پاراستنی لێبوردەیی و پێكەوەژیان بەشێكە لە ستراتیژیەتی پارتی دیموكراتی كوردستان
لە كوردستان مەسەلەی پێكەوەژیان بابەتێكی نوێ نییە، لەم چوارچێوەدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، ئەوا دەبینین كە پێكەوەژیانی ئایین و ئایینزایی و نەتەوەیی ڕیشەیەكی دوور و درێژی هەیە، لەم نیشتمانەی ئێمە سەدان ساڵە تەواوی پێكهاتەكانی كریستیان بە سریان و كلد و ئاشوورییەوە، جوو و ئێزدی و موسڵمان بە هەر دوو مەزهەبی شیعە و سوننەوە، هەروەها لەناو موسڵمانانی سوننەش تەریقەتەكانی وەك قادری و نەقشبەندی، هەموو پێكەوەژیاون، هەر بۆیە ئەم یەكتری قبووڵكردنە بە هەبوونی جیاوازییەكانیانەوە، بووەتە هۆكاری ئەوەی جۆرێك لە سەقامگیری و ئاشتیی كۆمەڵایەتی لەناو كۆمەڵگە دروست بكات.
ئەم خەسڵەتە جوانەی پێكەوەژیان كە لە كوردستاندا بوونی هەیە، لەسەر ئاستی ناوچەكە دیاردەیەكی دەگمەنە و ئەگەر لەسەر ئاستی عێراقیش بەراوردی بكەین، ئەوا جوگرافیای كوردستان ڕاستییەكمان پیشان دەدا، كە بەشەكانی دیكەی عێراق بوونی نییە، هەر بۆ نموونە :
ئاشكرایە ژیانی گوند، ڕەسەنایەتیی هەموو كۆمەڵگەیەك پیشان دەدا، لەم چوارچێوە ئەگەر سەرنج بدەین، تەنیا لە زاخۆوە هەتا حەمرین گوندی تێكەڵاو لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەكان بوونی هەیە، لەم سنورەدا گوندمان هەیە، لەسەر ئاستی نەتەوەیی تێكەڵاوە و كورد و توركمان هەتا عەرەبیش پێكەوە دەژین، گوندمان هەیە لە ڕووی جیاوازیی ئایینەوە، موسڵمان بە سوننە و شیعەوە، هەروەها كریستیان و كاكەیی و زەردەشتی پێكهاتوون، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەی لەو دیوی حەمرینەوە گوندی تیكەڵاو، یان فرەیی و پێكەوەژیان بوونی نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو ئەقڵییەتەی لەو ناوچانە فەرمانڕەوایی كردووە، قەد ئەوەی قبووڵ نەبووە كە هەبوونی ئەم هەموو جیاوازییانە لەسەر ئەرزێك قبووڵ بكات، كە ئەوان بە هی خۆیانی دەزانن، بەڵام كوردستان ئەوەی قبووڵ كردووە، نەك ئەو ئەرزەی بە تەنیا بە هی كورد نازانێت، بەڵكو بە ئەرزی هەموو ئەو پێكهاتانەی دەزانێت كە لەسەر ئەرزی كوردستان دەژین، كە تۆ نیشتمانت بە هی هەمووان زانی، كەواتە جیاوازییەكانی لە ڕووی ئایینی و مەزهەبییەوە قبووڵ دەكەیت.
ئەم چەند دیڕەم بە پێویست زانی بۆ ئەوەی باس لەوە بكەم پارتی دیموكراتی كوردستان بۆچی بایەخێكی هێندە گرنگ بە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دەدات؟ بێگومان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ فەلسەفەی دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەویش دروستكردنی تەبایی و یەكڕیزیی ناوخۆی كوردستانە، كۆكردنەوەی هەموو هێز و توانای ناو كوردستانە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەوژمەی دەیویست مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكات، بەرنامەو پلانی ئەوەیان دادەنا، چۆن خەڵك سەركوت بكەن، چۆن مافەكانیان لێ بستێنن و ئازادییەكانیان بۆ نەهێڵنەوە، بارزانیی نەمر لەگەڵ ئەو ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانەی ئەو سەردەمی كە پارتی دیموكراتی كوردستان دادەمەزرێنن، بۆ ئەوە بووە كە سەرتاسەری كوردستان هیچ سنوورێكی جوگرافی، عەشایری، لەهجەوی، ئایینی و ئایینزایی نەمێنێت، هەموو پێكەوە بن، هەموو پێكەوە ببنە ئەو سپەرەی كە نەهێڵێت پلانی دوژمنان سەركەوتوو بێت، بۆیە ئەم یەكڕیزی و یەك تەباییە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو ڕێزگرتنەی كە ئێستاش لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان وەك كەلتووری ناو پارتی دیموكراتی كوردستانی لێ هاتووە، بۆ نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی دیكەی جیاواز لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە پارتی پێكهاتەكەی، تەنیا پێكهاتەی كورد نییە، لە زۆر حاڵەتدا لە ئایینزا، لە ئایینەكان و نەتەوەكانی دیكە، لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان بوون و جێگەشیان پارێزراو و دیار بووە، بۆ نموونە لە ناو كورددا، بۆ ماوەیەك سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان كوردێكی فەیلیی شیعە بووە، بۆ چەندین جار ئەندامی سەركردایەتی و دەستڕۆیشتووی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان كریستیان بووە، لە ڕێككەوتنی 11ی ئاداری ساڵی 1970، پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوە دەكردەوە، جگە لەوەی كە دەبێت مافەكانی گەلی كورد بچەسپێنرێت و ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت، بە هەمان شێوە جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەبێت مافی ئەو نەتەوە و ئایینانەی لە كوردستان دەژین بچەسپێنرێن. حكومەتی ئەو كاتی عێراق زۆر دژی ئەو داوایەی سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول بوو، لەبەر ئەوەی نەیدەیویست پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی بكاتە پارێزەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئەمە لە كاتێكدا كە هەر لە بنەڕەتدا پاراستنی لێبوردەیی و پێكەوەژیان بەشێك بووە لە تێڕوانین و بیركردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئەوەی دەبێ پێكهاتەكان و ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی ناو كوردستان هەموویان مافیان بۆ دابین بكرێت. ئەمە لەوێوە هاتووە و هێزی پارتییش لەوەدایە كە بە چاوێك سەیری پێكهاتەكانی كوردستانی كردووە و زۆریش دیار بووە، زۆر جار پێشمەرگەیەكی كریستیان لەگەڵ پێشمەرگەیەكی كوردی موسڵمان، یان پێشمەرگەیەكی ئێزیدی پێكەوە لە سەنگەرێكدا بەرانبەر دوژمن شەهید بوون و خوێنیان تێكەڵاو بووە. لە ڕووی جیاوازیی مەزهەبیشەوە سوننەیەك و شیعەیەكیش ئاوا لە سەنگەرێكدا بوون، پێشمەرگەمان هەیە كە خەڵكی مەندەلی و خانەقین بووە، بەڵام لە دەڤەری زاخۆ شەهید بووە، ئەوە نیشانەی ئەوپەڕی كراوەییە و هەوڵێكە كە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان هەبووە بۆ ئەوەی ئەم یەكڕیزی و تەباییەی نێوماڵی كوردستانی بە هەموو جۆرەكانیەوە وەك خۆی بمێنێتەوە .لەمەش زیاتر و جیا لەوەی تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكان لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان بوونیان هەیە، پارتی پشتگیریی ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی ئەو پێكهاتە جیاوازانەش دەكات كە لە دەرەوەی پارتی بە سەربەخۆ خەباتی خۆیان دەكەن، بۆ ئەوەی بەر هێرشی ئەو هێز و لایانەنە نەكەون كە بڕوایان بە پێكەوەژیانی برایانەی پێكهاتەكان نییە، هەروەك لە چەند ساڵی ڕابردوو بینیمان، هەندیك هێز و لایەنی سیاسی بە ئاشكرا دژایەتیی خۆیان بۆ كۆتای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لەناو پەرلەمانی كوردستان دەربڕی.
لێرەوە بۆ ئەوەی مافی پێكهاتە جیاوازەكان چوارچێوەیەكی دەستووری و یاسایی وەربگرێت و كەس بۆی نەبێت بە مەزاجی حزبی دەستكاریی مافەكانیان بكات، پارتی پشتگیری تەواوی خۆی بۆ نوینەرانی ئەو پێكهاتانە لە نووسینەوەی دەستووری كوردستان دەربڕی و ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ئەندامانی پارتی لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور ئەوە بووە، با نوێنەری پێكهاتە جیاوازەكان خۆیان لیژنەیەك لەناو خۆیان پێكبهێنن و ئەوەی ئەو لیژنەیە بە مافی پێكهاتەكانی دادەنێت، ئەوە بخریتە ناو دەستووری كوردستانەوە.
لایەنێكی دیكەی ئەم پێكەوەژیان و لێبوردەییەی كوردستان كە سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاكیشاوە و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی پاپای فاتیكان بۆ خۆی سەردانی كوردستان بكات و، گەورەترین نوێژی قوداس لە هەولێری پایتەخت ئەنجام بدات، ئەمەش بەرهەمی ئەو هەنگاوانەی سەرۆك مسعود بارزانی بووە كە هەر لە دوای ساڵی 2005 ـەوە كاتێك پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق كەوتنە بەر مەترسیی توندوتیژی، دەرگای كوردستانی بۆ ئاواڵا كردن، بەڵام سەرنجڕاكێشانی گەورە ئەو كاتە بوو كە تیرۆریستانی داعش بە ناو دەوڵەتی خەلافەتیان ڕاگەیاند و كەوتنە پاكتاوكردنی تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان، لەم قۆناخەشدا سەرۆك بارزانی نەك هەر دەرگای كوردستانی بۆ ئاواڵا كردن، بەڵكو لە پێناوی پاراستنی پێكهاتە جیاوازەكان و ئازادكردنەوەی ناوچەكانیان خۆی لە پێشەوەی بەرەكانی شەڕ بوو، هەتا شنگال و تەواوی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا لەسەر دەستی هێزی پیشمەرگە بە هاوكاریی هاوپەیمانان ئازاد نەكرانەوە، نەگەڕایەوە بۆ تەلاری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ڕەنگدانەوەی ئەم سەركردایەتییە لۆژیكییەی سەرۆك بارزانی و ئازایەتیی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، لە قسەیەكی پاپادا جوان خۆی بەرجەستە كرد، كاتێك پاپا لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوە، ڕاشكاوانە پێی گوتبوو، هۆكاری سەرەكیی ئەم هاتنەم بۆ عێراق و كوردستان تۆ بووی جەنابی سەرۆك بارزانی، هاتم تۆ لە نزیكەوە ببینم و سوپاست بكەم بۆ ئەو هەڵوێستەی بەرامبەر بە پاراستنی پێكهاتە جیاوازەكان هەتانبووە و ڕێگەتان نەدا كریستیانەكان كۆمەڵكوژ بكرێن.
پێش ئەوەی پەیامی كۆتاییم لەم چەند دێڕەدا دەرببڕم، دەمەوێت ئەوەش بە خوێنەران بڵێم، ئەم نووسینەی من تەنیا وتارێك نییە بۆ پیشاندانی پێكەوە ژیان لە كوردستان، بەڵكو ئەمەم وەك پێشەكییەك بۆ ئەو كتێبە نووسیوە كە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی ئامادەی كردووە، ئەمەش وەك بە دیكۆمێنتكردنی ئەم سیما جوانە لە زاری هەموو نوێنەرانی ئایینە جیاوازەكانی كوردستانەوە.
لە دوماهیشدا دەمەوێت بڵێم: پەیامی ئێمە هەر ئەوەیە كە پێكەوەژیان قووڵتر بكەین، لە سەر بنەمای ئەو جیاوازییانەی هەمانە لە ڕووی ئایینی و نەتەوەیی و ئایینزاییەوە ڕەفتار لەگەڵ یەكدی نەكەین، ئەمە نەخوێندرێتەوە، ئەوەی توانای ئینسانەكانە بخوێندرێتەوە، ئایین و نەتەوە و ئایینزا نەبێتە بنەمایەك بۆ هەڵسەنگاندنی ئینسانەكان، بەڵكو توانا و دڵسۆزی و هەوڵ و كۆششەكانیان بۆ چاكتر پێكەوەژیان و پێشكەوتنی ئەو وڵاتە بخوێندرێتەوە و پێوەر بێت، بۆ ئەوەی كە كەسێك بتوانێت خزمەتی ئەم وڵاتە بكات، لێی گەڕێن كە چ نەتەوە و ئایین و ئایینزایەكی هەیە، لەسەر ئەوە ئێمە دەتوانین ژیانێكی زۆر خۆشتر بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكەین، نەك لە سەر بنەمای جیاوازی، ئەگەر ئێمە ئاوامان كرد كە ئەوان لە ناو كۆمەڵگەی ئێمە جیاوازن، غەدر لە خۆمان و لە ئەوانیش دەكەین، كەواتە ئێمە پێكهاتەكانمان هەن، بەڵام كە باس دەكەین و دەڵێین پێكهاتەكان هەن، بەو مەفهوومە نییە كە لە یەكدی جیاواز بین و بە ئێوەیەك ڕەفتار بكەین كە مافەكان بۆ هەندێك هەبن و بۆ هەندێك نەبن، دەبێت هەموو وەكو یەك بن، بەڵام هەر یەكە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەو تایبەتمەندییانە پارێزراو بن، نەك ئەوەی جیاواز بن لە یەكتری، ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە كە پێویستە هەموومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بەرانبەر بەم نیشتمانە، نیشتمانێك كۆمان دەكاتەوە پێی دەڵێن كوردستان، كاتێك كە دوژمنانی خەڵكی كوردستان هێرشیان هێنایە سەر كوردستان، جیاوازییان نەكرد، ئەوەی لە ئەشكەوتەكاندا خەڵكیان خنكاند و سووتاندیانن، دوو ئەشكەوت بوون، بەشێكی لە ئەشكەوتێك لەو ئەشكەوتانە بەشێكی زۆری لە خوشك و برایانی كریستیان بوون، بەشەكەی دیكەی لە ئەشكەوتەكەی دیكەش موسڵمان بوون، ئەوەی كە لە بادینان ڕووی دا لە ساڵی شەستەكان، من تەسەور دەكەم هەر ئەو پێكەوە بوونە هێزێك دەداتە كوردستان، بۆ گەشەكردن و پێشكەوتن و كرانەوە بە ڕووی دنیادا، ئیعتبارێكی زیاتریشی لە جیهاندا دەبێت، پێكەوە بوونمان و گرنگیدان بە یەكدی دەبێت لەسەر بنەمای بەرهەم و توانا و ئیمكاناتی فیكری و كردەنی بێت، نەك لەسەر بنەمای چ ڕەنگە، چ ئایینە، چ مەزهەبە، چ نەتەوەیە...
ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و
راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان