دیدی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا «جۆ بایدن» بۆ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی
December 14, 2020
وتار و بیروڕا
جۆبایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دیدی خۆی خستەڕوو لە بارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەویش لەپێناو گەڕاندنەوەی هەیبەتی پێگەی سەركردایەتیی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ناوەوە و لەسەر ئاستی جیهان، چونكە ئەو بڕوای بە پەیوەندیی پتەوی نێوان سیاسەتی ناوخۆ و سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیە، لەم سۆنگەشەوە سەر بەو قوتابخانە هزرییەیە كە پەیوەستە بە شرۆڤەكردنی پەیوەندییەكان و سیاسەتی نێودەوڵەتی كە دەڵێت: سیاسەتی نێودەوڵەتیی دەوڵەتەكە بریتییە لە دەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆییەكەی (هانس مۆرگنتاو: سیاسەت لەنێوان نەتەوەكاندا)، لەبەر ئەوە (بایدن) رایگەیاند كە، وەك سەرۆكێك، « ئاسایش و گەشەسەندن و بەهاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بەهێز دەكات لە رێی هەڵگرتنی هەنگاوی ڕاستەوخۆ بۆ تازەكردنەوەی دیموكراتی و هاوپەیمانیەتییەكانمان و پاراستنی ئایندەی ئابووریمان» بەم شێوەیە و جارێكی دیكە (بایدن) ئەمریكای خستەوە باری سەركردایەتیكردنی جیهان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە هەرە بەپەلەكانی جیهان.
لە ئیدارەی بایدندا، ئەمریكا سەركردایەتیی جیهان دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە هاوبەشەكان كە دەوڵەتێك بە تەنیا ناتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە: هەر لە گۆڕانی كەشوهەوا تا بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی، تا تیرۆری سنووربڕ، لە جەنگی ئەلكترۆنییەوە تا كۆچی بەكۆمەڵ. سیاسەتە ناجێگیرەكانی سەرۆك (ترەمپ) نەبوونە هۆی پاڵپشتیكردنی پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی دیموكراتییەت، بەڵكو سەریان كێشا بۆ لاوازكردنی هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە جیهان و لەباربردنی هاوپەیمانییەتیەكانی و لاوازكردنی تواناكانی بۆ تەیاركردنی كەسانی دیكە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدییانەی كە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و ئایندەی ئەو وڵاتە.
لەگەڵ ئەوەشدا (ریچارد هاس Haas) لە گۆڤاری ناوداری ئەمریكی (فۆرین ئەفێرز Foreign Affairs)دا دەنووسیێت: « ترەمپ لە تێگەیشتنی هەموو شتێكدا بەهەڵەدا نەچووە، ئەو لەسەر حەق بوو لە تەحەددیكردنی چین لەمەڕ رەفتارەكانی لە بواری بارزگانیدا، كاتێ چەكی كوشندەی داوەتە ئۆكرانیا، هەروەها گرێبەستێكی نوێی بازرگانی لەگەڵ كەنەدا و مەكسیكیدا واژۆ كرد، هاوكات لە ناوبژیكردن بۆ ئاساییكردنەوەی نێوان ئیسڕائیل و چەندین دەوڵەتی عەرەبی»
(1)
بەها دیموكراتییەكان
لە وتارێكدا كە لە سەنتەری خوێندنی باڵای زانكۆی شاری نیۆیۆرك پێش كەمێك لە دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان پێشكەشی كرد، سەرۆكی هەڵبژێردراو (جۆبایدن) پلانەكانی خۆی خستەڕوو بۆ چاككردنەوەی ئەو زیانەی سەرۆك ترەمپ بە ڕەوتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكای گەیاندووە، هەروەها ڕێڕەوێكی جەوهەریی جیاوازی داڕشت بۆ سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست جیهان لە ئێستاو ئایندەدا. ئەم دیدە تازەیە، هەروەك (بایدن) دووپاتی كردەوە بریتییە لە: ئەكتیڤكردنی دیموكراتییەكەمان و پتەوكردنی ئەو هاوپەیمانییە دیموكراتییانەی لە پاڵمان دەوەستن، دیموكراتی بنەچەی كۆمەڵگەمانە، سەرچاوەی هێزو نوێبوونەوەمانە، سەركردایەتییەكەمان بەهێز دەكات، بۆ پارێزگاریكردن لە سەلامەتیی خۆمان لە جیهاندا. جووڵێنەری داهێنانمانە كە گەشانەوەی ئابووریمان بەرەوپێش دەبات. ئەو ناسنامەمانە، هەر لە روانگەی ئەوەوە لە جیهان دەڕوانین- و جیهان لە دیدگای ئەوەوە لێمان دەڕوانێت. لەبەر ئەوەی توانای ئەمریكا بۆ ئەوەی ببێتە هێزێك لە پێناو پێشخستنی جیهان و خستنەگەڕی هەوڵی بە كۆمەڵ لە ناوخۆوە دەستپێدەكات. نابێت ئەمریكا تەنیا لە رێی لۆژیكی هێزەوە سەركردایەتی بكات، بەڵكو بە هێزی لۆژیك.
(2)
نوێكردنەوەی سەركردایەتیی ئەمریكا بۆ تەیاركردنی بزاوتی جیهان سەبارەت بە هەڕەشە جیهانییەكان
1- ڕێكخستنی جیهان: بە ڕای (بایدن) جیهان لەخۆیەوە خۆی ڕێكناخات، بۆیە پێویستی بە سەركردایەتیی ئەمریكایە، كە پاڵپشتكراوە بە ئامانجگەلێكی ڕوون و ستراتیجیگەلێكی ساغڵەم، بۆ ئەوەی چالاكانە بەرەنگاری تەحەددییە دیاریكراوەكانی جیهان ببێتەوە لەم سەردەمەماندا. لەبەر ئەوە دووپاتی دەكاتەوە «بۆ ئەوەی جارێكی دیكە سەركردایەتی بكەین، پێویستە ڕاستگۆیی و دەستڕۆێشتوویی خۆمان بەدەست بێنینەوە». پەیمانیش دەدات كە لە یەكەم ڕۆژی ئیدارەكەیەوە، ئەوا دەوڵەتانی دیكە دەتوانن جارێكی دیكە متمانە بە سەركردایەتیی ئەمریكا بكەنەوە و ڕێز لە قسەی سەرۆكی ئەمریكا بگرن، ئەویش لەپێناو پێكەوە كاركردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵكشانی پۆپۆلیست و نەتەوەپەرست و دیماگۆجییەكان، و روبەڕووبوونەوەی توانای گەشەكردووی هێزە ستەمكارەكان و هەوڵەكانیان بۆ دابەشكردنی دیموكراتییەكان، هەروەها هەڕەشە ناوازەكان لەم سەردەمەماندا، لەوانەش هەڕەشەی نوێی جەنگی ئەتۆمی، كۆچی بەكۆمەڵ، كاریگەریی وێرانكەرانەی تەكنەلۆژیا تازەكان، گۆڕانی كەشوهەوا.
2- بەرگری لە بەرژەوەندییە زیندەگییەكان: لەم بوارەدا كە پەیوەستە بە هەڕەشەكان، بایدن پەیمان دەدات كە بەرگری لە بەرژەوەندییە زیندەگییەكانی ئەمریكا بكات، هیچ كاتێك دوودڵ نەبێت لە پاراستنی گەلی ئەمریكا، لە كاتی پێویستیشدا هێزبەكاربهێنێت، ئەو دەڵێت: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهێزترین سوپای هەیە لە جیهاندا، و بایدن مانەوەی خۆی بەم شێوەیە زامن دەكات، كاتێ ئیدارەی بایدن وەبەرهێنانی پێویست ئەنجام دەدات بۆ ئامادەكردنی هێزەكانی ئەمریكا بە شێوەیەك كە بتوانێت رووبەڕووی تەحەددییەكان ببێتەوە و بەرگری لە بەرژەوەندییە زیندەگییەكانی ئەمریكا بكات.
3- كۆتاییهێنان بە جەنگەكان: بایدن پلان دادەڕێژێت بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگە هەمیشەییەكان لە ئەفغانستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە خوێن و پارەیەكی بێشوماری لە پێناودا بە هەدەر درا، هەروەها بایدن زۆربەی زۆری هێزەكان لە ئەفغانستانەوە دەگەڕێنێتەوە وڵات، ئەركەكەی زیاتر دەخاتە سەر قاعیدە و داعش، هەروەها كۆتایی بە پاڵپشتیی ئەمریكا دەهێنێت بۆ ئەو جەنگەی كە سعودیە لە یەمەن سەركردایەتیی دەكات. مانەوە لەو ململانێیانەی ناكرێت براوە بیت تێیاندا، تەنیا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی تواناكانی ئەمریكا لە سەركردایەتیكردنی كێشەكانی دیكە كە پێویستیان بە بایەخێكی تایبەت هەیە، رێگریشە لە بنیادنانەوەی ئامرازەكانی دیكەی هێزی ئەمریكا.
4- بەرزكردنەوەی ئاستی دیپلۆماسی: وەك سەرۆك، بایدن هەوڵدەدات، كارامەیی دیپلۆماسییەتی ئەمریكا وەك ئامرازێكی سەرەكی بەرزبكاتەوە بۆ بەشداریكردنی ئەمریكا لە كاروبارو كێشە جیهانییەكاندا، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە شێوەیەكی تازەو ڕێك بنیاددەنێتەوە، لەپێناو كاری هەرەوەزی لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەدا كە كاری دیپلۆماسییەت سەلامەتترو سەركەوتووتر دەكات بۆ زامنی پاراستنی پێگەی ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك تاكە زلهێزێك لە جیهاندا- بەپێی ئەوەی كە زانای سیاسیی ناودار (هنتكتن) دەستنیشانی كردووە. كاندیكردنی كەسایەتیی دیپلۆماتی (Antony Blinken ئەنتونی بلینكن) وەك وەزیری دەرەوە بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجەیە.
5- گێڕانەوەی هاوبەشییەكان و دووبارە وێناكردنەوەیان: بایدن زۆر چالاكانە هەوڵدەدات شەراكەتی مێژوویی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ هاوپەیمانە مێژووییەكانی لە ئەوروپاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بگێڕێتەوە، بایدن هەوڵدەدات دیدگایان بۆ ئایندە دابڕێژێتەوە، ئەمەش بە واتای پاراستنی توانا سەربازییەكانی پەیمانی ناتۆیە، لەگەڵ زیادكردنی توانا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ناتەقلیدییە نوێیەكان، وەك گەندەڵیی چەكداری و دزی ئەلكترۆنی و هەڕەشەگەلی تازە لە بۆشایی ئاسمان و لە بەرزاییەكانی دەریادا، داواكردن لە هەموو دەوڵەتانی ناتۆ كە پابەند ببنەوە بە بەرپرسیارێتییەكانیان وەك ئەندام لە هاوپەیمانیی دیموكراتی، هەروەها بەهێزكردنی هاریكاری لەگەڵ شەریكە دیموكراتییەكان لە دەرەوەی ئەمریكای باكوور و ئەوروپا لە ڕێی گەیشتن بە شەریكەكان لە ئاسیا بۆ پتەوكردنی توانا بەكۆمەڵەكان و هێنانەناوی دۆستان لە ئەمریكای لاتین و ئەفریقیا. كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكان میوانداریی لووتكەی داهاتووی هەردوو ئەمریكا دەكات لە ساڵی 2021، سەرۆكی هەڵبژێردراو (بایدن) ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە بۆ بنیادنانەوەی ڕایەڵی بەهێز لەگەڵ نیوەی ڕۆژئاوای زەمین لەسەر بنەمای دیموكراتییەت و مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا. هەروەها هاوپەیمانێتییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ ژاپۆن و كۆریای باشوورو ئوسترالیا و دیموكراتییەكانی دیكەی ئاسیا بەهێز دەكات، لەگەڵ پارێزگاریكردن لە پابەندبوونی توند بە ئاسایشی ئیسڕائیلەوە.
(3)
نوێكردنەوەی پابەندبوونەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە دانانی سنوورێك بۆ پڕچەككردن لە سەردەمی تازەدا
لە كارە پێشینەییەكانی بایدن رێگەگرتنە لەوەی كە رێككەوتنی مێژوویی ئەتۆمیی ئێران، كە ئیدارەی (ئۆباماو بایدن) شان بە شانی هاوپەیمانەكان و هێزەكانی دیكەی جیهان گفتوگۆیان لەبارەوە كرد، لەلایەن ئێرانەوە بەكارنەهێنرێت بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی. لەگەڵ ئەمەشدا، سەرۆك ترەمپ وەلاوەیەوە نابوو، ئەمەش وای كرد كە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەكەی بە گەڕبخاتەوە و زیاتر كاری ئیستفزازی بكات، بەمەش ناوچەكەی خستە سەر لێواری جەنگێكی دیكەی كارەساتبار، بەڵام ئەگەر ئێران پێوەی پابەند بووەوە، ئەوا سەرۆك بایدن دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنەكە، ئەویش بە بەكارهێنانی دیپلۆماسییەتێكی توند بە پاڵپشتیی هاوپەیمانەكانمان بۆ بەهێزكردن و درێژەپێدانی، بەڵام چالاكانەتر بەرەنگاری چالاكییە ناسەقگیركارەكانی دیكەی ئێران دەبێتەوە.
لە كۆریای باكووردا، بایدن دەست دەكات بە هەڵمەتێكی بەردەوام و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و ئەوانی دیكە، لەوانەش چین، بۆ بەهێزكردنی ئامانجە هاوبەشەكە كە بریتییە لە داماڵینی چەكی ئەتۆمی لە كۆریای باكوور. وەك سەرۆك، بایدن هەوڵدەدات پەیماننامەی نوێی (ستارت) درێژبكاتەوە، كە بناغەیە بۆ سەقامگیریی ستراتیجیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و رووسیا، ئەمەش وەك بناغەیەك بەكاردەهێنێت بۆ ڕێكاری تازەی دانانی سنوورێك بۆ چەك.
(4)
كچە رۆژنامەنووسی دیاری ئەمریكا و پسپۆڕ لە شرۆڤەكردنی كاروباری دەرەوە Robin Wright لە گۆڤاری بەناوبانگی ئەمریكی New Yorker) November2020 وتارێكی شیكاریی نووسیوە سەبارەت بە لێكدانەوە و بۆچوونی (بایدن) لەمەڕ سیاسەتی داهاتووی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ژێر ئیدارەی ئەودا، رۆژنامەنووسەكە هەندێك لێكدانەوە و بۆچوونی بڵاوكردۆتەوە سەبارەت بە پایە جەوهەرییەكانی ئەو سیاسەتە و بەم شێوەیە:
حەوت پایەكەی سیاسەتی دەرەوەی بایدن
رۆژنامەنووس (رایت) دەنووسێت كە سەرۆكی هەڵبژێردراو (بایدن) لە دەرەوە زیاتر جەماوەری لەگەڵدا دەبێت بە بەراورد بە ناوخۆ، ئەمەش بەشێكی بۆ ئەو شارەزاییە دەگەڕێتەوە كە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی هەیەتی، بایدن لەنێوان هەڵبژاردنی یەكەمی بۆ ئەنجومەنی پیران لە ساڵی 1972، وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆك لە ساڵی 2009، هەروەها دوو ماوەی وەك سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران بەسەر بردووە، چەندین دەیە سەردانی ناوچە گەرمەكانی ململانێ و كارەساتبارەكانی كردووە، چاوی بە سەدو پەنجا سەركردەی بیانی لە نزیكەی پازدە دەوڵەت كەوتووە.
توێژەری پسپۆڕ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆیۆرایس Riceی ئەمریكی،Douglas Brinkley دۆگلاس برینكلی رای تایبەتی و گرنگی خۆی هەیە دەربارەی سەرۆكی هەڵبژێردراو كە دەڵێت: بە دڵنیاییەوە بایدن شارەزاترین سەرۆكی ئەمریكایە لە پرۆسەی دروستكردنی سیاسەتی دەرەوە، لە رووی ناسینی هەموو وڵاتێك و چۆنێتیی كاركردنی هەر یەكێك لەو وڵاتانە، كەس وەك بایدن شارەزایی لە سیاسەتی دەرەوەدا نییە، بەڵام بەهۆی كۆتوبەندە سیاسییە ناوخۆییەكان، بەتایبەتی ئەگەر كۆمارییەكان پارێزگارییان لە كۆنتڕۆڵكردنی ئەنجومەنی پیران كرد، ئەوا كارەكە دیسان بە كاریگەریی بایدن كۆتایی دێت بەسەر هەموو جیهاندا زیاتر لە كاریگەریی بەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكاندا، بۆیە دەكرێت بایدن لە ناوخۆدا تووشی كۆسپ بێت، هەروەك برینكلی دەڵێت، بەڵام دەرفەتی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لە گەورەترین سەركردەكانی سیاسەتی دەرەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، (رایت) دەنووسێت: وێڕای شارەزاییەكەی، بایدن پاڵپشتیی كردووە لە هەندێك سیاسەتی مشتومڕئامێز. ئەو دژی ئەوە بوو رێگا بدرێت بە ئەنجامدانی پرۆسەی گەردەلوولی بیابان بۆ دەركردنی هێزەكانی عێراق لە كوێت ساڵی 1991، بەڵام دوای ئەوە پاڵپشتیی لە پەلامارەكەی ئەمریكا بۆ عێراق كرد لە ساڵی 2003، لە ساڵی 2006دا بەشداریی كرد لە نووسینی سەروتارێك لە رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) كە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، پێشنیاری كردبوو عێراق بەسەر سێ دەوڵەتی بچووكی خاوەن ئۆتۆنۆمی (سوننی و شیعی و كوردی)دا دابەش بێت، بەڵام (رایت) باسی ئەوەی نەكردبوو كە (رۆبێرت گێتس Gates) بەڕێوەبەری CIA و وەزیری پێشووتری بەرگریی ئەمریكا لە یاداشتەكانیدا لەسەر بایدن نووسیبووی: پیاوێكی دەستپاكە، ئەستەمە پێی سەرسام نەبێت، بەڵام لە هەمان كاتدا (گیتس) گوتبووی كە بە درێژایی چوار دەیەی رابردوو بایدن هەڵە بووە لە هەموو پرسە سەرەكییەكانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دوای هەڵبژاردنەكانی نۆڤەمبەری 2020 و هەڵبژاردنی سەرۆكێكی تازە كە بە تەواوی جیاوازە لە سەرۆك ترەمپ، خۆی لەبەردەم دۆخێكی تازەدا دەبینێتەوە، كە پێویست دەكات سیاسەتگەلێكی تازە دابنێت، بەتایبەتیش لە داڕشتنێكی تازەی سیاسەتی دەرەوەدا. كەواتە، دەبێ ئەو داڕشتنە تازەیە چۆن بێت؟
(رایت) دەڵێت: بۆ دیاریكردنی ئەو سیاسەتە تازەیەی دەرەوە، دەكرێت حەوت پایە دەستنیشان بكرێت، كە سیاسەتی تازەی دەرەوەی ئەمریكای لەسەر بنیادبنرێت، بریتین لە:
1-پایەی یەكەم بریتییە لە ژیان بەبەرداكردنەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی كە لەگەڵ ئەوروپادا هەرەسی هێناوە، چونكە بیروباوەڕی ترەمپ (ئەمریكا یەكەم) ئەو هاوپەیمانییەی لاواز كرد كە بە درێژایی ئەو چەند دەیە بەهێزترین ئامرازی جیهانی بوو بۆ واشنتۆن، هەروەها سەرۆكی فەرەنسا ئیمانۆیل ماكرۆن لە توێتەردا نووسیویەتی: زۆرمان هەیە كە بیكەین بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەددییەكانی ئەمڕۆ، با پێكەوە كاربكەین، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش (ماس) دەڵێت: دەمانەوێت هاریكارییەكەمان بەرهەمدار بێت لەپێناو سەرەتایەكی تازە بە ڕێی ئەتڵەسی و گرێبەستێكی نوێ.
2- -پایەی دووەم، بریتییە لە كۆكردنەوەی هێز و داهاتەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەكان، پێشبینیش دەكرێت بە خێرایی كاربكات بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ناتۆ- گەورەترین هاوپەیمانیی سەربازی لە جیهاندا، كە نوێنەرایەتیی نزیكەی ملیۆنێك كەس دەكات- دوای چوار ساڵ لە پەیوەندیی ساردی سەردەمی ترەمپ، لە بەیاننامەیەكدا (ینس ستۆلتنبێرگ) ئەمینداری گشتیی پەیمانی ناتۆ بە گەرمی خۆشحاڵیی بە هەڵبژاردنی بایدن دەربڕی، ئەو نووسیویەتی: ئێمە پێویستمان بەو هێزە بەكۆمەڵە هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ چەندین تەحەددی كە رووبەڕوویان دەبینەوە، لەوانەش رووسیا، تیرۆری نێودەوڵەتی، هەڕەشەكانی سیبرانی و مووشەكی، هەروەها گۆڕانكاری لە هاوسەنگیی هێزە جیهانییەكان لەگەڵ هەڵكشانی چین.
3- -پایەی سێیەم، بریتییە لە بڕواهێنانی بایدن بە پەیماننامەو دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، چونكە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو رێكەوتننامانەی كە ترەمپ دەستبەرداری بوون، وەك گەڕانەوە بۆ رێككەوتننامەی ساڵی 2015ی پاریس بۆ كەشوهەوا كە بۆ رزگاركردنی زەوی داڕێژرا، هەروەها چوونە ناو رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ ئەوەی بەپیرەوەهاتنێكی جیهانی و بەهێز پێكبهێنرێت بۆ پەتای كۆڤید-19.
بایدن پلان دادەنێت بۆ درێژكردنەوەی ئەو تاكە پەیماننامەی كە ماوەتەوە بۆ دانانی سنوورێك بۆ چەك لەگەڵ رووسیادا، كە سنوور بۆ چەكی ئەتۆمی دادەنێت و لە مانگی شوباتدا كۆتایی دێت، بایدن دیسان دەیەوێت كاربكات لەگەڵ هەر سێ هێزەكەی ئەوروپا (بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا) وێڕای رووسیا و چین بۆ بەتینكردنی رێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران كە لە بنەڕەتدا لە ساڵی 2015 وتووێژی لەسەر كرابوو، ترەمپیش لە ساڵی 2018 دەستبەرداری بوو.
4- پایەی چوارەم تایبەتە بە مافەكانی مرۆڤ، بایدن دەوڵەتانی هەڵسەنگاندووە لەمیانی تۆمارەكانیان لە پەیوەندی بە ئاستی رێزگرتنیان لە مافەكانی مرۆڤ، ئەمەش وا لە ستەمكاران دەكات دوودڵ بن لە سەركوتكردنی نەیارەكانیان.
5- پایەی پێنجەم سیاسەتی دەرەوەی بایدن بریتییە لە توندكردنی مامەڵە لەگەڵ رژێمە نادیموكراتییەكان و سەركردە دیكتاتۆرییەكان، ئەمەش بە دڵی ستەمكارەكان نابێت، داهات و هێزیان هەر چەند بێت، وەك ئەوەی ترەمپ ئەنجامی دا. لە تەمووزی رابردوودا بایدن تویتێكی كرد و رایگەیاند چیدیكە دەسەڵاتی رەها نادرێت بە دیكتاتۆرە دڵخوازەكەی ترەمپ. لە هەمان كاتدا، لە پرۆگرامی حزبی دیموكراتیدا هاتووە كە بایدن باوەڕی بە گۆڕینی رژێمەكان نییە.
بەرنامەی بایدن لە تێكەڵبوونی نێوان پرەنسیپەكان و پراگماتیك بە شێوەیەكی باشتر رەنگدانەوەی هەبوو لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرۆكی رووسیا (پوتین) دا، (ئەنجیلا ستینت Angela Stent) بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی ئەوروپی و ئاسیایی و رووسی و ئەوروپای رۆژهەڵات لە زانكۆی جۆرج تاون دەڵێت: تا ئێستا رووسیا ددانی بە سەركەوتنی بایدندا نەناوە، چونكە ئەمە بەشێكە لە سیاسەتەكەیان بۆ پاڵپشتیكردنی زیاتر لە جەمسەربەندی و دابەشكاری لە ویلایەتە یەكگرتووەكان.
رووسییەكان لە نزیكەوە بایدن دەناسن، سەرۆكی هەڵبژێردراو چەندین جار پوتینی دیوە، (ستینت) دەڵێت: بایدن وتارێكی توندی هەبوو سەبارەت بە رووسیا، بۆیە ئەوان لێی نێگەرانن. لەگەڵ ئەوەشدا رووسییەكان دەزانن كە ئیدارەی بایدن ئامادەیە بۆ گێڕانەوەی كەناڵە نەریتییە دیپلۆماسییەكان كە لەمیانی ئیدارەی ترەمپدا پەكیان كەوتبوو. ستینت هەروەها دەڵێت: بایدن زیاتر توانای پێشبنیكردنی دەبێت، هەتا ئەگەر سزای زیاتر بسەپێنێت، دیارە زیاتر جەخت لە مافەكانی مرۆڤ و دیموكراتییەت دەكاتەوە.
لە لایەكی دیكەوە، هەندێ لە هاوپەیمانە دێرینەكان نیگەرانن لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ بایدندا، بنیامین نتنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل نزیكترین هاوپەیمانی ترەمپە، كە هەندێك لە خەونە توندئامێزەكانی نتنیاهۆی بەدیهێنا، ئەویش بە دداننان بە قودس وەك پایتەختی ئیسڕائیل، هەروەها گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ ئەوێ، هاوكات پێشنیازی توندی پلانی ئاشتی لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیلدا و دەستبەرداربوون لە فەلەستینییەكان، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەندێ وڵاتی عەرەبیدا. نتانیاهۆ لە تویتێكدا هەوڵی دا هێمن بێت: ( جۆ - كە مەبەستی- بایدنە، لەوەتەی 40 ساڵە، پەیوەندییەكی شەخسیی دێرین و گەرممان پێكەوە هەیە، من تۆ وەك دۆستێكی گەورەی ئیسڕائیل دەناسم). بەڵام بایدنیش دەزانێت خاڵەكانی لاوازی و پەسندكاریی سیاسیی سەركردەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاڵۆز چین.
6- پایەی شەشەم بریتییە لە رێزگرتنی زیاتری ئەو دەوڵەتانەی داهات و هێزیان كەمە، وەك دەیان دەوڵەتی پێنج كیشوەرەكە، زۆر لە سیاسەتمەداران و تەنانەت خەڵكەكە بەگشتی هیوادەخوازن (بایدن) گرنگییەك پیشان بدات لەسەرووی بەهای خانووبەرە beyond real-estate values بێت، بە هەمان شێوەی ترەمپ باس لە (دەوڵەتە پۆخڵەكانی) كیشوەری ئەفریقیا ناكات، بایدن بە درێژایی چوار دەیە چەندین جار چۆتە ئەفریقیا، بەڵام ترەمپ وەك سەرۆك پێی پێ نەكەوتووە. (زەیتۆ كابۆی) سەرۆكی گروپی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن لەپێناو گۆڕین و شەفافییەتدا لە تانزانیا، لە توێتەردا نووسیویەتی: سەركەوتنی بایدن هێمایەكی هیوابینیی دیموكراتییەت بوو، لە كاتێكدا چەند بەشێكی دیكەی جیهان دەبینێت كە رووناكییەكە كزدەبێت، ئەمە ئەو هیوایە دەبەخشێت كە دەستپاكی و راستگۆیی و كۆشش تائێستا هەر گرنگن، لە هەمان كاتدا پێویستە ئیدارەی بایدن لە ناوخۆش پێشكەوتن بەدەست بهێنێت، تایبەت بە كێشە ئیتنییەكان، تاكو ببێتە جێی ڕاستگۆیی لە بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ لە هەر شوێنێكی دیكەی جیهاندا.
7- كۆتا پایە، پایەی حەوتەم بریتییە لەوەی كە بایدن لە گلۆبالیستە دیارەكانە « an unapologetic globalist»، كە ئەمە دەبێتە تەوەرێك لە بەرنامەكەی تایبەت بەو پرسانەی نێوان پەتاكەو بووژانەوەی ئابووریی جیهانی و تیرۆر، لەگەڵ ئەوەشدا، رووبەڕووی تەحەددییەك دەبێتەوە لە قایلكردنی جیهان بەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تا ئێستا شایانی ئەو هێزەیە كە رۆژێك هەیبووە. (كورت كامبێل Kurt Campbell)ی دیپلۆماتی پێشوو كە ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمەڵەی ئاسیایە، دووپاتی دەكاتەوە كە: لە هۆڵەكانی دەسەڵات و لە ژوورەكانی ئەنجومەنەكانی بەڕێوەبردنی جیهان، گفتوگۆیەكی هێمنانە دەكرێت سەبارەت بەوەی كە ئایا ویلایەتە یەكگرتووەكان كۆنتڕۆڵی نەخشەی جیهان دەكات. ئیدارەی بایدن پێویستی بە هەبوونی ویست و هێزو فێڵكاریی ئەمریكی هەیە، بەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان تا ئێستاش دەتوانێت و پێویستیشە رۆڵی پێشەنگ بگێڕێت. (نیبلیت Robin Niblett) بەڕێوەبەری (چەتام هاوس) لە لەندەن دووپاتی كردەوە كە هەڵكشان و داكشانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو- لە بوشەوە بۆ ئۆباما تا ترەمپ- بووە هۆی ددانپێدانانی واقیعییانەی هاوپەیمانان بەوەی كە قۆرخكردنی سیاسەتی دەرەوە بە فەرمانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن (واتا