چی بكرێت بۆ رێكخستنی ریكلامە بازرگانییەكان؟

چی بكرێت  بۆ رێكخستنی ریكلامە بازرگانییەكان؟
پاش ئەوەی لە بەشی یەكەمدا تیشكمان خستە سەر چەمك و سیفات و بایەخ و بنەما سەرەكییەكانی ریكلام و لە بەشی دووەمیشدا ئاماژەمان بە كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی ریكلام لەسەر ئافرەتان كرد، لە بەشی سێیەمیشدا شرۆڤەی كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی ریكلاممان لەسەر پیاوان كرد، دواتریش لە بەشی چوارەمدا باسمان لە هەندێك لە كاریگەرییە خراپەكانی ریكلام لە سەر منداڵان كرد، ئیدی كاتی ئەوەیە لە بەشی پێنجەم و كۆتایی ئەم باسەدا (باسی ریكلامە بازرگانییەكان) تیشك بخەینە سەر ئەو راسپاردانەی كە پێویستە لە لایەن هەر یەك لە پەرلەمانی كوردستان و حكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و زانكۆكان و رێكخراوەكانەوە جێبەجێ بكرێن.
یەكەم: پەرلەمانی كوردستان
1. پێداچوونەوەو كۆكردنەوەو كاراتركردنی تەواوی ئەو یاسایانەی كە لە بواری پاراستنی مافی بەكاربەر و قۆرخنەكردنی بازاڕ و كواڵێتی كاڵا و كڕین و فرۆشتن و ریكلامكاریدا دەرچوون لە یەكەم خولی پەرلەمانەوە تا ئێستا.
2. بەدواداچوونی پەرلەمان بۆ یاسای ژمارە (9)ی ساڵی (2010) سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (1)ی ئیتیحادی پاراستنی بەكاربەر، پەسەندكراو لە ساڵی (2010).
3. داواكردن لە حكومەت بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر كە لە یاسای ژمارە (1)ی پاراستنی بەكاربەری (فیدڕاڵی) پەسەندكراو لە ساڵی (2010)دا هاتووە.
4. كاراكردنی رۆڵی ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر بۆ بەدواداچوون و چاودێریكردنی بازاڕی كوردستان بە بەردەوامی.
5. پێداچوونەوە بەو سزایانەی كە بۆ سەرپێچیكارانی یاساكە دانراون، بە رەچاوكردنی قەبارەی ئەو زیانە زۆر و گەورانەی كە سەرپێچیكاران لە كۆمەڵگەی دەدەن.
دووەم: ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
1. هەوڵدان بۆ بەدواداچوون بۆ كاراكردنی گشت ئەو بڕیارانەی كە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەبارەت بە پاراستنی مافی بەكاربەر دەرچوون.
2. فەرماندان بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر كە لە یاسای ژمارە (1)ی پاراستنی بەكاربەری (فیدڕاڵی) پەسەندكراو لە ساڵی(2010)دا هاتووە.
3. كاراتركردنی ماددەو بڕگەكانی تایبەت بە پاراستنی بەكاربەر لە نێو یاسای گشت وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
سێیەم: وەزارەتی رۆشنبیری
1. بەدواداچوونی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ پابەندكردنی كەناڵەكانی راگەیاندن بە ستانداردە جیهانییەكانی بواری ریكلامكردن.
2. جێبەجێكردنی ماددەو بڕگەكانی ئەو بڕیارو رێنماییانەی وەزارەت كە لە بواری رێكخستنی ریكلامدا دەریكردوون.
3. سازكردنی هەڵمەتێكی هەفتانەی نیشتمانی لە رۆژی جیهانیی پاراستنی بەكاربەردا كە دەكاتە (15)ی ئازاری هەموو ساڵێك.
4. پابەندكردنی كەناڵەكان بە وەرگرتنی مۆڵەت لە وەزارەتی تەندروستی بۆ ریكلامكردن بۆ جۆرەكانی خواردن و خواردنەوە.
5. پـــــــــــــابەندكردنی كەنـــــــــــــاڵەكـــــــان بە تەرخانكردنی رووبەرێك بۆ بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی بەكاربردن و كڕین و فرۆشتن لای هاووڵاتیان.
6. هاندانی چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ دامەزراندنی رێكخراو لەسەر بنەمای پسپۆڕێتیی ورد، لەوانەش سەنتەر و رێكخراوی تایبەت بە پاراستنی مافی بەكاربەر.
چوارەم: زانكۆكان و سەندیكا و كۆمەڵە و یەكیتییە جەماوەرییەكان
1. كاراتركردنی كۆلێژی زانستە كۆمەڵایەتییەكان و دەروونناسی بۆ ئامادەكردنی توێژینەوە و باسەكانی هۆشیاریی تاك و شیكردنەوەی خولیای زیادە مەسرەفی و بەكاربردن لای تاكی سەردەم.
2. دامەزراندنی سەنتەری باس و توێژینەوەی تایبەت بە بازاڕ.
3. كاراتركردنی بەشەكانی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری بۆ دابەزینە نێو كۆمەڵگە بە توێژینەوە مەیدانییەكانیان لە بارەی ریكلام و پاراستنی مافی بەكاربەرەوە.
Top