هەولێر لە ئەجێندای گەشتە دیپلۆماتییەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
January 15, 2019
وتار و بیروڕا
ئەگەر سەیری مێژووی دیپلۆماتیەتی ئەمریكا بكەین، دەبینین لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد و داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە، هیچ وەزیرێكی دەرەوەی ئەمریكا بۆ دووبارە داڕشتنەوەی كۆی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەردانی ئەم ناوچەیەی نەكردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە چۆن جیمس بیكەر لە ئیدارەی جورج بوشی باوك لەدوای داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراقەوە كە سەردانی ناوچەكەی دەكردو دەوڵەتانی ناوچەكەی بەسەر دەكردەوە، ئامانجی ئەوە بوو كۆدەنگییەكی ناوچەیی دژی عێراق دروست بكات و سەرلەنوێ كۆی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوە، دیارە گەشتەكەی ئەمجارەی مایك پۆمپیۆش هەمان ئامانجی هەیە و دەیەوێت كۆی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوە و پەیامێكی راشكاوانەشی بۆ دۆست و نەیارانی ئەمریكا لەگەڵ خۆی هێناوە و بە یەك زمان قسە لەگەڵ هەموو لایەك دەكات، هەر بۆیە قسەكانی توركیای نیگەران كردووە و، بە زەردەخەنەكەشی لەسەر كوشتنی جەمال خاشوقچی، محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنیشنی سعودیەی ئیحراج كرد.
لەگەڵ دەستپێكی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە 20ی 1ی 2017 راشكاوانە ترەمپ رایگەیاند چیتر كار بە ستراتیژیەت و سیاسەتی دەرەوەی پێشووی ئەمریكا ناكات و چیتر وەك پێشان مامەڵە لەگەڵ سیستمی نیودەوڵەتی ناكات، واتە ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی جۆرج بووشی باوك ناوی لێنابوو: «سیستمی نوێی جیهان»، بەڵام لەماوەی 15 مانگی یەكەمی دەستپێكی ئیدارەكەی، رێكس تیلێرسۆنی وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریكا بە ئاشكرا بە جیهانی رادەگەیاند (ئەوەی ترەمپ دەیڵێت، تەنیا هەڕەشەیە و دامەزراوەكان سیاسەتی دەرەوە ئاراستە دەكەن، نەك تەنیا كەسیك كە سەرۆكی ئەمریكایە). لە ئاكامی ئەو ناكۆكییەی نێوان سەرۆك ترەمپ و وەزیری دەرەوە و ستافەكەی، لەمارتی 2018 ترەمپ بە تویتێك تیلێرسۆنی رەوانەی ماڵەوە كردەوە و مایك پۆمپیۆی لە جێگەی دانا، كە هەر لەسەرەتاوە ناویان لێنا ترەمپی بچووك (مینی ترەمپ).
لەماوەی ئەو 8-9 مانگەی پۆمپیۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكای بە فەرمی وەرگرتووە، وەرچەرخانێكی نەوعی بەسەر كۆی سیاسەتی ئەمریكیدا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ چۆن بە تویتە سەیرەكانی لەگەڵ دۆست و دوژمن قسە دەكات، مایك پۆمپیۆش بە هەمان شێوە، بەڵام بە زمانێكی دیپلۆماتیی بەرز پەیامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاراستەی دەوڵەتانی دۆست و نەیار دەكات. هەر بۆ نموونە كاتێك پەیامی خۆی ئاراستەی ئێران دەكات و مەرجەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای پێ رادەگەیەنێت، بە هەمان زمانیش لەگەڵ توركیا و سعودیە ( كە بە حیساب دوو هاوپەیمانی دێرینی ئەمریكان) قسە دەكات.
ئەم هاودەنگییەی پۆمپیۆ لەگەڵ قسە و تویتەكانی ترەمپ، ئاماژەیەكن بۆ یەك پەیام، ئەو پەیامەش ئەوەیە كە چیدیكە ئەمریكا لە بازنەی سیستمە كۆنەكەی جیهان ئەوەی پێ دەگوترا (سیستمی نوێی جیهان) سەیری جیهان ناكات و بایەخی جیۆپۆلتیكی ناوچەكانی جیهانیش بە سیستمە كۆنەكە پێوانە ناكات، بەڵكو دەبێت كۆی دەوڵەتانی جیهان لەسەر ئەو ریتمە رابێن كە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا دەیەوێت وەك سیستمێكی تازە بۆ هەموو جیهان وێنای بكەن.
دەوڵەتانی گەورەی هاوشێوەی ئەمریكا و چین و پێشتریش یەكێتی سۆڤیەت، توانای ئەوەیان هەیە لە دەرەوەی سیستمی جیهانی بن و بۆشیان بچێتەسەر. هەر بۆ نموونە لەوەتەی ئەمریكا سەربەخۆیی وەرگرتووە، هەتا ساڵی 1945 ئەندامی هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی نەبووە، وەك: (سیستمی نێودەوڵەتی ڤێنا 1815-1915، هەروەها كۆمەڵەی گەلان 1920- 1945)، هەروەها لەناو رێكخراوی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیشدا تەنیا لەماوەی ساڵانی ( 1945- 1989) چوار ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە هاوشانی خۆی زانیوە، لەدوای رووخانی دیواری بەرلینەوە كە ئەوكات یەكێتی سۆڤیەتیش مابوو، ئەمریكا وەك سەرۆكی سیستمی جیهانی رەفتاری دەكردو لە ئابی 1990 دوای ئەوەی عێراق كوێتی داگیركرد، ئەمریكا توانی سەرۆكایەتیی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بكات كە یەكێك لە ئەندامەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشان بوو، ئەمەش یەكەمجار لە مێژووی یەكێتی سۆڤیەتی پێشاندا ئەندامی هاوپەیمانییەك بێت، كە ئەمریكا سەركردایەتی بكات. هەر بۆیە لە ئێستادا كە ئەمریكا بە كردەیی لەو سیستمە جیهانییەی خۆی سەركردایەتی دەكرد، هاتۆتە دەرەوە، ئەو سیستمە جیهانییە بێ ئەمریكا هیچ بایەخێكی نابێت، هەروەك چۆن بە هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، ئەو رێكخراوە گەورە نێودەوڵەتییە بایەخی جارانی نەما.
ئەوجا ئەگەر لەناو بازنەی ئەو سیاسەتە تازەیەی دەرەوەی ئەمریكا بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خوێندنەوەیەكی واقیعییانە بۆ سەردانەكەی مایك پۆمپیۆ بۆ هەولێر بكەین و دیدارەكانی لەگەڵ مسعود بارزانی وەك رابەری نەتەوەیەك و نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان و مسرور بارزانی وەك سەرۆك وەزیرانی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبسەنگێنن، ئەوا راشكاوانە ئەو راستیە دەخوێننەوە كە سەردانەكەی پۆمپیۆ تەنیا بۆ عێراق نەبووە، بەڵكو بۆ هەشت دەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست + هەرێمی كوردستان بووە، ئەمەش مانای ئەوەیە لە سیاسەتی تازەی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، هەولێر هاوشانی بەغدایە، لە رێكخستنەوەی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكاشدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەولێر هاوشانی هەر هەشت پایتەختەكەی دیكە رۆڵ و گرنگیی خۆی لە سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكادا هەیە، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئەم رۆڵ و گرنگییەی هەولێر لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە چەند خاڵێك دەدەینەوە:
1- لە شوباتی 2015وە مسعود بارزانی وەك تەنیا رێبەری بێ دەوڵەت بانگهێشتی كۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان دەكرێت و ساڵی پاریش لە بری بەڕێزیان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەشداری كرد، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە بانگهێشتكردنی فەرمیی مسعود بارزانی بۆ ئەو كۆنگرە نێودەوڵەتییە كە ئەركی پاراستنی سیستمی جیهانییە، بۆچی؟ ئایا كوردستان كە دەوڵەت نەبێت، چ پەیوەندیەكی بە پاراستنی سیستمی جیهانییەوە هەیە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو بڕیارەی مسعود بارزانی دەیداتەوە كە لە ئابی 2014 كۆشكی سەرۆكایەتی بەجێهێشت و بە هەمان ورەی ساڵی 1962 چووەوە ناو سەنگەرەكانی پێشمەرگە، پێش ئەوەی مسعود بارزانی ئەم بڕیارە بدات و سەرۆكایەتی بەجێبێڵێت و ببێتەوە بە پێشمەرگە، هەموو جیهان لە ئاستی هێرشەكانی داعش دەستەوەستان بوون و بیرمەندانی سەربازی بیریان لە سوپای رۆبۆت دەكردەوە كە بتوانێت لە رووی داعشدا بوەستێت، بەڵام كە بارزانی ئەفسانەی داعشی تێكشكاند، نەك هەر شكۆی كوردستانی گەیاندە ئاستی دەوڵەتانی جیهان، بەڵكو جیهانی ناچار كرد كە بەدوای نهێنیی قارەمانیەتی پێشمەرگەدا بگەرێن، بۆیە لە كانوونی دووەمی 2015 لە پەنێڵی (سوپای ئایندە) لە كۆربەندی داڤۆس، باڵیۆز شنایدەر سەرۆكی كۆنفڕانسی میونشن رایگەیاند، ئەمساڵ بە شەخسی و بەفەرمی مسعود بارزانی بۆ كۆنگرەی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە میوشن بانگهێشت كراوە، بۆ ئەوەی باسی سوپای ئایندەمان بۆ بكات، كە مەبەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. بۆیە كاتێك مایك پۆمپیۆ دێتە كوردستان و سەردانی مسعود بارزانی دەكات، باش دەزانێت بارزانی بە هاوشێوەی دیگۆل لە كە 1946- 1958 هیچ پلە و پۆستێكی دەوڵەتی نەبوو، بەڵام هەر ناسنامەی فەرەنسا بوو، ئەوا بارزانی لە كوردستانیش ئەگەر پۆستی سەرۆكایەتیشی نەبێت، هەر ناسنامەی ئەو كوردستانەیە كە لەسەر دەستی ئەو جیهان ناچار بوو وەك بەشێك لە سیستمی جیهان سەیری بكات.
2- شێوازی حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانی زۆر دەمێكە نەك هەر سەرنجی سەرۆك دەوڵەتان و دیپلۆماتكارانی راكێشاوە، بەڵكو سەرنجی ناوەندەكانی توێژینەوەی تایبەت بە سیاسەتی حوكمڕانیی راكێشاوە، لەوانە ناوەندەكان (زانكۆی واشنتۆن – جیفرسۆن، ئەمریكا فاوەندەیشن بۆ دیموكراتی، سەنتەری واشنتۆن بۆ دیراسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامۆژگای برۆكینگز، سەنتەری رۆیاڵی پادشایی و چاتام هاوس لە بەریتانیا، سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە لە توركیا و وڵاتانی عەرەبی و.. هتد) لەماوەی ساڵانی سەرۆك وەزیرانیی نێچیرڤان بارزانی، هەموو ئەم سەنتەرانە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمییان لەسەر شێوازی حوكمڕانییەكەی كردووە و زانكۆی واشنتۆن – جیفرسۆنیش دكتۆرای فەخری پێ بەخشێوە كە ئەم خەڵاتە بێجگە لە نێچیرڤان بارزانی هیچ كەسێك پێی نەبەخشراوە، ئەگەر هاووڵاتی ئەمریكا نەبووبێت. بۆیە پۆمپیۆ كاتێك سەردانی نێچیرڤان بارزانی دەكات و دەزانێت سەرۆكی داهاتووی كوردستانە، باش ئەو راستییەی خوێندۆتەوە كە نەك هەر عێراق و كوردستان، بەڵكو كۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە سەرۆكێكی خاوەن لۆژیك و بەئەزموونی وەك نێچیرڤان بارزانی هەیە .
3- گەورەترین كێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەبوونی تەناهی و سەقامگیرییە، بەڵام ئەوەی سەرنجی هەموو جیهانی راكێشابوو، ئەوە بوو، داعش تەنیا 20كم لە كوردستانەوە دوور بوو، جووڵەی ئاسایی لەناو شارەكانی كوردستان وەك خۆی وابوو، شەوەكانی كوردستان وەك رۆژەكانی وابووە، ئاشكرایە پێش ئەوەی پۆمپیۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وەربگرێت، سەرۆكی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا بووە و زۆر بە باشی لە وردەكاری و ئەو ئەقڵە ئاگادارە كە لە پشت ئەو سەقامگیری و ئارامییەی كوردستانەوەیە و هەروەها پۆمپیۆ دەزانێت مسرور بارزانی ئەو كەسەیە كە توانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ كۆماندۆی ئەمریكا بە سەركەوتوویی لەناو خاكی داعشدا ئەنجام بدات، بۆیە ئێستا كە مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی حكومەتی كوردستان دەبێت، ئەوا ئەو حكومەتە سەرۆك وەزیرانێكی دەبێت كە ئەو توانایەی هەیە كاری هاوبەشی زۆر گرنگ لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بە عێراقیشەوە ئەنجام بدات، كە سەرەنجام بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی كۆی ناوچەكە دەشكێنەوە.
ئەم خوێندنەوەیە بەرەو ئەوەمان دەبات كە راشكاوانە بڵێین: راستە كوردستان تەنیا وڵاتی فرەنەتەوەو ئایین نییە لە ناوچەكەدا، بەڵكو بەشی زۆری وڵاتانی ناوچەكە فرەنەتەوە و فرەئایینن، بەڵام ئەو جیاوازییەی هەولێری لە پایتەختەكانی دیكەی ناوچەكە جیاكردۆتەوە و كردوویەتی بە پایتەختێكی گرنگ بۆ تەواوی ناوچەكە و جیهانیش، ئەوەیە لە هەولێرەوە لۆژیكی پێكەوە ژیان و لێبوردەیی هەڵدەقوڵێت، ئەم لۆژیكەش پێشمەرگەی بەرهەمهێناوە كە بەرگری لە مانەوەی ئەو فرەییە دەكات، بەڵام لە پایتەختەكانی دیكە لۆژیكی پێكەوەژیان و لێبوردەیی هێشتا بوونی نییە.