وەبەرهێنان.. بەرفراوانبوون و گەشەكردن   940 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێ دراوە

وەبەرهێنان..  بەرفراوانبوون و گەشەكردن      940 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێ دراوە

 

 

ئاستی وەبەرهێنان گەیشتە 8 ملیار دۆلار و

19 ملیار دۆلاری دیكەش پڕۆژەی پەسەندكراو هەیە

 

وەبەرهێنان بە پاڵپشتیی ڕێزدار (مسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاریی نەوعی گەورەی بەخۆوە بینیوەو بەرەو ئەوە هەنگاومان ناوە كە وەبەرهێنان وەڵامدانەوەی پێداویستیی خەڵكی بێت و بارگرانی لەسەر هاونیشتمانیان كەم بكاتەوە و هەلی كار بۆ گەنجەكانمان بڕەخسێنێت، كۆتایی بە كەمتەرخەمی و كەموكورتییەكان هات و، قەبارەی وەبەرهێنان بەرەو ئاستێكی باش هەنگاوی ناوە، لەم پێناوەشدا سەركەوتوو بووین بەوەی ئاستی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان گەیشتە  8 ملیار و نیو دۆلار و 19 ملیار دۆلاری دیكەش پڕۆژەی پەسەندكراومان هەیە، بە شێوەیەكی گشتی ژمارەی پڕۆژە مۆڵەت پێدراوەكانی وەبەرهێنان كە لە ئێستادا لە كاردان دەكاتە 940 پڕۆژە و كۆی گشتی زەوی تەرخانكراویی دەكاتە 72 هەزار دۆنم، لەمەشدا ڕێژەی وەبەرهێنانی خۆماڵی لە 85% و ڕێژەی وەبەرهێنانی بیانی لە 9% و وەبەرهێنانی هاوبەش واتا لەنێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی لە6%ـە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەركەوتن و فراوانبوونی نوێ تۆمار دەكات، تەنیا لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا توانیومانە 139 پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەورە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستان جێبەجێ بكەین و لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆژە پەسەندكراوەكان ئەم ژمارەیە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا زۆر بە خێرایی ڕوو لە هەڵكشان دەكات، بەمەش وەرچەرخانێكی گرنگ لە بواری زیادبوون و جۆراوجۆركردنی وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ كەرتی تایبەت دەستی پێ كردووە، وەنەبێت وەكو ساڵانی پێشوو تەنیا لە یەك سەكتەری بازرگانی و خانووبەرە وەبەرهێنان ئەنجام درابێت، ئێستا لەپێناو فرەچەشنكردنی ئابووریی هەرێم و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی ڕوویان لە كەرتەكان كردووە، بەم شێوەیە وەبەرهێنان لە كەرتەكانی (بازرگانی، تەندروستی، پیشەسازی، وزەی كارەبا، خانووبەرە، خزمەتگوزاری، گەشتیاری، كشتوكاڵی، فێركردن و هونەری و وەرزشی و ژێرخانی ئابووری و .. تادوایی، زۆر زیادی كردووە، هەموو زانیاری و داتاكانی تایبەت بە گرنگیی وەبەرهێنان لەم كەرتانە و پێداویستییەكانی خەڵكی و داوكاریی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان لە ناو ڕێبەرێكی وەبەرهێناندا جێگای كراوەتەوە و هەموو وەبەرهێنەرێك دەتوانێت بە هەر سێ زمانی ( كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی) سوودی لێ وەربگرن، خۆ ئەگەر لەگەڵ دوو ساڵی پێش كابینە ئەم ژمارانە بەراورد بكەین، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە مۆڵەتی ڕێپێدراوی وەبەرهێنان وێڕای قەیرانە سەخت و گەورەكانی بڕینی بودجە و قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، كەچی هەر زوو سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی ڕێزدار سەرۆك مسعود بارزانی و ڕێزداران نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و كابینە بەهێزەكەی توانییان بە سەر ئەو قەیرانە مەترسیدارانەدا زاڵ بن، ئەگەر پلان و بەرنامە و كاری ئەوان نەبووایە شوێنەوارەكانی ئەو قەیرانانە خوانەخواستە ئەوەندە گەورە و مەترسیدار دەبوون، كە ئێستا نەك هەر بە زەحمەتی باسی وەبەرهێنانمان دەكرد، بەڵكو مەترسی لە سەر قەوارەی هەرێمەكەش دروست دەبوو. ڕاستە كوردستان لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە هەرێمێكی ددانپێدانراوی فیدڕاڵییە و خاوەنی سامانێكی سرووشتی و مرۆیی دەوڵەمەندە، بەڵام ئەگەر ژینگەی هەرێم سەقامگیری و ئارامی تێدا فەراهەم نەكرایە و سیاسەتی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهاتەكان پەیڕەو نەكرایە، زەحمەت بوو ئەو سەرمایە گەورەیەی ناوخۆ و بیانی لە هەرێم بەگەڕ بخرێن، سەرمایە ترسنۆكە و ڕوو لە ژینگەی ئارام و پێگەی متمانەدار و بەهێز دەكات، ئێمە لە سەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیومانە وەبەرهێنان بخەینە سەر ڕێچكەی سرووشتیی خۆی كە بگونجێت لەگەڵ واقیعی هەرێمی كوردستان و خێراییەكانی سەردەم و پێداویستییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو دەربازبوون لە قەیرانی دارایی و بۆ ئەوەی چیتر حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرز نەكات بۆ دابینكردنی مووچەكان و تووشی قەیرانی سەختی سیولەی نەختینەیی نەبێت و لەگەڵ هەڵبەز و دابەزی بەهای نەوت كێشەمان بۆ دروست نەبێت، بەرنامەی فرەچەشنكردنی ئابووری لەپێناو جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی دەركرد، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ڕیزبەندیمان داوە بە سێكتەرە سەرەكییەكانی (پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری) بۆ هەرسێ سێكتەر ڕێنماییمان دەركردووە و جەختمان لەسەر ڕیزبەندی بۆ وەبەرهێنان لەم سێكتەرانە كردووە، وەنەبێت ئەمە لەسەر حیسابی سێكتەرەكانی دیكەش بێت، ئەوەتا بەپێی ڕێنمایی نوێ كرانەوەمان لە سێكتەری خانووبەرەش كردووە، چونكە خواستی لەسەرە و ناكرێت ئاستەنگی بۆ دابنێین، بەڵام ئەمجارە بەپلان و مەرج و ڕێنمایی نوێ، لە پێشانگای وەبەرهێنان و خانووبەرەی هەولێر بینیمان كە چۆن كۆمپانیا ناوخۆییەكان و تەنانەت وڵاتانی بیانی چاویان لەوەبەرهێنانە لە كەرتی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان، پێشبینی دەكرێت وەبەرهێنەرێكی بیانی زۆر لە كەرتی خانووبەرە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و شاری نوێ و باڵەخانە گەورەكان بونیات بنێن.

بە شێوەیەكی گشتی وەكو دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان هەر لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمدا پلانی وەبەرهێنانمان ڕاگەیاند و ڕێبەری وەبەرهێنانمان دەركردووە، كە بەشێكی گرنگی نەخشەڕێگای وەبەرهێنانە هەموو ئەمانەش لەپێناو:

1- فرەچەشنكردنی ئابووریی هەرێم.

2- هەمەجۆركردنی سەرچاوەی داهات.

3- دەستەبەركردنی دەرفەتی یەكسان و دادپەروەرانە بۆ بەشداریكردنی كۆمپانیاكان.

4- دابەشكردنی دادپەروەرانەی وەبەرهێنان بە سەر پارێزگا و ئێدارە سەربەخۆكان، ئەمەش بەپێی خواستی خەڵك و پێداویستیی ئەو پارێزگا و ناوچانە.

5- سووككردنی ئەركی سەرشانی حكومەت.

6- كەمكردنەوەی ڕۆتین و كەمبوونەوەی تێچوونی مۆڵەت وەرگرتنی وەبەرهێنان.

بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و بیرۆكراتیەتی كوشندە جگە لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی یەك پەنچەرەی پێدانی مۆڵەت و ئاسانكاریی لە تەرخانكردنی زەوی و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و لێخۆشبوون لە باج و هەموو ڕسوماتێكی ناگومرگی و لێخۆشبوون لە هێنانی كەرەستەی خاو بۆ ماوەی 10 ساڵ و ئاسانكاریی بانكی و نەختینەیی، هەروەها بڕیارمان داوە نابێت هیچ بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەكمان وەڵامی وەبەرهێنەر لە 30 ڕۆژ زیاتر تێپەڕێنێت، بەپێچەوانەوە ئێمە داواكاریی ئەو وەبەرهێنەرە بە هەند و گرنگیەوە وەردەگرین، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ دابەزینی دەسەڵاتەكانمان لە مانگی ئابی ئەمساڵدا و داوامان لە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش كردووە، دەسەڵاتەكانی خۆیان دابەزێنن و بە خۆشحاڵییەوە ئەوانیش دەسەڵاتەكانیان دابەزاندووە بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتی و فەرمانگانەی هەیانە لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و دوایین جار بە سوپاسەوە وەزارەتی بارزگانییش دەسەڵاتەكانیان دابەزاند، بە دابەزینی دەسەڵاتەكان و بەڕێوەچوونی كاروبارەكان لەناو سنووری پارێزگایەكدا، یان لە سنووری ئیدارەیەكی سەربەخۆدا بە دڵنیایییەوە كەمكردنەوەی ڕۆتین و كەمبوونەوەی تێچوونەكانیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمەش شوێنەوارەكانی زیاتر دەردەكەوێت بە سەر خێرا بەڕێوەچوونی كار و مامەڵەكانی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و كەمبوونەوەی تێچووەكان.

من لێرەدا دەمەوێت جەخت لەسەر وەبەرهێنان لە بواری دامەزراندنی شار و ناوچە پیشەسازییەكان بكەمەوە كە لە سەرۆكایەتیی حكومەت گرنگی پێ دەدرێت و، سەرۆكی حكومەت بەڵێنی بە خەڵكی كوردستان داوە كە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمەی لە ناوخۆدا پێویستمانە و دەكرێت بەرهەم بهێنرێت، لێرە لە ناوخۆی كوردستان بەرهەمی بهێنین، ئێمە ئامانجمان جگە لە بەرزكردنەوەی ئاستی گەشەی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمە، ئامانجیشمانە دەستەبەركردنی هەلی كار بۆ گەنجەكان و دەرچووانی پەیمانگا و زانكۆكان، كۆكردنەوەی پڕۆژە پیشەسازییەكان لەگەڵ پاشكۆكانیان و فرە پۆلینكردنی پیشەسازی لە ناوچەی پیشەسازیی خۆراكی و خواردنەوە و دەرمانسازی و كەلوپەلی پزیشكی و ناوچەی پیترۆكیمیاویان و پیشەسازیی كەرەستەی خانووبەرە و پیشەسازیی سووك و پۆلێنكردنی هەموو ئەم بلۆكانە و دابینكردنی پێداویستییەكانی بەرگریی شارستانی و فریاكەوتنی تەندروستی و حەوانەوەی كارمەندان و مزگەوت و شوێنە خزمەتگوزارییەكان و پاراستنی لایەنی ژینگەیی و سەوزایی، هەموو ئەم پێداویستییانە تەنیا پێداویستیی سەردەم و جوانكاریی نین، بەڵكو لە پێداویستییە سەرەكییەكانی سەركەوتنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پاراستنی سەروماڵ و بگرە مافی كرێكاران و كارمەندانیشیانە، ئێمە كۆمەڵێك هەلی گەورەمان پێشكەش بە وەبەرهێنان كردووە لەم شارو ناوچە پیشەسازییانەدا، بۆ نموونە لە پارێزگای هەولێر لە قەزای خەبات ناوچەی پیشەسازیی ئارارات و میدیكاڵ ستی و تیمار و ناوچەی پیشەسازیی سۆرانمان هەیە، لە پارێزگای سلێمانی دوو ناوچەی پیشەسازیمان داناوە لە عەربەت و ڕۆژئاوای سلێمانی لە بەرنامەدایە، لە پارێزگای دهۆكیش سێ ناوچەی پیشەسازی دادەنرێت، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و لە قەزای بەردەرەش و لە قەزای بامەرنێ، لە پارێزگای هەڵەبجەش دوو ناوچەی پیشەسازیمان هەیە و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەرینیش ناوچەی پیشەسازی هەیە.

وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دوابەدوای كەرتی پیشەسازی دێت؛ ئێمە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هەوڵ دەدەین هەماهەنگی و ڕێكخستنێكی باشتر لە نێوانماندا هەبێت و، لەم ڕووەوە سوپاسی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەكەم كە زۆر یارمەتیدەرن، بۆیە توانیومانە ڕوو لە دروستكردنی پڕۆژەی گەورەی كشتوكاڵی بكەین، لە ڕێگەی گۆڤاری گوڵان ئەم هەواڵە بە خوێنەران دەدەم كە پڕۆژەی زۆر گەورەی كشتوكاڵی لە ڕێگادایە و وەرچەرخانێكی گەورە لەكەرتی كشتوكاڵی دروست دەبێت، پلانی ئێمە و وەزارەتی كشتوكاڵیش لەم بوارەدا ئەوەیە كار دەكەین بۆ پێشكەوتنی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای پیشكەوتوو، هەروەها سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەكان و دروستكردنی بەنداوە وەرزی و هەمیشەییەكان و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتگیریكردنی جووتیارانی هەرێم و دروستكردنی شوێنی بەبازاڕكردنی دانەوێڵە و دروستكردنی عەلوەی نوێ و هاوچەرخ بۆ بەبازاركردنی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ دابینكردنی وزەی كارەبا لە بەنداوەكان و چەندین هەنگاوی كردەیی دیكە.. بۆ ئەم مەبەستە لە دانوستانداین لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی بیانی پەیوەندیدار بە بەرهەمهێنانی پیشەسازیی خۆراكی بۆ ئەوەی لە كوردستان وەبەرهێنان لە كشتوكاڵ بكەن و سوود لە دەرفەتەكان و كارئاسانییەكان وەربگرن، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لێرە ئەنجام بدەن و كاڵا و بەرهەمەكانیان ببەنە دەرەوە كە لەم بوارەدا شارەزایی و پەیوەندییەكی باش و ناوبانگێكی جیهانییان هەیە بۆ ڕەواجكردنی بەرهەمەكان.

 دیدگا و ستراتیژیەتی وەبەرهێنان تەنیا بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری و گرنگیدان بە سێكتەرەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری نییە، بەڵكو گرنگیدانە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان لەو گوند و ناحیە و قەزایانەی كە پڕۆژەی تێدا نییە و بایەخی زیاتر بە ناوچە دوورەدەستەكانیش بدرێت، بۆ ئەوەی خەڵكی ئەم ناوچانەش سوود لە دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و بەرزبوونەوەی بژێوی ژیانیان وەربگرن.

 لە ماوەیەكی زۆر نزیك ناوچەی نوێی وەبەرهێنان ڕادەگەیەنین و شاری نوێ بە مۆدێری زۆر باشتر و هاوچەرخ ڕادەگەیەنین، سەقامگیریی هەرێم و بەهێزیی حكومەت و پێگەی بەناوبانگی پێكەوەژیانی كوردستان هاوكاریی ڕاكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و نێوخۆن بۆ ئەوەی سوود لەدەرفەتەكانی وەبەرهێنان و سامانی سرووشتی و مرۆیی كوردستان وەربگرن.

Top