سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌

به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2021/9/22 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئۆسكار ڤوستنگه‌ر باڵيۆزى نه‌مسا له‌ ئوردن و عيراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا باس له‌ په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ و له‌مێژينه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌مسا كرا و خواستى هاوبه‌شيان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ده‌رفه‌تى كار و وه‌بەر‌هێنانى نه‌مساييدا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عيراق. به‌ڕێز باڵيۆزى نه‌مسا هه‌روه‌ها خۆشحاڵيى خۆى به‌ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ستايشى ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ تێكشكاندنى داعشدا كرد.

هه‌ردوولا تيشكيان خستە‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى شاندێكى بازرگانيى نه‌مسايى كه‌ به‌ ياوه‌ريى به‌ڕێز باڵيۆزى نه‌مسا سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانيان كردووه‌ و دوێنێ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك له‌ بازرگانان و كۆمپانياكانى هه‌رێمى كوردستان ديدار و كۆبوونه‌وه‌يان هه‌بووه‌ و له‌ ده‌رفه‌تى كار و هاريكاريى هاوبه‌ش و سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانينان كۆڵيوه‌ته‌وه‌ و هيوايان خواست ببيته‌ هه‌نگاوى گه‌ڕانه‌وه‌ى كۆمپانيا نه‌مساييه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ستايشى دۆستايه‌تى و پشتگيريى نه‌مسا له‌ گه‌لى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌ يارمه‌تييه‌كانى نه‌مسا كرد به‌تايبه‌تیش كاتێك حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو يه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ى يه‌كه‌مجار ده‌رگاى به‌ ڕووى په‌نابه‌رانى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانيى هێڵى ئاسمانيى نه‌مسايى له‌نێوان هه‌ولێر و ڤييه‌ننادا به‌ پردێكى گرنگيى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جيهانى ده‌ره‌وه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

چالاكييه‌كانى نوێنه‌رايه‌تيى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڤييه‌نا، په‌تاى كۆڤيدـ19 له‌ هه‌رێمى كوردستان و نه‌مسا و چۆنيه‌تيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، شه‌ڕى دژى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، چه‌ند لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

Top