هەڵكشانێكی خێرا لە بەشداریپێكردنی ئافرەت و نەبوونی ئەجندایەكی روون

هەڵكشانێكی خێرا لە بەشداریپێكردنی ئافرەت و نەبوونی ئەجندایەكی روون

ئەڵبەتە بەشداریپێكردنی ئافرەت و دانانیان لە ناوەندی بڕیار و دەزگا تەشریعی و تەنفیزییەكاندا، خەون و داوای ئافرەتان خۆیان وداكۆكیكاران لە مافی ئافرەتانە، چ لەسەر ئاستی كەسی و چ لەسەر ئاستی حزب و رێكخراوەكان، هاوكات سیمایەكی جیهانییشە و بەردەوام دەبینین ئافرەتان لە ئاستی جیهاندا لە زۆربەی وڵاتەكاندا بەشداریپێكردنیان لە هەڵكشاندایە. بوونی ئافرەتان لە خەباتی رزگاریخوازیی گەلی كورد هەر لەسەرەتاكانەوە رۆڵیان هەبووە و بە شێوازی جۆراوجۆر هاوكاریی سەركەوتنەكانی شۆڕش بوون، لە سەرەتای راپەڕین و دامەزرانی هەرێمی كوردستان، هەر لە خولی یەكەمی پەرلەمان و دواتریش لە كابینەكانی حكومەت ئافرەتان رۆڵی بەرچاویان هەبووە، لەناو حزبەكانیشدا تا ئاستی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییەكان و تێكڕای ئۆرگانەكان بەشدارییان كردووە، بەڵام شێوازی بەشداریكردنەكەیان، یان بەشداریپێكردنەكەیان هەمیشە جێگای رەخنە بووە و وتراوە: «تەنیا تەعین و تەوزیف»ـە و «تەفعیل» نییە! واتە لەو ئاستانەدا جۆرێك لە چەقبەستن هەبووە و كەمتر لە پرسە هەستیار و كۆبوونەوەو دانوستانەكاندا بواری بەشدارییان پێ دراوە. لێرەدا دەبێت بپرسین: ئایا هەڵكشان و ئەكتیڤكردنی ئافرەت لە بەشداریپێكردنیان كە سەرنجی چاودێران و میدیاكانی جیهانیشی راكێشا، بە ئەجندا و پلان بۆ گرنگبوون و بەشداریی ئافرەت بووە؟ بۆ نموونە: كاتێك یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە بەرنامە و پلانەوە لەبەر ئافرەتبوون باڵاپۆشێك دەكاتە سەرۆكی پەرلەمان، ئیسلامییەكان بۆ لە ماوەی هەموو ئەم ساڵانەی رابردوو كە بەردەوام بە دوو لیست، یان سێ لیستی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنەكانیان دەكرد، تاكە ئافرەتێكیان نەكردە سەرۆكی لیستەكەیان، یان لانیكەم وتەبیژی لیستەكەیان؟
پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەك مەدرەسەیەك بەردەوام كادری بە توانا و ئەكادیمی و سیاسیی نوێ پێدەگەیەنێت و دەیخاتە ناو مەیدانی سیاسی و ئیدارییەوە، هەمیشەیش نوێگەرییەكان و دەستپێشخەرییەكان بۆ هەنگاوی نوێ لەوەوە دەستپێدەكات، ئایا ئەجندایەكی هەبووە بۆ دانانی ئەو ئافرەتانەی كە لە سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان داینان؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەمان بۆ دەورووژێنێت كە ئایا ئەم بەشداریپێكردنە بە رێكەوت بووە، یان بە ئەجندا و پلان بووە؟ ئایا بۆ لەمەودوا حزبەكان بیر لەوە دەكەنەوە كە بە دوای ئافرەتی بەتوانا و گونجاودا بگەڕێن و پێیان بگەیەنن بۆ بەشداریكردنیان لە ئۆرگانەكانی دیكە و كابینەكانی داهاتوو، یان هەر كاركردن دەبێت لەسەر كۆمەڵێك ئافرەت؟ وەك دەبینین ئەو ئافرەتانەی كە ئێستا بەشدارییان پێكراوە، زۆربەیان دووبارەن و لە خولەكانی پێشوودا هەبوون، یان هەر ئەوانەن لە ئۆرگانە سیاسییەكانی حزبەكانیان دووبارەن و چەند خولە لە سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییەكانن. بە بڕوای من ئەم هەنگاوە جێگای نرخاندن بوو، شایستەی ئەوە نییە خوانەخواستە لە خولەكانی داهاتوو پاشەكشەی لێ بكرێت، بەڵام مادام بەشداریپێكردنی ئافرەت بووە «ئەمری واقیع» رەنگە لەمەودوا بشبێتە مۆدیل و حزبەكان كێبڕكێی لەسەر بكەن. پێویستە حزبەكان بە ئەجنداو پلانێكی روونەوە بیر لە دۆزینەوەی ئافرەتانی بەتوانا و پێگەیاندن و ئامادەكردنیان بكەنەوە، تاكو بەردەوام ئەم هەرێمە رووی گەش و داهێنان بخاتە بەرچاوی جیهان، چونكە چۆنێتی و چەندێتی بەشداریپێكردنەكە چەند گرنگە، جۆرێتیس بەشداریپێكردنەكەش ئەوەندە گرنگە، خوانەخواستە ئەگەر ئافرەتی لاواز، یان ناكارمە بەشداری پێ بكەین، هەر ئەزموونێكی ناسەركەوتوو تۆمار بكەن، ئەوكات بە شكست بۆ حوكمڕانی و هەرێمەكەمان دەشكێتەوە.

Top