دادپەروەریی كۆمەڵایەتی رایەڵەی پتەوكردنی متمانەی نێوان هاووڵاتی و حكومەتە

دادپەروەریی كۆمەڵایەتی رایەڵەی پتەوكردنی متمانەی نێوان هاووڵاتی و حكومەتە
خوا بەو كەسانە پێدەكەنێت كە گلەیی و گازندە لە ئاكامەكان دەكەن و لە هەمانكاتیش شانازی بە هۆكارەكانیەوە دەكەن.»
قەشە جاك بینین بۆسویە (1627ز-1704ز)
*******
ئیكۆنۆمیستی گەورەی فەرەنسی فرانسوا بۆرگینیون لە وتارێكیدا بە ناونیشانی «نایەكسانی و گلۆبالیزم» ئاماژە بەوە دەكات، كاتێك دێینە سەر باسی سامان و داهاتی تاكەكەس، خەڵكی خۆی بە كەسانی دەوروبەری خۆی بەراورد دەكات، نەك ئەو خەڵكانەی دیكە كە لە بەشەكانی دیكەی جیهان دەژین. هەر بۆ نموونە هاووڵاتیەكی فەرەنسی لەوانەیە ئەوەی بەلاوە گرنگ نەبێت، رێژەی چەند لە هاووڵاتیانی چین گەیشتوونەتە ئاستی ژیانێكی ستاندەر، بەڵام كاتێك باسی نایەكسانی دەكەین، ئاراستەیەك بەو مانایە دروست دەبێت كە هەموو جیهان یەك كۆمەڵگەیە. لەم حاڵەتەدا هیچ كەسێك باس لە ژیانی ستاندەر ناكات، بەڵكو حیساب بۆ ئەو جیاوازییە گەورەیە دەكات كە لەنێوان دەوڵەمەندێكی فەرەنسی و هاووڵاتییەكی هەژاری چینیدا هەیە، یان بەپێچەوانەوە، ئەو جیاوازییە گەورەیەی لەنێوان دەوڵەمەندێكی چینی و هەژارێكی فەرەنسیدا هەیە.
ئەم دوو بازنەیەی بۆرگینیۆن لەسەر ئاستی جیهان بۆ بەراوردكردنی داهات و سامان و بەراوردكردنی «نایەكسانی» دەستنیشانی كردووە، لەسەر هەردوو ئاستی لۆكاڵی دەوڵەتێكی تازەپێگەیشتوو و دەوڵەتێكی پیشەسازیی گەورە و پێشكەوتووش بە هەمان شێوەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كێشەی سەرەكی ئەوە نییە كە هاووڵاتیی ئەو وڵاتانە چەندیان سامان هەیە، یان داهاتی تاكەكەسیان چەندە، بەڵكو كێشە لەو جیاوازییە گەورەیەدایە كە لە هەمووبوارەكاندا دەیبینن.
كەواتە لەم میتۆدە چەمكی یەكسانی «Equality» هێندەی بە مانای مامەڵەی یەكسان (Reciprocity) لەگەڵ هاووڵاتیان بەكار هاتووە، هێندە بە مانای یەكسانیی داهات و سامان لەنێوان هاووڵاتی بەكار نەهاتووە، هەروەها بەو مانایەش بەكار هاتووە كە ئەو جیاوازییە گەورەیەش كەم بكرێتەوە كە لە نێوان دەستەبژێری دەسەڵات و دەوڵەمەند و هاووڵاتیانی ئاسایی بوونی هەیە.
ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ وتە بەهادارەكەی قەشە جاك بۆسویە كە دەڵێت: «خودا بەو كەسانە پێدەكەنێت كە گلەیی و گازندە لە ئاكامەكان دەكەن و شانازییش بە هۆكارەكانیەوە دەكەن.» دەگەینە ئەو راستییەی كە لە هەر شوێنێك نادادپەروەری بوونی هەبێت، ئەوا هەموو لایەك گلەیی و گازندە لەو حاڵەتە دەكەن، بەڵام كە دێینە سەر ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی ئەو «نادادپەروەرییە» ئەوا هەست بە جۆرە بێدەنگییەك و خەمساردییەك دەكرێت، كە وەك ئەوەیە دەەسەڵاتداران، یان بڕیاربەدەستانی وڵات شانازی بەو هۆكارانەوە بكەن.
سەبارەت بەم لایەنە رووناكبیر و مێژوونووسی فەرەنسی (پییر رۆسان ڤالۆن) لە توێژینەوەیەكیدا بە ناونیشانی (چۆن كۆمەڵگەی یەكسان دروست دەكرێت؟) جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كاتێك لە فەرەنسا راپرسییەك دەكرێت سەبارەت بە پرسی نادادپەروەری لە كۆمەڵگە، بە رێژەی 90% فەرەنسییەكان داوا دەكەن، دەبێت ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە داهاتی تاكەكەس بوونی هەیە، كەم بكرێتەوە، 85%ی ئەو كەسانەشی بەشدارییان كردووەـ جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، جیاوازیی نێوان داهاتی تاكەكەس كێشەیەك نییە، ئەگەر رێوشوێنێك هەبێت كە قەرەبووی داهاتە نزمەكان بكاتەوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەم دوو رێژە بەرزە، رێژەی 57%یش پێیان وا بووە، لە چوارچێوەی ئابوورییەكی دینامیكیدا ناتوانرێت خۆ لەم جیاوازییە بەدوور بگرن.
رۆسان ڤالۆن لەسەر ئەم پرسە خۆی پرسیار دەكات و دەپرسێت: ئایا كۆمەڵگەی یەكسان و دادپەروەری لای زۆربەی هاووڵاتیانی وڵاتێك مانای چییە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا دەڵێت: بەشی زۆری هاووڵاتیان ئەو كۆمەڵگەیە بە كۆمەڵگەیەكی یەكسان و دادپەوەر دەزانن كە خزمەتگوزاریی گشتی و سەرەكی وەك (خوێندن، چاودێریی تەندروستی، ئاسایشی خۆراك و یەكەی نیشتەجێبوون) بۆ هەموو كەسێك دابین كرابێت، بەڵام كێشە سەرەكییەكە لەوەدایە هەموو لایەك لەگەڵ ئەم پێناسەیەی كۆمەڵگەی یەكسان و دادپەوەر قسە دەكات، هەوڵێكی كەمیش بۆ چارەسەركردنیان هەیە. ئەمە مانای ئەوەیە وەك رازیبوونێكی پێشوەختە بەم نایەكسانی و نادادپەوەرییە هەبێت، بۆیە لای هەندێك مەزندەیەكی لەو جۆرە دروست بووە كە ئەم كێشەیە هیچ چارەسەرێكی نییە. بەڵام كاتێك پرسی نایەكسانی و نادادپەوەری دەگاتە ئەو ئاستەی تووڕەبوونێكی گەورە لای هاووڵاتی دروست بكات، ئەوا میژوو سەلماندوویەتی ئەم دەرهاویشتە خراپانەی لە كۆمەڵگەدا رەنگ دەداتەوە:
1. ئەگەر سیاسەتی چاكسازی نەبێت، ئەوا نایەكسانی و نادادپەوەری دەبێتە فاكتەری سەرەكی بۆ تێكدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و دروستبوونی كێشە لە كۆمەڵگەدا.
2. ئەو فاكتەرانەی حاڵەتی نایەكسانی و نادادپەروەرییان دروست كردووە، هێندەی دیكە كەڵەكە دەبن و پاشان چارەسەركردنیان دەبێتە مەحاڵ و ناچار دەبێت سیستمە سیاسییەكە بگۆڕێت.
3. پاشەكشەكردنی متمانەی هاووڵاتی بە حكومەت و دەسەڵات و هەستنەكردن بە بەرپرسیاریەتی لەلایەن هاووڵاتییەوە بەرامبەر ئایندەی وڵاتەكەی.
ئەم زەمینە خراپە كە پرسی نایەكسانی و نادادپەوەری دروستی دەكات، هەموو كات زەمینەی لەبار بۆ نەیارانی حكومەت و حوكمڕانی دروست دەكات، هاووڵاتیانیش لەبەر ئەوەی نائومێدی باڵی بەسەردا كێشاون، ئەوا ئەلتەرناتیڤ بۆ سیستمە سیاسییەكەی ئێستا هەر چییەك بێت، بە ناچاری دوای دەكەون. هەر بۆ نموونە لە ئێستای دەوڵەتانی رۆژئاوادا و لەبەر ئەوەی سیستمە سیاسییەكە لە ئاستی چارەسەركردنی كێشەی یەكسانی و دادپەروەری دەستەوەستان بووە، ئەوا ئێستا وەك دەبینین بە شێوەیەكی زۆر فراوان حزب و سەركردەی پۆپۆلیستی لە هەڵكشاندان و دەگەنە دەسەڵات و لەبەرامبەریشدا ئەو حزب و سەركردانەی كە داكۆكی لە سیستمە چەقبەستووەكان دەكەن، لە مەترسی و داكشانی تەواودان.
لەوانەیە ئەم پرسە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بەگشتی و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی مەترسیی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت و، حزبی ئیسلامی و چەپی توندڕۆ بە ئاسانی بارودۆخەكە بقۆزنەوە و هەوڵبدەن خۆیان وەك ئەلتەرناتیڤی سیستمی سیاسیی ئێستا پیشان بدەن.
توێژەران و بیرمەندان، دەركەوتنی سەرەتا خراپەكانی دەرهاویشتەی حاڵەتی «نایەكسانی و نادادپەروەری» وەك زەنگێكی ئاگاداركردنەوە بۆ ئەو حكومەتانە لە قەڵەم دەدەن كە دەیانەوێت سیاسەتی چاكسازی بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە پیادە بكەن، ئەمەش وەك ناڕازیبوونی ئەو حكومەتانە كە لەو ئاكامانە بێزار و ناڕازین كە ئاراستەی حوكمڕانی لە وڵاتدا دروستی كردووە، بەڵام هەنگاوی گرنگ لەو خاڵەوە دەست پێدەكات كە حكومەت زۆر بە زیرەكانە ئەو فاكتەرانە دیاری بكات كە بوونەتە هۆكاری دروستبوونی نادادپەوەری و نایەكسانی لە كۆمەڵگەدا، لەم حاڵەتەشدا حكومەتی نیشتمانی ئەركی گرنگی دەبێتە ئەوەی چۆن لەسەر ئاستی كۆمەڵگە یەكسانی و دادپەوەری پێناسە بكاتەوە و ئەم پێناسەیە بكاتە رایەڵەیەك بۆ دووبارە پێكەوە گرێدانەوەی تەواوی كۆمەڵگە بە یەكترەوە. بە مانایەكی دیكە پێناسەكردنەوەی «یەكسانی و دادپەروەریی» لە سەر بنەمای هەیكەلەی كۆمەڵگە مانا بە خۆی دەداتەوە و لە سەر سێ بنەمای سەرەكی هەڵدەسووڕێت، كە بریتین لە:
1. ددانپێدانان بە كەسایەتیی هاووڵاتی و تاكدا.
2. رێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی، لەسەر بنەمای مامەڵەی حكومەت بە شێوەیەكی یەكسان لەگەڵ سەرجەم هاووڵاتیاندا.
3. دروستكردنی ئاسانكاری لە نێوان ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانەی كە كۆمەڵگە پێكەوە گرێ دەداتەوە.
ئەم پەتای «نایەكسانی و نادادپەروەرییە» كە بە شێوەیەكی گشتی كۆی سیستمە دیموكراتییەكانی جیهانی گرتۆتەوە، حوكمڕانیی خستۆتە دووڕیانێكەوە، ئەویش ئەوەیە یان دەبێت حكومەت هەموو دەسەڵاتەكانی خۆی چڕبكاتەوە و گۆڕانكاری بەسەر ئەو بارودۆخەدا بهێنێت كە هاووڵاتیانی تووڕە و بێزار كردووە، یان ئەوەتا دەبێت چاوەڕێی ئەوە بێت بەدیلێكی پۆپۆلیستی جێگەی بگرێتەوە.
Top