گرنگی بزنسی بچوك بۆ ئەمڕۆی کوردستان
نوسینی: هوشیار یاسین
پڕۆژە یاخود بزنسی بچوک ڕۆلێکی گرنگ دەبینن لە گەشەسەندنی ئابووری بە شێوەیەکی گشتی، گەشەسەندنی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی بەتایبەت.بزنسە بچوکەکان گرنگی زۆریان هەیە بۆگشت دەوڵەتان و بە تایبەت بۆ دەوەلەتە تازە پێگەیشتووەکان.
ئەگەر سەیری ئەزموونی چەند وڵاتێك بکەین کە لە ڕابردوویەکی نزیک بەرەوپێشچوونی بەرچاویان دەستەبەر کردووە بەهۆی گرنگیدان بە بزنسە بچوکەکان دەکرێت زیاتر سودەکانی ئەم جۆرە بزنسەمان بۆ دەربکەوێت لە دیارترین ئەو وڵاتانەش کۆمەلێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی قاڕەی ئاسیان وەک(هۆنکۆنگ، تایوان، کۆریای باشور، سەنگافور)ە کە نموونەی یەکجار سەرکەووتون وە شیاوی ئەوەن کە هەرێمێکی وەکو کوردستان کە لە قۆناغی گەشەسەندن دایە چاویان لێ بکات و سود لە ئەزمونیان وەربگرێت.
هەرێمی کوردستانی دەکرێت هەمان هەنگاوەکانی ئەو وڵاتانە بگرێتە بەر بۆ درووست کردنی ژێرخانێکی ئابووری پتەو وە ببێت بە خاوەنی ئابووریەکی سەربەخۆ و بەهێز بە ڕەچاو کردنی ژینگەی ناوخۆیی، دەکرێت گرنگی و سوودی بزنسە بچووکەکان بۆ هەرێمی کوردستان لەم چەند خاڵەی خوارەوە کورت بکەینەوە.
١.ڕەخساندنی هەڵی کار: گرنگترین سوودی هەنووکەی یە بۆ هەرێمی کوردستان چونکە لەم ساڵانەی دوایدا دەرچوویەکی زۆری زانکۆ و پەیمانگاکان هەن وە لە بازاڕی کاردا بە دوای کاردا دەگەڕێن و دەستیان ناکەوێت، بەم هەنگاوە حکومەت دوو ئامانج دەپێکێت لە لایەك دابین کردنی هەڵی کارە بۆ هاوڵاتیانی لەلایەکی تر کەمکردنەوەی ئەو لۆدە زۆرەی داواکاری هەڵی کارە لە کەرتی گشتیدا.
٢.بنیاد نانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز: گومان لەوە دا نی یە کە بوونی وەها بزنسێک دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ درووست کردنی ژێرخانی ئابووری، وە دەکرێت وەکو هەنگاوی یەکەم سەیر بکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پەل بهاوێن بۆ بزنسی گەورە وە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ هەرێمەکەمان.
٣. سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ زیاد کردنی داهاتی دەوڵەت: یەکێك لە ئامانجەکانی دەولەت زیادکردنی داهاتە وە دەسکەوتنی داهاتە لە سەرچاوی جیاواز، لە ئەگەری هەبوون وە زیاد بوونی ئەم جۆرە بزنسە دەوڵەت داهاتێکی باش و بەردەوامی دەست دەکەوێت لە ڕێگەی سەپاندنی باج وە پێ فرۆشتی چەند خزمەتگوزاریەکی وەکو ئاو و کارەبا.
٤. ساخکردنەوەی کۆمەڵێک کەرستەی ناوخۆیی کە دەکرێت وەکو (مواد اولي) بەکار بێن: گومان لە وەدا نیە کە هەرێمی کوردستان لە چەندین ناوچە کەرەستەی خاوی پێویستی هەیە یان بەرهەم دێت کە بتوانرێت بەرهەمێکی تری لێ دروست بکرێت،
٥. سوودی سیاسی: یەکێک لە پایە گرنگەکانی هەر کیانێکی سیاسی بوونی ژێرخانێکی ئابووری بەهێزە وە پالپشت دەبێت بۆ جێبەجێکردن و هێنانەدی ئامانجە سیاسییەکانی، بوونی ئەم جۆرە بزنسانە هۆکارێکن بۆ بەهێز بوونی ئابووری وە پاراستنی قەوارە سیاسییەکەی.
لە کۆتایدا دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە ئەم جۆرە بزنس و پڕۆژانە زەرورەتێکی هەنووکەین بۆ هەرێمی کوردستان، لە چەندین لایەنەوە سوودیان هەیە وە دەکرێت وەکو بنەمای دانانی ئابووریەکی بەهێزتر و دروستکردنی بزنسی گەورە لە داهاتوودا سەیر بکرێن.