سیاسەتی چی..؟!

سیاسەتی چی..؟!

هەموو شتێكمان لێ تێكەڵ بووە، یان ئەوەتا ئەم جیهانە،
ئەو جیهانە نییە كە دەمانزانی، یان ئەوەتا چەند سەردەمێك
بە چەند ساڵێك دەبڕین.

وادیارە ئێمە لەسەردەمێكدا دەژین كە تیایدا بەوسەڵە (البوصلة) نەماوە. سیاسەتیش كە هەر رۆژێ روویەكی هەیە لە رەنگ و شێوە و هاوپەیمانی، هیچ كاتێ بەو شێوەیە نەبووە كە ئەمڕۆ دەیبینین، هەر شتێك كە بە مەحاڵمان دەزانی، خەریكە دەبێ بە واقیع.
هەموو شتێكمان لێ تێكەڵ بووە، یان ئەوەتا ئەم جیهانە، ئەو جیهانە نییە كە دەمانزانی، یان ئەوەتا چەند سەردەمێك بە چەند ساڵێك دەبڕین.
بزنێسمانێك بوو بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، گوتیان سەری لە كاروباری سیاسەتیش دەردەچێ، بەڵام كاتێ گەیشتە دەسەڵات، واشنتۆنی سەرەوژێر كرد، لە شەوێكدا دژایەتیی نیوەی جیهان دەكات و پاشان لە چركەیەكدا ئاشتیان دەكاتەوە، ئاژانسێكی دەنگوباسی بۆ خۆی دروست كردووە لەسەر تویتەر و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هۆیەكانی گەورەی راگەیاندن پچڕاندووە و دژایەتییان دەكات. لێدوانی وا دەدات، كە هەست دەكەیت خەریكە شەڕ بەرپا دەبێت، دوایی بە پێچەوانەوی لێدوانەكە، لێدوانی دژ بە هی پێشووی دەدات.
هەموو رووداوە جیاجیاكان، هەر لە كۆریای باكوورەوە تا ئێران و هەرەسهێنانی دانوستانەكانی ئەفغانستان و هەڵوەشانەوەی كۆبوونەوە نهێنییەكەی كامپ دێڤیدو، دۆخی باكووری سووریا و هەڕەشەكانی توركیا، ئەوە دەسەڵمێنن كە خەلەلێكی گەورە لە ستراتیژیەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرامبەر كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، رێك لەناوخودی پارتی كۆماریدا كە پێویستی بە (مستێكی بەهێز) هەیە.
تەنانەت كۆڵن پاوڵ پێی وایە كە ئەو پارتە كارتێكی قازانجداری ئەوتۆی لە دەست نەماوە، ئەویش بەهۆی هەڵسوكەوتی مەزاجییانەی سەرۆكی ئەمریكا كە رۆژێك لەگەڵ كوردە و ستایشی رۆڵیان دەكات لە شەڕی داعش، رۆژێكیش سووكایەتییان پێ دەكات و دەڵێ بەرامبەر پارە و چەك ئەو شەڕەیان كردووە، وەك ئەوەی چەكداری بەكرێگیراو بن!!
ئایا هەق نەبوو رۆژئاوای كوردستان دەرس لە دۆخی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان وەربگرێ؟ ئایا هەر ئەو ئەمریكایە نەبوو كە پشتی لە هەرێم كرد، لە كاتێكدا ئەو هەرێمە چی نەما بۆی نەكات، هەر لە رووخاندنی رژێمی پێشوو تا دەگات بە ئەمڕۆ؟ ئایا پێویست نەبوو یەكڕیزیی ناوچەكەی بپاراستایە و هەموو شتەكان نەخاتە ناو یەك سەبەتەوە؟
خۆ وڵاتێك كە رۆژێ لە رۆژان عوزما بوو، خۆی بە شكسبیر و بیرمەندەكانی دیكەی هەڵدەدا، ئەمڕۆ سەركردەیەكی وەك سەركردەكەی ئەمریكا بە مەزاج حوكمی دەكات، كە بە خۆیشی نازانێ چی لە بڕێخت دەوێ.
ئەو كابرایە لە كاری رۆژانەیدا سوود لە داهێنانە زمانەوانییەكەی شكسبیر وەردەگرێ، كاتی بەیانی قسەیەكی دیكە. ئەگەر لێشی بپرسی پەنا دەباتە بەر شكسبیر و چەند بڕگەیەك بەكار دێنێ لە فەرهەنگە دەوڵەمەندەكەی ئەو داهێنەرەو، خۆی لە وەڵامی پرسیارەكان دەدزێتەوە، ئەگەر زۆر فشاریشی بخەیتە سەر، دەست دەباتە بەر پرچە ئاڵۆزاوییەكەی و وەڵامێكت دەداتەوە كە قەت لێی تێنەگەی..!! داخەكەم، وڵات هەیە لە ژێر چەتری ئایینی حوكم دەكرێ، كەچی هەزمی برا و خوشكەكانی هەر لەو ئایینەدا ناكات و دەیەوێ بە هەر شێوەیەك بێ، قڕیان بكات، چونكە لە نەتەوەی زۆرینەی ئەو وڵاتە نین و سەر بە نەتەوەی دیكەن.
سەركردە هەیە كێشەی وڵاتەكەی تەنیا لە كوردی قوڕبەسەر دەبینێتەوە، هەموو هەوڵێك دەدات تا قڕیان بكات و لە خاكی باب و باپیرانیان وەدریان بنێ.
ئایا هەر ئەو سەركردەیە نەبوو دەیگوت: یان دەیانخەینە ژێر خاكەوە، یانیش دەبێ بە زەلیلی بژین؟!
ئێمەی كورد هەمیشە بە خۆشباوەڕییەوە سەیری لێدوانی ئەم و ئەومان كردووە، بەڵام كاتێ بە ئاگا دێینەوە، دەبینین لێدوانەكانی دوێنێ تەنیا خەیاڵ بوون.
من نازانم لەو جیهانەی ئێمەدا چ روو دەدات؟ ئەم سیاسەتەی كە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینین نە لە كتێبەكەی (میر)ی ماكیاڤیلی دەیبینینەوە، نە لە دیمانەكانی هێنری كیسنجەر.
ئەم سیاسەتە بەشێكە لە شانۆگەرییەكی عەبەسی، نە دەق هەیە و نە سیناریۆ و نە گفتوگۆ. ئەگەر شتێكی هاوبەش هەبێ، ئەوا پاڵەوانەكە لە جیاتی سەركەوتن، وەك ئەوەی لە كۆتایی فلیمەكانی دەیبینین، دەبێ بە دواقوربانی.

Top