سۆشیال میدیا . . . بەشی چوارەم
February 26, 2019
وتار و بیروڕا
پ.ی.د. نەزاکەت حوسێن حەمەسەعید
هەموو جۆرو مۆدیل و ئامرازیكی میدیا سەری هەڵدابێت، دەرهاویشتەی خواستە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەكەی ئەو كاتە بووە، لە هەمان كاتدا گەشەی ئامراز و تەكنەلۆجیاش لەگەڵیدا كاریگەریی خۆی هەبووە. میدای نوێ، یان سۆشیال میدیاش ئەگەرچی ئامانجی یەكەمی داهێنانی بۆ كاری زانستی و خوێندن بووە، هەروەك نموونەی فەیسبوك، یوتیب و كڵاس مەیت، كە هەموویان لە ناوەندی زانكۆیی و لەلایەن خویندكارانی زانكۆ داهێنراون، بەڵام دواتر بەكارهێنان و پێداویستییەكانی ناوەندەكان پێی وایكردووە، كۆمەڵیك ئەركی دیكەی بۆ زیاد بكەن و بەردەوامیش بە پێی زیادبوونی خواست و بوارەكانی بەكارهێنانی ئەركی نوێتر و زیاتری بۆ دروست دەبێت. هەندێك لە و ئەركانە :
1. ئەركی سۆشیالی، خودی ناوی بەكارهێنانی ئەم جۆرە لە تۆڕ، یان میدیا، بۆ سۆشیال بوون یان كۆمەڵایەتی بوونە، كە تاك دەیەوێت پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی فراوان بكات و لینك و تۆڕی پەیوەندیەكانی زیاتر دەكات. بەوەش كە جاران ژمارەیەكی دیاریكراوی هاوڕێی هەبووە، لە ئێستادا ژمارەیەكی یەكجار زۆری هاوڕێ پەیدا دەكات. واتە لە فەزایەكی فراوانتری كۆمەڵایەتیدا دەسووڕێتەوە و كۆمینیكەیشن دەكات. هەروەها كاتێك تاك بۆ ماوەیەكی زۆر لە سەر ئامێری مۆبایل و كۆمپیوتەرەكانیان دەمێننەوە، هەر لە رێگەی ئەو ئامرازانەوە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان بەرفراوان دەبێت و دەكرێت بڵێین جەماوەرێكی وەهمی بۆ خۆی دروست دەكات كە لە رووی فیزیاییەوە كەسیانی نەبینیوە لە هەمانكاتدا جەماوەرێكی باشن.
2. ئاسانكاری لە پەیوەندیكردنی خێرای لە گەیاندندا، لەم ئەركەدا رەنگە تێكڕای ئامرازەكانی تری میدیای تێپەڕاندبێت و توانیویەتی لەگەڵ خواست و پێداویستیی سەردەم خۆی بگونجێنێت، كە دەبینین تاك ئەمڕۆ بە هۆی بەكارهێنانی ئامێری مۆبایلەكەی دەیەوێت خێرا بگاتە زانیاری و رووداوەكان كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیای نوێ توانیویەتی ئەم خواستەی بۆ جێبەجێ بكات.
3. كۆكردنەوەی وەرگر و نێردەر لە یەك پلاتفۆرم و یەك شوێندا، ئەگەرچی لە یەك كاتدا مرۆڤ دەتوانێت نێردەر بێت و دەشتوانێت وەرگر بێت، واتە نێردەر و وەرگری لە یەك شوێندا كۆكردووەتەوە.
4. گەورەترین و بەناوبانگترین پێگەی ئۆن لاین لە ریكلام و ماركێتیندا ئێست فەیسبوكە كە یەكێكە لە ئامرازەكانی میدیای نوێ، واتە توانیویەتی سەرچاوەیەكی داهاتی باش بێت بۆ ریكلام و خزمەت بە بەكاربەران. هەر بۆیە هەردوو كاری بازاڕگەری و ریكلامكردن پانتاییەكی بەرفراوانیان بۆ بڵاوبوونەوە هەیە، لە بەر ئەوەی لە میدیای نوێدا ئامرازی جۆراوجۆر هەیە و لە هەمانكاتدا بەكارهێنەرێكی زۆر بەرفراوانی هەیە لە تەواوی جیهاندا، هەر بۆیە كاری ریكلامكاری و بازاڕگەری ئاسانتر و خێراتر كاریگەری دروست دەكات.
5. هەگبەیەكی پڕو دەوڵەمەند لە زانیاری، واتە لە پاڵ ئەركەكانی تریشیدا توانیویەتی زانیاری جۆراوجۆر بۆ وەرگرەكانی دابین بكات كە لە میدیای كۆندا نەبووە، لە بەر ئەوەی لە میدیای نوێدا، فرەخاڵی لە دانانی زانیاری هەیە و هەركەس لە شوێنی خۆیەوە زانیاری داخڵ دەكات و هەموو كەسێك زانیاری بڵاودەكاتەوە، بەمەش زۆرترین زانیاری دەگاتە لای وەرگر.
6. بوتە ناوەندێك بۆ فێركردن و ناوەندە زانستی و ئەكادیمیەكان سوود لە جۆرەكانی وەك كۆبوونەوەی ئۆن لاین و كردنەوەی گرووپ و ژووری ئۆن لاین وەردەگرن و، مامۆستا لەگەڵ خوێندكاران و هاوپیشەكانیان زانیاری دەگۆڕنەوە.
7. بووەتە ناوەندێك بۆ نمایشكردن و بڵاوكردنەوەی بەرنامەكانی پێشبڕكێ و یارییە ئەلیكترۆنییەكان كە هەبوونی ئەو بەرنامە ژمارەییانە وا دەكات، توانای پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی تاكی هەبێ لە هەر پلە و ئاستێكدا بن.