هونەرمەندانی میسر لە نێوان سەرەخۆشی و ڕەخنەدا
دوای كۆچی دوایی ئەكتەرو هونەرمەندی دیاری میسری (سەمیر غانم) بە ڤایرۆسی كۆرۆنا, چەندین هونەرمەندو كەسایەتی هەڵوێستیان نواند و دڵگەران بوون بەم ڕووداوە, بەڵام لە لایەكی دیكەوە ژمارەیەك هونەرمەند لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرشیان كرایە سەر .
هۆكاری هێرش كردنە سەر ئەو هونەرمەندانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ڕۆژی بەخاك سپاردنی هونەرمەند (سەمیر غانم) بەشداریان لە ئاهەنگی هاوسەرگیری كچی كەسایەتییەك كرد, هەروەها دوای بڵاوبوونەوەی وێنەو ڤیدیۆی ئەو ئاهەنگە, لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێرش و ڕەخنە بەڕووی ئەو خانمە هونەرمەندانە دەستی پێكرد.
ێوارەی ڕۆژی هەینی21/5/2021 دوو ئاهەنگ ئەنجامدرا كە یەكێكیان ئاهەنگێكی هاوسەرگیری بوو و لەلایەن هەردوو هونەرمەند (تامر حوسنی) و (نانسی عەجرەم) بەڕێوەچوو كە تێیدا ژمارەیەك ئەكتەرو كەسایەتی تێیدا بەشداربوون لەوانەش نیللی كەریم- یاسەمین سەبڕی- نەجلا بەدر.
ئەوەكەی دیكەش عەمرو دیاب سازی كرد, كە لەم ئاهەنگ و گردبوونەوەدا ژمارەیەك ئەكتەرو هونەرمەند ئامادەبوون لەوانەش, ئیلهام شاهین- لەیلا عەلەوی-لوبلوبە هەروەها یوسرا كە لە ڤیدیۆیەك دەردەكەوێت لەپاڵ (عەمرو دیاب)دا گۆرانییەكەی لەگەڵ دەڵێتەوەو سەما دەكات, كە بەمەش هەندێ لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە ڕای شەخسی خۆی دەزانن و هەندێكی دیكەش گوتیان كە شتێكی هەڵەبوو یووسرا لە ڕۆژی بەخاك سپاردنی هاوڕێ و هاوپیشەكەیدا بەو جۆرە هەڵسوكەوتی كرد لە كاتێكدا بەچەند كاتژمێرێك لە هەمان ئەو ڕۆژەدا بە دەمامك و جلی ڕەشەوە ئامادەی مەراسیمی بەخاك سپاردنی سەمیر غانم بوو .
بەڵام خانمە ئەكتەری میسری (ئیلهام شاهین) ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەدا كە ئەو وێنەیەی لەگەڵ (لەیلا عەلەوی) پەیوەندی بەو ئاهەنگەوە نەبووە, بەڵكو بەرواری ئەو وێنەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژێك پێش كۆچی دوایی (سەمیر غانم), كە لەو كاتەدا لە چێشتخانەیەك لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی وڵاتی سووریا لە ئێوارە خوانێكدا ئامادەبوون .