پێگەی كورد لە دوای سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق چۆن دەبێت؟

پێگەی كورد لە دوای سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق چۆن دەبێت؟
مانگێك لەمەوبەر و لە رۆژی جیهانیی دانیشتوواندا وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرای كرد كە ئامادەكارییەكانی بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان لە ساڵی 2020دا.
شایانی باسە یەكەم پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراقدا پێشی زیاتر لە هەشتا ساڵ لەمەوبەر ئەنجام دراوە، دواسەرژمێریی دانیشتووانیش لە ساڵی 1997دا بەبێ بەشداریی راستەوخۆی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا.
لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقیشەوە تا ئەمڕۆ هیچ پرۆسەیەكی سەرژمێریی دانیشتووان ئەنجام نەدراوە، بەهۆی ململانێی سیاسییەوە لەسەر هەبوون، یان نەبوونی هەندێك زانیاریی نێو فۆرمی سەرژمێرییەكە.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئاگاداری بین چەند خاڵێكە:
1- ئایا ئێمە ئامادەین بۆ سەرژمێری؟
2- ئەو پرسیارانە كامانەن كە بەلای كوردەوە پێویستن لە فۆڕمی سەرژمێرییەكەدا هەبن؟
3- كێشەی ئاوارەكان كە بە فەرمی لەسەر پارێزگاكانی خۆیان ئەژمار دەكرێن و، پارەكەیان بۆ بودجەی ئەوێ دەچێت، كەچی خەرجییان كەوتۆتە سەر هەرێم، ئەم كێشەیە چی لێدەكرێت؟
4- ئایا پرسیار لە نەتەوە بكرێت؟ یان مەزهەب؟ یان هەردووكیان؟ یان هیچیان؟
5- زۆر پرسیاری دی كە پسپۆڕانی بواری ئامار باشتر دەیزانن، پێویستە لە ئێستاوە پرسیان پێ بكرێت.
وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەش داوە كە دەتوانێت پرۆسەی سەرژمێرییەكە ئەنجام بدات، بەو مەرجەی تەواوی كێشە سیاسییەكانی پەیوەست بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ناوچە كێشە لە سەرەكان چارەسەر بكرێن و، ئەگەر حكومەت بودجەی پێویست بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان دابین بكات لەكاتی پەسەندكردنی بودجەی ساڵدا.
پێشتریش هەندێك لە سەرچاوە سیاسییە باڵاكانی عێراق ئاماژەیان بەوە دەدا كە خانەی دیاركردنی نەتەوەی عەرەبی و كوردی لەسەر فۆڕمی سەرژمێرییەكە دادەنرێت، هەندێك لە فراكسیۆنەكانیش داوای دانانی خانەی مەزهەبییان دەكرد، وەك خانەی سوننە و شیعە لە فۆڕمی سەرژمێرییەكەدا، بەڵام هەندێكیشیان ئەم بابەتەیان بە مایەی مەترسی دادەنا بۆ چەسپاندنی مۆركی تائیفی لە نێوان عێراقییەكاندا.
سەرەڕای ئەمەش دیارە كە لە عێراقدا هەر (10) ساڵ جارێك پرۆسەی سەرژمێری ئەنجام دەدراو، لە نێوان ساڵانی (1927) بۆ (1997)یش (8) پرۆسەی سەرژمێری ئەنجام دراون و، لە ساڵی (1997)یشدا دواسەرژمێری كراوە، بەبێ بەشداریی هەرێمی كوردستان، واتە لە ساڵی (1987)دا دواپرۆسەی سەرژمێریی گشتگیر بۆ هەموو سەرتاسەری عێراق ئەنجام دراوە. بۆیە تا ئێستا بە وردی نازانرێت ژمارەی راستەقینەی دانیشتووانی عێراق چەندە؟ ئەمەشە كێشە و گرفتی بۆ سیاسەتوانان و ئابووریناسان و پلاندانەران دروست كردووە لەم عێراقەی كە جەنگ و شەڕە نێوخۆییەكانی توانای لەبەر بڕیوەو، ژێرخانیشی دەیان ساڵە وێران بووە، بە جۆرێك كە بۆ هەستانەوە پلانی ستراتیژی و گەشەپێدانی گەورەی دەوێت.
هەرچەندە بەپێی خولەكانی ئامار كە هەر دە ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت، دەبوایە لە ساڵی (2007)دا پرۆسەی سەرژمێری ئەنجام بدرێت، بەڵام بە هۆی بارودۆخی خراپی ئاسایشەوە دواخرا بۆ ساڵی (2009) پاشان بۆ ساڵی (2010)، دواتریش بەهۆی بارودۆخ و بە بیانووی تەكنیكییەوە دواخرا.
بۆ كورد ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ مەسەلەی بودجە و ماددەی (140) و ژمارەی دەنگدەران و ژمارەی كورسییەكانی هەرێم لە پەرلەمانی عێراقدا، بەتایبەت كە پرۆسەی سەرژمێری هۆكاری سەرەكیی سەرخستنی پڕۆسەی هەر هەڵبژاردنێكە لە هەر وڵاتێكدا.
بۆیە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری زۆرێك لە كێشەكان بەرەو چارەسەر دەبات، وەك:
یەكەم: دابەشكردنی دادپەروەرانەی بودجە بە سەر هەرێم و پارێزگاكاندا.
دووەم: ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.
سێیەم: دانانی پلانی ئابووریی سەركەوتوو.
چوارەم: دانانی پلانی گەشەپێدانی پێنج ساڵە یان دە ساڵە.
پێنجەم: دروستكردنی بنكەی زانیاری و داتابەیسی كۆمەڵایەتی و ئابووریی پشت پێ بەستراو.
شەشەم: دانانی ستراتیژیەتی كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری.
حەوتەم: دروستكردنی خوێندنگە و خەستەخانە و خانووبەرە بەپێی ژمارەی دانیشتووان.
هەشتەم: زانینی رێژەی سەدیی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كۆمەڵگە.
لەبەر ئەمانەو زۆر هۆی گرنگی دیكەش، بە پشتبەستن بە ماددەی (110)ی دەستووری عێراق، جێگەی خۆیەتی كورد لەگەڵ لایەنە دۆستەكانی نێو پەرلەمانیی عێراق رێكبكەوێت لەسەر وردەكاریی نێو پڕۆسەی ئامار و سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەعێراقدا.

Top