چی لە عێراق روودەدات؟ توندوتیژیی سیاسی و وەهمی بنیادنانی دەوڵەتێكی مۆدێرن
August 27, 2018
وتار و بیروڕا
بەرایی
ئەم توێژینەوەیە شرۆڤەكارییەكی گشتگیر نییە، بەڵكو هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن لە پەرەسەندنەكانی ئێستای ناوچەكە، بە مەبەستی جارێكی دیكەی تێگەیشتن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی لە رووی چەمكەوە، بەتایبەتیش وا دیارە كە ئەو شتەی دەیزانین، یان پێمانوایە دەیزانین، بەهاكەی لەدەستداوەو بەرەو كۆتایی چووە.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی گۆڕانكاریی بوونگەرایی گەورە بۆتەوە، ئەمەش بەو مانایەی كە هەڵوەشاندنەوەو هەرەسهێنانی رژێم بوونیان هەیە هەر لە دوای كۆتایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تاكو ئێستا، چونكە دەبینین كە سنووری هەندێ دەوڵەتی ناوچەكە گرنگیی خۆیان لەدەست دەدەن و گرووپگەلێكی خاوەن هەژموونی تازە دێنەئاراوە، ململانێیەكانی دەوڵەت و نەتەوە سنوورەكانیان بڕیوەو تێكچرژاون، لێرەدا دیاردەیەكی تازەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەدردەكەوێت: هێزە گەورە نێودەوڵەتییەكان بەپێچەوانەی ئەوەی لەوەتەی سەدەیەكە باوبووە، حەزناكەن (رێكخستنەوەی ناوچەكە بخەنە ئەستۆی خۆیان، بەڵكو هەوڵدەدەن داكۆكی لە بەرژەوەندییە راستەوخۆیەكانیان بكەن، دواجار مەترسییەكانی سەر ئەو بەرژەوەندییانە دووربخەنەوە، لەبەرامبەریشدا دەوڵەتە سەرەكییەكانی ئیقلیمی –بەلای كەم تا ئێستا- هیچ دەستپێشخەرییەك بخەنەڕوو بۆ دابینكردنی سەقامگیری یان بنیادنانێكی تازەی سیستەمێكی ئیقلیمی، ئەم رەوشە حاڵەتێك دێنێتە ئاراوە كە دەكرێ بگوترێت حاڵەتێكی (نەبوونی سیستەم و یەقینە).
بەم شێوەیە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزە نێودەوڵەتییەكانی بۆخۆی پەلكێش كردو دواتر چووە ژێر باری ئەو هێزانەوە، هەروەها گرنگیی ئەم ناوچەیە سەرنجی بیرمەندانی رۆژئاوای راكێشاوە كە بیروبۆچوونی جیاوازیان دەربارەی چارەنووسی ئەو ناوچەیە خستۆتەڕوو، لەوانەی كە دیارن (بیرنارد لویس- لە 2018 كۆچی دوایی كردووە) كە راوبۆچوونی مەترسیداری خستەڕوو تایبەت بە دابەشبوونی ناوچەكە بۆ زیاتر لە 40 دەوڵەت، عەقیدی خانەنشین (پیتەر رالف) كە ئەویش دیسان بیرۆكەی دابەشكردن و لێكترازانی ناوچەكەی بۆ زیاتر لە 30 دەوڵەت خستەڕوو لەمیانی (نەخشەكانی خوێن)ەوە.
بە بۆچوونی توێژەری ئەڵمانی (فۆلكەر بیرتس- بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئاسایش) لە كتێبی: (كۆتایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەك ئێمە دەیزانین)كە لە 2018 دەرچووە و تێیدا دەڵێت: جیهان لەبەردەم لێكترازانی بنیادی ناوخۆیی ژمارەیەك دەوڵەتی عەرەبیدایە، دواجار لەبەردەم داڕمانی بەهای كۆمەڵگەكانیاندان (سووریا و عێراق و لیبیا). بێ ئەوەی روون بێت، یان هێماكانی سەرهەڵدانی سیستەمێكی تازە دەربكەون، كە شوێنی سیستەمە كۆنەكە بگرێتەوە، تەنانەت كێش دێت ئەو سیستەمە پێكدەهێنێت، ئەزموونەكانی مێژوو ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بەتایبەتیش عێراق و سووریا و لوبنان و ئێران) سەرباری ئەزموونەكانی شەڕ و داپڵۆسین و توندوتیژی، بەڵام مێژوویەكی پرشنگداری پێكەوەژیانیان هەیە، بە چاوپۆشی لە بوونی دابەشبوونی ئیتنی و تایفەگەری و سیاسی، بەڵام لەئێستادا ئەمە گونجاو نییە، بەشێوەیەك ئاستی توندوتیژی كە حوكمڕانان یان ئەوانەی حوكمیان بەدەست نییە دژی گەلەكەیان پیادەی دەكەن گەیشتۆتە ئاستێكی بەرز كە ئەم شتە پێویستی بە خستنەڕووی بیروبۆچوونی تازە هەیە دەربارەی پێكەوەژیان.
وا دیارە توندوتیژی و شەڕی ناوخۆی تایفەگەری پەیوەندییان نییە بە داواكارییەكانی ئازادی بەدیهێنانی دادپەروەری كە ئەم پێویستییانەیان لەسەر بنیادنراوە، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە: چۆن دەتوانین تێبگەین لەوەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت لەوەتەی سەرەتای ناڕەزایی و گرژییەكانی عەرەربی لە ساڵی 2011؟ ئایا ئێمە رووبەڕووی دەوڵەتانی شكستخواردوو، هەروەها شەڕی ئیقلیمی و ناوخۆ و تیرۆرو توندوتیژیی تایفەگەری دەبینەوە وەك دۆخێكی تازەی ئاسایی؟ لەگەڵ ئەوەشدا دیارە بە بۆچوونی توێژەری ئەڵمانی (فۆلكەر بیرتس) ناوچەكە رووبەڕووی سەرەتایەكی مەودادرێژ دەبێتەوە لەم ناڕەزایی و گرژییانە، هەروەها ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە نییە كە دەیزانین، چونكە بە قۆناغگەلێكی گواستنەوەی بوونیادگەراییدا تێدەپەڕێت.
(2)
جەوهەری دەوڵەت و ئەركەكانی
بەگشتی دەوڵەت بۆ ئەوە دامەرزراوە كە ئەركی سەرەكی و بنەڕەتیی خۆی بەجێ بگەیەنێت: دابینكردنی پارێزگاریكردن لە هاووڵاتیان و پاراستنیان لە یەكدی، دواجار دابینكردنی داكۆكیكردن لێیان لەدژی دوژمنانی دەرەكی (ئەمەش فەیلەسوف-ئەرستۆ- كۆچكردوو لە 322 پ.ز- لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا-سیاسەت) باسی كردووە.
دیاریكردنی ئەو ئەركانە مانای ئەوە نییە كە دەوڵەت هەر ئەوەندە دەكات و بە مەرج و كۆتی دادەنێت، بەڵكو ئەو تەحەددییانە تێدەپەڕێنێت، ئەوەش بە پەنابردنەبەر بەكارهێنانی توندوتیژیی شەرعی و توندوتیژیی ناشەرعی، دەوڵەت توندوتیژیی بەكارناهێنێت بۆ دابینكردنی ئاسایش و هێمنی، بەڵكو ئەو توندوتیژییە بە شێوەیەكی فراوان بەكاردەهێنێت دژی هاووڵاتیان و دواجار ئەركی دەوڵەت لە پاراستنی هاووڵاتیانەوە دەگۆڕێت بۆ دژایەتیكردن، یان بەلایەنی كەم دژی كۆمەڵێكی دیاریكراوی هاووڵاتیان، هەروەها چەندین دیاردەی سیاسیی مەترسیدار پەیدابوون لە دەوڵەتدا كە پەیوەستن بە بەكارهێنانی توندوتیژی دژی هاووڵاتیانی سڤیل، كۆمەڵكوژی، پاكتاوی رەگەزی، ئەمە فراوانتر بوو تا گەیشتە سەربڕین و بەم شێوەیە دەوڵەت بوو بە دوژمنێكی سەرسەختی ئەو كەسانەی كە پێویستە بیانپارێزێت، ئەوانەی كە لای دەوڵەت پەسند نین، بۆیە لە شیكردنەوەی دەوڵەتدا دژەڕا پەیدا بووە. پڕۆفیسۆر (پۆل دو موشێل Paul Dumouchel) لە كتێبەكەیدا (قوربانیدانی بێسوود Le Sacrific inutile) دەڵێت: ئەو ئابڕووچوونەی لە ئەنجامی دژەڕا پەیدا دەبێت لەنێوان ئەو ئەركە فەرمییەی دەوڵەتدا، واتا پاراستنی تاكەكانی و لە نێوان ئەو سیاسەتانەی مەبەستیان ریشەكێشكردنی ژمارەیەكی زۆری ئەو تاكانەیە.
بە رای زانای كۆمەڵناسیی ناوداری ئەڵمانیا(ماكس ڤایبەر Weber) لە كتێبەكەیدا (سیاسەت وەك پیشە Politik als Beruf) ئەركی دەوڵەت پاراستنی هاووڵاتیانە و ئەركەكەی ئەوەیە كە رێگە بە تۆڵەسەندنەوەی كەسیی نەدات، دەوڵەت بە تەنیا مافی هەیە چارەسەری ناكۆكییەكان بكات، ئەویش لە رێی قۆرخكردنی هێزی شەرعی و داكۆكیكردن لە هاووڵاتیان، بەڵام كاتێك دەوڵەت توندوتیژیی بەهێز دژی هاووڵاتیانی پەیڕەودەكات، كەواتە رێگە خۆش دەكات بۆ دیاردەیەكی مەترسییدار لە ژیانی دەوڵەتدا، ئەویش دیاردەی (بەلاڕێدا بردنی سیستەمی سیاسییە لە ئەركەكانی)، بەمەش دەوڵەت دەبێتە ئەكتەرێكی دوژمنكارانە دژی ئەو كەسانەی كە پێویستە بیانپارێزێت، دواجار لانەبردنیان بە ئامانج دەگرێت، لێرەدا پەیوەندییەكی مەترسیدار لە نێوان توندوتیژی و سیاسەت دێتەئاراوە، ئەو دیاردەیەش دیاردەی ( لەناوبردنی هاووڵاتیان لەلایەن دەوڵەتەوە) بەرهەم دێنێت، ئەمەش بە مانای شكستی سیاسەت و كودەتای ریشەیی نەرێنییە لە ئەركە جەوهەرییەكانی دەوڵەت.
شێوەكانی ئەو توندوتیژییەی كە دەوڵەت دژی هاووڵاتیان پیادەیان دەكات، رووداوگەلی سەرپێیی نین كە لە دەرەوەی سیستەمی سیاسییەوە هاتبن، بەڵكو رووداوگەلی گریمانەیین رەگی سەرهەڵدان و هاتنەكایەوەیان لە بنیادی دەوڵەتەوە داكوتاوە، ئەم توندوتیژییە پاساوە بۆ چەمكی(قوربانیدان Sacrific Le). ئەم قوربانیدانە یان بۆ حزبە، یان بۆ توێژە، یان بۆ تاكە، یان بۆ نەتەوە، یاخود بۆ گەلە، ئەم قوربانیدانە ئەمڕۆ سوودی نییە، چونكە ناتوانێت پارێزگاری بكات دژی توندوتیژی و دۆزینەوەی سیستەمێكی سەقامگیر.
بوونی دەوڵەت دیاردەی (شەڕ دژی هەمووان every ones war against every one) سەپاندوویەتی، هەروەك (بیرمەند تۆماس هۆبز Hobbes) دەستنیشانی كردووە لە كتێبەكەیدا (لیفیاسان Leviathan ) كە دەڵێت: دەوڵەت لە رێگەی توندوتیژی و قۆرخكردنی هێزو دەسەڵاتەوە هاووڵاتیانی خۆی دەپارێزێت.
توندوتیژیی شەرعیی دەوڵەت باشە، چونكە مەبەستی دابینكردنی ئاشتییە لە كۆمەڵگەدا، ئەمەش دەبێتە شتێكی لۆژیك دژی توندوتیژیی خراپ كە بێسەروبەری و ئاژاوە بەرهەمدێنێت.
بەم شێوەیە هەبوونی توندوتیژیی شەرعی واتا هەبوونی دەسەڵاتێكی ئەخلاقی و توانابوون بەسەر جیاكردنەوەی نێوان توندوتیژیی باش و دژوار كە هەر جیاكردنەوەیەك شتێكی جەوهەریی دەوڵەتی تازەیە، چونكە توانا دەبەخشێت بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و كۆمەڵگەو دەوڵەت و بەم شێوەیەش دامەزراوە تازەكانی سیاسیی دەوڵەت دروست دەكرێن، دواجار دەسەڵاتی ئەخلاقیی دەوڵەت دێتەئاراوە كە حوكمڕان و دەسەڵاتی سیاسی لەپاڵ هاووڵاتیاندا دەبن، دەسەڵاتیش توندوتیژی بۆ داكۆكیكردن لێیان بەكاردەهێنێت، ئەم توندوتیژییەش شەرعییە و لەپاڵ پاراستنی هاووڵاتیانیش مەبەستی كۆتاییهێنانە بە ئاژاوە، بە رای توێژەری فەرەنسی( كلۆد برۆیێر Claude Blauire) لە كتێبەكەیدا (جەوهەری سیاسەت La reason politique)، وەك دەستپێشخەرییەكی سیاسیی بێ ركابەرە، چونكە كۆتایی بە ئاژاوە دەهێنێت، بە رای ئەو، ئەم دەستپێشخەرییە سیاسییە بناغەی هەموو سیستەمێكی سیاسییە، چونكە مانای قۆرخكردنی دەسەڵاتی سیاسییە بۆ هێزی شەرعی، كە توانا بە دەوڵەت دەدات پارێزگاریی لە هاووڵاتیانی بكات دژی توندوتیژیی نادامەزراوەیی و دواتریش پاراستنیان لە ئاژاوە. لێرەدا پەیوەندیی تازە لە كۆمەڵگە سەرهەڵدەدات لەنێوان كۆمەڵانی دۆست و كۆمەڵانی دوژمن، ئەم پەیوەندییەش جەوهەری سیاسەتە بە تێگەیشتنی بیرمەندی ئەڵمانی(كارل شمێت Schmitt) لە كتێبەكەیدا(چەمكی سیاسەت Begriff der Politik).ئەم پەیوەندییەش پەیوەندییەكی هاوكاری- دوژمنایەتی لە كۆمەڵگەو دەوڵەتیشدا دروستدەكات.
(3)
نموونەی عێراق
هەندێ توێژەری رۆژئاوایی بیروبۆچوونی زۆریان لەسەر عێراق خستەڕوو دەربارەی كۆتایی عێراق وەك دەوڵەتێك، لەوانە: گالبریس (كۆتایی عێراق)، فۆللەر( ئایا عێراق تا ساڵی 2010 بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە)، ستانسفڵلد (ئایندەی عێراق: دیكتاتۆری، دیموكراسی، دابەشبوون)، بەڵام تا ئێستا ئەو ئامانجانە نەهاتوونەتەدی، چونكە بارودۆخی عێراق دوای ساڵی 2013 رێچكەیەكی پێچەوانەی بیركردنەوەی ئەو توێژەرانەی وەرگرتووە.
دوای ساڵی 2003 توندوتیژیی شەرعی و قۆرخكردنی شەرعیی دەسەڵات و هێز لە عێراق بەرەبەرە ئاكارو شێوازە سەرەكییەكانی لەدەستداوە، چونكە تاكە توندوتیژییەك نەبووە لە دەوڵەتی عێراق و دواتر ئەو توندوتیژییە وەك دیاردەیەك شێوەزاگەلێكی تازەی نادیاری لە عێراق بەرهەمهێناوە: توندوتیژیی تایفەگەری، توندوتیژیی حزبی، توندوتیژیی تاك، توندوتیژیی عەشایری. ئایا ئەم دەستنیشانكردنە دەكرێت ببێتە دەروازەیەك بۆ تێگەیشتن و وەرگرتنی ئەو شتانەی تا ئێستا لە عێراق روودەدەن؟ ئەوەی لە عێراق روودەدات بریتییە لە: ململانێ و ناكۆكییەكانی نێوان چەندین جۆری توندوتیژی، لەو دۆخەدا سەرنج دەدەین كە قۆرخكردنی توندوتیژیی شەرعی لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە لە عێراق ون بووە، ئەمەش بۆتەهۆی كرانەوەی دەرفەت لەبەردەم چەندین شێوازی تێكچرژاوی توندوتیژی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە و شكستی دەسەڵاتی سیاسی لە پاساوهێنانەوە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژیی دۆستان بەرامبەر دوژمنان، ئەمەش بۆتەهۆی پەرتكردنی ریزەكانی توندوتیژیی دۆستان، كە بوارێكی فراوانی رەخساندووە بۆ كۆمەڵی دەستانی دەسەڵات كە توندوتیژیی سیاسی بقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان و بەرژەوەندیی حزب، یان توێژ یان تایفە.
پرسیارێك دێتەپێشەوە. رۆڵی عەقڵ و عەقڵانییەت چییە لە رەوتی رووداوەكانی ئێستای عێراقدا؟ رۆڵی عەقڵانییەت لە چارەسەركردنی كێشەكاندا لەمیانی یەكلاكردنەوەی چارەسەری دادپەروەرانە لە بنەڕەتدا دەوەستێتە سەر بوونی حاڵەتێكی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەو وڵاتەی كە لە رێگەی توندوتیژیی شەرعییەوە دامەزراوە، ئەم بارودۆخە لە ئێستای عێراقدا نییە و بۆتەهۆی لاوازییەكی ئاشكرای ئاستی كاریگەریی ئاراستەی عەقڵانییەت بەسەر رەوتی سیاسەتی گشتیدا، بۆیە نەیتوانیوە توندوتیژیی شەرعی بقۆزێتەوە بۆ زاڵبوون بەسەر رووداوە زەقەكانی دژ بە سیستەمی سیاسی و نەیتوانیوە چارەسەری عەقڵانی پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات. دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا چارەسەری زۆری وەك ئەوەی كە پێی باشە پێشكەش كردووە بۆ چارسەركردنی ئەو داواكارییانەی خۆپیشاندەران پێشكەشیان كردووە، بەڵام لەكاتی وردبینیی ئەو چارەسەرانە وا دیارە سیستەمی سیاسیی عێراق بێ توانا بووە لە ئەداو بەجێهێنانی دەستكەوتەكان كە دەتوانن ببنە هۆی هێنانەكایەی شەرعییەتێك بۆ سیستەمی سیاسی كە لەبەردەم فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا چۆكی داداوە، دواجار هاوسەنگیی پێویست بۆ سەقامگیری و مانەوەی خۆی لەدەستداوە، وا پێویست بوو زانیاری هەبێت دەربارەی پێویستییەكانی هاووڵاتیان و دەستنیشانیشیان بكات، پێش سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان، چونكە ئەو دەستنیشانكردنە لە ناوەڕۆكی ئەركەكانی دەسەڵاتی سیاسییە كە بریتییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ هاووڵاتیان.
كەواتە هەنگاوەكانی دەسەڵاتی سیاسی بە درەنگەوە گەیشتن وەك بڵێی لە گۆڕەپانەكە، یان لە فەزای گشتیی كۆمەڵگەو دەوڵەتدا نەبوون. بۆیە دەپرسین: سروشتی ململانێی ئێستای عێراق چییە؟ سەرەتا دەكرێ بڵێین كە ناكۆكیی نێوان تاكەكان(وەك تاكەكان) ناكۆكیی سیاسی نییە، كاتێكیش ئەوانە لە چوارچێوەی ناكۆكی دژ بەیەك دەبن، دیارە وەك تاك لەنێو كۆمەڵێكی دیاریكراو قسەدەكەن و رەفتاردەكەن لە ململانێ لەگەڵ كۆمەڵێكی دیكە، بەڵام ئەو ناكۆكییە نابێتە ململانێی سیاسی، ئەمەش بە واتای ئەوەی كە ئەو تاكانە بە لایەنێكی ئەو ململانێیە دادەنرێن و ناچاردەكرێن هەڵوێست وەربگرن یان پەرچەكرداریان هەبێت كە رەنگە پەلبكێشێت بە شێوەیەكی توندوتیژیی ئەو ململانێیە كە بریتییە لەوەی تاك بتوانێت یان نەتوانێت ژیانی ئاسایی خۆی بگوزەرێنێت لەجیاتی ئەوەی لێپرسینەوەی لێبكرێت لە چوارچێوەی دیاریكردنی چارەنووسی كۆمەڵەكەی، بەڵام كاتێ ئەو ململانێیە شێوەی توندوتیژیی وەردەگرێت، ئەوا رەهەندێكی سیاسیی دەبێت و كاریگەریی دەبێت بۆ سەر ئەو كردارەی كە لەم ململانێیەدا دێتەئاراوە.
بە رای ژنە فەیلەسوف ( هانا ئاریندت Arendt) ئەو كردارە كەسایەتیی تاكەكە دەردەخات و لە هەمان كاتیشدا تایبەتمەندیی هەندێ ئینتیمای (كۆمەڵایەتی، تایفەگەری، ئایینی، رۆشنبیری) نیشاندەدات، جا بۆ ئەوەی ئەم كردارە ببێتە كردارێكی بەكۆمەڵ ئەوا پێویستە كۆدەنگی هەبێت لە نێوان بەشداربووانی كارەكە لە بارەی ناوەرۆكی كردارەكە كە گوزارشت لە كۆمەڵێكی گونجاوی یەكگرتوو دەكات كە هەڵگری بەهاو بەرژەوەندیی هاوبەشن، بەشێوەیەكیش كە وا بكات تاكەكان هۆشیاربن لە ئاست تایبەتمەندییەكانیان، لێرەدا دەپرسین: ئایا ئەو تایبەمەندییە خۆی لە خۆیدا ئامانجە، یان بریتییە لە چركەساتی ململانێیێكە؟
ئەو تایبەتمەندییە بریتییە لە ململانێیەك هەموو كۆمەڵە پێكناكۆكەكان دەخاتە بەرامبەر یەكدی، ئینجا دەبێتە ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسیش دەبێتە توخمێكی یەكلاكەرەوە لە چارسەركردنی ململانێیەكە، ئەمەش بە واتای ئەوەی دەوڵەت دەستوەردان دەكات لە ململانێ و كێشەكانی نێوان ئەو كۆمەڵانە، ئەم دەستێوەردانە چەندین شێوەی دەبێت: دەوڵەت دەبێتە نابوبژیكار، یان رۆڵی دادوەر دەگێڕێت، یاخود دەبێتە لایەنێكی ململانێیەكە بە شێوەیەك كە مەبەست یەكلایكردنەوە بێت، ئاستی دەستێوەردانەكە ئاست و پلەی بەسیاسیكردنی ململانێیەكە دیاریدەكات، هەروەها قووڵبوونەوە لە ململانێیەكە واتا دامەزراوەكانی دەوڵەت بەرژەوەندی و راوبۆچوونەكانی توێژێكی كۆمەڵایەتی بەدیدێنێت.
(4)
چارەسەری سیاسیی ململانێیەكە
پێویستبوون بە چارەسەری ململانێیەكە لە كاتی سەرهەڵدانیدا دەردەكەوێت،چونكە چارەسەرنەكردنی واتا گۆڕینیەتی بۆ كێشەیەك كە دەكرێ بە توندوتیژی، یان بە دیالۆگ یان بە وتووێژ چارەسەربكرێت، چارەسەری سیاسیی ئەم كێشەیە پێویستی بەو دیالۆگ و وتووێژانە هەیە كە بە رێككەوتنی نێوان لایەنەكانی كێشەكە كۆتایی دێت، ئەم چارەسەرە سیاسییە پێویستە بێتە بناغەیەك بۆ وازهێنان لە توندوتیژی،. ئەمەش دۆخەكەیە لە دەوڵەتانی دەستووری و پشتدەبەستێت بە پرەنسیپی هاوسەنگیی هێز و دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی توندوتیژی لە چارەسەری سیاسی و پەنابردن بۆ گفتوگۆ بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن، ئەویش لەمیانی ئاڵوگۆڕكردنی پاساوەكان كە دەبێ بەرژەوەندیی لایەنە جیاوازەكان لەبەرچاوبگیرێت، تاكو بگەنە یەكلاكردنەوەی ململانێیەكە بە شێوەی سیاسی و ئەمەش لەسەر دوو ئاست دەبێت:
• دیاریكردنی ئەو پرەنسیپانەی كە دەبنە بنەما بۆ یەكلاكردنەوەی نێوان بەرژەوەندییە جیاوازەكان.
• پێویستە لێكگەیشتن هەبێت لەسەر بنەمای پرەنسیپی دادپەروەری.
بەڵام كاتێ ململانێیەكان دەگەنە ئاستێكی مەترسیدار هەڕەشە لە بوونی دەوڵەت دەكەن، ئایا دەكرێ دەسەڵاتی سیاسی لێیان دووربكەوێتەوە و بەلایاندا نەچێت؟
وەڵام: نەخێر، دۆخەكە لەم حاڵەتەدا پێویستی بە یەكلاكردنەوە و كۆتاییهێنانی ململانێیەكە هەیە، چونكە پەرەسەندنی ململانێ دەگاتە ئاستێك كە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت، بۆیە لە حاڵەتێكدا كە پاراستنی ئازادیی و مافەكان رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە، ئەوا وا دەخوازێت ئەو مەترسییە لابەرین بە لابردنی بانگەشەكردنی یەكێك لە لایەنی ململانێیەكە.
بەڵام لەو حاڵەتەدا( نەبوونی بژاردەیەكی دیكە جگە لە لابردنی بانگەشەكانی لایەنێك یان دەستێوەردانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ ناچاركردنی لایەنێك كە پابەندبێت بە هێوركردنەوەی دۆخەكە) دیاردەیەكی مەترسیدار دێنێتە ئاراوە، كە كاریگەریی قووڵی دەبێت بۆسەر رەوتی دەوڵەت، ئەویش دیاردەی مردنی سیاسەتە.
سیاسەت ئەگەر پەیوەندیی بە ململانێیەكانەوە هەبێت، ئەوا تەنیا بۆ ئاراستەكردن، یان چارەسەركردن نییە، بەڵكو بۆ خۆپارێزی و خۆ دوورخستنەوەیە لێی، بۆ ئەوەی دەرفەت نەداتە توندوتیژی تاكو كاریگەریی بكاتە سەر جەستەی دەوڵەت كە ببێتەهۆی هەڵوەشاندنەوەو نەمانی دەوڵەت، ئەمەیە ئەركی دەوڵەتی عێراق كە بۆی دەبێتە تەحەدییەكی مەترسیدار.