سیاسەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ بەهێزكردنی كەرتی تایبەت

سیاسەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ بەهێزكردنی كەرتی تایبەت
ئۆلریش بیك بیرمەندی ئەڵمانی لە كتێبی (كۆمەڵگەی مەترسیدار - Risk society)، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە: (مرۆڤایەتی چۆن بە رێگەی كرانەوەی سنوورەكان سوودێكی زۆر باش لە دیاردەی گڵۆبالیزم دەبینێت، بە هەمان ئاستیش رووبەڕووی مەترسییەكانیش دەبێتەوە و ناتوانێت سنوورەكانی بە روودا دابخات)، هەمان بیرمەند لە كتێبی (دەسەڵات و دژە دەسەڵات)، ئاماژە بە لافیتەیەكی خۆپیشاندەرانی دژە گڵۆبالیزم دەكات كە لەسەری نووسراوە: «فەرمانڕەواكانمان هەڵدەبژێرین، بەڵام ناتوانن فەرمانڕەواییمان بكەن.» بێگومان ئەم دوو نموونەیە گونجاون بۆ ئەوەی بیكەینە دەروازە و شرۆڤەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئاراستەی گلۆباڵی ئابووریی بازاڕ لە سایەی شۆڕشی پیشەسازی چوارەمدا بكەین.
ئۆلریش بیك كتێبی (كۆمەڵگەی مەترسیداری) لە ساڵی 1992 نووسیوە و كتێبی (دەسەڵات و دژە دەسەڵات)ی لەساڵی 2005 نووسیوە و، پێشبینیكردنی بۆ مەترسییەكانی كاریگەرییە نەرێنییەكانی دیاردەی گڵۆبالیزم هاوكاتە لەگەڵ پێشبینییەكانی ساموئیل هنتنگتن بۆ (پێكدادانی شارستانیەتەكان)، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی پێشبینییەكانی هەردووكیان دوو ئاراستەی جیاوازن بۆ چەند دەرهاویشتەیەكی جیاوازی كاریگەرییە نەرێنییەكانی دیاردەی گڵۆبالیزم، هەروەها جارێكی دیكە لە ساڵی 2004 و دوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەر، هنتنگتن كتێبی (ئێمە كێین؟)ی بڵاوكردەوە و لەو كتێبەدا بە توندی هۆشداری دەداتە گەلی ئەمریكا، بەوەی كە ئەگەر بەو شێوەی ئێستا بیربكەنەوە، ناتوانن حوكمڕانیی خۆیان بكەن و ئەمریكاشیان لەدەست دەچێت، بۆیە پێش 15ساڵ داوا دەكات، جارێكی دی ئاڵای ئەمریكا هەموو ئەمریكییەكان پێكەوە كۆبكاتەوە. دیارە ئەوەی ترەمپ لە ساڵی 2016 كردی بە دروشم و هەڵبژاردنەكانی پێ بردەوە، 12 ساڵ پێش ئەوە هنتنگتن هەڵوەستەی لەسەر كردبوو، هەر لەسەر ئەم دیاردەیە ئۆلریش بیكیش لە ساڵی 2005 كتێبی (دەسەڵات و دژە دەسەڵات)ی بڵاوكردەوە، جیاوازیی بۆچوونەكانی بیك لەگەڵ هنتنگتن ئەوەیە، هنتنگتن لە 2004 تەنیا هۆشداری بە گەلی ئەمریكا دا، وەك كاردانەوەیەك بۆ دووبارەنەبوونەوەی كارەساتی 11ی سێپتەمبەر، بەڵام بیك لەو كتێبەدا هۆشداری داوەتە هەموو گەلانی جیهان، بەوەی دیاردەی گڵۆبالیزم مانای چەمكی حوكمڕانیی بێ مانا كردووە.
هەڵوەستەكردنمان لەسەر ئەو ئاراستەیە بۆ ئەوە بوو، بڵێین: كاریگەرییە نەرێنییەكانی گڵۆبالیزم سەرجەم حوكمڕانییە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی تێكڕای دەوڵەتانی جیهانی دوچاری حاڵەتی ئیفلیجبوون كردووە، لەم حاڵەتەشدا دەوڵەتمەداری زیرەك و نیشتمانپەروەر، ئەو دەوڵەتمەدارە دەبێت كە ددان بە حاڵەتی ئیفلیجبوونی حوكمڕانیدا بنێت و هەوڵەكانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بە میكانیزمی گونجاو ئەو ئیفلیجبوونە راست بكاتەوە. جێگەی ئاماژەپێكردنە بەشێكی بەرچاو لە دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا، ددانیان بە حاڵەتی ئیفلیجبوونی حوكمڕانیدا ناوەو میتۆد و شێوازی جیاوازیان گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو ئیفلیجبوونە بكەن، بەشێكی زۆریشیان خۆیان پابەندكردووە بە بەرگریكردن لە گڵۆبالیزم و بە هەموو شێوەیەك گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی نیشتمانی و نەتەوەیی رەتدەكەنەوە، بەڵام رۆژ لەدوای رۆژ ئیفلیجبوونی حوكمڕانیی لیبڕاڵیزمی گلۆباڵی دەرهاویشتەی خراپ و خراپتر لەسەر كۆمەڵگەكانیان بەجێدەهێڵێت و كار گەیشتۆتە ئەوەی ئەو حزبانەی بەرگری لە گڵۆبالیزم دەكەن بەرەو داكشان دەڕۆن و ئەوانەشی بەرگری لە ناسیۆنالیزم دەكەن، بەرەو هەڵكشان دەڕۆن.
لەم بازنەیەدا ئەگەر لەسەر حوكمڕانیی كوردستان قسە بكەین، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وەك تەواوی حكومەتە دیموكراتییەكانی جیهان، تا راددەیەكی زۆر هەوڵیداوە پێڕەوی ئەو بنەمایانە بكات كە حوكمڕانیی گڵۆباڵی كردبوونی بە پێوەر بۆ حوكمڕانیی باش، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە تایبەتییەی لە دوای ساڵی 2014 بە بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی دژی داعشەوە، بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هات، ئەمە وایكرد حكومەتی كوردستان زووتر لە حكومەتەكانی دیكەی جیهان بیر لەوە بكاتەوە ئاراستەی سیاسەتی ئابووری و دارایی حكومەت لەژێر كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئاراستەی ئابووریی گڵۆباڵی دەربهێنێت و بە شێوازێكی دیكە و لەسەر بنەمایەكی نیشتمانی و نەتەوەیی پلانێكی ستراتیژی بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی دارایی و ئابووری دابڕێژێتەوە، ئەم پلانە كە لە ساڵی 2016 بە كردەیی خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ماوەی چوار ساڵە و ئومێد دەكرێت لە سەرەتای ساڵی داهاتوو كوردستان خاوەنی سیاسەتێكی ئابووری و دارایی نیشتمانی و نەتەوەیی بێت.
سەرەتا ئومێدبەخشەكانی ئەم پلانە ستراتیژییە بۆ سیاسەتی ئابووری و دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی دەركەوتوون و حكومەت توانی لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا، قەیرانە سەختەكانی ئابووری و دارایی تێپەڕێنێت، واشیكرد كە هەرێمی كوردستان بتوانێت لەسەر پێی خۆی رابوەستێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو حاڵەتی ئیفلیجبوونەی حوكمڕانی كە كوردستانیشی گرتەوە، لەماوەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، زۆر بوێرانە ئەو حاڵەتی ئیفلیجبوونە ددانی پێدا نرا و توانرا لەگەڵ ئەو ئیفلیجبوونە مامەڵە بكرێت و تا راددەیەكی باشیش ئیفلیجبوونەكە بەرەو چاكبوونەوە بەرێت، هەر لەسەر بنەمای ئەم راستكردنەوەیەش پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی داڕشتووە، بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانیش جێگەی سەربەرزییە كە جێگەی متمانەی خەڵكی كوردستان بووە و خەڵك دەنگیان بەو بەرنامەیە داوە و ئومێدێكی زۆریان لەسەر هەڵچنیوە.
كەواتە گەشبینیی خەڵكی كوردستان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گەشبینییە بەو ئەقڵ و لێهاتوویی ئەو دەوڵەتمەدارانەی كە توانییان لە بارودۆخێكی زۆر هەستیار و ترسناكدا لەسەر ئاستی شەڕی دژی داعش و شەڕی دژی گەندەڵی و راستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی، هەرێمی كوردستان لە لێواری هەڵدێر رزگار بكەن و بیگێرنەوە حاڵەتی شێوەی ئاسایی خۆی، لە ئێستاشدا كە هەر ئەم دەوڵەتمەدارانە وەك یەك تیم لەژێر چەتری چاودێریی سەرۆك بارزانی پرۆسەی قۆناخی داهاتووی حوكمڕانیی كوردستانیان لە ئەستۆ گرتووە، ئەوەش هێندەی دیكە ئومێد و گەشبینی لای خەڵكی كوردستان دروست كردووە، ئەم ئومێد و گەشبینییە بە ئاستێكە كە زۆر جار دڵسوزانی پارتی دەكەونە حاڵەتێكی ئەوتۆوە كە بڵێن: حكوومەتی داهاتووش گۆچانێكی سیحری پێ نییە كە بتوانێت هەموو كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵام ئەو ئومێدەی خەڵكی كوردستان بە كابینەی داهاتوو لەسەر بناخەیەك سەرچاوەی گرتووە كە ئەو ئیرادەیەی كوردستانی لە قەیران و نەهامەتییەكان پاراست، دەشتوانێت ب ڵێنەكانی داهاتووی جێبەجێ بكات.
بە هەر حاڵ پڕئومێدی و چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان لە كابینەی داهاتوو فاكتەرێكی دیكەی ئەرێنییە بۆ گورجوگۆڵیی حكومەت لە جێبەجێكردنی بەرنامەی خۆیدا، بەڵام ئەوەی لە هەموویان گرنگترە، ئەوەیە بەرنامەی داهاتووی حكومەت هەرێمی كوردستان بە چ ئاراستەیەك دەبات.
ئەوەندەی بەدواداچوونی رۆژنامەنووسیمان لەگەڵ كەسانی تایبەت لە بواری حوكمڕانیی كوردستان كردبێت، هەموویان لە دوو خاڵدا دوو ئەولەوییەتی گرنگی كارەكانی كابینەی داهاتوویان ئاماژە پێ كردووە:
1. بچووككردنەوەی قەوارەی حكومەت و زیادكردنی سەرچاوەی داهات و كەمكردنەوەی بودجەی بەكاربەر.
2. بەهێزكردنی كەرتی تایبەت و كردنی كەرتی تایبەت بە سەرچاوەی دۆزینەوەی هەلی كار.
بێگومان ئەم دوو خاڵە گرنگە كە دوو ئەولەویەتی گرنگی كارنامەی حكومەتی داهاتووی كوردستان دەبن، هەردووكیان پەیوەستن بە بەهێزكردنی كەرتی تایبەت، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە كەرتی تایبەت چۆن بەهێز دەكرێت؟
لەوانەیە وەڵامێكی سادە و خێرا بۆ ئەم پرسیارە گرنگە ئەوە بێت، گرنگە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بوێرانە مامەڵە لەسەر ئەو كاریگەرییە نەرێنییانە بكات كە ئاراستەی ئابووریی گلۆباڵی دەكات، كە بەشێكیان هەتا ئێستاش كاریگەرییان لەسەر سیاسەتی (ئابووریی بازاڕ)ی كەرتی تایبەت هەیە، هەروەها گرنگە بۆ نەهێشتنی ئەو كاریگەرییە نەرێنییانە حكومەت هەم لە رووی ئیمكانیەتی دارایی و هەم لە رووی مرۆییەوە پشتگیری بونیادنانی ژێرخانێكی پتەو بۆ كەرتی تایبەت لە كوردستان بكات، هەر بۆ نموونە :
1. ئەگەر ئامانجمان ئەوە بێت، كەرتی كشتوكاڵ بە رێگەی سیاسەتی كەرتی تایبەت بكرێتە سەرچاوەیەكی دیكەی داهات و دۆزینەوەی هەلی كار لە كوردستاندا، ئەوا ئەم ئەركە بە سیاسەتی ئێستای (ئابووریی بازاڕ) لەكوردستان شكست دەهێنێت، لەبەر ئەوەی سیاسەتی (ئابووریی بازاڕ)ی ئێستای كوردستان فاكتەرێك نییە بۆ سەرخستی ئەركی لەو جۆرە، بەڵكو فاكتەرێكی نەرێنییە بۆ شكست پێهێنانی، ئەوجا بۆ ئەوەی حكومەت لەم ئەركەی سەركەوتوو بێت، ئەوا دەبێت پلانێكی ستراتیژی هەبێت بۆ سیاسەتی بەبازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و رێگە نەدرێت لە وەرزی بەرهەمهێناندا، بازاڕ ئیرادەی ئەو خەڵكانە تێكبشكێنێت كە لە كەرتی كشتوكاڵ كاری وەبەرهێنان دەكەن، راشكاوانەتر دەبێت سیاسەتی بەبازاڕكردن راستەوخۆ لەلایەن حكومەتەوە ئاراستە بكرێت.
2. لەبواری گواستنەوەی خزمەتگوزارییەكان بۆ كەرتی تایبەت، بەتایبەتی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك (ئاو و كارەبا و تەندروستی و پاككردنەوەی شارەكان و...هتد)، دەبێت حكومەت پلانێكی هەبێت بەوەی ئەم گواستنەوەیە دەبێتە وەبەرهێنان لەسەرچاوەی توانای مرۆیی لە كوردستاندا و نابێت ئامانجەكە تەنیا لە دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بچووك بكرێتەوە، بەڵكو وێڕای دابینكردنی باشی خزمەتگوزاریەكان، بەڵام دەبێت دەرهاویشتەی زۆر ئەرێنی بۆ كۆمەڵگە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
3. لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا كە ئەم بوارە بڕبڕەی پشتی هەر حوكمڕانییەكی باش و سەركەوتووە، ئەوەی هەتا ئێستا تێبینی دەكرێت، وەبەرهێنان لەبواری پەروەردە و خوێندنی باڵا بە پێی قسەی پسپۆڕانی ئەو بوارە، بێجگە لە بزنسێكی ئاست نزم نەبۆتە بزنسیك كە ببێتە سەرچاوەی هێزی نەرم بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری لە كوردستاندا، هەروەها نەتوانراوە زانست و مەعریفە و كۆمەڵگە بە رایەڵەیەك پێكەوە گرێ بدرێنەوە، بۆیە زۆر گرنگە سیاسەتی وەبەرهێنان لەم بوارە گرنگەدا سەرلەنوێ چاوی پێدا بخشێندرێتەوە و، ئەم دوو بوارە بكرێت بە دەروازەیەك بۆ سەركەوتنی حوكمڕانیی باش لە كوردستاندا، ئەمەش بەوە دەكرێت كە قوتابخانە و زانكۆكانی كوردستان بەتایبەتی (زانكۆ و قوتابخانەكانی كەرتی تایبەت) ئاستیان بەرەو ستاندەری جیهانی بەرز بكرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە وەك میشیل فۆكۆ دەڵێت: حوكمڕانیی مۆدێڕن بریتییە لە متوربەكردنی مەعریفە و ئەقڵانییەت لەگەڵ دامەزراوەكاندا) بە واتایەكی دیكە ئەگەر مەعریفە و ئەقڵانییەت لەگەڵ دامەزراوەكان متوربە نەكرێن، ئەوا دامەزراوەكان چەند بەهێزیش بن، هیچیان پێ ناكرێت.
4. گرنگە پشتگیری بزنسمان و وەبەرهێنەرەكانی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی چینێكی بزنسمان و وەبەرهێنەرانی نیشتمانی لە كوردستاندا دروست بێت، ئەم چینە سەلماندوویانە لە رۆژە سەختەكاندا وڵات و نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێت و تەنانەت ئامادەن بە سەرمایەی خۆیان و بەناوی قەرز كاری بەردەوام لە پرۆژەكان بكەن و نەهێڵین رەوڕەوەی پەرەپێدان لە كوردستان رابوەستێت، هەروەها گرنگە زیاتر هان بدرێن بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت لە كوردستاندا بە مانای وشە كەرتێكی نیشتمانی بێت بۆ پێشخستنی وڵاتەكە.
ئەو چەند لایەنەی بە خێرایی ئاماژەمان پێكردن، نموونەیەكن بۆ كۆی سێكتەرەكانی حكومەتی كوردستان بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت بە ئەكتیڤی رۆڵی خۆی تیا بگێڕێت، بەڵام ئەوەی دەبێتە تەواوكاری هەموو پرۆسەكە و بۆ ئەوەی حوكمڕانیی كوردستان پێی بگوترێت: «حوكمڕانیی باش و دەوڵەتی خۆشگوزەران»، گرنگە حكومەتی داهاتووی كوردستان كاری جددی بۆ ئەوە بكات، كوالیتیی خزمەتگوزارییەكان بە ئاستێك بەرز بكاتەوە كە شایستەی خەڵكی كوردستان بێت، كرێی خزمەتگوزارییەكان و باجدانیش بە ئاستێك كەم بكاتەوە كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان دروست نەكات.
Top