گرنگیی سەردانەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ بەریتانیا

گرنگیی سەردانەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ بەریتانیا

 

سەردانەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەم كاتەدا بۆ بەریتانیا گرنگیی زۆری هەیە، چاوێكی زۆری لە ئاستی جیهاندا لەسەرە و بایەخێكی زۆریشی لەلایەن میدیا و حكومەتی بەریتانیاوە پێ درا.

 

لەبەر ئەوەی گەلی كورد بە درێژایی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو لە ژێر ستەم و چەوسانەوەیەكی بەردەوامی داگیركەراندا بووە، چۆكی دانەداوە و هەمیشە ڕووبەڕووی نەیارەكانی لە سەنگەرەكاندا بووەتەوە، توانیویەتی بیسەلمێنێت ئیرادەیەكی نەبەزیوی هەیە، توانایەكی نیشتمانسازیی تایبەتی هەیە، بۆیە لە دوای كارەساتە یەك لە دوا یەكەكانی وەك كۆمەڵكوژییەكانی ئەنفالەكان، كیمیاباران، ڕاپەڕین و كۆڕەوەكەی كوردستاندا، ئەو بڕوایە بۆ ئەوروپی، ئەمریكییەكان و دەوڵەتە زلهێزەكان دروست بوو، كە گەلی كورد بە چەكی كۆمەڵكوژ و، بە چەكی قەدەغەكراو كۆتایی پێ نایەت، بۆیە ناچارن دانوستانێكی ئەقڵمەندانەیان لەگەڵدا بكەن، تا بتوانن وەكو دۆستێكی ڕەسەن و دێرین لە ناوچەكەدا مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و هەنگاوی لەگەڵدا بنێن، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بونیادی كۆمەڵێك پەیوەندیی ئابووری، سیاسی، ئیداری، نیشتمانی و كارگێڕی لەگەڵدا دابڕێژرێتەوە.

جیا لەوەش لەبەر ئەوەی كە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بە درێژایی دەسەڵاتی حوكمڕانی، سەردەمێك سەرۆك وەزیران بووە و، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت كە سەرۆكی هەرێمە، چەند خاڵێكی گرنگی زۆر بە ڕۆشنبیرانە ڕەچاو كردووە، سەرەڕای ئەوەی وەك سیاسەتمەدارێكی كوردستان ڕۆڵ و پێگەی هەمیشە لە هزری ڕووناكبیران و لێكۆڵینڤانەكاندا ماوە، توانیویەتی باڵانسێك لەنێوان ئاشتی و ئاوەدانی و ئازادی ڕابگرێت، ئەگەر بە ئەرشیفی نێچیرڤان بارزانی-دا بچینەوە، دەزانین ئەم دەوڵەتمەدارە چ لە ڕووی پیشەسازی و بیناسازی لە بونیادی پەیوەندی دیپلۆماسی و تایبەتمەندی و، چ لە ڕووی گەشانەوە و هەستانەوەیەكی بەهێز لە كوردستاندا، ڕۆڵی مەزنی گێڕاوە، بۆیە وای دەبینم: نێچیرڤان بارزانی وەك قوتابییەكی سەرۆك بارزانی بەردەوامە و ئەو دەوڵەتمەدارەیە كە لە سەركردایەتی و لە ئاستی  حوكمڕانیی كوردی، ملی نەداوە بۆ دابەزاندنی خواستی نەتەوەكەی و هەمیشە داخوازیی گەلەكەی لە پێش هەموو بەرژەوەندییەكی پۆست و دەسەڵاتدا بووە، بۆیە بە بڕوای من ئەمڕۆ ئەقڵییەتی نێچیرڤان بارزانی لە ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەسەند كراوە، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دیپلۆماتكاران، سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەوروپا و ئەمریكا و بەتایبەت لە بەریتانیا هەیە.

بەریتانیاش لێرە مەبەستیەتی بە ناڕاستەوخۆ قەرەبووی دۆخی سایكس پیكۆ بكاتەوە و، بڵێ: ئەو دۆخەی كە بە سەر میللەتی كوردستاندا هات لە ڕێی ئەو بڕیارانەوە، ئێمە وەك شانشینی یەكگرتوو بەشێك نەبووین. (هەر چەندە خۆیان بڕیاریان دا)، بەڵام بڵێ: ئێمە ئێستا ئەقڵییەتمان تازەگەراییەتێكی بەسەردا هاتووە، بیروبۆچوونەكانمان لە پەیوەندییەكانماندا تێڕوانینێكی نوێی بۆ دروست بووە، بۆیە لە دوای برێكزتیشەوە، بەریتانیا مەبەستی بووە كە بازاڕێكی ئازاد و دۆستێكی حەقیقی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدۆزێتەوە، لەبەر ئەوەی كە گەلی كورد بەشداراییەكی كارامە و گرنگی لە شەڕی داعشدا كرد، توانی بۆ جیهانی بسەلمێنێت، ئەوە ئێمەین بەو ئیمكاناتە كەمە بەرەنگاریی هەموو ئەو كەسانە دەبینەوە كە خاوەنی فكرێكی توندڕەون. پێشمەرگە توانی چۆك بە یەك بە یەكی چەكدارەكانی داعش دابدات، بۆچی لە هەر سەنگەرێكدا پێشمەرگە بەرگری كردبێت، داعش لەوێ بوونی نەماوە؟ ئەمە بووە مایەی سەرنجڕاكێشانی بەردەوامی گەلە سەركەوتوو و ئاشتیخوازەكان لە جیهاندا و بەریتانیا بە تایبەتی.

بۆیە ئێستا دەزانن نەتەوەی كورد، نەتەوەیەكە دوورە لە میلیشیا و، ئەوانەی كە ئەمڕۆ دەسەڵاتی كوردستانیان هەیە، تا ئەندازەیەك متمانەپێكراون، بەشێكیان بۆ ساتێكیش پشوویان نەداوە لە دژایەتیی تیرۆر و، ئەقڵمەندانە هەنگاو بۆ بەرەوپیرچوونی ئەم پرۆسە سیاسییە دەنێت كە بۆ ئەوەی بەهێزتری بكەن، بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە هەرێمێكەوە بۆ بە ئامانجی دەوڵەتێك بونیاد بنێن.

سەردانەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەم كاتەدا بۆ بەریتانیا گرنگیی زۆری هەیە، چاوێكی زۆری لە ئاستی جیهاندا لەسەرە و بایەخێكی زۆریشی لەلایەن میدیا و حكومەتی بەریتانیاوە پێ درا.

لەبەر ئەو هۆكارانەی ئاماژەمان پێ كردن، دیداری ئەم جارەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، دیدارێكی مێژوویی دەبێت، كە ئێمە دەزانین لە ئایندەدا چ لێكەوتەیەكی ئەرێنی و گرنگی دەبێت، بۆیە من هیواخوازم جەنابی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەم جۆرە كۆبوونەوانە بەردەوامی هەبێت، بەڵام من لێرە دەمەوێت شتێك بخەمەڕوو، ئەویش ئەوەیە كە دەزانم ڕۆڵی كاك نێچیرڤان بارزانی لە میحوەرە جیاوازەكاندا چی دەبێت، لۆژیكی ئەم دەوڵەتمەدارە كاریگەرییەكانی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان و لەو مێژووەشی كە لە ئایندەدا دێتە بەرهەم لەبیر ناكرێت.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەوەی سیاسەتمەدارێكی ئەم نیشتمانەیە، لەگەڵ ئەوەی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دەتوانم بڵێم داكۆكیكاری مافی لاوانیشە و لە هەر شوێنێك ئێمە ئازارێك و خەمێكمان هەبووبێت، توانیویەتی هەوڵبدا بۆ ڕەواندنەوەی ئەم خەمە و بۆ ڕەواندنەوەی ئەم حەسرەتە، ئەگەر لە هەر شوێنێك ئێمە دڵیشمان شكابێت، بەردەوام دەستی ئاشتی درێژكردووە بۆ سادەترین كادر، هەتا هەڤاڵێك لە مەكتەبی سیاسی، بۆیە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئەو كەسایەتییەیە كە ئومێدی ئایندەی لەسەر بونیاد دەنرێت و هەنگاوەكان بەرەو ئەو ئاراستەیەن ببێتە داینەمۆی سەركەوتنی دەوڵەتی ئایندەمان، ئەو دەوڵەتەی كە سەرۆك بارزانی بناخەی بۆ داناوە.

 

(*)

سەرۆكی پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی كوردستان بۆ دیالۆگی نیشتمانی

 

Top