رووخاندنی خەلافەتی ئیسلامی و نەبوونی مارشاڵ پلانێك بۆ ریشەكێشكردنی فیكری داعش

رووخاندنی خەلافەتی ئیسلامی و نەبوونی مارشاڵ پلانێك بۆ ریشەكێشكردنی فیكری داعش
پاتریك جی دینین، ئوستادی زانستی سیاسەت و سەرۆكی دیراساتی دەستووری لە زانكۆی نۆرس داما لە كتێبە تازەكەیدا بە ناونیشانی (بۆچی لیبڕاڵیزم شكستی هێنا؟ -Why Liberalism Failed) جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، مرۆڤایەتی بۆیە شوێن سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی كەوت و بە سیستمێكی باشتری لە سیستمەكانی دیكە لە قەڵەم دا، لەبەر ئەوە نەبوو دامەزراوەكانی ئەم سیستمە ئازادی بۆ كۆمەڵگە فەراهەم دەكات، بەڵكو لەبەر ئەوە بوو، دامەزراوەكانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی (یەكسانی و دادپەروەری) بۆ كۆمەڵگە فەراهەم دەكرد، بەڵام لە ئێستا كە دامەزراوەكانی ئەم سیستمە بۆتە هۆكاری دروستبوونی (نا دادپەروەری و نایەكسانی) بۆیە بەرەو شكست هەنگاو هەڵدەگرێت.
ئەم بۆچوونەی پڕۆفیسۆر پاتریك دینین دەروازەیەكی گرنگە بۆ هەڵوەستەكردن و هەڵەسەنگاندنی سیستمە سیاسییەكان و، ئەوەمان پێ دەڵێت هەر سیستمێكی سیاسی نەتوانێت (دادپەروەری و یەكسانی) بۆ كۆمەڵگە فەراهەم بكات، ئەوا دەبێت چاوەڕیێ ئەوەش بكات، خەڵكەكەی لە پێناوی پاراستنی كەرامەتی خۆی وەك (مرۆڤ)، سیاسەتی تووڕەبوون و بێدەنگ نەبوون (the politics of resentment) لە دژی حكومەتەكەی خۆی پیادە بكات و هەوڵبدات ئەو سیستمە سیاسییە شكست پێ بهێنێت، ئەوجا با ئەو سیستمە سیاسییە، سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیش بێت، كە ماوەی 200 ساڵە هەموو رۆژئاوا شانازی پێوە دەكات و بە باشترین سیستمی سیاسی لە نێو سیستمە سیاسییەكانی دیكەی دادەنێت.
بە دیوێكی دیكەدا ئەم بۆچوونە، ئەوەمان پێدەڵێت، كە هاووڵاتی، یان خەڵكی وڵات، سەیری ناونیشانی هیچ سیستمێكی سیاسی ناكات، بەڵكو لەسەر ئەو خاڵانە هەڵوەستە دەكات، بەوەی ئەو سیستمە سیاسییە چی پێشكەشی كۆمەڵگە دەكات و چۆن چارەسەری گونجاو بۆ خواست و داخوازیی هاووڵاتیان و كێشەكانی كۆمەڵگە دەدۆزێتەوە، هەر بۆیە زۆر كارێكی ئاساییە كە هاووڵاتیانی رووسیا سیستمی ئەسۆتیاریانیزمی فلادیمیر لە سیستمە دیموكراتییەكەی بۆریس یەڵتسن بە باشتر بزانن، هەروەها خەڵكی میسر عەبدولفەتاح سیسی بە سەرۆكێكی پێویست (القائد الضرورة) بزانن، ئەمە لە كاتێكدا سیسی كودەتای سەربازی بەسەر حكومەتە هەڵبژێردراوەكەی محەمەد مورسی (ئیخوان موسلمین)یدا ئەنجام دا، هەروەها جێگەی خۆیەتی كە هەموو دەوڵەتانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیی رۆژئاوا لە حوكمڕانییە دیكاتۆرییە كۆمۆنیستییەكەی چین بترسن، كە بە كردەیی سەلماندوویەتی لە حوكمڕانیی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیی رۆژئاوا سەركەوتووترە.
بەڵام لێرەوە ئەگەر پرسیارەكە بەدیوەكەی دیكەدا ئاوەژوو بكەینەوە و لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەو هۆكارانە چی بوون كە لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی بوونە هۆكاری سەركەوتنی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی و ریشەكێشكردنی فیكری نازی و فاشی و لغاوگیركردنی سیستمی كۆمۆنیستی و پاشانیش لەبەریەك هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشان؟ بێگومان پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، گرنگە ئاماژەیەك بە واقیعی دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژئاوا بكەین، كە چۆن دوای جەنگی دووەمی جیهانی، هەموو ژێرخانی دەوڵەتەكانی جیهان لەبەریەك هەڵوەشابووەوە، چۆن حزبە سیاسییەكانی دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژئاوا لەناو ئەو واقیعە تاڵەی دوای جەنگدا، پاشاگەردانییان لە سەقامگیریی وڵاتدا دروست كردبوو، لەلایەكی دیكەش دەوڵەتی كۆمۆنیستیی یەكێتی سۆڤیەت و هاوپەیمانەكانی لە چوارچێوەی حوكمڕانییەكی سەنتڕاڵی دیكتاتۆریی بەهێزدا، سەقامگیریی سیاسییان بۆ سیستمەكانیان گێڕابۆوە، ئەوا لە قۆناخێكی وا هەستیاردا كە دەوڵەتان لە دوای كاولكاریی جەنگ پێیدا تێپەڕ دەبن، هەر سیستمێكی سیاسی توانای ئەوەی نەبێت، بە خێرایی ژێرخانەكانی وڵات ببووژێنێتەوە و سەقامگیری بۆ سیستمە سیاسییەكە دروست بكاتەوە و ئاشتیی كۆمەڵایەتی دابین بكات، ئەوا مەترسیی ئەوە لای سیاسەتسازانی رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریكا هاتەئاراوە، كە لە حاڵەتی هەستیاری لەمجۆرەی بارودۆخی دەوڵەتدا، ئەگەرەكان ئەوە دەبن، یان هاووڵاتیان حكومەتەكەیان ناچار دەكەن، جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆ زیندووكردنەوەی فیكری نازی و فاشی بەو حیسابەی لانیكەم ئەوە چارەسەرە، یان دەستبەرداری سیستمی دیموكراتی دەبن و بۆ گێڕانەوەی سەقامگیریی سیاسی، لاسایی رژێمە سەنتڕاڵە دیكتاتۆرەكانی سۆشیالیستی و كۆمۆنیستی دەكەنەوە.
بۆ رزگاركردنی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی كە رووبەڕووی كارەسات و نەهامەتییەكانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی ببوو، جۆرج مارشاڵ وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا، پرۆژەی مارشاڵی راگەیاند، ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەكی هاوكاریی ئابووری و دارایی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانە رووخاوەكانی دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژئاوا بوو، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دامەزراوەكانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی توانای پەرەپێدانی بەردەوام و دووبارە بەدیهێنانەوەی (دادپەروەری و یەكسانی) لە كۆمەڵگەدا هەبێت، لەمەش زیاتر دەبێت سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بۆ هاووڵاتیانی خۆی بسەلمێنێتەوە كە چارەسەری كێشەكانی كۆمەڵگە نەگەڕانەوەیە بۆ فیكری فاشیزم و نازیزم، نە هەوڵدانە بۆ لاساییكردنەوەی سیستمە سەنتڕاڵییە دیكتاتۆرییەكانی سۆشیالیستی و كۆمۆنیستی.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ وەڵامی پرسیارەكەمان (ئەو هۆكارانە چی بوون بوونە هۆی سەركەوتنی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی؟)، ئەوا راشكاوانە لە پلانی مارشاڵەوە وەڵامەكەمان دەست دەكەوێت، ئەویش ئەوەیە بە پێدانەوەی توانا بە دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژئاوا بۆ ئەوەی جارێكی دیكە سیستەمە سیاسییەكانیان ئەو توانایەی هەبێت (یەكسانی و دادپەروەری) بۆ كۆمەڵگە بگێڕێتەوە. ئەم وەڵامە بۆ واقیعی ئێستای شكستی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیش راستە، لەبەر ئەوەی وەك بیرمەندان و پسپۆڕان بەدەیان دیراسات و توێژینەوەیان لەسەر واقیعی ئێستای شكستی لیبڕاڵ دیموكراتی نووسیوە، هەموویان لەو خاڵەدا هاودەنگن، كە هۆكاری سەرەكی بۆ پاشەكشە و شكستی لیبڕاڵ دیموكراتی، ئەوەیە كە دامەزاروەكانی توانای بەدیهێنانی (یەكسانی و دادپەوەری)یان لەدەست داوە، بۆیە هاووڵاتیانی ئەو دەوڵەتانە لە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی دووردەكەنەوە و پێشوازی لە هزری توندڕۆیی چەپ و راست دەكەن و چەپڵە بۆ سەركردە پۆپۆلیستیەكان لێ دەدەن.
لەم دێڕانەدا، ئامانجی ئێمە باسكردنی شكستی لیبڕاڵیزم نییە بە پلەی یەكەم، بەڵكو ئەو پرسیارە، كە چۆن لە قۆناخی دوای شەڕ و كاولبوونی ژێرخانەكانی كۆمەڵگە و دەوڵەت كار بۆ ریشەكێشكردنی فیكری توندڕۆیی دەكرێت، كە مەبەستمان فیكری تیرۆریستانی داعشە؟
بەپێی هەموو ئەو دیراسەت و توێژینەوانەی لەسەر سەرهەڵدانی فیكری داعش (جیاواز لە فیكری رێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە) ئەنجامدراون، جیاوازی سەرەكی لەنێوان فیكری تیرۆریستانی قاعیدە و فیكری تیرۆریستانی داعش، ئەوەیە كە فیكری تیرۆریستانی قاعیدە لەم قۆناخەدا بڕوایان بە دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی نییە لە یەكێك، یان دووان لە وڵاتانی ئیسلامیدا، بەڵكو لە فیكری تیرۆریستانی ئەلقاعیدەدا، دەبێت جیهاد دژی ئیمپریالیزمی نێودەوڵەتی (كە مەبەستیان تەواوی رۆژئاوایە بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا) بەردەوام بێت و هەوڵەكان بۆ ئەوە بن كە ئەو ئیمپریالیزمە بڕووخێت و پاشان خەلافەتێكی فراوانی ئیسلامی دابمەزرێنن، كە تەواوی دەوڵەتانی ئیسلامی بگرێتەوە و ئەم خەلافەتە ئیمپراتۆریەتێك بێت، كە لانیكەم هاوشانی هێزە گەورەكانی جیهان بێت و كاریگەری لەسەر دروستكردنی بڕیار لەسەر ئاستی جیهان هەبێت، بەڵام فیكری تیرۆریستانی داعش و هۆی جیابوونەوەیان لە تیرۆریستانی ئەلقاعیدە، ئەوەیە كە تیرۆریستانی داعش، هەر لە ناوەكەی خۆیانەوە (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) دیارە كە داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی لە عێراق و شامدا دەكەن، ئەمەش واتە ناوەكەیان (داعش) كورتكراوەی ئەو جوگرافیایە كە دەیانەوێت دەوڵەت، یان خەلافەتی ئیسلامی لەسەر دابمەزرێنن، هەروەك چۆن لە 10ی حوزەیرانی 2014 و دوای كەوتنی موسڵ ئەم ئامانجەیان بۆ هاتەدی و لەناو هەردوو دەوڵەتی عێراق و سووریادا، دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامییان راگەیاند. ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە ئەگەر عەرەبی سوننە لە هەردوو دیوی عێراق و سووریا، قوربانی دەستی رژێمێكی عەلەوی بن لە دیمەشق و سیستمێكی مەزهەبگەرایی شیعە لە بەغدا، ئەوا لەو نێوەندەدا لە تێڕوانینی عەرەبی سوننە بۆ هەر دوو سیستمەكەی دیمەشق و بەغدا، خەلافەتی ئیسلامی چارەسەرە.
ئەم ئاراستەیەی خوێندنەوە بۆ وەرچەخان لە فیكری تیرۆریستانی قاعیدە بۆ فیكری تیرۆریستانی داعش، راشكاوانە بەرەو ئەو ئاراستەیەمان دەبات، ئایا سەرچاوەی فیكری تیرۆریستانی قاعیدە دەرهاویشتەی چ بارودۆخێكی سیاسەتی نێودەوڵەتییە و هەروەها سەرچاوەی فیكری تیرۆریستانی داعش دەرهاویشتەی چ بارودۆخێكی سیاسەتی هەرێمی و سیاسەتی ناوخۆیی هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراقە؟ بۆیە لە كاتێكدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی بانگەشە بۆ رووخاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش لە سووریا و عێراق دەكەن، ئایا پلانێكی هاوشێوەی پلانی مارشاڵیان هەیە بۆ ئەوەی لە ریشەوە فیكری تیرۆریستیی داعش بە هاوشێوەی فیكری نازی و فاشیزم لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، لە ریشەوە هەڵبكێشن، یان بارودۆخەكە هەر بەم شێوەیەی ئێستا لەسەر ژێرخانە كاولەكانی شەڕ بەجێ دەهێڵن؟
Top