دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەین ئایندەی خۆمان و منداڵەكانمان مسۆگەر دەكات

دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەین ئایندەی خۆمان و منداڵەكانمان مسۆگەر دەكات

 

 بۆ ئەوەی كورد پارێزگاریی لە پێگە و قەوارەی خۆی بكات و ئایندەی خۆمان و منداڵەكانمان مسۆگەر بێت، دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەین. لەناو وڵاتێكی ناسەقامگیر و پڕ لە كێشە و ڕۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی نائارامدا گرنگە كورد بە ویژدانەوە بڕوانێتە دواڕۆژی خۆی و منداڵەكانی، دەبێت دەنگ بە كاندیدانی ئەو پارتە بدەن كە لە ڕۆژە سەختەكاندا بەجێی نەهێشتوون و لە بەرپرسیارێتی هەڵنەهاتووە و شەهید و قوربانی لە پێناو گەلەكەیدا بەخشیوە، گرنگە لەسەر سندوقەكانی دەنگدان شەڕی مان و نەمان بكەین و لە ڕۆژی 10/10 هەموومان دەنگ بە پارتی بدەین. پارتی دیموكراتی كوردستان كوردو كوردستانیانی پاراست لە هێرشی دڕندەی داعش و میلیشیاتە مەزهەبگەرا توندڕەوەكان، پارتی كلیلی سەقامگیری و چارەسەری هەموو گرفت و كێشەكانە و لە ڕابردوو ئێستاشدا بەرامبەر بەرپرسیارێتی هەڵنەهاتووە و بەرگری لە قووت و بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستانی كردووە.

نوێنەرەكانی پارتی لە بەغدا بە سەرۆكایەتیی ڕابەری نەتەوەیی و نیشتمانی سەرۆك بارزانی وێڕای هەموو فشارەكان توانییان سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی هەرێم بپارێزن و هەرێمی كوردستان نەكەوێتە ژێر باری بەرژەوەندییە هەرێمایەتییەكانەوە، هەر بۆیە لە ڕوانگەی هەڵوێستەكانی پارتی و بەرنامەی سیاسیی پارتی دەتوانین بڵێین: پارتی جیاواز لە هەموو حزب و لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری دەكات، ئەركی پارتی لە هەمووان قورسترە و ئامانجەكانی باڵا و مەزنە، چونكە پارتی خاوەنی قەزییەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی مەزنە، لە بەغداش نوێنەر و پەرلەمانتارانی كەم قسە دەكەن و زۆر كار دەكەن و، هەرگیز نەمانبینوە سازش لەسەر مافی خەڵكی كوردستان بكەن، پارتی و نوێنەرەكانی موساوەمە لەسەر مافی كوردستانیان و خاكی كوردستان ناكەن، پارتی بۆ یەكجاریش دەستبەرداری داواكاری و ئاواتەكانی گەلی كوردستان نەبووە. لە ڕابردوودا بینیمان بەهۆی دەستە و گرووپی ناو هەندێك حزب سازش لە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكان كرا و، لەگەڵ نەیارانی كورد پێكهاتن كرا و ڕێككەوتنی ژێربەژێر بۆ ڕادەستكردنی خاك و نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان كرا. پارتی بە بەرنامەیەكی نیشتمانی فرەڕەهەند و گوتارێكی كوردستانییانە دەچێتە نێو پرۆسەكە و بە ئامانجی بونیادنانی عێراقێكی دیموكراسی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان، بەرەنگاری هەموو ئەو هێزە مەزهەبی و شۆڤێنییانە دەبێتەوە كە دەیانەوێ مافە دەستوورییەكان لە كورد وەربگرنەوە و دەسەڵاتی مەركەز بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێننەوە.

بۆ ئەوەی كورد تەواوی مافە دەستووری و یاساییەكانی زامن بێت و ئاوارەبوون و تەعریب و ڕاگواستن ڕاوەستێت و سیمای نەتەوەییمان نەسڕێتەوە و، بودجە و مووچەمان لێ نەبڕدرێت و سەقامگیری و ئارامیی خەڵكی كوردستان مسۆگەر بێت، دەبێت دەنگ بە بەربژێرەكانی پارتی بدەین. پارتی دیموكراتی كوردستان لە عێراق و ناوچەكەدا بەرگریكارێكی سەرسەختی هاووڵاتیانی كورد و كوردستانییەكانە، كاتێك مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی ئەم هەرێمە بوو، بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی پێشمەرگەكانی كوردستان پارێزەرییان لە خاك و دەستكەوتەكانی ئەم نیشتمانە و هاووڵاتیان كرد.

 پارتی خاوەنی دیدگاو ستراتیژیەتی دوورمەودایە و ئاڵای دیموكراتی بەرز كردووەتەوە و خاوەنی پەیامی پێكەوەژیان و ئامێزێكی پڕ لە خۆشی و ئاشتی و خۆشگوزەرانییە، خۆ ئەگەر ئێمە تەماشای توێژی ئافرەتان بكەین، ئەوا پارتی بەراورد ناكرێت لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، پارتی یەكەم پارت بوو ئافرەتی هێنایە دەرەوە و بەشداری شۆڕشی پێ كرد و لە سی ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵی سەركردەی پێ داوە. پارتی بوو بەرگری لە شكاندنی كۆت و بەندەكانی بەردەم ئافرت كرد و زەمینە و دەرفەتی بۆیان ڕەخساند، بۆ ئەوەی بتوانن پێگەی ئافرەت وەكو پێگەی پیاوان بێت. پارتی دروشمی یەكسانی و دیموكراسی كە بەرز كردووەتەوە بە پراكتیكی كاری بۆ یەكسانی و هاوسەنگكردنی پێگەی ئافرەت و پیاو لە چوارچێوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و شكۆی مرۆڤەوە كردووە. پارتی پێناسەی ئافرەت، لە ژنێتیی ئافرەت دەردەهێنێت و، تەماشای ئافرەت وەكو هێز و ژیان دەكات و، لە چوارچێوەی بەكاڵابوون و تاپۆبوون دەریدەهێنێت و بەرزی دەكاتەوە بۆ مرۆڤێكی بەكامڵبوون و پێگەیەكی هاوبەش و بەرهەمدار و خاوەنی بڕیار و لە ناوەندەكانی بڕیار جێگای دەكاتەوە. لە سایەی پارتیدا ئافرەتان هاوشانی پیاوانن و هاوبەشی ژیانن، بۆیە دەبێت ئافرەتانی كوردستان دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، چونكە تەنیا لە سایەی حوكمی پارتیدا داواكارییەكانی ئافرەتان جێبەجێ دەكرێت.

 

 

 

سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان

Top