بانكێك پارەكانی محەمەد ڕەمەزان ڕادەگرێت
گۆرانیبێژو ئەكتەری دیاری میسری(محەمەد ڕەمەزان) تووشی كێشەیەكی یاسایی بۆتەوە .
لە ئێستادا كورتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوتەوە كە تێیدا دەردەكەوێت (محەمەد ڕەمەزان) ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێت كە بانكێك پەیوەندی پێوەكردووەو ئاگاداری كردۆوتەوە كە ئێستا ناتوانێ مامەڵە بە پارەكانی بكات لەو بانكەدا .
هەروەها لە ڕاپۆرتێكی "بی بی سی" عەرەبیە هاتووە كە هەنگاوی ئەم بانكە شتێكی یاساییەو پەیوەندی بەو قەرەبووكردنەوە هەیە كە بەهۆیەوە فڕۆكەوانی كۆچكردوو(ئەشرەف ئەبو یوسر) زەرەرمەند بوو و تا هەتایە لە كارەكەی دوورخرایەوە, بڕی ئەو پارەی كە دەبوایە بە شێوەیەكی یاسایی بدرایە بە میراتگری ئەم فڕۆكەوانە 6 ملیۆن جونەیهی میسرییە كە دەكاتە 382 هەزار دۆلار .
هەروەها لە ڕوونكردنەوەیەكی ئەم بانكەدا هاتووە, كە ئەم هەنگاوە بەیاسا مامەڵەی لەگەڵدا كراوەو كاتێك بە نووسراوێكی فەرمی لەلایەن دادگا یاخود دامەزراوەیەكی یاسایی داوای ڕاگرتنی هەژماری بەشداربوویەك دەدرێت, پێویستە لەسەر بانكەكە ئەو كەسە ئاگادار بكاتەوە لە ڕاگرتنی هەژمارەكەی .
هەروەها لە ڕاپۆرتەكەی بی بی سی هاتووە كە بە پێی ووتەی چەند پارێزەرێك بانكەكە دەستی بەسەر هەژمارە بانكییەكەی محەمەد ڕەمەزان گرتووە تا ئەو كاتەی كە قەرزەكانی بداتەوە, بەڵام محەمەد ڕەمەزان لە ڕوونكردنەوەكەیدا گوتی كە پارەكانی لەو بانكەدا ڕاگیراون و ناتوانێ مامەڵەی پێوە بكات .