دواجار بەغدادی كوژرا..بەڵام!!
November 10, 2019
وتار و بیروڕا
وتەبێژی فەرمیی تازەی رێكخراوەكە ئەبو حەمزە ئەلقورەشی لە تۆمارێكی دەنگیدا لە ماڵپەڕی تەلگرام گوتی: «پرسەی ئەبوبەكر بەغدادی، هەروەها ئەبولحەسەنی وتەبێژی فەرمیی دەوڵەت رادەگەیەنین كە لەم چەند رۆژەی رابردوودا كوژران»، هەروەها گوتی: «ئەنجومەنی شورای رێكخراوەكە بەیعەتی داوەتە ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەشی وەك ئەمیر»، بەپێی پەیامێكی دەنگی، داواشی لە ئەندامەكانی كرد وەلا بۆ سەركردە تازەكە رابگەیەنن، ئەمەو سەرۆكی ئەمریكا لە 27ی تشرینی یەكەمی رابردوودا كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی لە گوندی (باریشا)ی سەر بە ئیدلب لە باكووری رۆژئاوای سووریا راگەیاندبوو، دوای ئۆپەراسیۆنێكی دابەزینی هێزێكی ئەمریكا كە تێیدا هەروەها دوو ژنی و سێ منداڵی و چەندین كەسیش لە پاسەوانانی كوژران، بە گوتەی سەرۆكی ئەمریكا بەغدادی كاتێ كوژرا كە قەمسەڵە بۆمبڕێژكراوەی تەقاندەوە، دوای ئەوەی دەوری گیرا لە ناو تونێلێكی داخراو كە سێ منداڵی خۆیشی لەگەڵدا بوون، ئەو دوو ژنەیشی كە كوژران دوو پشتێنەی بۆمبڕێژكراویان لەبەردا بوو.
ترەمپ دووپاتیشی كردەوە كە رووسیا و توركیا پێش روودانی لەم ئۆپەراسیۆنە ئاگادار كرانەوە، بەڵام چۆنێتیی ئەنجامدانیان نەزانیبوو، رووسیاش بواری ئاسمانی كردەوە كە تەنیا هێزەكانی ئەمریكا لە ئاسماندا بوون، ترەمپیش سوپاسی هەر یەك لە رووسیا و توركیا و سووریا و عێراق و كوردی كرد، كە توانییان بە زانیاریی گرنگ یارمەتیی هێزەكانی ئەمریكا بدەن.
پرسیاركە ئەوەیە: بۆچی سەرۆكی ئەمریكا سوپاسی ئەو دەوڵەتانەی كرد كە بە تەواوی دەزانێت كورد خاوەنی ئەو چاكەیە بوون و پشتیوانیی ئەو سەرچاوەیان كرد كە بە هۆیەوە توانرا بەغدادی بدۆزرێتەوە؟ ئایا لەبەر ئەوەی رووسیا بواری ئاسمانی بۆ كردەوە و توركیاش گرێبەستی لەگەڵدا كردبوو و چاوپۆشیی لە تەسفیەكردنی كرد؟ توركیا دەیزانی لە چ شوێنێكە، هەروەها شوێنی ئەلموهاجر، هەردووكیان لە نزیك سنووری توركیا لەناو خاكی سووریا خۆیان شاردبۆوە، ئەلموهاجر لە جەرابلوس دۆزرایەوە، كە شارێكە سەر بە پارێزگای حەلەبە و لەژێر كۆنتڕۆڵی توركیادایە، هەرچی بەغدادی بوو لە ئاوایی ئیدلب دۆزرایەوە كە چەندین خاڵی پشكنینی سەربازیی توركیای تێدایە. بەغدادی خەریك بوو خێزانەكەی دەناردە ناو خاكی توركیا كە پێشتر ئەمیری زەكات لە رێكخراوەكە ئەنجامی دابوو و كە دوای كوشتنی بەغدادی و ئەلموهاجر ئەویش دەستگیركرا، لەسەر داوای حكومەتی ئەمریكا پاش ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی لە توركیا ئاشكرا بوو!!
ئەمریكا چاك دەزانێت پەیوەندیی نێوان هەواڵگریی توركیاو داعش چۆنە، بەڵام بێ دەنگە، هەروەك چۆن بێ دەنگ بوو لەهەمبەر هەواڵگریی پاكستان لە مەسەلەی شاردنەوەی بن لادن. ئەدی سەبارەت بە سووریا؟ سەرۆكەكەی رەتی كردەوە كە ئاگای لە كوشتنی بەغدادی هەبێت، ئەو لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی فەرمیی (الاخباریة)ی سووریا گوتی: «گوێمان لە هەواڵی كوشتنی بەغدادی نەبووە، مەگەر لە رێی میدیاكانەوە، رەنگە ناوی سووریا لەم بابەتەدا هاتبێت لەپێناو ئەوەی پشتڕاست بكرێتەوە، بەڵام نازانین ئەم كوشتنە ئەنجام دراوە، یان نا». ئەسەد پرسیاری كرد: «بۆچی هەموو شتێكیان سەبارەت بە كوشتنی بەغدادی شاردەوە؟ هەروەها هەر چی پەیوەستە بەم بابەتەوە فڕتوفێڵە، بەغدادی و رەنگە داعشیش بەرهەم بهێنرێتەوە..!!».
ئەوەی باسمان كرد، بە رای من، پێویستی بە هەڵوەستەكردنە، دوای كوشتنی بەغدادی زۆر لایەن ئیدیعای ئەوەیان دەكرد، كە ئەوان زانیارییان دەربارەی بەغدادی داوە لەو ناوچەیەی كە لێی كوژرا. عێراق ئیدیعای ئەوەی كرد كە هەوڵگرییەكەی بەشدار بووە لە پێشكەشكردنی زانیاریی گرنگ لەسەر شوێنی بەغدادی لە سووریا، لە رێی شانەیەكی تایبەتی (ئەمریكی،بەریتانی،عێراقی)، هەروەها زانیارییەك سەبارەت بە هەوڵی بەغدادی بۆ گواستنەوەی خێزانەكەی بۆ خاكی توركیا.
عێراق بەم شێوەیە باس دەكات كە دوای ئەوەی هەواڵگریی عێراقی هاوزاوای بەغدادی دەستگیركرد، كە بە خۆی ناوی محەمەد عەلی ساجد زەوبەعییە لەو ناوچەیەی كە رەنگە بەغدادی لێ بێت، لەوێوە توانرا بەو رێگەیەدا بەدوایدا بگەڕێن لە نزیك چیای دروزی نزیك گوندی (باریشا) لە ئیدلب، ئەو كەسە لە سەرەتای ددانپێدانانەكەیدا بردنیە تونێلێكی بیابان لە نزیك شاری قائیم لە رۆژئاوای ئەنبار، كە لەوێ دوو حەشارگەی پڕ لە كەلوپەلی شەخسی دۆزرانەوە، كە بریتی بوون لە چەكی سووك و جانتای دەرمانی پزیشكی و كتێبی ئایینی و جانتایەكی بچووك كە نەخشە و پێگەی وێنەكێشراوی دەستنووسی تێدا بوو.
بەپێی ئەو قسانە ژووری بەدواداچوونی بەغدادی سەركەوت لەوەی كە دزەبكاتە نێو تۆڕی قاچاخەوە، لە كۆتایی مانگی ئاب، یان سەرەتای مانگی ئەیلوولی رابردوودا بەدواداچوونیشی كرد تایبەت بە چوونی بەغدادی بۆ ئیدلب، ئەوەشی روونكردەوە كە لەمیانی ئەو دزەكردنەی تۆڕی قاچاخەوە تایبەت بە گواستنەوەی خێزانەكانی ئەو سەركردانەی رێكخراوەكە بۆ دەرەوەی سووریا، بۆ توركیا، ئەو ناوچەو گوندە دەستنیشان كرا كە پێدەچێت بەغدادی رووی تێ كردبێت، دواتر ئەركەكە بە لایەنی ئەمریكا سپێردرا بۆ بەدواداچوون و جێبەجێكردن.
لە سەربردەیەكی دیكەدا دوو هێڵ هەبوون بە درێژایی شەش مانگ بەدواداچوونیان بۆ ئەبوبەكر بەغدادی دەكرد، كە بریتی بوون لە شانەی هەڵۆی هەواڵگریی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها دەزگای هەواڵگری، كە دوای دەستكەوتنی زانیاریی ورد گەیشتنە شوێنی بەغدادی. بەپێی هەمان سەربردە بەغدادی بە هۆی ئەو بەدواداچوونە زۆر هەستی بە دڵەڕاوكێ دەكرد، بۆیە شوێنی خۆی گۆڕی و خاكی عێراقی بەرەو سووریا بەجێ هێشت، لەو دوو سەربردە عێراقییەدا تێدەگەین كە بەدواداچوون بۆ بەغدادی لە خاكی عێراقەوە بووە، نەك لە سووریاوە، هەرچەندە من هەردوو سەربردە بە تەواوی رەتدەكەمەوە، دەزگایەك نەتوانێت قەنناس بەدەستەكانی بەغدا ئاشكرا بكات كە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دەكوژن، چۆن دەتوانێت جوولەی بەغدادی لە باكووری سووریا ببینێت؟ لە كوێش، لە ناوچەیەكی ئۆپەراسیۆن كە لێی دوورە و لە ژێر كۆنتڕۆڵی لایەنگرانی توركیادایە؟
بەڵام سەربردەكەی رووسیا جیاواز بوو لە راگەیاندنەكەی ئەمریكا بە كوشتنی سەرۆكی رێكخراوی داعش ئەبوبەكر بەغدادی، قسەكانی رووسیا گوماناوی بوون لەو وردەكارییەی كە واشنتۆن خستییە روو، هەرچەندە رووسیا ددانی بەوەدا نا، كە ئامێرەكانی روانگەی رووسیا چاودێریی فڕۆكەكانی ئەمریكایان دەكرد، كە ئەم هێرشەیان لە ئیدلب ئەنجام دا. بەدواداچوونەكەی رووسیا لەوەدا هات، دوای ئەوەی كە هەڵوێستی وەزارەتی بەرگری زیاتر روون بووەوە لە گوزارشتكردن سەبارەت بە گومانبردن بە سەربردەی ئەمریكا، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە هیچ زانیارییەكی راست لە ئارادا نییە سەبارەت بەوەی كە ئەمریكا ئەو ئۆپەراسیۆنە تازەیەی بۆ كوشتنی سەركردەی داعش ئەنجام دابێت. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە لایەنی ئەمریكا هیچ هەماهەنگییەكی جوولەی لەگەڵدا نەكردووین، ئەم راگەیاندنەش ناكۆك بوو لەگەڵ دووپاتكردنەوەكەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا كە گوایە لایەنی رووسیای لێ ئاگادار كردۆتەوە، هەروەها لەگەڵ ئەوەی كە ترەمپ ستایشی رۆڵی رووسیای كرد لە سەرخستنی ئەم ئۆپەراسیۆنە.
لایەنی رووسیا دووپاتیشی كردەوە كە وەزارەتی بەرگریی رووسیا زانیاریی باوەڕپێكراوی نییە دەربارەی چالاكییەكانی سوپای ئەمریكا لە ناوچەی ئیدلب، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە كرملین دووپاتی دەكاتەوە ئاگای لە جووڵەی فڕۆكەكانی ئەمریكا بێت. تەنانەت وتەبێژی سەربازیی رووسیا دووپاتی كردەوە كە لەم رۆژانەی دواییدا هیچ گورزێكی ئاسمانی لە ناوچەی ئیدلب لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكا، یان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەنجام نەدراوە!!
سەبارەت بە توركیا، وتەبێژی سەرۆكایەتیی توركیا رایگەیاند كە دەزگا سەربازییەكان و هەواڵگریی هەردوو وڵات (ئەمریكا و توركیا) لە پەیوەندیدا بوون دەربارەی ئۆپەراسیۆنی كوشتنی بەغدادی، بەتایبەتیش شەوی جێبەجێكردنی پەیوەندیی چڕ لە ئارادا بوو لەنێوان دەزگا سەربازییەكاندا. بەڵام بەرپرسێكی سەربازیی ئەمریكی بە گۆڤاری(نیوزویك)ی راگەیاندبوو كە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشتر بەم ئۆپەراسیۆنە ئاگاداری توركیای نەكردبۆوە كە ئامانج لێی بەغدادی بوو، تەنانەت وەزراەتی بەرگریی توركیا لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە زانیاری و هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتی سەربازیی توركیا و ئەمریكا ئاڵوگۆڕ كرابوو پێش ئەوەی ئەمریكا ئەمە لە ئیدلب ئەنجام بدات، بەڵام نازانین ئایا هەماهەنگییەكە دەربارەی پێدانی تیشكی سەوز بوو بە ئەمریكییەكان لەلایەنی توركیاوە لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی باسمان كرد؟
سەبارەت بە كوردیش، پلان بۆ ئەم هێرشە لە هاوینی رابردووەوە كێشرابوو، كاتێك (CIA) زانیاریی دەستكەوت سەبارەت بەو شوێنە گشتییەی كە بەغدادی خۆی تێدا حەشاردابوو لە گوندێكی قووڵایی باكووری رۆژئاوای سووریا، كە دەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی گرووپە پێكناكۆكەكانی رێكخراوی ئەلقاعیدە و نزیك لە توركیا. لەمیانی دزەكردنە نێو تۆڕی قاچاخ تایبەت بە گواستنەوەی خێزانی سەركردەكانی داعش بۆ دەرەوەی سووریا، بە تایبەتیش بۆ توركیا، ئەو ناوچە و گوندە دەستنیشان كرا كە پێیان وا بوو بەغدادی خۆی گەیاندووەتێ. (CIA) لە نزیكەوە كاری بەو زانیارییانە كرد لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگریی كورد لە عێراق و سووریا بۆ دەستنیشانكردنی وردی شوێنی بەغدادی، هەروەها بڵاوكردنەوەی سیخوڕ لە شوێنی گونجاو بۆ چاودێریكردنی جووڵەی بەغدادی.
ئەمریكییەكان دەڵێن كە كورد بەردەوام زانیارییان دەدا بە (CIA) تایبەت بە شوێنی بەغدادی، تەنانەت دوای ئەوەی كە بڕیارەكەی ترەمپ بووە هۆی كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەوەی كە وای كرد كوردی سووریا بە تەنیا رووبەڕووی هێرشەكەی توركیا ببنەوە. تەنانەت بەرپرسێكی ئەمریكی گوتبووی كە كوردانی سووریا و عێراق زانیاریی وردتریان پێشكەش كردبوو تایبەت بە هێرشی چاوەڕوانكراو لە هەر دەوڵەتێكی دیكەوە، بۆیە سەرچاوەیەكی كوردی توانی زانیاریی ورد بداتە هەواڵگریی ئەمریكا پەیوەست بە سەرۆكی رێكخراوی داعش ئەبوبەكر بەغدادی، كە بریتی بوو لە پارچە جلكێكی ژێرەوەی بەكارهێنراو و سامپڵێك لە خوێن، ئەمە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)ەوە ئاشكراكرا، ئەو راپۆرتەی كە سەرچاوە كوردییەكە پێشكەشی كردبوو، زانیاریی وردی تێدا بوو سەبارەت بە نەخشەكاریی شوێنەكە كە خۆی تێدا حەشاردابوو، لەگەڵ ژمارەی پاسەوانەكان و تونێلەكانی دەوری بینایەكەی پەنای بۆ بردبوو، خۆی ئامادە كردبوو بەجێی بهێڵێت، بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكان هێرشەكەی جێبەجێ كرد و سەرچاوەكەی ناو بینایەكەی بە سەلامەتی قوتار كرد.
بەپێی (واشنتۆن پۆست)، سەرچاوەكە لە كاتی هێرشەكە لەوێ بووە و خۆی و خێزانەكەی دوای دوو رۆژ لەو شوێنە دوور خراونەتەوە، سەرچاوەكە زانیاریی هەبووە بە وردەكاریی حەشارگەی بەغدادی، هەروەها هەواڵگریی كوردی ئەو هەواڵدەرەی دۆزیوەتەوە بەهۆی كەسێكی كورد، كە عەرەبێكی سوننە بوو و لە رێكخراوەكە هەڵگەڕابۆوە، دوای ئەوەی خزمێكی بەدەستی چەكدارانی داعش كوژرابوو، دوای ئەمە كورد ناوەكەیان دایە ئەمریكییەكان كە چەند هەفتەیەك لێكۆڵینەوەیان كرد بۆ دڵنیابوون لە راستیی زانیارییەكە پێش ئەوەی دەرفەت بقۆزنەوە لە مانگی تشرینی یەكەم و هێرش بكەنە سەر حەشارگەی بەغدادی، بە گوتەی رۆژنامەكە.
لە راستیدا ئەم هێرشە سەركەوتوو نەدەبوو ئەگەر هەواڵگریی كوردی نەبوایە، هەروەها بێ سیخوڕێكی شاردراوە لەنێو كۆمەڵگەكە و نزیك لە بەغدادی. كەواتە لایەنی كوردی تاكە لایەن بووە كە بەدواداچوونی بۆ بەغدادی كردووەو زانیاریی هەواڵگریی دەربارە كۆكردۆتەوە، دواتر شوێنەكەی دەست نیشان كردووە، ئەمە هەمووی ئەنجامی هەوڵی خۆی بووە، كە هەر ئەو وردەكارییەكانی شوێنەكەی داوە، ئاراستەی پرۆسەی دابەزینی ئاسمانیی كردووەو بەشداریی پرۆسەكەو سەرخستنی كردووە تا دوا سات. ترەمپ ئەم بەشداریكردنەی دووپاتكردەوە كە چۆن زانیاری داوە و بۆتە هۆكاری لەناوبردنی بەغدادی، تەنانەت مایك پینس جێگری سەرۆكی ئەمریكا دووپاتی ئەم بەشدارییەی كردەوە و گوتی: هۆكاری سەركەوتنی هێرشەكەی ئەمریكا بۆ كورد و هێزی تایبەتی ئەمریكا و هێزی دەلتا فۆرس دەگەڕێتەوە.
لێدوانەكەی ترەمپ و پینس توركیای پەست و تووڕە كرد، بۆیە وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوش ئۆغلو وشیاریی دا لە پێدانی رۆڵ بە كورد لەم ئۆپەراسیۆنە، بەتایبەتیش یەكینەكانی كوردی. تەنانەت وتەبێژی فەرمی بە ناوی سەرۆكایەتی توركیا وەك هەمیشە رایگەیاند كە وڵاتەكەی ناتوانێت هەوڵەكانی بریقەداركردنی وێنەی یەكینەكانی كوردی قبووڵ بكات..!!
با واز لەو قسە بێ سەروبەرانە بهێنین و بگەڕێینەوە سەر بابەتەكە، كە كوشتنی بەغدادییە، هەندێ ئاماژەم دەربارەی ئەو بابەتە هەیە:
1. شوێنی هێرشەكە كە بەغدادی تێیدا كوژرا، زانیاریگەلی تازەمان بۆ دەردەخات سەبارەت بەو پەییوەندییانەی كە مایەی سەرنجن لەنێوان ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی داعش و گرووپی (حراس الدین)، كە گرووپی ركابەرەو كۆنتڕۆڵی شاری ئیدلب دەكات و لە بەرەی نوسرەی پێشوو جیابۆتەوە، لە گوندێكی قووڵایی باكووری رۆژئاوای سووریا كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی گرووپە پێكناكۆكەكانی رێكخراوی ئەلقاعیدەدایە، بەغدادی پەنای بردۆتە بەر ماڵی ئەبو محەمەد سەلامە كە نازناوی(ئەلحەلەبی)یە و سەركردەی گرووپێكی توندڕۆیە بە ناوی (حراس الدین) كە باڵێكی رێكخراوی ئەلقاعیدەیە، بۆیە چارەنووسی سەركردەی ئەو گرووپە لە هێرشەكە و چۆنێتیی پەیوەندیی لەگەڵ بەغدادی روون نییە. دەگوترێت كە ئەوەی لە هەندێ شوێن روودەدات، ئەوەیە كە رێكخراوە تیرۆریستییەكان كە دەگوترێت ركابەری یەكن، دەكرێت لە هەندێ هەڵوێستی دیاریكراودا هاوكاریی یەكدی بكەن. بەڵام من بابەتەكە لە گۆشەیەكی دیكەوە دەبینم، بە شێوەیەك كە كوشتنی بەغدادی بەشێك بوو لە ئۆپەراسیۆنێكی گەورەتر و ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە هێزەكانی ئەمریكا جێبەجێیان كرد، (حراس الدین)یشی كردۆتە ئامانج، كە بە كوشتنی یەكێك لە دیارترین بەرپرسی هێزی تایبەتی سەر بە رێكخراوی ئەلقاعیدە كۆتایی هات، ئەویش ئەبو محەمەد ئەلحەلەبییە لەگەڵ ژنەكەی و پێنج منداڵی كە هەموویان كوژران. ئەبو محەمەد ئەلحەلەبی بەردەوام هەوڵی دەدا ناكۆكییەكانی نێوان (نوسرە) و (داعش) چارەسەر بكات، پەیوەندییەكی باشیشی لەگەڵ بەغدادی هەبوو. ئایا ئەمریكا هەستی بەو مەترسییە كردبوو لە ئاكامی تێكەڵبوونی هەردوو رێكخراوەكە بۆیە پێش روودانی پەلەی لێ كرد و ئەم كارەی ئەنجام دا؟
2. ئایا توركیا دەستی هەبووە لە پێدانی تیشكی سەوز بە ئەمریكا بۆ كوشتنی بەغدادی و پەیوەندیی ئەمە بە بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا؟ وەزیری بەرگریی ئەمریكا دەڵێت: «ئەو هەنگاوەی ترەمپ بە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا تیشكی سەوزی پێداین كە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین...»! ئەو قسەیە لە ناوەڕۆكدا ئاماژەی زۆر هەڵدەگرێت كە پێویستە لێیان بكۆڵینەوە.
3. ئایا بەغدادی خۆی تەقاندۆتەوەو وەك ئەوەی ئەمریكا باسی دەكات، یان هێزە هێرشبەرەكە خۆی و منداڵەكانی و هەر دوو ژنەكەی كوشتووە؟ بە بڕوای من ئەمریكاییەكان بەغدادی و ئەندامانی خێزانەكەیان كوشتوون، ئەوەی ئەو فیلمە ببینێت كە سەبارەت بە هێرشەكە نمایشكرا، دەگاتە ئەو راستییەی كە من باسم كرد، بەغدادی خۆی نەتەقاندۆتەوەو سێ منداڵەكانیشی نەكوشتووە وەك باسكراوە، بەڵكو فڕۆكە هێرشبەرەكانی ئەمریكا كوشتوویانن كاتێ هەموو بینایەكەیانیان بەسەردا رووخاندوون، بە تایبەتیش كە بابەتەكە لەسەر كوشتنی منداڵ و ئافرەتە...!!
4. لەناوبردنی بەغدادی گورزێكە تەنیا لە شێوەی كوشتنی بن لادنە كە لە سەردەمی سەرۆك باراك ئۆباما رووی دا، ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە كە ئەو كارانە رێكەوتن و تەنیا پێش هەڵبژاردنەكانی ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتیی ئەمریكا روودەدەن، ئەمەش پرسیاری زۆر دەربارەی رووداوەكە دەورووژێنێت. بە كوشتنی بن لادن و بەغدادی لاپەڕەیەك لە نهێنیی ژیانی دوو لە مەترسیدارترین تیرۆریستانی توندڕۆ دەپێچرێتەوە، بەهەرحاڵ، راگەیاندنی كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادیی سەركردەی داعش ئامانجێكی بەهادار بوو بۆ هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكان، داعش ئەو رێكخراوە زێدە توندڕەوەی جیهان ئەو سەركردەیەی لە دەست دا كە لە چەند مانگی رابردوودا هەوڵی دەدا خۆی رێك بخاتەوە و دوای ئەوەی كە دەستڕۆیشتوویی و كۆنتڕۆڵی خۆی لە سووریا و عێراق لە دەست دا.
بەڵێ، بەغدادی كوژرا، بەڵام كوشتنی ئەو مانای مردنی داعش نییە، دەیان چەكداری هەیە كە تا ئێستا لەبەر هەلومەرجی نادیار لە زیندانەكانی سووریا و عێراقدان، هەروەها ژمارەیەكی بێ شوماریشی لە ناوچەكەو جیهاندا هەیە كە هەوڵی بڵاوبوونەوەی هەژموون دەدەن. ئەوەی دەیڵێین رۆژگار پشتڕاستی كردۆتەوە، بۆ نموونە كوشتنی بن لادن نەبووە هۆی كۆتایی رێكخراوی ئەلقاعیدە، بەڵكو بە پێچەوانەوە ریزەكانی رێكخراوەكە رێكدەخاتەوە، هەروەها خاك و موریدانی تازە بەدەست دێنێتەوە، خاڵی لاوازی رژێم و دەوڵەتانی پەشۆكاو دەقۆزێتەوە تا خۆی بەهێزبكاتەوە.