سالم شەبەک: حەشدی شەعبی سووکایەتی بە کوردانی شەبەک دەکەن

سالم شەبەک، پەرلەمانتاری عێراق ڕای گەیاند، شەبەکەکان بوونەتە قوربانیی ھێزەکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتیش لیوای ٣٠ی ئەو هێزانە، چونکە سووکایەتی بە خەڵک دەکەن و چەندین خەڵکیان بێزار کردووە و بە ھەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی خەڵک دەبنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ئاشکرای کرد: "حەشدی شەعبی، بە تایبەت ڕووبەڕووی کادیر و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبنەوە، ئەمەش جێگەی قەبوڵکردن نییە کە ئەوان سووکایەتی و ھێرش بکەنە سەر خەڵک و دەبێ حەشدی شەعبی باش ئەوە بزانن کە ژیانی کوردانی شەبەک و کادیرەکانمان ھێڵی سوورن و بە ھیچ شێوەیەک ئەوە قەبوڵ ناکەین کە ئەوان بەم شێوەیە ھەڵسوکەوت بکەن".
ڕوونیشی کردەوە کە لە ناوچەکانی کوردانی شەبەک، حەشدی شەعبی چەندین ھەڕەشە لە خەڵک دەکەن و ”جنێویان پێ دەدەن“. گوتیشی: ”ئەو کەسانە لەبەر ئەوەی پارتین و خەڵکی دڵسۆزی ناوچەکەن، حەشد ھێرشیان دەکاتە سەر، بەتایبەت ھێزەکەی سەر بە سەعد قەدۆ کە ئێمە لەوبارەیەوە براکەیمان ئاگادارمان کردووەتەوە کە ناوی حەنین قەدۆیە".
کوردانی شەبەک، یەکێکن لە پێکھاتە ڕەسەنەکانی دەشتی نەینەوا و لە چەندان گوندی ناوچەکەدا هەن و بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، بە نزیکەی ٥٠٠ ھەزار کەس مەزندە دەکرێن، وەک ئەوان دەڵێن، لەم چەند ساڵەی دواییدا دوو جار بوونەتە قوربانی و زوڵمێکی زۆریان لێ کراوە، جارێک لە لایەن داعشەوە و جارێکی تریش لە لایەن حەشدی شەعبییەوە.
باسنیوز