هۆشیاری و عەقڵ مرۆڤ چەندە پێویستی بە هۆشیاری هەیە؟

هۆشیاری و عەقڵ  مرۆڤ چەندە پێویستی بە هۆشیاری هەیە؟

هۆشیاری، یان زیرەكی پێویستییەكی جیانەكراوەی بوونەوەری زیندووە. بە شێوەیەك كە هەموو بوونەوەرەكان، لە خوارەوەی مرۆڤ و بە مرۆڤیشەوە، بەتایبەتی پلەی باڵا ئەوانەی پێیان دەوترێت خشۆكەكان و مەمكدارەكان و مرۆڤیش، ئەگەر خاوەنی هۆش، یان هۆشیاری نەبن، ناتوانن بژین. كەواتە هۆشیاری شتێك نییە درووستكرابێت. ئینسان كە لە دایك دەبێت لە ڕۆژی یەكەمەوە هەست دەكات واتە «حس» كە بە جەستە دەكرێت. هەر منداڵێك ئەو حسەی نەبێت، دەمرێت. قۆناغی دووەم كە وردە وردە زیاتر لە مانگێك دوای لە دایكبوون دێت جا هۆش دەستپێدەكات،واتە هۆشیاری بە پلەیەكی نزم دەست بە كار دەبێ. هۆشیاری بریتییە لە یەكەم: خوێندنەوە و تێگەیشتنی ڕووكەشییانە لە دەوروبەرت، دووەم: كائینی زیندوو بتوانێت لەگەڵ جۆراوجۆریی یان فرەیی دیاردەكانی دەوروبەری خۆی بگونجێت، توانای گونجانی هەبێت. بۆیە تەنیا مرۆڤ بەهۆش نییە، بەڵكو ئاژەڵیش هەیەتی، بەڵام ئاست و ئەركەكانیان جیاوازە. لە ئینساندا هۆشیاری لە منداڵیدا لە زۆر شوێن كە بایەخ بە پەروەردە دەدرێت، دەپێورێت. ئینسان ئەگەر پلەی هۆشیاری، یان هۆشی لە حەفتادا بێت، زۆر كۆڵەوارە، خوارتر بێت، دەبێتە كەمئەندام یان ئەوەی پێی دەگوترێت «خاوەن پێداویستی تایبەت». لە حەفتا بەرەو سەر تاكو سەد بە پلەی بەرز دادەندرێت. بەڵام ئینسان گەر بگاتە 130 دەبێتە مرۆڤێكی بلیمەت، لە 130 بەرەو سەرەوە زۆر كەم درووست دەبێت.

لەسەر بنەمای زانست ئەو پێناسە و پێوانە ئەنجام دەدرێت. چونكە ئینسان بە هەموو بوونییەوە، وەكو هەموو دیاردەكانی دیكەی سرووشت، زانست لێی دەكۆڵێتەوە، بە تایبەتی مێشكی مرۆڤ كە تاكو بیست ساڵ بەر لە ئێستا زۆر بە زەحمەت لێی حاڵی دەبوون. بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە بە وردەكارییەوە لێی دەكۆڵنەوە و فەرمانەكانی ناو مێشك، فەرمانەكانی ناوەندەكانی مێشك، هۆرمۆنەكانی، ئەو فرمانەی كە دەیدەن بە لەشی مرۆڤ وە بە پەیوەندی و كاردانەوەی ئینسان لەگەڵ دەرەوە دیاری دەكات. دوای ئەوەیە ئیحساسی ئینسان درووست دەبێت، ئیحساس و خەیاڵ لەو كەسەدا پێكەوە لە ئەنجامی كاری هەستەكان دروست دەبن. چونكە هۆش شتێك نییە لەناكاو درووست بێت، شتێك نییە بە ئامۆژگاری و خوێندنەوە درووست بێت. كاتێك كە دەگەینە قۆناغی ئیحساس و جووڵە و هەڵچوونەكان (هەیەجانەكان) وەك منداڵ پێدەكەنێت، كاردانەوەی لەبەرانبەر دایكی دەبێت، دەگرێت، دەیگەزێت، لە ڕەفتاریدا ڕەزامەندی دیارە، ڕەتكردنەوە دیارە. ئەمە پێی دەگوترێت ئاستێكی مامناوەند لە هۆشی كۆرپە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ جۆراوجۆرییەتی ژینگەی دەوروبەری. خۆی دەگونجێنێت بۆ ژیان. پاشی ئەوەیە كە خەیاڵ شێوازی بیركردنەوە و باوەڕەكانی ئاییندەی منداڵ دادەڕێژێت، قۆناغەكانی دیكەی باڵای مێشك دەست پێ دەكات، ئەوەی پێی دەگوترێت وێناكردن و تەسەور. لەوێوەیە كە بناغەی كەسایەتیی مرۆڤ لە سێ ساڵییەوە بەرەو سەرەوە درووست دەبێت. بناغەی ئەوەی پێی دەگوترێ سیستەمی بیركردنەوەی ئەو كەسە، چ جۆرێكە، دادەڕێژدرێت. وەك دەبینی هەندێك كەس دوورەپەرێزن، هەیە كراوەنە، هەیە تێكەڵ دەبن، هەیە خۆیان دەدزنەوە، هەیە باوەڕ ناكەن، هەیە زوو باوەڕ دەكەن. ئەمە لەو قۆناغەدا دەست پێ دەكات. كاتێك كە بێیە ناو كۆمەڵگە ئەوە دەبێتە هۆشیاری بۆ ژیان.

ئەو گەشە جەستەییە دەروونییە ڕاستەوخۆ وەكو جین لە مێشك و لە سیستەمی مرۆڤدایە، وەكو چۆن زمان لە جینەكاندایە، ڕێساكانی زمان بە شێوەی جێنەتیك لە مێشكی هەموو ئینسانێكی ساغدا هەیە. دەڵێن هۆش، یان وەعی زۆر ویراسی (بۆماوەیی) نییە، بەڵكو پەیوەندی بە هەڵكەوتەی مێشك و سیستەمی عەسەبەوە (دەمارەكان) هەیە. ئەو ڕاستییەش لەوەوە دەردەكەوێ ژمارەیەكی زۆر بلیمەت لە جیهاندا هەبوون كوڕ و كچەكانیان بلیمەت نەبوون. بۆیە بلیمەتی پەیوەندی هەیە بە هەڵكەوتنی سیستەم و قەبارەی مێشك و شێوەی لۆچەكانی مێشك و كاردانەوەكانییەتی بۆ فەرمانی بەهێزتر كە ئەوانەی كە ئێمە باسی دەكەین كە حس و هۆش و خەیاڵكردن و وێناكردن و كەسایەتی و سیستەمی بیركردنەوەی مرۆڤ، هەموویان كاری مێشكن. مێشك بە شێوەیەكی ورد لە ڕێگەی سیستەمی بایلۆژی و سیستەمی جێنەتیكەوە دەگوازرێتەوە، كەواتە بنەمای هۆشیاری لە مرۆڤدا هەیە.

 لەم زەمانەدا هەقمان نییە باوەڕی خۆمان درووست بكەین، ئەگەر لەسەر بنەمای زانستی نەبێت. هەموو باوەڕێكی ئێمە دەبێت زانست پشتیوانی كردبێت، وە ئێمە هەوڵ بدەین تێی بگەین، مرۆڤ بە زانستەوە دەژیت، وە ئەوە زانستە قۆناغەكانی مێژووی مرۆیی لێكتر جیا دەكاتەوە، وە ئینسان بە مانای ئینسانی عاقڵ بەرهەمی زانستە، بەرهەمی كەمتر لە پێنج سەد ساڵ بەر لە ئێستایە. بۆیە دەگوترێت مێژووی عەقڵ لە 1600 بەرەو سەرەوە دەست پێ دەكات، كە ماشینی چاپ درووست كرا و بە ملیۆنان كتێب كەوتە بەردەستی خوێنەرانی داهێنەر. مێشكی ئینسان كە زانیاریی زۆری بدەیەی بەكاردەكەوێت، بەهێز دەبێت، ئینجا وەزیفەكانی خۆی جێبەجێ دەكات. كاتێك زانیاری نەبێت، دەپووكێتەوە. بۆیە ئەو منداڵانەی كە توانایی مێشكێكی ساغیان هەیە، ئاستێكی بەرزی هۆشیاریشیان هەیە، لەبیرمان نەچێت ئینسانی بلیمەت، پێویستی بە پلەیەكی باڵای هۆشیاری هەیە، دوای ئەوە عەقڵ دەست پێ دەكات. عەقڵ بەرهەمی زانستە، بەرهەمی واقیعبینییە، بەرهەمی پەروەردەیەكی باشە. پەروەردە هەر ماڵ نییە، پەروەردە ئەوەیە بە پێی توێژینەوەی زانستی دەبێت منداڵ بە پلان پەروەردە بكرێت تا گەشەیەكی باش بكات گەشەیەك نەك لەسەر ئاستی كلتوور و سوننەت و باوەڕی ئایینی و قەومی و ناوچەیی، بەڵكو لەسەر بنەمای زانستی. ئەوە لە هەموو دونیا یەك بنەمای هەیە كە پێی دەگوترێت پەروەردەی هاوچەرخ. ئەوانەی كە زۆر تەندرووستن و هۆشی باڵایان هەیە لەو پەروەردەیەدا دەبووژێنەوە.

لە مێژووی مرۆڤایەتی سێ هەزار ساڵی ڕابردوودا تاك و تەرا ئینسانی عاقڵ درووست بووە. كە پێیان دەگوترێت فەیلەسووف. زانا بە مانای ساینتست لە بواری زانستی هەرگیز نەبووە. بۆیە تا ساڵی 1600 ئینسان لە قۆناغی سوننەت و تەقلید (ترادیشنال) دەژیا، نەوەكان یەكتریان دووپات دەكردەوە، ئەویش بە گۆڕانێكی زۆر بچووك. زانست پێش نەكەوتبوو كە بە خێرایی مێشكی مرۆڤ گەشە بكات و ئەركەكانی خۆی دابەش بكات، لە دونیای دەرەوە و مرۆڤایەتی تێبگات و یاساكان ئاشكرا بكات و بتوانێ لە بەرژەوەندیی مرۆڤ سواری دیاردەكانی سرووشت بێت. هەربۆیە بە درێژایی مێژوو چەكی مرۆڤ لە بەردەوە بۆ چەكوش، بۆ ڕم و شمشێر و تیر وەستابوو، خێرە لە ماوەی 2500 ساڵدا هیچ شتێك نەگۆڕا؟ جلوبەرگی مرۆڤ لە گەڵا تا چنینی خوری ئاژەڵ بوو، هەربۆیەش لە قۆناغی تا پێنج سەد ساڵدا ئینسان تاوەكو جلوبەرگێكی دەست دەكەوت كە لە مێژووی كلتوور و زمانی ئێمەدا خرقەی پێ دەڵێن، هەموو تەمەنی خۆی بەو خرقەیە و بە عەمامەیەك دەبردە سەر،ئەویش ئەگەر دەستی كەوتبا. ڕیش تاشین كارێكی ئاسان نەبوو.

پێویستە بزانین شارستانییەت لە قۆناغی پێشكەوتنی زانست جودایە. هەروەها مێژووی شارستانییەت لە مێژووی عەقڵ جودایە. مێژووی عەقڵ و مێژووی زانست بەیەكەوە بەستراونەوە. عەقڵ یانی چی؟ یانی كەسانی خاوەن مێشكێكی بەكار كە توانای بینینی واقیعی دەرەوەی خۆی هەیە، دەشبێ لە جۆراوجۆریی دیاردەكان تێبگات، دەتوانێت پەیوەندیی نێوان دیار دەكات بە سرووشت و ناسرووشتەوە، بە ئینسان و بە سرووشتەوە بخوێنێتەوە. وە بە ئەندازەیەك قوەتی بەڵگەهێنانەوە و لێكدانەوە (استدلال)ی هەبێت كە یاساكانی ئەو دیاردانە بەڕێوەدەبات، ئاشكرا بكات. كاتێك یاساكانی كەشف كرد، دەتوانێ بە پێی یاسا قانوونێك دژی قانوونێكی دیكە بەكاربهێنێت لە بەرژەوەندیی مرۆڤ، ئیمكانییەتێكی نوێ بهێنێتە پێشەوە. بۆ نموونە بە درێژایی مێژوو خەونی مرۆڤ ئەوە بووە بفڕێت و جار جار لە خەوندا دەفڕی، نەیدەزانی فڕین چییە. ئەی ئێستا؟ مرۆڤ دەفڕێت. ئەوەی ئێستا لەبەرچاونەگرتنی یاساكانی سرووشت نییە، بەڵكو بەكارهێنانی عەقڵانییە، كە یاساكانی سرووشت هەندێك جار لە دژی هەندێكی دیكە بەكاردێنن، ئەمەش بەرهەمی زانستە، زانست نەبێت عەقڵ پێش ناكەوێت. عەقڵ بەرهەمی زۆربوونی زانیارییە. كاتێك ئینسان دەتوانێت هەموو دیاردەكان بەیەكەوە بخوێنێتەوە كە زانیارییەكی زۆری هەبێ. بۆیە دەڵێن هەموو سرووشت لەسەر بنەمای عیلەت و مەعلوولە ڕۆنراوە، تەنیا عەقڵە كە شوێنكەوتەی ئەو هاوكێشەیە نییە و لەسەر بنەمای ئیستدلال(لێكدانەوە) كار دەكات.

هۆشیاری لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا بریتییە لە ئینسانێك كە بە وردی توانای دیاردەكانی هەیە وجیاوازییەكانی پێ وەردەگیرێ، بەڵام ئینسانی عاقڵ واتا خوێندەوارێكی بەتوانای لێكدانەوەی بان و بنەوەی دیارەدكان بە هەبوونی ئاستێكی باڵای هۆشیاری. خوێندەواری لەم زەمانەدا واتا بەلایەنی كەمەوە قۆناغی چوار ساڵەی یەكەمی زانكۆی تەواو كردبێت، ئەگەرنا ئینسانێكی خوێندەوار نییە. ئەوە كەرەستەی یەكەمە بەرەو ئەوەی ئینسانی عاقڵ دروست ببێت. واتا ئەو كەسە لانی كەمی سیستەمی پەروەردەی بینیبێت و كە توانای تێگەیشتنی هەبێت لە بوارێكی دیاریكراودا نەك لە هەموو بوارەكاندا. پاش ئەوە كەسە دەتوانێت لە بواری خۆیدا پەرە بە وەعی خۆی بدات، پەرە بە ئاستی هۆشیاریی خۆی و تواناكانی خۆی بدات. هەركەسێك بیەوێت لە بواری خۆیدا یان لەو بوارانەی كە بۆ ئەو پێویستە دەرەنجامی زانستی وەرگرێت، ئینجا لەو دەرەنجامە زانستییە ئەو كەسە دەزانێت چ ئاراستەیەك بۆ كاركردن یان بۆ ڕۆڵ گێڕانی كۆمەڵایەتی و هێنانەدی ئەو ئامانجانەی دەستنیشانی كردووە، یان ژیان لەسەر ڕێچكەی ئەو ئامانجانە دایناوە، ئەوەی بۆ یەكلا ببێتەوە. ئینسانی زانای عاقڵ لەم زەمانەدا، لە هەموو بەشە زانستییانەی لەبەردەستیەتی، ئەوانە وەردەگرێت، لە مێشكی خۆیدا مۆدێلێكی نوێ درووست دەكات، ئەو مۆدێلە بەپێی توانایی ئەو لەو زانستانەدا كە هەموویان ڕاستن، هەموویان ئینسانین، هەموویان لە خزمەتی مرۆڤدان، بەپێی ئەزموونی كەسیی خۆیی لە ژیانی زانستیدا ڕۆئیای خۆی و بیروباوەڕی خۆی درووست دەكات. ئەوە مۆدێلی بیركردنەوەی ئایدیایی و ئاڕمانی یان بیروباوەڕی واقیعییانەی ئەو زەمانەیە لە بەرانبەر باوەڕی ئایدۆلۆژی. ئایدۆلۆژیا ئەوەیە كەسێك دوو-سێ هەندێ ئەحكام بە پێی بیركردنەوەی خۆیان دادەڕێژن، خەڵكێك هەیە دەبنە پەیڕەو و وەریدەگرن، ئەمە ئایدۆلۆژیای ئایینی بە هەموو ئایینەكان دەگرێتەوە، لەگەڵ ئایدۆلۆژیای سیاسی بە هەموو ئاراستە سیاسییەكانەوە. ئێستا ئێمە لە قۆناغێكدا دەژین، ئایدۆلۆژیا داڕما، بە ئایدۆلۆژیای كۆمەڵایەتی و دینیشەوە. ئەی چ شتێك هاتووەتە پێشەوە كە مرۆڤ سوودی لێ ببینێت؟ قۆناغی ئایدیا یان مۆدێلی درووستكردنی بیروباوەڕی واقیعبینانە كە ڕێگە بە ئینسان دەدات جۆراوجۆری هەبێت هەتا لە یەك جۆر كێشەدا كە ژمارەیەكی زۆر خەڵك قسەی لەسەر دەكەن، هاوبیرن، بەڵام لە وردەكاریدا ڕێگە دەدات جیاواز بن.

 كەسێكی ئایینی دەكرێت باوەڕی ئایینیی خۆی هەبێت، بەڵام ئایین نەكاتە ئایدۆلۆژیا، دەتوانێت خاوەنی بیروباوەڕێكی زۆر كامڵ بێت. وە ئەگەر كەسێك حزبی بێت، بەڵام ئایدۆلۆژیای قبوڵ نەبێت، بەڵكو حزبەكەی ئامانجێكی دیاریكراوی هەیە و بۆ ئەو ئامانجە لەو زانستانە سوود دەبینێت كە لەبەردەستییەتی، وە لە مێشكی خۆی بە پێی ئەو ئەزموون و توانایەی كە هەیەتی، مۆدێلێك پشێنیاز دەكات، دەڵێت ئەو ڕوانگەی منە بۆ ئەو ئامانجەی هەمانە. ئەوە كلیلی پێشكەوتنی ئەمڕۆیە. بۆیە ئێستا لە دونیادا دەڵێن دەبێت دیبەیت هەبێت لە نێوان هاوبیرەكانیش و موناقەشە و گفتوگۆ بكەن. من و تۆ ئەندامی حزبێكی دیاریكراوین، ئامانجێكمان هەیە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە یەك پانتایی زانستییش سوود دەبینین، بەڵام توانایی تۆ لەگەڵ توانایی من، گرنگیپێدانی تۆ لەگەڵ هی من، گۆشەی هزریی تۆ لەگەڵ هی من، دیدی تۆ لەگەڵ هی من، هەستیاریی تۆ لەگەڵ هی من، مێژوو و سیستەمی دەماری و جۆری زانیاریی تۆ لەگەڵ هی من، هی منیش لەگەڵ تۆ جیاوازە. بۆیە لە وردەكاریدا وەك چۆن پەنجەمۆرمان جیاوازە، مۆری چاومان جیاوازە، دەنگمان جیاوازە، جووڵەی لەشمان جیاوازە، هی هەر مرۆڤە لەوانەیە لە یەك ملیۆندا یەك جار وەكو یەك بن، ئەویش زۆر كەم دەست دەكەوێت. بۆیە دەگوترێت مرۆڤ هەمووی لە یەكتر جیاوازە، یان وەكیەك نین، بەڵام دژی یەكتر نین، لێك جیاوازن. ئەوە ئەو ڕێسایەمان بۆ درووست دەكات كە ڕێگە بە چالاكیی مێشك نەگرێت، ڕێگە لە چالاكیی عەقڵ نەگرێت، چالاكیی عەقڵیش ئەوەیە تا دەتوانێت واقیعبینە، وە ئەگەر واقیع گۆڕدرا، ئەنجامەكانی بیركردنەوەی عەقڵیش دەگۆڕدرێت، بۆیە ئینسانی عاقڵ ئامادەیە هەمیشە بە چاوێكی ڕەخنەگرانە تەماشای واقیعی خۆی بكات و سەیری ڕوانگەی بەرانبەری بكات وە سەیری ئەنجامی كار دەكات، وە هیچ كات ئامادە نییە ئەوە بشارێتەوە، بۆیە دەگوترێت ئینسانی داهێنەر ئینسانی ڕەخنەگرە، ڕەخنە دەبێت لەسەر بنەمای زانین و زانست بێت، دەنا دەبێتە چەڵتە چەڵت و چەلەحانێی یەكتر شكاندن.

 هیچ ئینسانێكی هۆشمەند ناتوانێت لە هەموو بوارەكاندا شارەزا بێت. ئینسان دەتوانێت لە بوارێكی دیاریكراودا هۆشیار بێت، تەنیا بوارێك هەیە دەڵێن ڕۆشنبیران دەتوانن پانتاییەكەیان فراوانتر بێت. پێناسەی ڕۆشنبیر بریتییە لە كەسێك كە ئەو ئاستە خوێندەوارییەی هەبێت كە من گوتم. ئەو ڕێڕەوە پەروەردەییەی پێوابێت، لە ئەنجامی هەوڵ و ئەزموونی مرۆڤ بۆ پەروەردە گرد بووەتەوە. لە بوارێكی دیاریكراودا توانای زانستی هەیە. كە دێتە سەر بواری كۆمەڵایەتی، لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا خاوەن ڕایە. جا ڕەخنەگری ئەدەبییە، سیاسییە، كۆمەڵایەتییە، چالاكوانە، لە بواری ژنانە، ئاشتیخوازە، هەموو ئەوانە.

پێناسەی زانستی ئیشی زانایانە. بۆ پێناسەی زانستی نابێت بگەڕێینەوە بۆ ناو خەڵكی فەقیر و بۆ ناو جاددە. چونكە ناو جاددە بریتییە لە بێ سیستەمی و بێ زانستی و بێ میتۆدی. هەركەس پەنا بۆ ئەوە بەرێت پۆپۆلیستە، پۆپۆلیست یەك ئامانجی هەیە، كەسانی بە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی دیكتاتۆری دەچنە ناو جاددە ئەو مێگەل و گاڕانە جیادەكەنەوە، بۆ ئامانجی خۆیان تێكیان بەردەدەن. وە كۆتاییەكەشی وێرانكردنە. لە هەموو دونیا بە پێی مێژووی مرۆڤ ئەوە بووە و هیچی تر نەبووە. ڕۆشنبیر بریتییە لە كەسێك، ئەو تواناییانەی هەیە، كە لە كاروباری كۆمەڵگەدا بێلایەن نییە، دەتوانێت دەرببڕێت، ڕۆشنگەر بێت، هەڵوێستی هەبێت، دەتوانێت لە خەڵك بگەیەنێت. پانتایی چالاكیی كاری ڕۆشنبیران چونكە پەیوەندی بە چالاكیی كۆمەڵایەتییەوە هەیە، فراوانتر دەكات. بەڵام بەو مانایە نییە ڕۆشنبیر وەكو ئینسان مێشكی لە خەڵكی دیكە زیاتر زانست وەردەگرێت. هەستیاریی ڕۆشنبیران، كە هونەرمەندانیش بەشێكن لەوان، سیستەمێكی دەماریی جیاوازە. ئێمە ژمارەیەكی زۆر زانامان هەن لە نێو تاقیگەكانی زانكۆكاندا ڕۆشنبیر نین. تۆ ناتوانی بە ئەنیشتاین بڵێی ڕۆشنبیرێكی گەورە، دەتوانی بڵێی زانایەكی گەورەیە.

ڕۆشنبیری زۆر گەورە هەنە، دەڵێن زەمانی فەلسەفە نەماوە و منیش پێموایە ڕاست دەكەن. مێژووی فەلسەفە و مێژووی ئایین پێكەوە هاتوون، كەمێكیش فەلسەفە لەپێشترە. داهاتنی مۆدێلی بیركردنەوەی فەلسەفی، واتا ئەحكامی گشتی بۆ تێگەیشتن لە سرووشت، لە سەرەوەی سرووشت، لە خوارەوەی سرووشت، هی كاتێك بووە كە زانست سفر بوو، هیچ نەبوو. بەڵكو پشتبەستن لەسەر ئەوانە بوو كە قودرەتی هۆشیان هەبوو، وە توانایی ئەوەیان هەبوو كە لەو مەدارس و جەوی كەمی ئەو كتێبانەی هەبوون، وەكو ئەو فەیلەسوف و ڕۆشنگەرانەی یۆنان و ڕۆژهەڵاتدا، لە پێش قۆناغی مۆدێرن و زانستدا، تاك و تەرا ئینسانی عاقڵ هەڵدەكەوتن لە بارودۆخی دیاریكراودا، كە قودرەتی زانستییەكەشیان زۆر لە خوارێ بوو، ئەوان توانای مێشكیی یەكجار زۆریان هەبووە، بەڵام فەلسەفە هی ئەوكات بووە، بۆ خەڵكی ئەوكات، فەلسەفە ئامرازی تێگەیاندنی خەڵكی جاهیلە، هی خەڵكی زانا نییە. پێم ناڵێی لە قۆناغی مۆدێرندا كە زانست دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، چ پێویستی بە فەیلەسووفە؟ هەموو ئەوانەی ئێمە ئێستا قسەی تێدا دەكەین، لەسەرەوەی سەرەوەی هەزار بەرابەری هەر فەیلەسوفێكە لە قۆناغی پێش مۆدێرندا. ئەو فەیلەسووفە كۆنانە جەمسەرن لە مێژووی ئێمەدا، ڕێنموونیكەری قۆناغی ئێستای ئێمە نین. هەموو ڕۆژێك گرووپێك لە زانایانی ئەم زەمانە مۆدێلی نوێی تەكنیك و شێوازی نوێی ژیان پێشنیاز دەكەن كە ئێمە پەیڕەوی دەكەین و بە تەواویش پشت لە قۆناغی كۆن دەكەین. هەربۆیەش پێت سەیر نەبێت كە زۆر گفتوگۆ لە ناو ئێمە لە كوردستاندا نییە. كە دەڵێین مێژووی عەقڵ دوای ماشینی چاپ و دوای شۆڕشی تەكنەلۆژیا و زانستی دێت، پێشی هەندێ چی بووە؟ سەردەمی عەقڵ نەبووە. هەربۆیەش مێژووی مرۆڤ هەمووی یەكتر كوشتن و یەكتر ڕەتكردنەوە و یەكتر تاڵانكردن و نەبوونی ئەمن و ئەمان بووە. مرۆڤ تا قۆناغی پێش مۆدێرن زۆرترین شڵەژان و ترس و دڵەڕاوكێی هەبووە، هیچ كەس لە ئەماندا نەبووە. بەپێی لێكۆڵینەوەی زانستی، ڕاددەی شڵەژان و نادڵنیایی لەسەر ئاستی دونیا زۆر زۆر كەمترە كە هەر بەراورد ناكرێت لەگەڵ قۆناغی كۆن. خۆ جەنگ ڕوویدا، بەڵام خێرا ئاوادانكردنەوە و تیماركردن هەیە، لە كۆندا كوشتن هەبوو، بەڵام ئاوەدانكردنەوە نەبوو. كاتێك كە مەغۆل هات، كاتێك ئەو شەڕانەی ئیمپراتۆرەكانی ئیسلامی لە ناوچەی ئێمەدا بۆ فتوحات و یەكترسڕینەوە و سەپاندنی مەزهەبەكان هەبوو، ئەو هەموو كوشت و كوشتارە دەكرا، ئاوادانكردنەوە هەبوو؟ پێڕاگەیشتنی ئینسان هەبوو؟ نەبوو.

 ئینسانی هۆشیار پێش هەموو شتێك كەسێكە دەبێ لە ژیانی خۆیدا زانا و شارەزا بێت، پێش ژیانی كۆمەڵگە و ژیانی خەڵك. نەیبێت یانی هۆشیار نییە. تۆ ناتوانی كەسێكی هۆشیاری ئینساندۆستت دەستكەوێت كە بەختەوەری و هۆشیاری بۆ كۆمەڵگە هەیە، بەڵام بۆخۆی نییەتی. هەربۆیە ئەم زەمانە، یەكێك لە بەرهەمەكانی پەروەردەی واقیعبینی و زانستی ئەوەیە كەسێك دەتوانێت تۆی خۆش بوێت كە خۆی خۆش بوێت (نەك خۆپەرست بێت). باوكێك دەتوانێت منداڵەكانی خۆش بوێت و جوانترین خەونی بۆیان هەبێت كە خۆی خۆش بوێت (نەك خۆپەرست بێت و منداڵەكانی فیدای خۆی بكات). دایكێك دەتوانێت كە خۆی خۆش دەوێت خۆی فیدای منداڵەكان دەكات، خۆی زۆر خۆش دەوێت. بۆیە وشیاری و خۆشەویستی بە مەفهوومی نوێ ئەندامی عەقڵە.

هەمیشە بیركردنەوە دوو قۆناغی هەیە، یەكەمیان پەروەردەیە و لەنێو سیستەمە. دووەمیان بە تەنیاییە، كە مرۆڤ خۆی دەست پێ دەكات. تەنیایی زۆر مانای هەیە. كاتێك كەسێك دەڵێت بە ئاستێك تەنیام بێكەسم، كەس پەیدا نابێت، ئەوە ئینسانێكی نەخۆشە. بەڵام كاتێك كە تۆ تەنیای لە ئەنجامی شێوازی كارت، تەنیای لە ئەنجامی سەفەر و ماندوویی، ئەوە قۆناغێكە تەندرووستە و تێدەپەڕێت. یەكێك لە بەرهەمەكانی مۆدێرنیزم تاكگەراییە، واتا گەڕانەوەیە بۆ ڕەسەنایەتیی ئینسان. كۆمەڵگە كاتێك پێشدەكەوێ كە فەردەكانی، كەسەكانی، ڕێزی هەموو مافەكانیان بگیرێت، مافی ئازادی، كار، خوێندن، بیركردنەوە، هەموو ئەو شێوانەی سەرچاوەكانیان لە ئازادیی ئینسانەوەیە. هەر كۆمەڵگەیەك كۆمەڵگەیەكی جەمعانی و گەلەكۆیی بێت، كۆمەڵگە گرنگ بێت و فەرد گرنگ نەبێت، كۆمەڵگەیەكە خۆی قەڵاچۆ دەكات، عەزل دەبێت، تەپەسەر دەبێت، داهێنان نامێنێت، پێشكەوتن نامێنێت، وە نەخۆشییە دەروونییەكان دەست پێ دەكەن كە ڕەنگ دەدەنەوە لە سیاسەتیشدا. یانی تۆ ئەگەر نموونە بە كۆریای باكوور بێنییەوە، بە هەموو پێوەرێك سەرۆكی كۆریا پیاوێكی نەخۆشە، سەركردەی میللەتێكی نەخۆشیشە كە زیاتر لە حەفتا ساڵە تاك گرنگ نییە و جەمع گرنگە بە درووشمی جیاجیا، ئەنجامەكەش دیارە. بۆیە دەبینی لە دیكتاتۆری لە هەموو دەوڵەتاندا عەقڵ دوادەكەوێت، خاوەن فكرەكان|، یان دەكوژرێن، یان دەكوژێنەوە، یان ڕادەكەن، تا دۆخی وڵات دەگۆڕێت. بۆیەش پەیوەندیی نێوان پێشكەوتن و هۆشیاری لەگەڵ عەقڵ پەیوەندیی ڕاستەوخۆیە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆشی لەگەڵ ئازادی هەیە، ئینسان بەرهەمی ئازادییە، هەتا ئاژەڵ گەر لە شوێنێك گیر كران، یان خۆیان دەكوژن، یان لەبەر پەراوێزخستن دەمرن.

مرۆڤ مەحكوومە بە ئازادی، ئازادی بژاردە نییە. بۆیەش ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان جاڕنامەی مافی مرۆڤی هەیە، ئەو جاڕنامەیە 4-5 لاپەڕە زیاتر نییە، بەڵام تا ئێستاش لە 1948 تا ئێستا بە دەوڵەمەندترین و دەقیقترین و زانستیترین و واقیعبینترین و گونجاوترین جۆری دەربڕین دادەندرێ كە بووە بە یاسایەكی نێودەوڵەتی بۆ مافی ئینسان. تا ئێستاش كە بیانەوێت دەستكاری بكەن و جوانتری بكەن، بواری تێدا نییە. ئەمە زانای زۆر گەورەی بواری دەروونی و ئینسانی و سیاسی دایانڕشتووە. لەوێدا هەمووی كۆدەكەیەوە لە پێنج بەند، كە حەقی هەر كەسێكە ئەم پێنج بەندانەی هەبن، پێی دەگوترێت پێنج بەندی ئەخلاقی جیهانشمول. ئەخلاق بریتییە یەك: ئازادی و ئازادیخوازی. دوو: واقیعیبوون و واقیعبینییەتی. سێیەم: زانستیبوون و زانستخوازی. چوارەم: خۆشەویستی و هاوكاری. پێنجەم: ڕێزگرتن لە شكۆی ئینسان. ئەمە مانای ئەخلاقە.

كوردستان لە قۆناغی ڕاگوزەردایە(انتقال). لە دوای 1991 بەشێك لە ئازادی پێ دراوە، بەڵام سەربەخۆیی پێ نەدراوە، دەرفەتێكی زۆری پێ دراوە بۆ ئەوەی وەكو دەوڵەتی ئەمری واقیع دەرفەتی پێشكەوتنی هەبێت، سی ساڵ تێپەڕی، پێشكەوتنێكی زۆرمان بینیوە، بەڵام كەموكوڕی لە ناو نوخبەی سیاسیی سەركردە لە ناو هەرێمی كوردستاندا هەیە (نوخبە بە مانای گشتی). ئەم كەموكوڕییەش من بە نامۆی نازانم، میللەتێك بە درێژایی مێژوو ژێردەستە بووبێت، زانكۆی نەبووبێت، خەریكی دەوڵەت بەڕێوەبردن نەبووبێت، سیاسەت تەنیا چوونە شاخ و چەك دەست دان بووبێت، لە پڕێكدا بڵێن لە شاخ وەرە خوارەوە و دەوڵەت بەڕێوە ببە، كێشەی هەر دەبێت. شۆڕشگێڕییەتی لوتكەی خۆفیداكردنە، بەڵام لوتكەی عەقڵ نییە. لوتكەی ئیدارە و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پەروەردە نییە. بۆیە زۆر ئاساییە كە لە مێژووی شۆڕشگێڕیدا شۆڕشگێران لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا زۆر سەركەوتوو نەبوونە. قۆناغێكە و لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەت ئەگەر توانای ئەو میللەتە زۆر بێت، تواناكان دێنێتە پێشێ پشتیوانییان دەكات. بۆیە ئەگەر بڵێی ئاستی هۆشیاری لە وڵاتی ئێمەدا چەندە، عەقڵانییەت چەندە، چەند خەڵكی ئێمە وا ئامادەكراوە بە پێی بنەمای عەقڵی بۆ بەرژەوەندیی وڵاتی خۆی و ئینجا خۆی بیركاتەوە، ئەوە ئەركی سیستەمی پەروەردەیەكی نوێیە. كە ئێمە لە سیستەمی پەروەردەییدا تا ئێستاش كێشەمان هەیە. مەبەستم لە سیستەمی پەروەردە لە باخچەی ساوایان تا سەرووی دكتۆرایە. لەو سیستەمەدا پێشكەوتن هەبووە، بەڵێ ژمارەی خوێندەوار زۆر بوونە شانازی پێوە دەكەین، بەڵام لە ناوەرۆكدا نا. ئاستی هۆشیاریی ئێمە، كۆمەڵگەكەكان لە قۆناغی شڵەژاندا دەژیت، لە شڵەژاندا ئاستی هۆشیاری لە خوارەوەیە. هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی زۆر زۆر كەمە، چونكە تێگەیشتن لە بەرپرسیارەتی زۆر كەمە. ئسوڵی ئەخلاقی تێكدەشكێت، هەندێك پێوەری دیكەی شەخسی و حزبی و مالی و عەشیرەتی و دینی كار دەكەن، خەڵكیان لە دەوری خۆیان كۆكردووەتەوە، وە ئەوە بە هەموویان بەردەوام یەك بەرە دەشكێنن، بەرەی ئینسانی پێگەیشتووی عەلمانیی واقیعبین كە دەتوانێت وڵات درووست بكات.

چۆن پێشبكەوین؟ ئەو تاكە ئەركی كەسێك نییە بەتەنیا. لەوانەیە كەسێكی خوێندەواری باش كە توانای زانستی هەبێت، بتوانێت هەندێك لەوە جێبەجێ بكات، بەڵام پەروەردەی نەوەیەك لە وڵاتدا، كاری دەوڵەتە، كاری حكومەتە، كاری ئەو مامۆستایانەیە كە فێرمان دەكەن. ئەمە كاری پەروەردەی هاوچەرخی عەلمانیی واقیعبینە، بە پێی بارودۆخی وڵاتەكە. لەڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و مێژووی كلتووری و هەموو ئەو شتانەی پێكهاتەی ئێمە درووست دەكەن، ئەوكات مۆدێلێك لە مرۆڤ پەروەردە دەكرێت، كاتێك كە لە زانكۆ لە پلەیەكی دیاریكراو دەردەچێت، خاوەن تواناییە. ئینتماكانی بۆ وڵات، بۆ ئینسان، بۆ عەلمانیبوون، بۆ واقیعبین بوون، تەقریبەن وەكو یەكە. تەنیا جیاوازییەكە ئەوەیە كێ زیرەكترە، ئەوە لێكیان جیادەكاتەوە. ئەوەیە كە دەبینی لە وڵاتان كاتێك لە ڕووی پەروەردە و ئابوورییەوە پێشكەوتوون، بێ ئەوەی باسی نیشتمانپەروەری بكەن، ئینتمای هەمووان بۆ وڵاتە.

عەلمانییەت ئایدۆلۆژیا نییە. عەلمانییەت بەمانای ئەنجامی كاری ناو زانكۆكان، هیچیدیكە نا. واتا كادیرمان بۆ درووستكات. ئەوەی عەلمانییەت بە ئایدۆلۆژیا لێكدەداتەوە، تێیناگات. بریتین لەو كەسانەی وڵاتی ئێمە كە لە باخچەی ساوایان، خەڵكانی شارەزا بە هەبوونی ڕاهێنان و سایكۆلۆژیای باش تا سەرەتایی كە منداڵ لە تەمەنی شەش تا سێزدە ساڵ مێشكی چۆن گەشە دەكات و دەتوانی چی پێ بڵێیت، دەتوانی كام دەرسی بدەیەی، تا دەگاتە زانكۆ و دەبێتە بیست و دوو ساڵ. هەر شێوەیەكی دیكەی بڵێن شەڕە ئایدۆلۆژیای ناو جاددەكانی ئێمەیە، هیچ وانییە. عەلمانییەت بریتییە لەو كەسانەی لە زانكۆكان دەردەچن، زانكۆ بەردەوام لە پێشكەوتن و گۆڕاندایە. هەموو دونیا بەیەكەوە لكاوە. كە ئەوانە دێنە مەیدان دەبنە كەفائات. كاتێك كە ئەو كەفائاتانە دێنە مەیدان، پێی دەگوترێت كەفائاتی وڵات، لە هەموو بوارەكاندا بۆت دەكەونە كار، كاتێك كە یەكێكی وەكو تۆ نوێژ و ڕۆژوو دەگرێت، بەڵام دەزانێت كاری زانست زانستە و قەناعەتی كەسیی ئەویش بڕوای بە خالق هەیە. كاتێك مەسیحییەكی بینی، پێی وایە ئەویش بەقەد ئەو دینێكی هەیە و ڕێزی دەگرێت، دینی من بۆ من، دینی تۆش بۆ تۆ. كاتێك شیعەیەكی بینی، پێی وایە ئەویش موسڵمانێكە بەڵام ئیستدلالی بۆ وەزیفەی ئایین جیاوازە، نایهێنییە ناو كاری زانكۆیی و ئیداری و سیاسی. بۆیە تۆ دەبییە شەریكی ئێزدییەك و شەبەكێك و یەهودییەك و مەسیحییەك لە كاردا، بیر لەوە ناكەیەوە بڵێی ئەرێ زەكاتی داوە، یان نەیداوە، ئەرێ سوود حەرامە، یان حەڵاڵە. ئەرێ سەرمایە بگەڕێ، یان نەگەڕێ. عەلمانییەت ئاستی بەرزی هۆشیاریی ئینسانە. وەعی ئینسان بە ئەنجامگەلی زانستی گەشە دەكات، لە خۆوە گەشە ناكات. جیاوازیی نێوان ئینسانی ئێستا و ئینسانی بەر لە هەزار ساڵ چییە؟ ئینسانێكی هەزار ساڵ لە فیلماندا كە نوێی دەكەنەوە، ئەگەر 50%ی وەكو ئەوانەی كۆن بێت، بەراوردی بكە لەگەڵ خۆت، لەگەڵ ئینسانێكی ئەم زەمانە، لە زمان، یان لە سایكۆلۆژیا، لە ئامانج و ڕەفتار، لە تێگەیشتن بۆ دونیا، هیچی وەكو یەك نییە، بۆیە دەڵێن مۆدێرنیزم، یان شێوازی نوێی ژیان كە زانست پشتیوانیەتی، بریتییە لە پێچەوانەی تەقلید كە خورافات و ئیستدلالاتی عامی تاقینەكراوەیە. كە ئەنجامی چەقین و شكانی دوای شكان و بێ ئەمانی و بێ زەمانی و بێ ئاسایشی مرۆڤە. ئەی بۆ لەدوای درووستبوونی چاپ بە كەمتر لە چەند دەیەیەك كتێبی (لیڤیاسان) لەلایەن (تۆماس هۆبز)ەوە نووسرا و باسی ئەوە دەكات دەبێت دەوڵەت هەبێت، دەبێت ئینسانەكان ئەمانیان هەبێت، ئەوە بەرهەمی پێشكەوتنی زانستییە. بۆچی پێشی هەندێ نەبوو؟ بۆچی یەكێك دێت (ڕۆحی یاساكان) دەنووسێت كە دەبێتە بنەمای گشتی بۆ تێگەیشتن لە یاسا. با بەراوردێك لەگەڵ كۆن بكەین؛ ئەبو سینا دەبوو قۆناغ بە قۆناغ بڕوات تا دەفتەرێك و كتێبێك لە فڵان جێ بخوێنێتەوە، لەناوچوونی كتێبخانەیەك ڕۆژهەڵاتی بە یەك جار لە نەزانیندا گوم دەكرد، كاتێك مەغۆل دەهاتن، كاتێك شەڕی نێوان یەكتری دەبوو، كاتێك كە فتوحات دەبوو، كتێبخانەیان دەسووتاند، هیچ نەدەما. بۆ نموونە پاش ئەوەی فتووحاتی ئیسلامی سەرزەمینی ساسانی گرت، شتێك نەما تا خەڵك بزانێت دوێنێ چی هەبووە. ئەم زەمانە شتی وانییە، بە مەلایین كتێب و كۆپییەكەی هەیە كە ون نابێت. دوای داهاتنی ماشینی چاپ ملیۆنان كتێب كەوتە بازاڕی ئەوروپا بۆیە قۆناغی زانست و تەكنۆلۆژیا هاتە پێشەوە. بەوەش عەقڵ بووژایەوە.

من لە مێژووی فەلسەفە كەم ناكەمەوە، بەڵام ئێستا ئەفلاتوون بژیەتەوە، زەحمەتە لە پۆلی یەكەمی ناوەندی جێی بێتەوە. هەموو فەیلەسووفانی مێژووی كۆن بژیەنەوە، هیچیان ناگەنە پۆلی سێی سەرەتایی. عەیب نییە، ئەوە مێژووی مرۆڤە، مرۆڤ لە حەیوانی قسە نەزانی بەكارهێنانی دەنگی سەرەتاییەوە دەستی پێ كردووە، بە خوڕافات و ئەفسانە و دوایی بە ئایین دەستی پێكرد، دواتر گەیشتە زانست، ئینسان لە هەموو قۆناغەكان جیاوازە. ئایا ئینسان كە پێی وایە بپژمی و نەڕۆی بەڵایەكت تووش دەبێت، ئەمە ڕاستە؟ بەڵام لە كۆندا بەكاردەهات. ئەم خورافەیە بۆچی بووە؟ مێژووێكە لە ئەزموونی مرۆڤدا هەیە، بەڵام زانستی نییە.

گەشبینی و ڕەشبینی، گۆشەگیری و كۆمەڵایەتیبوون، كرانەوە و داخران، ئاستی بەرزی و نزمیی هۆش، ئەوانە هەموویان پەیوەندییان بە جێنەتیكەوە هەیە كە باری دەروونیی ئەو كەسەوە دیاری دەكات. 20%ی مرۆڤ لە بنەڕەتەوە هەڵگری جێنی خراپن، كە هەموو نەخۆشییە دەروونییەكانی لێ درووست دەبێت، وە هەموو ئینسانە خەشن و دابڕاو و خۆپەرست و دیكتاتۆر و ئینسانكوژ كە لە تیپی جیاجیای كەسێتیی ئینساندا كۆدەكرێنەوە، هەموو نەخۆشیی دەروونییان هەیە، ئەمە چۆن چارەسەر دەكرێت؟ دەبێت زانست بیكات. بۆیە دەڵێن دەبێ دوای پەروەردە و پێشكەوتنی ئابووری قاچی سێیەمی گەشەسەندن ئەوەیە تۆ سیستەمی تەندرووستی چاك بكەی. سیستەمی تەندرووستی ئیشی ئەوەیە مرۆڤەكان ساغ ڕابگرێت، ئەوە ئیشی زانەكانی بواری تەندرووستییە كە جینە خراپەكان لە مرۆڤدا كەم بكەنەوە، ئیشی من نییە، هەندێكی وەك هەر زانستێك لێیم خوێندۆتەوە. بەڵام دەزانم دەرەنجامەكانی چۆنن. 5 %یان 10% لە هەندێ وڵات 2% ئینسانی ساغی ساغن كە لەدایك دەبن، واتا بە بۆماوەیی هیچ جینێكی خراپیان نییە، ئەگەر پەروەردەیەكی باش بكرێن، ئەوانە ئینسانی زۆر تایبەت دەردەچن. ڕابەرە ئینساندۆستەكان، زانا گەورەكانی جگە لە تاقیگە كە گرنگیپێدەری بواری دیكەشن وەكو سەخارۆف، فیزیكزان بوو بەرگری لە دۆزی كورد و جوولەكە دەكرد، وەكو نیلسۆن ماندێللا تێكۆشەری ناو زیندان بوو، بەڵام لێبوردەی گەورەی هەموو دونیا بوو. ڕەشبینی بەشێكی زۆری نەخۆشیی دەروونییە، بەشێكی دیكەی ئەنجامی بارودۆخی سەختی كۆمەڵایەتییە لە شەڕ، لە دیكتاتۆری، لە دەستپێڕانەگەیشتن بە ئیمكانیاتی ژیان، بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان كە ئینسان دەستەوەستان بێت و دابمێنێت، كە ئینسان دادەمێنێت، دەوەستێت، وە خەمۆكی لە ئەنجامی وەستانەوە دێت. ئینسانی ڕۆشنبیری زانای ئاستی بەرزی هۆشیار كە تێدەگات، ئەگەر پێشی پێ نەگیرێت، شادترین و بەختەوەرترین و سەركەوتووترین تاكی دەوروبەری خۆی دەبێت.

لەم زەمانەدا، دین كاتێك كە تەسلیمی بەرابەریی ئینسانەكان بێت، دین كاتێك كە تەسلیمی سیستەمی مەعقول و واقیعبینی ئایدیا و ڕوانگە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بێت، دەتوانێت پشتیوان بێت. لە دەقی دینی و مێژووییدا شتێكمان دەست ناكەوێت بە كەڵكی ئەم زەمانە بێت، ئەمە باوەڕی كۆنی ئێمەیە كەسێك دەتوانێت باوەڕی پێی هەبێت، دەتوانێت پێی هۆگر بێت، دەتوانێت پێی تەسەللا بێت، بەڵام ئایینەكان یەكتر قبوڵ ناكەن، هەربۆیە دەڵێن لەنێوان ئایینەكان دەبێت مەفهومێكی نوێ هەبێت (تەساموح)، لێبوردن لە هیچ دینێكدا نییە، هیچ دینێك گەر بڵێت من و دینێكی دیكە جیاوازیمان نییە، ئەی بۆ درووست دەبێت؟ بۆیە ئایینەكان سەرچاوەی كوشتنی یەكتری بوونە. ئێستا جیاوازە، پاپاش و دەلای لاماش و هەندێك لە زانای ئیسلامیش دەگەڕێنەوە بۆ عەقڵ، عەقڵ بەرهەمی زانستە، بەرهەمی كۆن نییە.

هۆشیاریی تاكە كەسی تەنیا ئەركی خێزان و دەوروبەر نییە، بەڵكو ئەركی سیستەمی پەروەردەیە لە وڵاتدا. ئەگەر دەوڵەت كاری خۆی نەكرد، ئەوە هۆشیاری دوا دەكەوێ و مرۆڤەكان بەرژەوەندی خۆیان و وڵاتییان پێ لێكنادرێتەوە.

 

Top