ریفراندۆم و خۆ نه‌چه‌ماندن

ریفراندۆم و خۆ نه‌چه‌ماندن

ئه‌گه‌ر باسێكی كورتی ریفراندۆم بكه‌ین به‌و راستییه‌ ده‌گه‌ین كه‌ بریتییه‌ له‌ مانای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕای گشتی و وه‌رگرتنی بۆچوونی هاوڵاتیانه‌، هاوكات به‌ دیموكراسی ڕاسته‌وخۆش ناوی ده‌برێ، له‌ سه‌رده‌می یۆنانییه‌كان دیموكراسی هه‌ر شێوازی ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه‌ و خه‌ڵك له‌ گۆڕه‌پانه‌كان كۆ بوونه‌ته‌وه‌ و بڕیاریان داوه‌، به‌ڵام به‌هۆی زۆربوونی خه‌ڵك و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ر داهات فراوانتر بوو، ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌م جار ڕیفراندۆم له‌ فه‌ڕه‌نسا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بۆ خه‌ڵك ئه‌نجام دراوه‌.
هه‌روه‌ك ده‌زانین له‌ كۆنه‌وه‌ یاری به‌ چاره‌نووسی گه‌لێك ده‌كرێت له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ له‌ ڕووی دانیشتووانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌رو گه‌له‌كانی تری ناوچه‌كه‌ زیاتره‌ و خاوه‌نی كه‌لتوور و زمانێكی تایبه‌ت به‌ خۆی و حوكمڕانی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ویستی ئه‌وه‌ لای هه‌ر تاكێك دروست بووه‌ كه‌ رۆژێك بێت و بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی بدات، هاوكات له‌ چه‌وساوه‌یی و ژێر ده‌سته‌یی خۆی ڕزگار بكات و ببێت به‌ خاوه‌ن وڵات و پێگه‌ی خۆی، هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێویستی به‌ كه‌سێك هه‌بووه‌ كه‌ تایبه‌تمه‌ندی سه‌ركرده‌ی تێدا بێت و خاوه‌نی كارێزما و بڕیاری بوێرانه‌ بێت و بڕیاری لێبدات.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردستان بده‌ین، گرنگترینیان دوای په‌ڕینه‌وه‌ی باوكی نه‌ته‌وه‌یی كورد بارزانی و هه‌ڤاڵانی له‌ ئاوی ئاراس به‌ ڕاشكاوی بینیمان ئامانجی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردستانی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان دیاری كرد، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ ئه‌یلوولی 2017، دوای حه‌فتا ساڵ هه‌مان ئامانجی باوكی نه‌ته‌وه‌یی بارزانی نه‌مری كرده‌ ئه‌مری واقیع بۆ هه‌موو جیهان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق و گشت گروپه‌ شیعیه‌كان و گروپێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كورده‌كان له‌ ژێر كاریگه‌ری بڕیاره‌ ئیقلیمییه‌كان به‌ توندی دژی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بوون، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی نه‌ك هه‌ر له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم پاشگه‌ز نه‌بووه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ هاوشێوه‌ی باوكی نه‌ته‌وه‌یی بارزانی نه‌مر بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی دا و له‌ به‌رواری 24ی ئه‌یلوولی 2017 سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: "خۆم شه‌رمه‌زاری گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی خۆم ناكه‌م و ریفراندۆم له‌ 25ی ئه‌یلوول ئه‌نجام ده‌ده‌ین" هه‌ربۆیه‌ش حكومه‌تی عێراق سزای توندی خسته‌ سه‌ر كوردستان به‌ چاوساغی گروپێك له‌ لایه‌نی سیاسی كوردی ده‌رئه‌نجام خیانه‌تی ١٦ ئۆكتۆبه‌ر دروست بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ هاوكاری و ده‌ستخۆشییان له‌ هێزه‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیاكانی تر كرد بۆ داگیركردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری خاكی كوردستان، به‌ڵام دواجار سه‌رۆك بارزانی هه‌تا دوا دڵۆپی خوێن به‌رگری له‌ كوردستان كرد و له‌و مافه‌ ره‌وایه‌ی گه‌لی كورد بۆی په‌رۆش بوو پاشگه‌ز نه‌بۆیه‌وه‌ و ووتی پێویسته‌ گه‌لی كوردیش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ له‌م جیهانه‌ مافی هه‌یه‌ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات. كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی دروستبوونی وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردستان.
بڕیاری سه‌رۆك بارزانی بۆ ریفراندۆم له‌ ٢٥ ئه‌یلول به‌ به‌ڵێ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ بارودۆخی سیاسیی كوردستان به‌مجۆره‌ بوو:
1- راسته‌ شه‌ڕی داعش له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ك له‌ كوردستان كۆتایی هاتبوو، به‌ڵام به‌ گشتی له‌ ناوچه‌كه‌ كۆتایی نه‌هاتبوو و، میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی عێراق و میلیشیاكانی تر ، هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌یان له‌ كوردستان ده‌كرد، كه‌ دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕی داعش كوردستان داگیرده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ بارزانی گه‌یشتبووه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ نییه‌تی حكومه‌تی شیعه‌ی عێراق و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌رامبه‌ر كوردستان له‌ سه‌ر كوردستان ڕوون نییه‌.
2- كاتێك سه‌رۆك بارزانی بڕیاری دا ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، حكومه‌تی عێراق چه‌ندین ساڵ بوو، بودجه‌ و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی بڕیبوو، حكومه‌تی كوردستان له‌ ژێرباری قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی داراییدا بوو.
4- له‌ هه‌مووی گرنگتر بارزانی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تێك نه‌بوو كه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بێت، به‌ڵكو بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمێك بوو له‌ ناو ده‌وڵه‌تێكی مه‌زهه‌بگه‌رایی، كه‌ ئه‌سله‌ن بڕوایان به‌ ده‌ستووره‌كه‌ی خۆشیان نه‌بوو.
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ له‌به‌رچاو بگرین و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر بڕیاره‌ مێژوویی و بوێرانه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی و دروست بوونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی خه‌ڵكی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ین ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی كوردستان بڕیارێكی زۆر دروست بوو. بۆیه‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی پشتگیری ریفراندۆمی كرد، به‌ جیاوازی ئایین و نه‌ته‌وه‌كان هه‌موو پێكه‌وه‌ له‌ ڕۆژی مێژوویی ٢٥ ئه‌یلول به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ چوونه‌ سه‌ر صندوقه‌كانی ده‌نگدان و به‌ڕێژه‌ی ٩٣% به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا، به‌م كاره‌ش میدیاكانی جیهان به‌ جۆرێك سه‌ریان له‌م بڕیاره‌ بوێرانه‌یه‌ی سه‌رۆك بارزانی سوڕمابوو، كه‌ نه‌یانده‌زانی چ تایتڵێك بۆ ئه‌م كه‌رنه‌ڤاڵه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دابنێن چونكه‌ له‌ مێژووی 100 ساڵی رابردووی دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی، هیچ سه‌رۆكێك (بێجگه‌ له‌ سه‌رۆك بارزانی) نه‌یتوانیوه‌ به‌و ئاسته‌ ته‌حه‌ددای هه‌موو جیهان بكات و بڕیاری له‌و شێوه‌یه‌ بدات.

Top