كاتی پیری ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد
دوای بڵاوكردنەوەی گۆرانییە نوێیەكەی (Electric)خانمە گۆرانیبێژی پۆپی ئەمریكی (کاتی پییری) لە كاروانی هونەریی خۆیدا ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد، لە بینینی گۆرانییەكەی لە سەر تۆڕی یوتیوب و لە ماوەی چوار رۆژدا، ژمارەی بینەرانی گۆرانییەكەی دوازدە ملیۆن و نیوی تێپەڕ كرد.
كاتی یەكێكە لە بەناوبانگترین گۆرانیبێژانی پۆپ لە سەر ئاستی جیهان و، تا ئێستا بە دەیان خەڵاتی جیهانیی بە دەستهێناوە، لەوانە چوار جار خەڵاتی ئینسكلۆپیدیای گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان، هەروەها لە ساڵی 2011 تاكو 2015 گۆڤاری فۆربس ناوی خستە چوارچیوەی لیستی ئەو ئافرەتانەی كە پێگەیەكی بەرزیان لەسەر ئاستی جیهان لە بواری موزیكدا هەیە.
لە بارەی فرۆشتنی بەرهەمەكانیشیەوە، تا ئێستا زیاتر لە 37 ملیۆن ئەلبوم و 138 ملیۆن گۆرانیی سینگڵی فرۆشراوە لە سەرتاسەری جیهاندا، بەمەش دەبێتە یەكێك لەو گۆرانیبێژانەی كە زۆرترین بەرهەمیان فرۆشراوە لە هەموو سەردەمەكاندا.
لە ساڵی 2012 یەكەم فیلمی دیكیۆمینتاریی بە ناوی (كیتی پیری بەشێكە لە من) بڵاو کردەوە، كە تیشك دەخاتە سەر كاروانی هونەریی خۆی، هەروەها باس لە جیابوونەوەی دەكات لەگەڵ راسل براندی هاوسەری.
سەرچاوە: gololy