كاتێك بە (سیستمی نوێی جیهان) دەگوترێت سیستمە كۆنەكە قۆناخی داگیركاری كۆتایی دێت و پەراوێزخستن دەست پێدەكات
January 22, 2019
وتار و بیروڕا
لە نێوان ئەم دوو بیرمەندە لێكجیاوازەدا، جۆن میرشامێر كە ئەویش بیرمەندێكی گەورەی ئەمریكایە، هەر لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018 كتێبێكی بڵاوكردۆتەوە بە ناونیشانی (گەورەترین وەهم: خەونی لیبڕاڵیزم و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان) دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی خۆم هاووڵاتییەكی ئەمریكام و شانازی بە سیستمی دیموكراتی و تاكگەرای (Individualism) یەوە دەكەم و بە باشترین سیستمی دەزانم، بەڵام ئەگەر لیبڕاڵیزم بكرێتە ئایدیۆلۆژیەتێكی جیهانی و هەوڵبدرێت لەسەر هەموو كۆی زەوی كۆپی بكرێتەوە، بێجگە لە وەهمێكی گەورە شتێكی دیكە نییە و باڵانسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كە لەسەر بنەمای واقعبینیە (Realism) تێكدەدات و هیچ حیسابێك بۆ بەها و شكۆی دەوڵەتی نەتەوەیی ناهێڵێتەوە كە لەسەر بنەمای بیری نەتەوە (Nationalism) بونیاد نراوە، میرشامێر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كاتێك تاكگەرایی دەكرێتە بنەما و بیری نەتەوەیی پشتگوێ دەخرێت، ئەوا هیچ مانایەك بۆ پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەكان نامێنێتەوە، بۆیە ئەگەر دان بەوەدا بنێین كە خەونی لیبڕاڵیزم كۆتایی هات، ئەوا دەبێت زۆر بە وردی رەچاوی بەها و جیاوازیی ئەو سێ چەمكە بكەین. ئەمەش مانای ئەوەیە جۆن شامێر بەرگری لە مانەوەی لیبڕاڵیزم دەكات، لەبەر ئەوەی بەرهەمی ئەقڵی نەتەوەیی ئەنگلۆسەكسۆنییە و دروشمی شۆڕشی ئەمریكا وتە بەناوبانگەكەی (جۆن لۆك)ی گەورە بیرمەندی ئینگلیزییە كە گوتوویەتی: (بەبێ نوێنەرایەتیكردن باجدان بوونی نییە)، بۆیە مافی خۆیەتی وەك ئەمریكییەك شانازی بە سیستمەكەی خۆیەوە بكات، لە بەرامبەر ئەمەدا ئەڵمانەكانیش مافی خۆیانە شێوازێكی دیكەی دیموكراتی بۆ خۆیان تیۆریزە بكەن، كە یۆرگن هامبرماس گەورە بیرمەندی ئەڵمانی ناوی لێناوە: (دیموكراتیەتی راوێژكاری- Deliberative Democracy) هەروەها چەمكی لیبڕاڵیزمیان گۆڕیوە بۆ (ئۆردولیبڕاڵیزم - Ordoliberalism)، ئەمەش بەو مانایەی كە چەمكی لیبڕاڵیزم نە بۆ یەكێتی ئەوروپا و نە بۆ سیستمی دەوڵەتەكانیشیان سوودی نییە، بۆیە دەبێت بگۆڕێت بۆ ئۆردۆلیبڕاڵیزم بۆ ئەوەی بڕیارەكانی حكومەت، یان بڕیارەكانی برۆكسل لە شەقامی نیشتمانیی یەكێتیی ئەوروپادا پێشوازی لێ بكرێت و جێبەجێ بكرێت. دیارە فەرەنسا كە لە نێوان سیستمی (قەیسەری رووسیا و دیموكراتییەتی ئەمریكا) لە سەرەتاوە هەوڵیداوە لاسایی سیستمی دیموكراتیی ئەمریكا بكاتەوە، بەڵام فەرەنساش لە كۆماری پێنجەمدا لە ساڵی 1958 سیستمێكی تایبەتی بە نەتەوەی فەرەنسا راگەیاند كە ئەویش (سیستمی سەرۆكایەتیی تێكەڵاوە) كە نە لە رژێمی پادشایی بەریتانیا دەچێت، نە لە هی سەرۆكایەتیی ئەمریكاش، ئاشكراشە رووسیا چ لە سەردەمی دەسەڵاتی قەیسەری، چ لەسەردەمی یەكێتی سۆڤیەت لاسایی سیستمی لیبڕاڵیزمی نەكردۆتەوە، تەنیا لە ساڵانی دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1991- 2002 خۆی لەگەڵ كۆپیكردنەوەی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی تاقیكردۆتەوە، بەڵام رووسیا كەوتە سەر لێواری هەڵدێر، بۆیە لە دوای ساڵی 2002 لەگەڵ بوونی فلادمێر پۆتین بە سەرۆك وەزیران، كۆتایی بە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی هێنا و شكۆ بۆ دەوڵەتی رووسیا و نەتەوەی رووس گەڕایەوە.
كەواتە ئەم بیركردنەوە هەمەجۆرانە لەلایەن بیرمەندانی جیهانەوە بەرهەمی ئەو رەفتارە سەیرو سەمەرانەیە كە هیچ بیرمەندێك مەزندەی نەكردووە، لەگەڵ بوونی ترەمپ بە سەرۆكی ئەمریكا ئەم هەموو گۆڕانكارییە بێتەئاراوە، لەمەش سەیرتر هەر لە مانگی یەكەم و دووەمی دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەمریكا زۆر بە راشكاوی راگەیاند: «سیستمی لیبڕاڵی نێودەوڵەتی ساڵی 1945 چیدیكە بەكەڵكی ئەمریكای 2017 نایەت..» ئەمەش دەنگدانەوەیەكی نەرێنیی هێندە گەورەی دروستكرد كە ترەمپ بەم سەرشێتییەی و نەبوونی مەعریفەی دەوڵەتمەداری، ئەمریكا و جیهان دوچاری كارەساتێكی گەورە دەكات، بەڵام وەك ئیلیۆت كۆهین پڕۆفیسۆر لە دیراساتی ستراتیژی نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆهانس هۆپكین و خاوەنی كتێبی (سنوورداریی كاریگەریی هیزی نەرم و ناچاربوون بۆ پەنابردن بۆ هێزی سەربازی) لە وتارێكیدا كە بە ناونیشانی (تەنگژەی راستەقینەی ترەمپ لەم سەردەمەدا) لە ژمارەی كانوونی دووەمی 2019ی گۆڤاری فۆرین ئەفێرز بڵاوی كردۆتەوە، نووسیویەتی: «ترەمپ ماوەی دوو ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی تەواوكرد و ئەو قیامەتەشی بۆ ئەمریكا دروست نەكرد كە باسیان لێوە دەكرد، بەپێچەوانەوە نە لە ناتۆ هاتە دەرەوەو نە شەڕێكی گەورەشی لەگەڵ ئێران و كۆریای باكوور دروستكرد، بەپێچەوانەوە دوو ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتیی ترەمپ بە سەقامگیرییەكی سەرسوڕهێنەر كۆتایی هات، هەروەها توانی ناتۆ رێكبخاتەوە و نەیەتەدەرەوە، هەروەها توانی بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ كۆریای باكوور بكات كە ئێستا ترەمپ بە ناوبردنی بە «هاوڕێ» نامە بۆ كیم ئۆن جۆنگی سەرۆكی كۆریای باكوور دەنێرێت، هەروەها رێككەوتنی بازرگانیی ئازاد لە ئەمریكای باكوور (NAFTA) سەرلەنوێ دابڕێژدرێتەوە و لە رێككەوتنەكە نەیەتە دەرەوە، بەهەمان شێوە لە رێككەوتنی نیوكلیاری (5+1) لەگەڵ ئێران هاتۆتە دەرەوە و سزای لەسەر ئێران داناوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دیكە ئەو رێككەوتنەش دووبارە دابڕێژێتەوە.
ئەم وەرچەرخانەی لەماوەی دووساڵی رابردووی سەرۆكایەتیی ترەمپ لە سیستمی نێودەوڵەتی و رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان دروستی كردووە، هەر هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە باڵانسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و كاروباری رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان چیدیكە لە چوارچێوەی ئەو سیستمە جیهانییەی جۆرج بوشی باوك ناوی لێنا: «سیستمی نوێی جیهان» هەڵناسووڕێت و ئەو سیستمە كۆنە مردووە و جیهان پێویستی بە سیستمێكی دیكە هەیە و، دەبێت بنەمای ئەو سیستمەش لەسەر ئەم كۆڵەگەیانە بونیاد بنرێن كە هیچ نەتەوەیەك هەوڵ نەدات شێوازی حوكمڕانیی خۆی بكاتە ئایدیۆلۆژیەتێكی جیهانی و بە زۆر بەسەر دەوڵەتانی دیكەی جیهاندا بیسەپێنێت، بەپێچەوانەوە دەبێت هەر نەتەوەیەك لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیدا، نموونەی حوكمڕانیی خۆی پێشكەشی جیهان بكات و كێبڕكێ و ململانێ لە سەر حوكمڕانیی باش لە نێوان نەتەوەكان دروست بێت، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە دیكتاتۆرێك بە ناوی دەوڵەتی نەتەوەییەوە لە دەوڵەتێكی فرەنەتەو ئاییندا گەلەكەی خۆی سەركوت بكات، پێشان و لە سەردەمی ئەوەی پێی دەگوترا: «سیستمی نوێی جیهان» ئەمریكا هەوڵیدەدا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو جۆرە دەوڵەتانە ئەگەر بۆی بكرایە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ژێر چەتری نەتەوە یەكگرتووەكان پێكدەهێنا، ئەمەش وەك هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ (كشانەوەی عێراق لە كوەیت 1991) هەروەها (رووخانی رژێمی تالیبان لە 2001)، هەروەها لە دەرەوەی چەتری نەتەوە یەكگرتووەكانیش هاوپەیمانی پێكدەهێنا، وەك هاوپەیمانیی ئارەزوومەندانە بۆ (رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە 2003)، بەڵام لەسەردەمی ترەمپدا ئەمە كۆتایی هات و شێوازێكی دیكە پیادە دەكات كە ئەویش گۆڕینی داگیركارییە بۆ پەراوێزخستن و مامەڵەنەكردنیەتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە و هەروەها مامەڵەنەكردنی ئەمریكا لەگەڵ هەر دەوڵەتێكی دیكە كە پابەند نەبێت بەو سزایانەی ئەمریكا لەسەر ئەو دەوڵەتەی داناوە، ئەم شێوازە تازەیە كە هێشتا نازانرێت ناوی چی لێ دەنرێت، هەوڵێكە بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوە هزری نەتەوەكان، بەڵام هەر نەتەوەیەك بە شێوازی تایبەتیی خۆی و دروستكردنی ململانێ لەسەر بەرهەمهێنانی بیری باش بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی و رێكخستنەوەی رەفتاری دەوڵەت و سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی دەوڵەت دژی گەلەكەی خۆی و دراوسێكانی، ئەمەش مانای ئەوەیە دووبارە پێناسەكردنەوەی چەمكی دەوڵەتی نەتەوەیی كە هەر لە بناخەوە بۆ ئەوە دامەزراوە نەتەوەكان ئازاد بن و ئاشتیی هەمیشەیی لە جیهاندا بێتەئاراوە، راستە ئەمە كارێكی لە نیمچە مەحاڵ دەچێت، بەڵام كە دەگەڕێینەوە بۆ مێژووی شەڕە ئایینییەكانی ئەوروپا و كۆتاییهاتنی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەم رەشبینییە دەڕەوێتەوە و ئومێدێك بۆ ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا زیندوو دەبێتەوە.