کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانى کوردستان كەم دەكرێتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانێکی وەزاری تایبەت بە کەم کردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دەرکرد.
بەپێی ئەم فەرمانە کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بە رێژەى (٤٥%) لە گشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا (پارالێل - ئێواران) کەم بکرێتەوە و بۆ زانکۆ و پەیمانگا ناحکومەییەکان کەم کردنەوەکە بەرێژەی ١٠%-٢٠% بێت.
شایانی باسە کەم کردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان بەم شێوەیە دەبێت:
زانکۆ حکومییەکان : داشکانى ڕێژەى (٤٥%) لە کرێى خوێندنى (پارالێڵ) و (ئێواران)ى گشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگاکانى ترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢).
زانکۆ تایبەتەکان: بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دەبێت بەم شێوەى خوارەوە:
* ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپی B، بە ڕێژەى (١٠%) کرێى خوێندن کەم دەکرێتەوە.
* ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپی C، بە ڕێژەى (١٥%) کرێى خوێندن کەم دەکرێتەوە.
* ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپی D، بە ڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندن کەم دەکرێتەوە.
* سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بە ڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندنیان کەم دەکرێتەوە.