پایسكل هۆكارێكی گواستنەوەی ژینگەدۆست

پایسكل هۆكارێكی گواستنەوەی ژینگەدۆست

پایسكل، وەك بیرۆكە لە یەكێك لە دیزاینەكانی هونەرمەندی ناسراوی ئیتاڵیا «لیۆناردۆ دافنشی» بینراوە لە ساڵی 1493ی زایینی، كە لە یەكێك لە كتێبخانەكانی شاری میلانۆ پارێزراو بووە، دواتر لە ساڵی 1817ی زایینی لە ئەڵمانیا لە شێوەی ئامێرێكی ساكاردا بەرجەستە كرا، پاشان بە شێوازی باشتر و پێشكەوتووتر لە بەریتانیا دروست كرا لە دەوروبەری ساڵی 1880ی زایینی.
پایسكل هۆكارێكی گواستنەوەی سادە و بێ زیانە، بۆیە زۆرێك لە وڵاتان بەكاری دەهێنن.
بەكارهێنانی پایسكل لە ژیانی رۆژانەدا، سوودێكی زۆری بۆ تەندروستی و پاراستنی ژینگە لە پیسبوون هەیە، لەوانە بۆ نموونە:
یەكەم: بەكارهێنانی زەنگێكی ئاگاداركەرەوەیە بۆ بەرپرسان و هاووڵاتییان سەبارەت بە هەبوونی كێشەی ژینگە لە كۆمەڵگەدا.
دووەم: دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ.
سێیەم: پایسكل هیچ ماددەیەكی پیسكاری وەك هایدرۆكاربۆن و ئۆكسیدەكانی گۆگرد و كاربۆن و كبریتی لە پاش بەجێ نامێنێت.
چوارەم: هۆكارێكە بۆ وەرزش و بۆ خۆپاراستن لە زۆر نەخۆشی.
پێنجەم: دەنگی بەرز و ژاوەژاوی نییە.
شەشەم: لە شەقامدا رووبەرێكی زۆر كەم دەگرێت.
حەوتەم: بە هۆیەوە زۆر شوێنی نوێ دەبینیت، كە پێشتر ئۆتۆمبێل نەیتوانیوە بگاتە ئەو شوێنانە.
هەشتەم: كەمكردنەوەی دیاردە كۆمەڵایەتییە دزێوەكانی وەك حەسوودی بە هۆی بەرزیی مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكانەوە كە لە توانای هەموو كەسێكدا نییە بیكڕێت.
نۆیەم: لەگەڵ زیادبوونی دانیشتوواندا سوودی زیاتری بۆ ژینگە دەردەكەوێت.
دەیەم: هێمایەكە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام.
یازدەیەم: هۆكارێكی ئابووریی ئاسانە لە زۆر شوێن و كاتدا بۆ گەیشتن بە شوێنی كار.
دوازدەیەم: هۆكارێكی كەم بارستە و قەبارەی شیاوە بۆ گەشتوگوزاریی ژینگەیی.
سێزدەیەم: هۆكارێكی شیاوە بۆ فرۆشیاران و پۆستەبەران.
چواردەیەم: هۆكارێكە بۆ ئارەزوومەندانی وەرزش بەگشتی و پایسكلسواریی بەتایبەتی بۆ دەرخستنی تواناكانیان و پێشبڕكێكردن لەم جۆرەی وەرزشدا.
پازدەیەم: هۆكارێكی خاوێنە لە رووی ژینگەییەوە بۆ بازاڕكردنی كەم و كورتخایەن، لە ڕێگەی بەستنی سەبەتەی بازاڕكردن لە پێش و پاشی پایسكلدا.
شازدەیەم: هۆكارێكە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار لە رێگەی كردنەوەی خولی فێركردنی ئارەزوومەندانەوە.
حەڤدەیەم: هۆكارێكە بۆ یەكتر ناسینی گشت تەمەن و رەگەزەكان لە رێگەی كۆبوونەوەی بەكارهێنانەرانیەوە لەپارك و شوێنە گشتییەكاندا.
هەژدەیەم: بە رای رێكخراوی جیهانیی تەندروستی، پایسكل رێگەیەكە بۆ دابینكردنی ئاستێكی باڵاتری عەدالەت و دادپەروەریی تەندروستی بۆ هەژارترین سێكتەری كۆمەڵگە، كە لە زۆربەی كاتدا توانای كڕینی ئۆتۆمبێلی تایبەتیان نییە.
ئاسانكارییەكان بۆ بەكارهێنانی پایسكل
یەكەم: پێویستە جۆری باشی لێ هاوردە بكرێت.
دووەم: دەبێت ژمارەی زۆری لێ بخرێتە بازاڕەوە.
سێیەم: دەبێت رێڕەوی تایبەتی لە شەقامەكاندا بۆ تەرخان بكرێت.
چوارەم: باشتر وایە كەسانی بەرپرسیش بەكاری بێنن هەتا ببنە پێشەنگ.
پێنجەم: هەڵمەتی راگەیاندنی بۆ ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی لە رووی كۆمەڵایەتییەوە بەكارهێنانی پایسكل بەكارێكی ئاسایی بزانرێت.
شەشەم: دەبێت شوێنی وەستاندنی پایسكلەكان دابین بكرێت.
حەوتەم: لە نووسینگە و فەرمانگەكاندا، شوێنی خۆشتن و خۆگۆڕین هەبێت بۆ بەكارهێنەرانی پایسكل.
هەشتەم: بەهاوكاریی نێوان دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و یەكێتیی پایسكلسوارانی كوردستان، پێشبڕكێی پایسكلسواری ئەنجام بدرێت لە 3 ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك كە رۆژی جیهانیی پایسكلسوارییە.
نۆیەم: رۆڵی پایسكل بخرێتە نێو پرۆگرام و رێگەچارە ژینگەییەكان.
دەیەم: چاكتركردنی سەلامەتیی رێگەوبانی تایبەت بۆ بەكارهێنەرانی پایسكل
یازدەیەم: راهێنانی منداڵان لە سەر بەكارهێنانی پایسكل لە قۆناغی قوتابخانەوە.
دوازدەیەم: بە كولتووركردنی بەكارهێنانی پایسكل لەلایەن زۆرینەی كۆمەڵگەوە.

Top