ئەمریكا لە نێوان كورد و میلیشیای توندڕەودا
January 14, 2020
وتار و بیروڕا
ئەمریكا یەك لەو وڵاتانە بوو كە دژی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان وەستا، ئەو كات ماك گۆرك-ی نوێنەری سەرۆكی ئەو وڵاتە و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق رۆڵێكی زۆر خراپیان بینی، هەروەها كاتێ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر كەركووك كە بەداخەوە گروپێكی ناو لایەنێكی سیاسی كوردی هاوكاریان بوون، ئەو وڵاتە بێدەنگیی هەڵبژارد، كە تیایدا هەموو جۆرە چەكێكی پێشكەوتووی ئەمریكی لەلایەن ئەو میلیشیانەوە بەكار هات كە لەلایەن دەوڵەتەوە و بە ئاگاداریی خودی ئەمریكا پێیان درابوو، وەك تانكی ئابرامز و هی دیكە. هەتا لێدوانی هەندێ لە سەركردەكانی ئەو میلیشیایانە گەیشتە راددەی هەڕەشەكردن لە هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە ئەزموونە فیدڕاڵییەكەی و وتیان ئامانجمان هەولێر و جوداخوازەكانە و ناوی هەرێمی كوردستانیشیان كرد بە باكووری عێراق، كە ئەمەش پێشێلكردنی زەقی دەستوور بوو.
ئەمریكا لە هەموو كەس باشتر دەزانێ كە كورد هاوپەیمانی راستەقینەی ئەمریكایە و هیچ لایەنێكی دیكەی عێراق هاوپەیمانی نەبوون و ناشبن، كەچی بە درێژایی شازدە ساڵی رابردوو هەمیشە پێداگری لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراقی كردووە لەمپەریش بووە لە بەردەم خواستەكانی گەلی كوردستان، ئەو گەلەی كە دەیزانی زۆر ئەستەمە لە چوارچێوەی عێراقێكی میلیشیاوی بژی و لەم رووەوە سەركردایەتیی كورد چەندین جار بە وردی ئەم حاڵەتەیان گەیاندۆتە ئەمریكییەكان و پێیان گوتن كە ئەوانەی ئێوە پشتگیرییان لێ دەكەن، دوژمنی ئێوەن، ئەوانە هەرچییان بۆ بكەن، هەر دەڵێن سولەیمانی فەرماندەمانە و خامەنەئی سەركردەمانە، وەك ئەوەی كە لە خۆپیشاندانەكانی ئەو میلیشیایانەمان دیت دژ بە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.
من هەمیشە گوتوومە حەشدی شەعبی لە داعش خەتەرترە و هیچ جیاوازییەك لە نێوانیاندا نییە، داعش خەڵكی دەكوشت و میلیشایاكانیش بەهەمان شێوە تاوان دەكەن، وەك ئەوەی لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان روودەدات لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.
حەشد نەك هەر مەترسییە بۆ ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی، بەڵكو مەترسییە بۆ كورد و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقیش، ئەو هێزەی كە لەبەرچاوی ئەمریكا تەشەنەی كرد و رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێ.
ئەوانەی لەسەر زرێپۆشی ئەمریكا هاتن و دەسەڵاتیان گرتە دەست، ئەمڕۆ لە دژی ئەمریكا و بە فیتی وڵاتێك هەڕەشە لە بوونی ئەو وڵاتە دەكەن.
بەداخەوە ئەمریكا زۆر هەڵەی لە عێراق كرد، یەك لەو هەڵانە ئەوە بوو كە بۆ خاتری میلیشیاكان كوردی كردە قوربانی، كەچی ئەمڕۆ هەر ئەو میلیشیایانە باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دەسووتێنن. هەر كەس سەیری وێنەكانی سووتاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بكات، كارە وەحشییانەكەی سووتاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریكای لە تاران دێتەوە یاد كە چۆن لە ساڵی 1979 كەسانێكی هەمەجی چوونە ناو باڵیۆزخانەكە.
هێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر بنكەكانی حزبوڵای عێراقی وەك وەڵامێك بوو بۆ رووداوەكەی «كەی وەن». میدیاكانی حەشد باسی ئەوە دەكەن كە گوایە رووداوەكەی كەی وەن لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەنجام دراوە، بە بەڵگەی ئەوەی گوایە بەڵگەنامەیەكیان بەدەست كەوتووە كە تیایدا ئەمریكییەكان ئاماژە بە هێرشێكی داعش دەكەن بۆ سەر ئەو بنكەیە.
بەداخەوە دەڵێم ئەو میدیایانە راستییەكان ئاوەژوو دەكەن، بە پێی زانیارییەكی ورد كە بەدەستم كەوتووە لە لێدانی بنكەی كەی وەن بە 30 رۆكێت، حزبوڵای عێراقی ویستبووی كۆتایی بە چەند فەرماندەیەكی ئەمریكی و عێراقی بهێنێ.
زانیارییەكە دەڵێ: بڕیاربوو لە رۆژی لێدانی بنكەكە چەند فەرماندەیەكی ئەمریكی و عێراقی (سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی) لەو شوێنە كۆببنەوە بۆ دانانی پلانێك دژ بە داعش لەچەند ناوچەیەكدا، بەڵام لەبەر نالەباریی كەشوهەوا كۆبوونەوەكە دواخرابوو.
حزبوڵا زانیاریی دەربارەی دانیشتنەكە پێ گەیشتبوو، فەرمانی پێ درا لە كات و ساتێكدا بۆردومانی شوێنەكە بكرێ و ئەو هەموو فەرماندە ئەمریكی و عێراقییە پاكتاو بكرێن.
بەڵام ئەو زانیارییەی پێ نەگەیشتبوو كە كتوپڕ كۆبوونەوەكە دواخرا، بۆیە هەر لەسەر زانیاریی یەكەم بۆردومانی شوێنەكەی كرد و ئیتر بووە هۆی كوژرانی ئەمریكییەك و برینداربوونی چەند فەرمانبەرێكی عێراقی.
بە واتایەكی دیكە ئەگەر ئەو رۆژە كۆبوونەوەكە بكرابایە، راستە چەند فەرماندەیەكی ئەمریكی دەبوونە قوربانی، بەڵام چەندین فەرماندەی عێراقییش دەكوژران.
بەداخەوە نە سەرۆك وەزیرانی عێراق و نە كەسی دیكە نەیانتوانی رێگری لە میلیشیایاكانی حەشدی شەعبی بكەن، تا هێرش نەكەنە سەر باڵیۆزخانەكە كە بە حیساب ئەوانە بەشێكن لە مەنزومەی بەرگریی عێراق كە سەرۆك وەزیران فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە.
عادل عەبدولمەهدی دەڵێ تا ئێستا توانیومانە 95%ی حەشدی شەعبی كۆنتڕۆڵ بكەین، كە لە راستیدا وانییە و پێچەوانەكەی راستە.
هەر كەس بڵێ حەشدی شەعبی بەشێكە لەو مەنزومەیە درۆ دەكات، كە بە داخەوە ئەم ئیدیعایە زۆر بە ئاسایی لەسەر ئەمریكییەكان تێپەڕبوو.
ئایا لێرەدا مافی خۆمانە بپرسین: چۆن هێزەكانی حەشدی شەعبی، رێك حزبوڵای عێراقی توانییان بچنە ناو زۆنی سەوزەوە و كێ رێی پێدان بەو ئاسانییە بگەنە باڵیۆزخانەی ئەمریكا؟ ئایا دەسەڵاتی بەغدا دەستی لەو بابەتە هەیە، یان نا؟ بەهەر حاڵ ئەمە كاری ئەمریكییەكانە تا لە راستیی رووداوەكە بكۆڵنەوە.
لێرەدا حەز دەكەم بۆچوونی برادەرێك بخەمەڕوو سەبارەت بە سووتاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا كە بە تەلەفۆن پێی راگەیاندم و گوتی: «دەبا تامی ئازارەكە بكەن و بزانن ئێمەی كورد ساڵانێكە لە چ ئازارێكداین، بەبێ ئەوەی كەس بە هانامانەوە بێ.»
ئەگەر ئەمریكا رۆڵێكی ئەرێنیی بدیتبا لە پرسی سەربەخۆیی كورد، ئەوا ئەمڕۆ لە ئازاری سەد ساڵەی دامەزراندنی عێراق رزگارمان دەبوو.
پێویستە ئەمریكا چاو بە سیاسەتەكانی پێشوویدا بخشێنێتەوە و زیاتر پشت بە كورد ببەستێ، بەتایبەتی كە ئەو میلیشیایانە بە هۆی ئەندامەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بڕیارێكیان دەركرد بە راسپاردنی حكومەتی عێراقی بۆ دەرخستنی هێزە ئەمریكییەكان لە وڵاتدا.