با ئیكۆساید وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی بناسێنین
September 4, 2019
وتار و بیروڕا
ئەم تاوانانە ئەگەر لێیان ورد ببینەوە، دەبینین ئەو تاوانانەن كە دژ بە خودی مرۆڤ و مرۆڤایەتی كراون، یان دەكرێن، بەڵام زۆر گرنگە ئاگاداری جۆرێكی دیكە لە تاوان بین، كە دژ بە ژینگەی مرۆڤ دەكرێت، ئەویش تاوانی ئیكۆسایدە، واتە قڕكردن و لەنێوبردنی خودی ژینگە و پێكهێنەرەكانی.
هەشت ساڵ لەمەوبەر بە كورتی لە گۆشە تایبەتەكەی خۆم لە لاپەڕە حەوتی ژمارە (164)ی هەفتەنامەی رووداو، لە رێكەوتی (30/5/2011) ئاماژەیەكی خێرام بەم باسە كرد، ئێستاش لە دوای رووداوە مەترسیدارەكەی دارستانەكانی ئەمازۆن كە گومانی كارێكی تێكدەرانەی ژینگەیی لەپشت دیارە، پێم باشە لێرەدا جارێكی دیكەش هەندێ زانیاری لەسەر چەمكی ئیكۆساید بنووسم.
چالاكانی بواری ژینگە لە بەریتانیا لە هەوڵی ئەوەدان كە گوشار بخەنە سەر نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەوەی وێرانكردنی سیستمی ژینگە و بەكارهێنانی لە رادەبەدری هێز و توندوتیژی دژ بە پێكهێنەرەكانی ژینگە بە تاوانی نێودەوڵەتی بێنە ژمار، بە ئیكۆسایدیش بێنە ناولێنان، یەكسانیش بكرێت لەگەڵ جینۆساید و تاوانی كوشتنی بەكۆمەڵ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، ئەوساش لە دەسەڵاتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا دەبێت كە لەم تاوانە ژینگەییانە بكۆڵێتەوە، زیانلێكەوتووانیش لەتوانایاندا دەبێت كە داوای یاسایی بەرز بكەنەوە.
خانمی مافناس پۆلی هیگینز لە پێشەنگی ئەم هەڵمەتەدایە و لەو باوەڕەشدایە، كە ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان ئەم هەڵوێستە ریشەییە لە ئەستۆ بگرێت، ئەوا كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ئەو كۆمپانیا پیشەسازییانەی كە بە وێرانكردنی ژینگە لە زۆر وڵاتدا تۆمەتبارن.
كورتەی ئەم هەڵمەتەی خاتوو هیگینز ئەوەیە كە ئیكۆساید وەك جۆری پێنجەم لە جۆرەكانی تاوانی دژ بە ئاشتی بێتە ژماردن، لەپاڵ ئەو چوار جۆرە تاوانەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندوون، كە ئەوانیش تاوانی جینۆساید، تاوانەكانی جەنگ، تاوانی پەلاماردان و هەڵگیرسانی ناڕەوایانەی جەنگ و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتین. ئەم پێشنیارەش كە پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە، داوای قەرەبووكردنەوە بۆ رووەك و زیندەوەران دەكات، كە لە حاڵەتی لەناوچوونیان بەهۆی چالاكییە وێرانكارییەكانی مرۆڤەوە دوچاری زیان بوونەتەوە، كە بۆ پەسەنكردنی لەداهاتوودا پێویستیی بە دەنگی دوو لەسەر سێی دەوڵەتانی ئەندام هەیە. ئەوساش ئەم بڕگە یاساییە لە دانانی سنوورێك بۆ ئەو تاوانبارانەی كە دەڵێن لە كارەكانی ئێمەدا مرۆڤ زیانی پێ نەگەیشتووە، بەڵكو تەنیا رووەك و زیندەوەر و ژینگە زیانی لێكەوتووە، رۆڵی دەبێت.
رووەك و زیندەوەرەكان رۆڵێكی گەورەیان لە راگرتنی هاوسەنگیی ژینگەییدا هەیە، لە حاڵەتی تێكچوونی ئەم هاوسەنگییەشدا ژیان و ژینگە رووبەڕووی هەڕەشە و كارەساتی گەورە دەبنەوە.
دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان لە ساڵی 2002 دامەزراوە و لەسەر داوای دادگا نیشتمانییەكان، یان لە حاڵەتی ناتوانایی ئەو دادگایانەدا، یان لە حاڵەتی بەرزكردنەوەی داوا لە دژی ئەو كەیسانەی رووبەڕووی دەكرێنەوە، بە ئەركی یاسایی خۆی هەڵدەستێت، بە مەرجێك ئەو داوایانە تایبەت بن بەو رووداوانەی لەدوای 1/7/2002 ەوە روویانداوە.
دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان رێكخراوێكی هەمیشەییە و كار دەكات بۆ دانانی سنوورێك و رێگرتن لەو بۆچوونەی كە پێیوایە، دەكرێت مرۆڤی تاوانبار لە سزاوەرگرتن دەرباز بێت. هەروەها دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان تاكە دەستەیەكی سەربەخۆی دادوەرییە كە پاڵپشتییەكی جیهانییانەی لێ دەكرێت، بۆ بە سزاگەیاندنی تاوانباران، لە رووی كارمەند و بودجەشەوە سەربەخۆیە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە رێگەی رێككەوتنێكی یاساییشەوە هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا هەیە.
بارەگای سەرەكیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان لە هۆڵەندایە، بەڵام دەتوانێت رێكارەكانی خۆی لە هەر جێیەكی جیهاندا ئەنجام بدات.
تەنیا بۆ زانینیش دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان، جیاوازە لە دادگای نێودەوڵەتیی داد كە سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە و ئەركی سەرەكیشی بریتییە لە چارەسەركردنی كێشە لە نێوان دەوڵەتەكاندا.