هەڵوەشانەوەی سیستمە جیهانییەكان و چانسی نەتەوە بێ دەوڵەتەكان
February 21, 2019
وتار و بیروڕا
ئاماژەكردنمان بە نموونەی ئەمریكا، بۆ ئەوەیە بڵێین: زۆر گۆڕانكاریی گەورە لە ئاكامی وەرچەرخانەكان بە سەر سیستمە جیهانییەكاندا دێتەئاراوە و زۆر جاران نەتەوەیەكی دیاریكراو دەگاتە ئەو قۆناخەی كە گۆڕانكاری بەسەر چارەنووس و ئایندەیدا بێت، بەڵام هەتا ئەو وەرچەرخانە لەسەر ئاستی جیهان دروست نەبێت، ئەوا ئەو گۆڕانكارییەش لە چارەنووسی نەتەوەدا روونادات.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی 100 ساڵی رابردوو و ئەو وەرچەرخانانەی بەسەر سیستمە جیهانییەكاندا هاتوون، دەبینین، بەشێكی زۆری دەوڵەتانی نەتەوەیی لە دوای وەرچەرخانەكان دروست بوون، هەر بۆ نموونە دوای كۆتاییهاتنی سیستمی نێودەوڵەتیی ڤێننا و دامەزراندنی كۆمەڵەی گەلان، بەشێكی زۆر لە نەتەوەكانی جیهان بوونە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان و لە پەیماننامەی «سیڤەر»یشدا ئەو مافە بە گەلی كورد دراوە، بەڵام پاشان لە پەیماننامەی لۆزان ئەو مافەیان لێ سەندینەوە، هەروەها لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی و دامەزراندنی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، جیا لەوەی ژمارەیەك نەتەوەی دیكە بوونە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان، لە هەمانكاتدا مافی بڕیاردانی چارەنووس بووە مافێكی گەردوونی بۆ نەتەوەكانی جیهان، بەڵام باڵانسی هێز لە سەردەمانی شەڕی سارد و هەستیاریی دابەشبوونە جیۆپۆلیتیكییەكان لەنێوان ئەو دوو هێزە گەورەیەدا، وایكرد كە دیسان نەتەوەی كورد بەگشتی و ئەو پارچەیەی كوردستان كە بە عێراقەوە لكێنراوە، ئەو دەرفەتەی بۆ هەڵنەكەوێت كە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام دوای كۆتاییهاتنی سیستمی دووجەمسەریی شەڕی سارد و دوای ئەوەی عێراق لە مانگی مارت و نیسانی ساڵی 1991 هێرشی كردە سەر كوردستان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ی لە ئەنجومەنی ئاسایش دەكرد و بەپێی ئەو بڕیارە ( نەوای ئارام ) بۆ «كوردستانی عێراق» دامەزرا.
دامەزراندنی نەوای ئارام لە كوردستانی بن فەرمانی عێراقدا، وەرچەرخانێكی گەورەی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لەم بەشە دروست كردو بزووتنەوەكەی لە قۆناخی خەباتی شاخ و چەكدارییەوە گواستەوە بۆ قۆناخی حوكمڕانی و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پاشانیش لەگەڵ رووخانی رژێمی سەدام حوسێن و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق، ئەم ئەزموونی حوكمڕانییەی كوردستان بووە بەشێك لە عێراقی نوێ و دەستووری 2005، لەمەش زیاتر یەكپارچەیی عێراق گرێ درایەوە بەو مەرجەی كە دەبێت عێراقی ئایندە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و فرەیی و پەرلەمانی و دیموكراتی بێت.
لە ساڵی 2014 دوای سەرهەڵدانی داعش و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كوردستان و بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانی داعش و تێكشكاندنی هێرشەكانیان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، وەرچەرخانێكی دیكەی لە پێگەی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان دروست كرد و، ئەم حوكمڕانییەی لە چوارچێوەی حوكمڕانیی هەرێمێكەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا گواستەوە بۆ ئاستی دەوڵەتێكی ئەمری واقیع، هەر بۆیە زۆر لە بیرمەندان و توێژەران و رۆژنامەنووسان، ئەم وەرچەرخانەیان ناو لێنا «پرۆڤەی كوردستان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ»، ئەم وەرچەرخانەی كوردستان هاوكات بوو لەگەڵ دەركەوتنی سەرەتاكانی نەمانی سیستمی جیهانی، هەر بۆیە لە ساڵی 2015 لە میانەی سەركردایەتیكردنی وەفدی كوردستان بۆ واشنتۆن، مسعود بارزانی راشكاوانە لەگەڵ سەرۆك ئۆباما لە كۆشكی سپی پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی لەگەڵ باسكرد، بەڵام سەرۆك ئۆباما پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی بە كۆتاییهاتنی شەڕی داعشەوە گرێ دایەوە، هاوكات مسعود بارزانی كۆتاییهاتنی شەڕی داعشی وەك ئەولەوییەتێكی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەسەند كردو پرسی سەربەخۆیی و سەروەریی كوردستانی بۆ دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش دواخست.
لە سەرەتای ساڵی 2017 و دەستبەكاربوونی ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا، وەك راپۆرتی كۆنفڕانسی (53)ی میونشن-یش ئاماژەی پێ كردووە (پۆست رۆژئاوا، پۆست راستی، پۆست سیستمی جیهانی)، لەمەش زیاتر ماكماستەری راوێژكاری پێشووی سەرۆك ترەمپ كە لە سەرەتای 2017 رایگەیاند كە كۆپیی سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی 1945، چیدیكە بە كەڵكی ئەمریكا نایەت، ئەمەش واتە بە كردەیی سیستمی جیهانی كۆتایی هات..
لە ناوەڕاستی ساڵی 2017 مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبووەوە و پێی راگەیاندن لە ناو ئەم گۆڕانكارییە گەورەیەدا كاتی ئەوە هاتووە هەموومان بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بڕیارێك بۆ ئایندەی نەتەوەكەمان بدەین، ئەوە بوو هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان راگەیەندرا، بەڵام بەداخەوە ئەو دەوڵەتانەی مەبەستیان بوو بەرگری لە سیستمە كۆنەكە بكەن، هەروەها ستافی ئەو دەوڵەتە قووڵەی كە لە ئەمریكا بوونی هەبوو، كە كاریگەریی گەورەی لەسەر ئیدارەی ترەمپ هەبوو، بووە هۆكاری ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ئیرادەی گەلێكی ئازادیخواز رابوەستێت و نەهێڵن ئاكامی ریفراندۆمەكە سەربگرێت.
وێڕای ئەوەی بەرژەوەندیی دەوڵەتانی رۆژئاوا لەگەڵ بەرژەوەندیی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان لەسەر پرسی ریفراندۆم یەكانگیر بوو، لەسەر ئەم پرسەش بۆ ماوەی چەندین مانگ غەدرێكی گەورەیان لە خەڵك و حكومەتی كوردستان كرد، بەڵام گۆڕانكارییە گەورەكان لە سەر سیستمی جیهانی و نەتوانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گێڕانەوەی ئەو سیستمەی لەسەر لێواری هەڵدێرە، بە شێوەیەك لە شێوەكان رای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جۆرێك وەرچەرخان، كە وەك ئەمری واقیع بێدەنگی لەسەر ئاكامی ریفراندۆم بكەن و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاسایی بكەنەوە، بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداشەوە، هەروەها پەیوەندیی نێوان كوردستان و وڵاتانی دەوروبەر و كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئەوەی جێگەی هەڵوەستە لەسەركردن بوو، لە ساڵی 2018 و دوای تەنیا یەك دوو مانگ لەو غەدرە گەورەیەی لە كوردستانیان كرد، جارێكی دیكە شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایش كرا، ئەمساڵیش (2019) جارێكی دیكە شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتی مسرور بارزانی بە فەرمی بانگهێشتی هەمان كۆنفڕانس كراوە.
ئامادەبوونی شاندی كوردستان لە كۆنفرانسەكانی (51 و 52 و 53)ی میونشن بە سەرۆكایەتیی مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەوانەیە هۆكارەكەی بە پلەی یەكەم كاریگەری و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووبێت لە شەڕی دژی داعشدا، بەڵام ئامادەبوونی شاندی كوردستان لە هەمان كۆنفڕانس لە ساڵانی 2018 و 2019، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی جیۆپۆلیتیكی كوردستان لە قۆناخی دوای سیستمی جیهانیدا، ئەمە ئاماژەیەكی روونە بۆ گرنگیی كوردستان وەك هاوپەیمانێكی گرنگ بۆ رۆژئاوا لە ناوچەیەكی ئاڵۆزی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە ناو راپۆرتەكەی ئەمساڵی (كۆنفڕانسی میونشن)دا لە یەك دوو شوێن جەخت كراوەتەوە سەر نامەی دەست لەكاركێشانەوەكەی ماتیس-ی وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریكا كە تیایدا بۆ ترەمپی نووسیووە: «شكۆی دەوڵەتەكەمان گرێ دراوە بە هاوپەیمانەكانمانەوە..»، ئەم قسەیەی ماتیس كە ئاراستەی سەرۆكی خۆی كردووە، هۆشدارییەكە بۆ سەرۆك ترەمپ كە دەستبەرداری هاوپەیمانەكانی نەبێت، هەر بۆیە كاتێك ئەم قسەیەی ماتیس دەبێتە بەشێك لە راپۆرتی كۆنفڕانسی میونشن بۆ 2019، ئەمە مانای ئەوەیە دەوڵەتانی رۆژئاوا پێویستە بایەخێكی زۆر بە هاوپەیمانەكانیان بدەن و لە میانەی گرنگیی هاوپەیمانەكانیانەوە شكۆی خۆیان پێناسە بكەنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا كە رێكخەرانی كۆنفڕانسی میونشن بۆ كۆنفڕانسی ئەمساڵ جارێكی دیكە شاندی كوردستان بە فەرمی و جیا لە شاندی حكومەتی عێراق داوەت دەكەن و دەوڵەتە جیاوازەكان هەر یەكەیان بە جیا لەگەڵ شاندی كوردستان لە پەراوێزی ئەم كۆنفڕانسە كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی كوردستان دەكەن، ئەمە مانای ئەوەیە پێگەی جیۆپۆلیتیكی كوردستان چۆن بۆ شەڕی دژی داعش زۆر گرنگ بوو، ئەوا بۆ ئێستای دوای كۆتاییهاتنی سیستمی جیهانییش، پێگەیەكی جیۆپۆلیتیكی گرنگە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەبەستێتی ئەم پێگە جیۆپۆلیتیكییە وەك كیانێكی سەربەخۆ هاوپەیمانێكی گرنگی بێت لەناو چەكەدا.
ئەوجا لێرەوە ئەگەر كۆتایی ئەم بەشە گرێ بدەینەوە بە سەرەتای ئەم باسەوە و كە تیایدا ئاماژەمان بە پێگەی ئەمریكا كرد لە سەردەمانی شەڕی سارددا، ئەوا لێرەوە دەتوانین بڵێین: راستە كوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە و رێگەیان نەداین كە ببینە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بەڵام لە ئێستاوە ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە كوردستان دەوڵەت بێت، یان دەوڵەت نەبێت، ئەوا دەوڵەتە گەورەكانی هاوشێوەی ئەمریكا و رووسیا و یەكێتی ئەوروپا، كاتێك بیانەوێت بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدۆزنەوە، ناچار دەبن هەولێر وەك پایتەختێكی سەربەخۆ بخوێننەوە و بە هاوشێوەی پایتەختەكانی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی بكەن، ئەم بارودۆخە كە لەوانەیە هەتا لەدایكبوونی سیستمە تازەكەی جیهان هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ لەدایكبوونی سیستمە تازەكە پێویستیی كۆمەڵگەی نێودەوەڵەتی دەگاتە ئەو ئاستەی كە خۆیان ببنە ئەو مامانەی كە دەوڵەتی كوردستان وەك دەوڵەتێكی گرنگ و هاوپەیمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دایك بێت و دابمەزرێت.