بە راستی عەیبەیەكی گەورەیە زانكۆكانمان هێزێك دەرچوێنن كە لەگەڵ بازاڕی كاردا نەگونجێت

بە راستی عەیبەیەكی گەورەیە زانكۆكانمان هێزێك دەرچوێنن كە لەگەڵ بازاڕی كاردا نەگونجێت
هەرێمی كوردستان پێویستی بە شۆڕشێكە، بەڵام شۆڕشێكی عەسكەرتاری نا، بەڵكو شۆڕشێك لە خوێندن كە دەرهاویشتەكانی زۆر خراپن، ئەو دەرهاویشتەیەی كە بە كۆڵەكەی پەرەپێدانی نەتەوەكان دادەنرێ، هەروا بە رووی سێیەمی ئابووری. سنگافورە كاتێ ویستی پێش بكەوێ، سوپاكەی هەڵوەشاندەوە و دەرماڵەكانی بۆ خوێندن خەرج كرد. من داوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای خۆمان ناكەم، بەتایبەتی لە دۆخێكی وادا، بەڵام داوا لە شارەزایانی خوێندن دەكەم و هەروەها ئەوانەی سەرپەرشتیی دەكەن، پێداچوونەوە بە سیستەمی خوێندن بكەن و بیگەڕێننەوە بۆ دۆخی جارانی، كە خوێندن، خوێندن بوو، بڕوانامەش بڕوانامە بوو. بە راستی عەیبەیەكی گەورەیە زانكۆكانمان هێزێك دەرچوێنن كە لەگەڵ بازاڕی كاردا نەگونجێت. لەو هەرێمەی ئێمەدا تەركیز لەسەر سیستەمێك دەكرێ كە هیچ پەیوەندی بە خواستی بازاڕی كارەوە نییە، قوتابی 16 ساڵ دەخوێنێ، بەڵام لە كۆتاییدا خۆی لەسەر شۆستەی بێكاری دەبینێتەوە، سیستەمەكانمان لەگەڵ روحییەتی سەردەمدا ناگونجێن، چ سەبارەت بە زمانی ئینگلیزی بێت، یان هۆیەكانی نوێی تەكنیك، لە زانكۆكانماندا دەڵێن، كاری ئێمە فێركردنە، نەك دەرچواندنی قوتابی بەپێی بازاڕی كار، تا راددەیەك لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا هاوبیرم، بەڵام سەیرەكە لەوەدایە زانكۆكانمان ئەو ژمارە زۆرە لە بەشە نەزەرەییەكان قبووڵ بكەن، كە دەرچوانیان بەپێی پسپۆڕییان كاریان بەدەست ناكەوێ، بۆ نموونە: ئەگەر بتەوێ لە كۆمپانیایەك كار بكەی، داواكارییەك بە زمانی ئینگلیزی پێشكەش دەكەی، ئەمە لە كاتێكدا زۆربەی دەرچووانی زانكۆكان سەریان لە زمانی ئینگلیزی دەرناچێ، بۆیە ئەو دەرچووانە واهەست دەكەن كە ماوەی خوێندنیان وەك ئەوە وایە بەند بن و بە كاری قورس سزا درابن، قوتابی خەون بە داهاتووەوە دەبینێ، بەڵام پاش دەرچوونی ئەو خەونەی رووبەڕووی واقیعێكی تاڵ دەبێتەوە و لە خۆی دەپرسێ چۆن ئەو هەموو ساڵەی بەفیڕۆ دا، تا خۆی لەسەر شۆستەی بێكاری ببینێتەوە.
دوو جۆر زانست هەیە، زانستێك هەڵدەگیرێ و زانستێك بەكار دەهێنرێ، بۆیە كەمێك لەو زانستەی كە بەكار دێت، زۆر باشترە لەو زانستەی كە هەڵدەگیرێ، ئەگەر زانكۆكانمان كاریان بەو قسەیە بكردایە، زۆربەی دەرچووان خۆیان لەسەر شۆستەكانی بێكاری نەدەبینییەوە. بەداخەوە سامانی مرۆیی لەو هەرێمەی ئێمەدا سوودی لێ وەرناگیرێ، لە كاتێكدا ئەو سامانە لە نەوت و كانزا گرانبەهاكان گرنگترە، ئەركی زانكۆكانە مرۆڤ بكەنە سامانێكی سرووشتی كە بتوانێ پارە پەیدا بكات، چ لە ناوەوە، یان لە دەرەوەی هەرێم بێت.

Top