(٥٢٥٣٣) دەرچوى پۆلى دوانزە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان پێشکەشکردوە
ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان پەسەنددەکات، و ڕایدەگەیەنێت لە دواى تەواوبونى پرۆسەى پێشکەشکردن لە ڕێگەى زانکۆلاین، (٥٢٥٣٣) خوێندکارى دەرچوى پۆلى دوانزە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى کوردستان پێشکەش کردوە.
ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (2021/10/14) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى تایبەتمەند، کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت لە سەرۆکایەتى زانکۆى چەرمو لە قەزاى چەمچەماڵ بەڕێوەچو.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت لە زانکۆى چەرمو، بۆ ئەمەش وتى: ئەرکمانە بە پێشکەشکردنى باشترین کواڵتى خوێندن خزمەت بە پایتەختى شەهیدان و خەڵکى ئەم ناوچەیە بکەین، چونکە ڕێبەرایەتى خەڵکێکى تێکۆشەرو بەش مەینەتى میللەتەکەمان دەکەن و سوپاسیشیان دەکەین بۆ هەوڵ و ماندوبونیان بەمەبەستى پێشخستنى زانکۆکەیان، وتیشى: باشترین پاداشت بۆ ماماندوبون و قوربانییەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە پێشکەشکردنی باشترین کواڵتی خوێندن و فێرکردنە بە ڕۆڵەکانیان.
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا باسێکى لەبارەى سیاسەت و کارنامەى وەزارەت و دامهزراوهكانی خوێندنى باڵا بەشێوەیەکى گشتى پێشکەشکردو دوپاتیکردەوە: ئامانج لەم کۆبونەوەیە گفتوگۆکردنە لەبارەى گەڕانەوەى دەسەڵاتەکانى خەرجى لەسەر داهات و پەسەندکردنى پلانى وەرگرتن لە زانکۆکان بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سودى دەرچوان و پێداویستیەکانى بازاڕى کار، بۆ ئەمەش دوپاتییکردەوە: وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕەچاوکردنى کواڵتى خوێندن و لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، سەرەڕاى ئەو ژمارە زۆرەى دەرچوان کە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان پێشکەش کردوەو ژمارەکەیان بریتیە لە (٥٢٥٣٣) دەرچو.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا پلانى هەریەک لە زانکۆکان گفتوگۆى لەبارەوە کراو دواتر پەسەندکرا، لە بڕگەیەکى دیکەشدا پرسى ئەژمارکردنى ماوەى مانەوەى خوێندکارانى خوێندنى باڵا لە دەرەوەى وڵات کە بەشێوەى ئۆنڵاین بەردەوان بون، دواى خوێندنەوەى ڕاپۆرتى لێژنەى تایبەتمەند بەم بابەتە و گفتوگۆکردن پێشنیازى لێژنەکە پەسەندکرا. هەروەها چەند بابەت و پرسێکى دیکەى پەیوەست بە پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کراو پەسەندکران.
جێگەى ئاماژە بۆکردنە هەر لە کۆبونەوەکەدا، د. سەڵاح رەزا سەرۆکى زانکۆى چەرمو لە وتەیەکدا باسێکی لەبارەى پێکهاتەى زانکۆى چەرمو وەک دامەزراوەیەکى زانستى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشکەشکرد، کە کارەکانى زانکۆ ڕەنگدانەوەى ستراتیژ و ڕاسپاردەکانى وەزارەتە، هەروەها کورتەیەکى لەبارەى لایهنه جیاكانی جێبەجێ کردنی بۆلۆنیا پرۆسیس خستەڕو، بۆ ئەمەش باسی له ئهزمونی زانكۆكهیان كرد لەجێبەجێکردنی پرۆسەکەو چۆنیەتی ڕوبەروبونەوەی گرفت و ئاڵنگارییەکان، بۆ ئهوهش سوپاسی وهزارەتى خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی كرد بۆ پاڵپشتی و پشتیوانیه بهردهوامهكانیان له زانكۆكهیان.
هەر لەچوارچێوەى سەردانى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ قەزاى چەمچەماڵ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت کەمپەسى نوێى زانکۆى چەرمو- یان بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لە کارەکانى پەیوەست بەباڵەخانەى کۆلێژ و بەشەکان و هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى پرۆژەکەیان کۆڵیەوە، دواتریش سێنتەرى چەرمو بۆ توێژینەوەو ڕاهێنانى زانکۆیان بەسەرکردەوەو لەنزیکەوە لە کاروبارەکانى پەیوەست بە سێنتەرەکە و کارو پرۆژەکان ئاشنا بون.