دەوڵەتانی دیكەی دوورگەییەكان لە ناوچەكە جیای دەكاتەوە.
هەروەها نموونەكەی نیوزیلادا دەكرێ بیری لێ بكرێتەوە لە چەمكی (بچووك) بە شێوەیەكی بەسوود بە واتا بەراوردكارییەكە، بۆیە پێناسەكانی دەوڵەتە بچووكەكان كە بە تایبەتی پشت بە پێوەرە ڕێژەییەكان دەبەستێت، مەترسییان لەسەرە، لەوەی كە لە ئاسانكردنەوەدا زێدەڕۆیی تێدا بكرێت.
بۆ نموونە: وا لێكدەدرێتەوە كە دەوڵەتی بچووك دەكرێ لە بنەڕەتدا هەر دەوڵەتێك بێت لە پەیوەندیی كەمتر لە دەسەڵات هەبێت بەرانبەر دەوڵەتێكی دیكە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەكرێ ئەوەش ڕاست بێت، هەندێ نموونەی دیكەش هەن كە زەحمەتە بەرگری لەو گریمانەیە بكرێت، بۆ نموونە، مەكسیك بە شێوەیەكی سەرنج لێدراو هێزی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان كەمترە، بەڵام بە دەگمەن ئەگەر هەبێت بە دەوڵەتی بچووك وەسف بكرێت.
هەندێ كەس مشتومڕ دەكەن، بە تایبەتیش دژی بەكارهێنانی گۆڕانكارییە بابەتییەكان بۆ پێوانەی (بچووكی) و لە جیاتی ئەوە، پێناسەی دەوڵەتە بچووكەكانیان كردووە بەوەی كە ئەوانەن دەرك بەوە دەكەن كە كۆتبەندە ماددییەكانیان ڕێگرن لە بەردەم ئەوەی بێ هاوكاریی دەوڵەتانی دیكە لە سیستەمی نێودەوڵەتی پارێزراو بن. هەندێكی دیكەش مشتومڕی ئەوەیانە كە پێویست ناكات پێناسەی (بچووكی) لەسەر بنەمای وێنا ئەمنییەكان بكرێت، بەڵكو بە تەواوی لەسەر چۆنێتیی لێكدانەوەی ڕۆڵی وڵاتەكان لە سیستەمی نێودەوڵەتی لەلایەن سەركردەكانی دەوڵەتەكانیانەوە.
چەمكی دەوڵەتی بچووك كە خاوەن سەروەری بێت، بریتییە لە چەمكێك كە مێژوویەكی درێژی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیە، بە لایەنی كەم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی – مەدەنیی یۆنانی پێش نزیكەی 2500 پ. ز. لەگەڵ ئەوەشدا چەمكی دەوڵەتانی دوورگە بچووكەكانی خاوەن سەروەری (the sovereign small island state) چەمكێكی بە ڕێژە تازەیە، كەچی چەند دەوڵەتێكی كەمی دەوڵەتە بچووكە دوورگەییەكان بە درێژایی مێژوو هەبوون، لەوانە تۆنگا لە ناوچەی ئۆقیانووسی هێمن، سەربەخۆبوونی ئایسلەندا لە دانیمارك كە نازییەكان لە ساڵی 1944 داگیریان كرد، بووە هۆی بەهێزكردنی چەمكی تازەی دەوڵەتی بچووكی دوورگەكان كە خاوەن سەروەرین لە هۆشیاریی میللی و ئەكادیمی، لە كاتێكی دیكەدا و لە ئەنجامی كۆتایی كۆلۆنیالیزم لە پەنجاكان و شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، چەندین دەوڵەتی تازەی دوورگەیی لە جیهاندا و لەوانەش لە ناوچەی ئۆقیانووسی باسفیك پەیدا بوون.
لە دەرەوەی ناوەندە ئەكادیمییەكاندا، سەرهەڵدانی چالاكیی نەخشەكێشان - “outburst of cartographic activity” چەندین دەوڵەتانی تازەی دوورگەیی كە بووە هۆی هاتنە نێو سیستەمیی نێودەوڵەتییەوە لە میانی ماوەی كۆتایی كۆلۆنیالیزم، ئەمە وای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، بۆ یەكم جار دەست بكات بە دانانی وێناكردنێك بۆ ئەو دەوڵەتە دوورگەییانە وەك توێژێكی بچووك لە ساڵانی شەستەكان.
بۆ یەكەم جار نەتەوە یەكگرتووەكان هەندێك لەو دەوڵەتانەی دەستنیشان كرد كە بە ناوی دەوڵەتانی تازەپێگەیشتووی دوورگەكان ناوی برد (DICs)، لە ساڵی 1974، ئۆنكتاد (the United Nations Conference on Trade and Development (UNCTAD))ی ڕاسپارد ڕاپۆرتێك ئامادە بكات بە دیراسەكردنی تەحەددییەكانی گەشەپێدانی تایبەت، ئەو ڕاپۆرتەی ئۆنكتاد یەكەم هەوڵ بوو بۆ پشكنینی كێشەكانی ئەو دەوڵەتە تازەپێگەیشتووانەی دوورگەكان لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتیدا، هەروەها هەوڵدان بۆ دیاریكردنی خەسڵەتگەلی شارەكانی وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان، كە بە شێوەیەكی بنەڕەتی پەیوەستن بە بچووكییەوە.
لە نێوان (51) دەوڵەتانی بچووكی دوورگەكان، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، كە 70%ی لەوانە ڕووبەرێكی زەوییان هەیە كە كەمترە لە 10،000 كیلۆمەتر دووجا، هەروەها تەنیا (13) دەوڵەت ژمارەی دانیشتووانیان لە ملیۆنێك زیاتر بووە، ژمارەی دانیشتووانی زۆربەیان لە 500،000 كەس كەمتر بووە.
لە كۆتایی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، گۆڕانكاریی گەورە لە گوتاری گەشەپێدان لەسەر ئاستی جیهان هاتە ئاراوە، بە شێوەیەك كە چەمكی تازە هاتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە، وەك گۆڕانی كەش و هەوا و گەشەپێدانی بەردەوام، ئەو گۆڕانكارییانە بوونە هۆی هاتنەئارای ڕۆژگارێكی بێ پێشینەی هەژموونی نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتانی بچووكی دوورگەكان، هەروەها پەیڕەوێك كە زیاتر جەخت بكاتەوە لە سەر ئەو كێشانەی بۆ ئەو دەوڵەتانە گرنگن لە كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكانی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان، لەم ماوەیەدا دەوڵەتانی بچووكی دوورگەكان خۆیان كۆبوونەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێكی پاڵپشتیكردن بە ناوی هاوپەیمانیی دەوڵەتانی بچووكی دوورگەكان، ئەمڕۆ ئەو زاراوەیە بە شێوەیەكی گشتی زیاتر پەسند كراوە، وەك ئاماژە بۆ دەوڵەتانی بچووكی دوورگەكان، لە ئێستادا ئەم هاوپەیمانییە 39 ئەندام و پێنج چاودێری تێدایە، لە كاتێكدا بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانی بەردەوام 38 دەوڵەت لە دەوڵەتە تازە پێگەیشتووی بچووكی دوورگەكان دیاری دەكات كە ئەندامن لە نەتەوە یەكگرتووەگان و 20 لەو دەوڵەتانەی ئەندام نین. بەپێی قەبارەی دانیشتووان، كووبا و هایتی گەورەترین ئەندامن لەو گرووپە، ژمارەی دانیشتووانی هەر یەكێكیان نزیكەی 11.5 ملیۆن كەسە، بەپێی قەبارەی دانیشتووان، تۆكیلا و نیوی بە بچووكترین سێ وڵات لە جیهان دادەنرێن، لەگەڵ تۆفالۆ و دوورگەكانی كوك و بالاو لە نێوان بچووكترین پازدە دەوڵەتن، لەگەڵ دوورخستنەوەی ئوستراڵیا و نیوزیلاند و بابوا گینیای تازە، گەورەترین دەوڵەتانی دوورگەكانی ئۆقیانووسی هێمن لە ڕووی ژمارەی دانیشتووان (فیجی)یە كە تەنیا دەوڵەتی (161)ی گەورەی جیهانە. بەپێی زۆربەی پێوەرە تاكییەكەكانی دیكەی گۆڕراو كە زۆر بەكاردێت، ئەوا زۆر لەو دەوڵەتانەی ناوچەكە لەنێوان بچووكترین دەوڵەتانی جیهان پۆلێن دەكرێن، لە ڕووی كۆی بەرهەمی خۆماڵی كە لە میانی یەكسانبوونی هێزی كڕین(PPP) پێوانە دەكرێت، هەر یەك لە تۆكیلاو و نیوی و تۆفالۆو ناورۆ و دوورگەكانی مارشال و كیریباتی لە نێوان هەژارترین دە دەوڵەت لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێن، وێڕای ئەوەی پیادەكردنی پۆلێنی دەوڵەتان لەسەر بنەمای پێوەری یەك گۆڕدراو شتێكی نەشیاوە، لەمیانی كۆی ئەو گۆڕدراوە تاكییانەی كە لە بەكارهێناندا باون، بەڵام زۆربەی دەوڵەتە دوورگەییەكان لە ناوچەی زەریای هێمن بچووكن.
سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت نالۆژیكی نییە و دەوڵەتە بچووكەكان دەتوانن بەرهەڵستیی داواكاریی هێزە گەورەكان ببنەوە لە میانی دیپلۆماسییەكی كارامە و بەكارهێنانی لۆژیكانەی هاوپەیمانەكان، لەگەڵ ئەوەشدا، دەوڵەتە بچووكەكان زۆر بێبەش بوون لە بواری سامانە ماددییە نەریتییەكان، بە شێوەیەك لە باشترین دۆخدا، ناكرێ سیاسەتی دەرەوەیان بەكار بهێنن، بەڵام وەك میكانیزمێكی كاریگەری ناڕاستەوخۆ بۆ سەر هێزە گەورەكان، نەك وەك ئامرازێك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشە نێودەوڵەتییەكاندا، ئەو دیاریكەرە سەرەكییانەی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتە بچووكەكان لە دەروەی خودی دەوڵەتن، ئەو شتانە دەگرێتەوە وەك ئەو داوایانەی دەوڵەتە گەورەكان بەسەر بچووكەكاندا دەیسەپێنن، هەروەها ئاستی ناكۆكیی نێوان زلهێزەكان لە هەر كاتێكدا بێت، هاوكات هاوتەریبیی ڕێژەیی هێزەكان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، ئەمانە و پێویستە لەسەر دەوڵەتە بچووكەكان كە بەردەوام لەگەڵیان كارلێك بن، بەو واتایە، جا تاكو لەگەڵ واقعییەتی كلاسیكی ڕێ بكات، وا پێویست دەكات، ڕەفتاری نێودەوڵەتیی دەوڵەتە بچووكەكان بە بونیادی جیهانی دەرەوە پاڵ درابێت، كە دیاردەیەكی بەرچەكردار و پێشوەختەیی نییە كە ناكرێت تێی بگەین، تەنیا بە گەڕانەوە نەبێت بۆ لایەنانی كارای دیكە كە هێزیان زیاترە.
زۆر لە توێژەران بۆ تێگەیشتنیان لە دەوڵەتە بچووكەكان پشت بە پێوەری لاوازیی سەربازی و ئابووری دەبەستن، بەم شێوەیە، ئەوان بەردەوام دیراسەكردنی دەوڵەتە بچووكەكان لە ڕوانگەی پاشكۆیەتی و لاوازییەوە دەستنیشان دەكەن، نەك لە ڕوانگەی هێز، كە مەسەلەی ئەوەی چۆن دەوڵەتە بچووكەكان دەتوانن لە سیستەمی نێودەوڵەتی بمێننەوە، كە دەستڕۆیشتوویی زلهێزەكان دیاری دەكات، دەوڵەتی بچووك زیاتر دەكەوێتە بەر فشارەوە، هەروەها ئەگەر زیاترە كە بوار بداتە فشارەوە، زیاتریش دیاریكراوە پەیوەست بە بژاردە كراوەكانی سیاسی و مل بنێت بۆ پەیوەندیی بەهێزتری نێوان كاروباری ناوخۆیی و دەرەكی، هەرچەند سامانی مرۆیی و ماددیی دەوڵەت كەم بوو، ئەوەندە زەحمەتییەكان لەسەری زیاد دەبن، ئەگەر بیەوێت پارێزگاری لە هەر بژاردەیەكی شیاوی سیاسی بكات، دواجار دەوڵەت هەرچەند قەبارەكەی بچووك بێت، توانای كەمتر دەبێت لە مانەوە وەك ئەندامی سەربەخۆ لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
توێژەرانی دیكە لەو كاتەدا گەیشتنە سەرئەنجامگەلی جیاواز سەبارەت بە ڕەفتاری دەوڵەتە بچووكەكان، ئەوان دەڵێن: هەوڵدان بۆ بێلایەنی كارێكی مەترسیدارە بۆ دەوڵەتە بچووكەكان و توانای ئەو دەوڵەتانە بۆ مانەوە مەرجدارە بە بەكارهێنانی لۆژیكانە لە هاوپەیمانییەكان و ڕاهاتن لەگەڵ هێزە گەورەكان.
زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی كردووە كە ڕەفتاری دەوڵەتە بچووكەكان دیاردەیەكی كاردانەوەیە، كە ڕەفتاری دەوڵەتە گەورەكان لە سیستەمی نێودەوڵەتی زیاتر دیاری دەكات لە میانی خودی دەوڵەتە بچووكەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە زانایان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە دەوڵەتە بچووكەكان دەكرێ هێزێكی سیاسەتی دەرەكی لە هەلومەرجێكی دیاریكراودا بەدەست بهێنن، (هێزگەلێكی لاواز)ی دیاریكراو هەن كە توانا بە دەوڵەتە بچووكەكان دەبەخشن، بەرهەڵستیی زلهێزانی جیهان بكەن. جا بە ڕێكردن لەگەڵ چەمكەكانی واقیعی نەریتیی دەسەڵات، سەپاندوویەتی كە (هێزی لاواز) یەكێكە لە ئەركەكانی سیستەمی نێودەوڵەتی.
هۆكاری سەرەكیی (هێزی لاوازەكان) لە پەیوەندییەكانی نێوان خودی زلهێزەكان سەرچاوەی گرتووە، تەنانەت بۆ خۆشیان، هێز كاڵایەكی دەگمەنە و پێویستیان پێی دەبێت، كاتێك دەكەونە ململانێیەكی مەترسیدارەوە و پێویستیان بە (هاوپەیمانە بچووكەكان) دەبێت، كە جەخت دەكەنە سەر كۆمەڵێكی بچووكی بەرژەوەندییە زیندووەكان و هەندێ جاریش بە ڕێگای نائاسایی هەڵسوكەوت دەكەن، بە شێوەیەكی گشتی ڕەفتاریان كاریگەریی دەبێت بۆسەر سەقامگیریی سیاسەتی نێودوەڵەتی، لەبەر سەركەوتنی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە كاروباری دەرەكیدا، زۆرجار وا پێویست دەكات بكەوێتە ژێر باری ئارەزووگەلی دەوڵەتە بچووكەكان لەپێناو پاراستنی جەختكردنەوە لەسەر ئامانجە فرە جیۆستراتیژییەكانیان، بەم شێوەیە، دەوڵەتە بچووكەكان دەتوانن جۆرێكی دیاریكراو لە (هێزی لاوازەكان) لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەدەست بهێنن.
تیۆری واقیعبینی نوێ (تیۆری كینیس والتز) بووە بە نموونەیەكی تیۆریی بنەڕەتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا بۆ دیراسەكردنی كێشەی دەوڵەتە بچووكەكان، هەروەها ئەولەوییەتی شیكردنەوە بدرێتە سیستەمی نێودەوڵەتی لەكاتی دیراسەكردنی سیاسەتی دەرەكیی دەوڵەتە بچووكەكان، چونكە دیاریكەرە ناوخۆییەكانی سیاسەتی دەرەكی كەمتر لە دەوڵەتە لاوازەكاندا دەردەكەون، سیستەمی نێودەوڵەتی كەمتر بوار بەجێ دەهێڵێت بۆ هەڵبژاردن لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار.
كەواتە دەكرێ ڕەفتاری دەوڵەتی بچووك لەمیانی شیكردنەوەی هەیكەلبەندیی سیستەمی نێودەوڵەتی لێك بدرێتەوە، پەرەپێدانی كردەیی سیاسی لە دەوڵەتە بچووكەكان وا دیارە كە لە توانای لێكدانەوەی تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان زیاترە، زانایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێویستیان بە فراوانكردنی تێگەیشتنیان هەیە تایبەت بە چۆنێتی كارلێك لەگەڵ فاكتەرەكان لەسەر ئاستی سیستەم و یەكبوونیان.
هەندێ لە زانایان جەختیان كردووەتەوە سەر بیرۆكەیەك كە دەوڵەتە بچووكەكان وەك (پێشەنگی ئاسایی كارەكان)ـن، لەمیانی بە نموونەییكردن و بەهێزكردنی ڕێسا نێودەوڵەتییەكانی ئەو یاسایانەی لەگەڵ ڕەفتاری دەوڵەتدا گونجاون، بەڵام هەندێكی دیكە جەختیان كردووەتەوە سەر بیرۆكەی كە دەوڵەتە بچووكەكان وەك (ویژدانی نێودەوڵەتی)ـن، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە كێشەكانی گۆڕینی كەش و هەوا، ئەوانی دیكە جەختیان كردووەتەوە سەر ئەوەی چۆن چەمكی (ناسنامەی دەوڵەت)یارمەتی دەدات لە لێكدانەوەی ئەو سرووشتەی سیاسەتی دەوڵەت دەگۆڕێت لە ماوەی دوای شەڕی سارد، بە شێوەیەك كە دەوڵەتە بچووكەكان لەگەڵ سیستەمی تازەدا بگونجێن.
لەوەتەی بە تایبەتیش سەرەتای سەدەی بیست و یەكەم گەنگەشەكان تایبەت بوون بەوەی كە دەوڵەتە بچووكەكان دەستەوەسان نین لە كارلێك لەگەڵ كاروباری نێودەوڵەتی. بە شێوەیەك كە دەوڵەتی بچووك دەتوانێت سیاسەتی دەرەكی دابڕێژێت كە هەوڵ بدات بۆ شكاندنی ئەو تێڕوانینە دیاریكراوانە لەوەی كە دەوڵەتی بچووك دەتوانێت چ بكات، یان پێویستە بیكات، ئەگەر ستراتیژیگەلێكی گونجاوی هێزی زیرەك و نەرم بگرێتە بەر، زۆربەی توێژەران كۆكن لەسەر بیرۆكە هاوبەشەكە بەوەی كە دەوڵەتی بچووك توانای گەورەتری هەیە لە مانۆڕی سیاسەتی دەرەوەدا بەو توانا و داهاتەی هەیەتی.
دەرئەنجام:
لە كاتێكدا زەحمەتە بە تەواوی چۆنێتیی دەوڵەتی بچووك لەسەر ئاستی تیۆر دەستنیشان بكەین، بەڵام لە ڕووی كردەییەوە، وا دیارە جیهان بایەخی پێ دەدات، دەوڵەتە بچووكەكان هاوپەیمانیگەلی تایبەتیان پێكهێناو زۆرجار هاوكاریی یەكدی دەكەن بۆ وتوێژكردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، ددان بە زۆر دەوڵەتدا دەنرێت كە دەنگی كاریگەرن لە بوارەكانی كێشە دیاریكراوەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕینی كەش و هەوا بۆ بەهێزكردنی مافەكانی مرۆڤ.
دەتوانرێت ئەمانە هەموویان لە ناوچەی زەریای هێمن ببیندرێن، ناوچەیەكە بە تەواوی لە دەوڵەتە بچووكەكان پێكدێت، ناوچەیەكە گۆڕانكاری لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە دەبینێت، لە سەركەوتنی چین و دابەزینی ڕێژەیی هەژموونی ویلایەتە یەكگرتووەكان، بۆ گرنگیی زیاتری دیپلۆماسییەتی گۆڕینی كەش و هەوا و دەرهاویشتە جیۆسیاسییەكانی پەتای COVID-19.
لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، زۆر لە سەر دەوڵەتە بچووكەكان پێشكەش نەكراوە، پێداچوونەوەی فراوانی توێژینەوەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كە لەسەر دەوڵەتە بچووكەكانە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە زۆرجار وا لێك دەدرێتەوە كە ئەو دەوڵەتانە شتێكن بە گوێرەی ئەوان هەڵسوكەوت دەكرێت، لە جیاتی ئەوەی لایەنی كارای سیاسی بن.
لەوەتەی سەرەتای سەدەی بیست و یەكەمدا، توێژینەوەكانی تایبەت بە دەوڵەتە بچووكەكان پێشكەوتنێكی بەراوردكاریان بەخۆیانەوە دیوە، هەندێ لە زانایان مشتومڕیانە كە دەوڵەتە بچووكەكان لاوازو بێ هێز نین، كە بۆ ماوەیەكی زۆر وا لێك دەدرایەوە.
لەگەڵ بەردەوامبوونی پەرەسەندنی سیاسەتەكانی سەدەی بیست و یەكەم و بەردەوامبوونی دەوڵەتە بچووكەكان لە بەرەوڕووبوونەوەی تەحەددی و دەرفەتە تازەكان، وا دەخوازێت كە سیستەمی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دیراسەیەكی دەوڵەتە بچووكەكان بكات، كە خاڵین لە هاوبەندەكانی نموونە تیۆرییەكانی كلاسیك كە ماوەیەكی زۆرە باڵادەستن.
لە ئێستا بەو لاوە، دەكرێ ئەم جۆرە فراوانبوونە لە تایبەتمەندیی ئاسۆكانی شیكردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئەرێنییانە پەرەبسێنێت، چ لە ناوچەی زەریای هێمن، یان لە دەرەوەی، بە تایبەتیش بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ئەو جۆرە توێژینەوانەی لە دەست داوە.