راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی حوكمڕانيی كوردستان .. نه‌خشه‌ڕێگه‌ی مسعود بارزانی-یه‌

راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی حوكمڕانيی كوردستان .. نه‌خشه‌ڕێگه‌ی مسعود بارزانی-یه‌

له‌ 20ی نۆڤه‌مبه‌ری 2016 و دوای كۆتايیهاتنی شه‌ڕی دژی داعش له‌ كوردستان، مسعود بارزانی له‌ باشیكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعشدا راگه‌یاند و، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا راشكاوانه‌ رایگه‌یاند: چۆن ئه‌فسانه‌ی تیرۆریستانی داعشمان كۆتایی پێ هێنا، به‌ هه‌مان شێوه‌ كۆتایی به‌ ئیرهابی فيكری و ئاژاوه‌ی سیاسی له‌ كوردستان ده‌هێنین.
بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بۆ كۆتایيهێنان به‌ ئیرهابی فیكری و ئاژاوه‌ و ناسه‌قامگیری، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌یان به‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان كۆتایی پێ ده‌هێندرێت و، سه‌قامگیری بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستان ده‌گێڕێته‌وه‌.
دوای كاره‌ساتی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ 2017، كه‌ كوردستان گه‌یشته‌ سه‌ر لێواری هه‌ڵدێر و خه‌ریك بوو قه‌واره‌ی سیاسيی هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنێت و، حزبه‌ سیاسيیه‌كانیش ئه‌م بارودۆخه‌یان به‌ ده‌رفه‌ت وه‌رگرت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژێر ناوی (حكومه‌تی رزگاريی نیشتمانی) حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌، بارزانی له ‌به‌رامبه‌ر رزگاركردنی كوردستان و رێكخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی، دوو بڕیاری چاره‌نووسسازی گرنگی ده‌ركرد، كه‌ بریتی بوون له‌:
1. بڕیاری به‌رگریكردن له‌ خاكی كوردستان، ئه‌م بڕیاره‌ له ‌ماوه‌ی ته‌نیا 10 رۆژدا و به‌ تۆماركردنی داستانه‌كانی پردێ و سحێلا و مه‌حموودیه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی گۆڕی و مه‌ترسيی نه‌مان له‌سه‌ر كوردستان نه‌ما.
2. بڕیاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ سێ مانگدا و پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئایاری 2018 ی په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ بیانوویه‌ك رازی نه‌بوون و سه‌ره‌نجام به‌ پێداگريی بارزانی، رۆژی 30ى ئه‌یلوولی 2018 بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستنیشان كرا، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌شدا پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسی له‌ كۆی 100 كورسيی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ست هێنا، به‌مه‌ش باڵانسی هێز له‌ كوردستان گۆڕا و هه‌نگاوی جددی بۆ سه‌قامگیريی سیاسی هه‌ڵگیرا.
ئاشكرایه‌ له ‌ماوه‌ی مانگى نۆڤه‌مبه‌ری ساڵى 2017 هه‌تا حوزه‌یرانی 2018 تیكڕای حزبه‌كانی كوردستان (بێجگه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان) داوای ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كه‌ هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت و، ماوه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان درێژ بكرێته‌وه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه،‌ ئاماده‌ بوون چوار ساڵی دیكه‌ش سه‌رۆكایه‌تيی حكومه‌ت لای پارتی بێت، به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوولی 2018 ئه‌نجام نه‌درێت .
ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی سیاسییانه‌ بۆ داوای حزبه‌كان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن و پێداگريی پارتی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، ئه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ پێداگريی پارتی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌و ئامانجه‌ نه‌بووه،‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تيی حكومه‌ت له ‌ده‌ستی خۆیدا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كۆتایی به‌و شێوازی حوكمڕانییه‌ بهێنێت، كه‌ نه‌یتوانیوه‌ خزمه‌تی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بكات و، ئاژاوه‌ و ناسه‌قامگیريی سیاسی رێگر بووه‌ له‌وه‌ی كه‌ حكومه‌ت بتوانێت، بڕیاری به‌هێز بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بدات، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و به‌و سیفه‌ته‌ی شه‌خسی مسعود بارزانی له ‌ماوه‌ی ساڵانی (2005-2017) له‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا بووه، ئاشكراشه‌ به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تيی هه‌رێمی كوردستانیش، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌ له‌ هه‌رێمدا و، هه‌ر كه‌موكورتیيه‌ك له‌ پرۆسه‌ی حوكمڕانیدا هه‌بێت، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیاریه‌تييه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ (مسعود بارزانی) بووه‌، بۆیه‌ هه‌ر خۆی بڕیاری دا، كه‌ ده‌بێت شێوازی حوكمڕانی له‌ كوردستاندا بگۆڕێت، حوكمڕانیيه‌ك له‌ كوردستاندا پیاده‌ بكرێت، كه‌ كوردستانێكی به‌هێز بونیاد بنێت.
بارزانی بۆ جێبه‌جێبه‌جێكردنی ئه‌م نه‌خشه‌ڕێگه‌یه ، نێچیرڤان بارزانی كاندید كرد، بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌و روانگه‌یه‌وه‌ بوو، كه‌ بتوانرێت ئه‌زموونی كه‌ڵه‌كه‌بووی نێچیرڤان بارزانی له‌ حوكمڕانیدا، ببێته‌ رێگه‌نیشانده‌ر و پاڵپشت بۆ جێه‌جێكردنی ئه‌م نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌،، هه‌روه‌ها مسرور بارزانی-يشی كاندید كرد، بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش له‌و لۆژیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو، كه‌ جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌ی تازه‌ پێویستی به‌ ستافێكی تازه‌یه‌ له‌ ژێر چاودێريی نێچیرڤان بارزانی-دا، كۆی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ی كه‌ بارزانی بۆ حوكمڕانيی باش و به‌هێز له‌ كوردستاندا دایڕشتبوو، ئه‌ركه‌ قورسه‌كه‌ی خسته‌ سه‌ر شانی نێچیرڤان بارزانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 نێچیرڤان بارزانی به‌ پله‌ی "ئیمتیاز" له‌ ئه‌زموونی بارزانی ده‌رچووبوو، ته‌واو ته‌واو متمانه‌ی بارزانی به‌ده‌ست هێنابوو.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (كابینه‌ی نۆيه‌م) له ‌ئێواره‌ی 22ی ئایاری ئه‌مساڵ و به ‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی پیرۆزی ره‌مه‌زانه‌وه‌، په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی پێشكه‌شی گه‌لی كوردستان كرد و، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئه‌م نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ی مسعود بارزانی بۆ شكستی حوكمڕانی، زۆر به‌ شه‌فافى و راستگۆیانه‌ به‌ گه‌لی كوردستان راگه‌یاند، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ی گره‌و له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ ناو پارتی دیموكراتی كوردستان دوو ئاراسته‌ی جیاواز هه‌یه‌ و، ده‌یانه‌وێت وای پیشان بده‌ن، په‌یامه‌كه‌ی مسرور بارزانی كه‌ ئاراسته‌ی حكومه‌ته‌كانی پێشتر كراوه،‌ ‌مه‌به‌ست (نێچیرڤان بارزانی)یه‌، ئه‌وا گرنگه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه،‌ باش بزانن كه‌ له‌ ژێر چه‌تری مسعود بارزانی-دا پانتاییه‌كی فراوان بۆ بیركردنه‌وه‌ی جیاواز بوونی هه‌یه‌ و، ئاراسته‌ی جیاواز به ‌مانای (ته‌كه‌تول و باڵباڵينێ) بوونی نییه‌ ، له‌مه‌ش زیاتر سه‌ركه‌وتن و شكستی پرۆسه‌ی حوكمڕانی له‌ كوردستاندا هه‌ر له‌ ساڵی 1992 هه‌تا ئێستا، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیاریه‌تی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی سه‌رۆك مسعود بارزانی، به‌ پله‌ی كه‌متر ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی نێچیرڤان بارزانی .
نێچیرڤان بارزانی كه‌ ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆكی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، له ‌یه‌ك كاتدا سه‌رۆك وه‌زیران و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌ جێبه‌جێكاره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیشی له‌لا بوو، خۆی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد، كه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان بكرێت و، ئه‌و شێوازه‌ كۆنه‌ی حوكمڕانى نوێ بكرێته‌وه‌ و، كوردستانێكی به‌هێز بونیاد بنرێته‌وه‌.
Top