سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ميرى قه‌ته‌ر په‌يوه‌ندييه‌كان و دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ميرى قه‌ته‌ر په‌يوه‌ندييه‌كان و دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2021/10/17 له‌ ده‌وحه‌ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز خاوه‌نشكۆ شێخ ته‌ميم بن حه‌مه‌د ئال سانى، ميرى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاوه‌نشكۆ ميرى قه‌ته‌ر دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عيراق ده‌ڕوانێت و ئارامى و سه‌قامگيريى عێراقى به‌لاوه‌ گرنگه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌‌رێمى كوردستان و عيراق به‌تايبه‌تى له‌ بواره‌كانى ئابوورى و بازرگانى و وه‌به‌رهێناندا ده‌ربڕى.

به‌ڕێزيان خۆشحاڵيى خۆى نيشان دا كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ عيراق به‌ ئارامى به ڕێوه‌ چوو و جه‌ختى له‌ خواستى قه‌ته‌ر بۆ فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، پوخته‌يه‌كيشى ده‌رباره‌ى دوا سه‌ردانى خۆى بۆ به‌غدا باس كرد و هيواى خواست له‌ هاتنى ئه‌مجاره‌يدا بۆ عيراق، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ ڕۆڵ و كاريگه‌ريى قه‌ته‌ر، خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه‌ هه‌موو ئاسانكارييه‌ك بۆ سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى بكات، بۆ ئه‌مه‌ش ياساى وه‌به‌رهێنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ هاريكار و هانده‌ر له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێزيان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ عيراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، پوخته‌يه‌كيشى ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عيراق و ئه‌نجامه‌ به‌رايييه‌كانى خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها هيواى خواست حكوومه‌تێكى لێ بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ ژيان و گوزه‌ران و خزمه‌تگوزاريى باشتر بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى عيراق دابين بكات.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هه‌ڵسه‌نگاندنيان بۆ بارودۆخ و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى كرد و جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكاريى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى كرده‌وه‌.

Top