پریانكا شۆپرا لە ئەمریكا دوچاری رەگەزپەرستی بۆتەوە

پریانكا شۆپرا لە ئەمریكا دوچاری رەگەزپەرستی بۆتەوە

ماڵپەڕی (گودمۆرنینگ ئەمریكا) رایگەیاند كە خانمە ئەكتەری ناسراوی بۆڵیۆد (پریانكا شۆپرا) لە یاداشتەكانی خۆیدا رایگەیاندووە کە لە تەمەنی (15)ساڵیدا و لە قۆناغی ناوەندی خوێندندا لە ئەمریكا دوچاری رەگەزپەرستی و گێچەڵی جۆراوجۆر بۆتەوە و، ناچار بووە ئەمریكا جێبهێڵیت.

لە یاداشتەكانیدا كە بە ناوی (ئین فینیشد) باس لەوە دەكات، كە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت ئەو سات و ئەو كەسانە لە بیر بكات و، دەڵێت: «ئەو كات وەك شتێكی تایبەت و كەسی مامەڵەم لەگەڵ بارودۆخەكەدا كرد، بۆیە دوورەپەرێز بووم و زۆر دەرنەكەوتم، بۆ ئەوەی بتوانم بەسەر ئەو بارودۆخەدا زاڵ ببم، بەڵام ئەمە بووە هۆكارێك كە متمانەم بە خۆم نەمێنێت».

بریانكا ئەوەش دەخاتە روو كە لە تەمەنی (12) ساڵیدا لەگەڵ خانەوادەكەی روویان لە ئەمریكا كرد، لە نیویۆرك و ئەندیانا پۆلس و دواتریش لە نیوتاون گیرساونەتەوە، كاتێ لە كەناری رۆژهەڵاتی ئەمریكا دەژیان، لەلایەن هاوپۆلەكانیەوە رووبەڕووی رەگەزپەرستیی راستەوخۆ و ئاشكرا بووەتەوە.

سەبارەت بەو قسانەی كە لەلایەن هاوپۆلەكانییەوە پێی دەگوترا، پریانكا دەڵێت: «بە نهێنی قسەی زۆریان بە من دەگوت، بەڵام بە ئاشكراش هەر پێیان دەگوتم (كچە قاوەیی پێستەكە بەو فیلەی كە پێی هاتی، بگەڕێوە بۆ وڵاتەكەت)، زۆر هەوڵمدا بەسەر ئەو بارودۆخەدا زاڵ ببم و خۆم رابهێنم، بەڵام ئەوان بە شێوەیەكی توندتر بەردەوام دەبوون، بۆیە ناچار بووم لە ئەمریكا دوور بکەومەوە و، لەم بڕیارەش پەشیمان نیم، چونكە كاتێك گەڕامەوە بۆ هیندستان، بەخۆشەویستییەكی زۆر گەرمەوە پێشوازییان لێ كردم و یارمەتیدەر بوون، بۆ ئەوەی بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ ببم.

سەرچاوە: الشرق الاوسط

Top