چاوەڕوان ناكرێت وتووێژی تایبەت بە ناوكیی ئێران لە برۆكسل بەڕێوە بچێت

چاوەڕوان ناكرێت وتووێژی تایبەت بە ناوكیی ئێران لە برۆكسل بەڕێوە بچێت

 

نەبیلە مەسرالی وتەبێژ بە ناوی یەكێتیی ئەوروپا لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، بۆ ڕۆژی پێنجشەممە یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل لەسەر دەستپێکردنەوەی وتووێژی ناوکیی ئەو وڵاتە هیچ وتووێژێکی لەگەڵ ئێراندا نابێت.

مەسرالی، بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسیشی گوتووە : پێنجشەممە هیچ کۆبوونەوەیەک ناکرێت و لە ئێستادا دڵنیا نییەو  ناشتوانرێت بزانرێت ئایا ئەم کۆبوونەوەیە دەکرێت یان پشتڕاست بکرێتەوە.

لە لای خۆشیەوە جۆسیپ بۆڕێل سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دوێنێ دووشەممە باسی لەوە كردبوو كە  بە ئومێدەو چاوەڕوانە لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی ئامادەکاری لە برۆکسل هەبێت.

یەکێتی ئەوروپا کە وەک ڕێکخەرێکی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015یە لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا، لە هەوڵدا بووە بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکە بە ئامانجی بەگەڕخستنەوەی ئەو ڕێککەوتنەكەیە  و بەهۆی کشانەوەی ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ  لە ساڵی 2018دا لە شوێنی خۆی وەستاو زیانی بەركەوت.

شایانی باسە كۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بانگەشەی ئەوەی دەكرد کە بەم زووانە دەگەڕێتەوە بۆ وتووێژەکان، بەڵام هیچ وادەیەكی بۆ ئەو گەڕانەوەیەی دەستنیشان نەکردووە.

 

 

Top