سۆفیا بە مارادۆنا روو لە بواری دەرهێنان دەكات

سۆفیا بە مارادۆنا روو لە بواری دەرهێنان دەكات

مردنی لەناكاوی ئەستێرەی تۆپی پێی جیهانی دییگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا بە جەڵتەی دڵ، مشتومڕێكی زۆری لە دوای خۆی جێهێشت، بۆیە دەرهێنەرانی بواری سینەما بیریان لەوە كردەوە، كە فیلمی دیكیۆمینتی دەربارەی ژیان و مردنی ئەو ئەستێرەیە بەرهەم بهێنن، لە كاتێكدا هێشتا لێكۆڵینەوەكان دەربارەی هۆكاری مردنەکەی بەردەوامن.

یەكێك لەو دەرهێنەرانە سۆفیا ڤیرجارایە كە بە نیازە لە رێگای كۆمپانیای Latin World Entertainment بۆ بەرهەمهێنانی هونەری، ئەم كارە ئەنجام بدات، فیلمەكە وتەی چەند كەسێكی نزیكی مارادۆنا و خانەوادەكەی لەخۆ دەگرێت، دەربارەی ژیانی و زۆر چیرۆك و بەسەرهاتی تایبەت، كە تا ئێستا شاراوە بوون، بەتایبەتی دەربارەی مردنی.

بڕیار وایە ئەم فیلمە چەند شتی نوێ دەربارەی ژیانی مارادۆنا و پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ خانەوادەكەی بخاتەڕوو، لەوانەش پەیوەندیی لەگەڵ ماتیاس مۆرلا كە یەكێكە لە دۆستە نزیكەكانی و، بەرپرسە لە موڵكەكانی مارادۆنا، فیلمەكەش لە گشت ئەو شارانە وێنە دەگیرێت كە ماراد‌ونا تێیاندا ژیاوە.

لەلایەكی دیكەوە سۆفیا رایگەیاند كە چەند كەسێك هەوڵیانداوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هاك بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش توانییان چەند وێنەیەكیان بڵاوبکەنەوە، بۆیە داوای لە هەوادارانی كرد كە هیچ نامەیەكی بۆ نەنێرن، تا ئەو كاتەی دەتوانێت گرفتەكە چارەسەر بكات.

سەرچاوە: gololy

Top