پارتی پڕۆژەیەك بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و رزگاركردنی كۆمەڵگە لە پاشاگەردانیی سیاسی

پارتی پڕۆژەیەك بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و رزگاركردنی كۆمەڵگە لە پاشاگەردانیی سیاسی
ئەگەر خوێندنەوەی مێژوو بۆ میتۆدی ئەم نووسینە لە میتۆدی قوتابی و مامۆستاوە بگۆڕێن بۆ میتۆدی دادوەر و شاهید، ئەوا دەتوانین مێژوو بكەینە شاهیدی ئەو تێزانەی لەم نووسینەدا دەخرێنەوەڕوو.
جیاوازیی میتۆدی قۆتابی و مامۆستا لەگەڵ میتۆدی دادوەر و شاهید بۆ خوێندنەوەی مێژوو، لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەگەر تۆ مێژوو بكەیت بە مامۆستای خۆت، ئەوا ئەو مێژووە هەرچییەكی پێ گوتی، دەبێت گوێی لێ بگریت، بەبێ ئەوەی بزانیت كام رووداو راستە، یان كام رووداو هەڵەیە، هەر بۆیە لەم حاڵەتەدا تۆ ئاگاداری مێژوویت، بەڵام ئەم ئاگاداربوونە خزمەتی نووسینەكەت ناكات، بەڵام كاتێك نووسەر خۆی دەكاتە دادوەر و مێژوو دەكات بە شاهید، ئەوا نووسەر وەك دادوەر گوێ لە شاهید دەگرێت، بەڵام گوێگرتنی دادوەرەكە وەك گوێگرتنی قوتابییەكە نییە، دادوەر دەیەوێت راستییەكان لە شاهید وەربگرێت.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە هەڵوەستەیەك لەسەر ناونیشانی دووەمی ئەم راپۆرتە بكەینەوە كە پرسیارێكە و دەڵێت: بۆچی مستەفا بارزانی لە كۆماری كوردستانەوە داوای دامەزراندنی پارتی كرد، نەك لە سلێمانییەوە؟ هەروەها ئەگەر سەیری ناونیشانی ئەو بەشەش بكەین كە نووسراوە: (پارتی وەك پڕۆژەیەك بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و رزگاركردنی كۆمەڵگە لە پاشاگەردانیی سیاسی)، لێرەشەوە جارێكی دیكە هەم پرسیارەكەی یەكەم و هەمیش ناونیشانەكەی دووەم بكەینەوە جێگەی پرسیارێكی دیكە و لە خۆمان بپرسینەوە: ئایا دەتوانین مێژوو بكەینە شاهیدێكی راستگۆ بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكەمان (بۆچی مستەفا بارزانی لە مەهابادەوە داوای دامەزراندنی پارتی كرد، نەك لە سلێمانییەوە؟). یان ئایا دەتوانین مێژوو بكەینە شاهیدێكی راستگۆ بۆ سەلماندنی ئەو ناونیشانەی نووسراوە: (پارتی پڕۆژەیەك بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و رزگاركردنی كۆمەڵگە لە پاشاگەردانیی سیاسی).
بێگومان ئەگەر توانیمان لە چوارچێوەی ئەم نووسینەدا مێژوو بكەینە شاهێدێكی راستگۆ، ئەوا هەم ئەمانەتی مێژوومان پاراستووە، هەمیش ئەو بڕیارەی لەسەر رووداوەكان دەیدەین، بڕیارێكی دادپەروەرانە دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە هەم خیانەت لە مێژوو دەكەین و هەمیش ئەو بڕیارانەی لە سەر رووداوەكان دەیدەین، دەبێتە جێگەی گاڵتەجاڕی خوێنەر.
لەم راستەوە و پێش ئەوەی بێینە سەر شەن و كەوی پرسیارەكەمان و سەلماندنی ناونیشانە لاوەكییەكەی ئەم بابەتە، دەبێت ئەوە بەبیری خوێنەر بهێنینەوە، ئەم نووسینە مامەڵە لەگەڵ چەمكی (پارتی) لەناو فیكری مستەفا بارزانی دەكات، واتە چەمكی (پارتی) وەك پڕۆژەیەكی بیرلێكراوە پێش دامەزراندنی، ئەوجا ئەگەر لەم خاڵەوە بگەڕێین بۆ وەڵامی پرسیارەكە (بۆچی مستەفا بارزانی لە مەهابادەوە داوای دامەزراندنی پارتی كرد، نەك لە سلێمانییەوە؟) ئەوا مێژوو وەك شاهید دوو حاڵەتی جیاوازی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی-مان بۆ دەگێڕێتەوە كە لە دوو سەردەم و شوێنی جیاواز و بەمجۆرە بووە:
مێژوو وەك شاهید پێمان دەڵێت: مستەفا بارزانی لە ساڵانی 1942-1943 یەكێك بووە لەو كەسایەتییە شۆڕشگێڕانەی كە حكومەتی پاشایەتی دووری خستبووەوە بۆ سلێمانی، ئەو كات مستەفا بارزانی بیری لەوە دەكردەوە، چۆن شۆڕشێكی سەرتاسەری لە باشووری كوردستاندا بەرپا بكات، وەك شیخ مەحموودی شێخ كاوەی حەفیدزادە لە دیمانەیەكی گوڵاندا بۆی باس كردووین، مستەفا بارزانی لە پرسی گەڕانەوەی بۆ بارزان و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشێكی سەرتاسەری شێخ مەحموودی حەفید ئاگادار دەكاتەوە و بە تێروتەسەلییش لەگەڵ شێخ لەتیفی حەفید باسی دەكات، بۆ ئەم پرسەش جیا لەوەی لەلایەن شیخ لەتیفی حەفیدەوە هەموو ئامادەباشییەك پیشان دەدرێت بۆ هاوكاریی مستەفا بارزانی، لە هەمانكاتدا لەلایەن حزبی هیوا و ئەفسەرانی ئازادیخوازەوە پشتگیری دەكرێت.
ئەمە تائێرە شاهیدی مێژووە بۆ بڕیاری مستەفا بارزانی بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش، بەڵام پرسیارەكەی ئێمە ئەوەیە: بۆچی بۆ هەڵگیرساندنی ئەم شۆڕشە بیری لە دامەزراندنی حزبێكی سیاسی، یان پارتی نەكردەوە؟ ئێستا ئەگەر لەم پرسیارەش پرسیارێكی دیكە دروست بكەین و بپرسین: ئایا لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی-دا پارتێكی سیاسی بۆ شۆڕش زەروور نەبووە؟ ئەگەر لەم پرسیارەش پرسیارێكی دیكە دروست بكەین، دەكرێت بپرسین: ئایا چۆن ئەو شۆڕشە رێكخراوە و سەركردایەتیی ئەو شۆڕشە چۆن كراوە؟ دیارە لە وەڵامی ئەم هەموو پرسیارەدا، دیسان مێژوو دەبێتەوە بە شاهیدێكی راستگۆ و پێمان دەڵێت: چەمكی پارتی لە فیكری مستەفا بارزانی-دا، دامەزراندنی ئەو حزبە سیاسییە نییە كە گرووپێك كۆببنەوە دایبمەزرێنن و رایبگەیەنن، بەڵكو چەمكی پارتی چوارچێوەیەك بووە كە ئیرادەی گەلی كوردستان تێیدا یەكگرتوو بێت، ئەم چوارچێوەیەش پێویستی بە رەخساندنی زەمینە هەبووە، ئەم زەمینەیەش لە ناو شۆڕشی بارزاندا دروست بوو، بە خۆڕسكی لیژنەی ئازادی بۆ سەركردایەتیی شۆڕش هاتەئاراوە، ئەندامانی لیژنەی ئازادییش بۆ سەركردایەتیی شۆڕشی بارزان، خەڵكی هەموو ناوچەكانی ئەم بەشەی كوردستان بوون، ئەمەش واتە پێناسەی چەمكی پارتی لە فیكری مستەفا بارزانی-دا بریتی بووە لە چەمكی ئازادی، چۆنیش ئازاد دەببین، یان دەگەینە ئازادی، ئەوا چوارچێوەی لیژنەی ئازادی پێمان دەڵێت كە پێویستە ناوچەگەری و حزبایەتی و جیاوازیی نێوان چینەكان و كێشەی نێوان ئاغا و دەرەبەگ و جووتیار چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە، كەواتە مێژوو وەك شاهید پێمان دەڵێت: مستەفا بارزانی ئەو كاتەی لە سلێمانییەوە بڕیاری داوە بگەڕێتەوە بۆ بارزان و شۆڕش بەرپا بكات، زۆر باش ئەو راستییەی زانیوە كە شۆڕش بە حزبێكی سیاسی هەڵناگیرسێت، كە نوێنەرایەتی گرووپێك، یان تەنیا نەتەوەو ئایینێك، یان چینێكی دیاریكراو بكات، بەڵكو شۆڕش كاتێك دروست دەبێت و بەردەوامی دەبێت، كە خودی شۆڕشەكە ببێتە چوارچێوەیەك و هەموو ئیرادەی گەل و نەتەوە كۆبكاتەوە، ئەوكات مستەفا بارزانی بیری لەوە كردووەتەوە ئەو چوارچێوەیە دروست بكات كە لە شۆڕشی بارزاندا دروستی كرد، بۆیە بیری لە دامەزراندنی پارتی وەك حزبێكی سیاسی نەكردووەتەوە.
بەڵام ئەگەر سەیری داواكەی مستەفا بارزانی بكەین كە لە دوای راگەیاندنی كۆماری كوردستانەوە داوای دامەزراندنی پارتی دەكات و سەیری ئەو سەركردایەتییە بكەین كە بۆ ئەم پارتە هەڵیبژاردووە، ئەوا مێژوو وەك شاهید پێمان دەڵێت: مانای چەمكی پارتی لە فیكری مستەفا بارزانی-دا لە چەمكی ئازادییەوە دەگۆڕێت بۆ پڕۆژەی دامەزراندنی دەوڵەت و پاراستنی ئەو دەوڵەتەش، ئەگەر لەسەر ئەم پرسەش پرسیارێكی دیكە لە مێژوو بەگشتی بكەین و بیكەینە شاهید بۆ میكانیزمی دامەزراندنی دەوڵەت و پاراستنی ئەو دەوڵەتە، ئەوا مێژوو بەمجۆرە شاهیدی لەسەر شێوازی دامەزراندنی دەوڵەت و پاراستنی ئەو دەوڵەتە دەدات و پێمان دەڵێت:
- هەر نەتەوە و گەلێك ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەت بێت، دەبێت پێش هەموو شتێك چوارچێوەیەك دروست بكات بۆ ئەوەی حزبایەتیی تەسك و پاشاگەردانیی سیاسی كۆتایی پێ بهێنێت.
- دەبێت ئەو دەوڵەتە ببێتە چوارچێوەیەك بۆ یەكگرتنی ئیرادەی هەموو تاكەكانی نەتەوە، كە ئەم یەكگرتنە دروست بوو، پارێزگاریكردن لە دەوڵەتەكە ئاسان دەبێت.
ئەگەر لەسەر بنەمای ئەم شاهیدییەی مێژوو، سەیری ئەو ئەزموونە گەورەیە بكەین كە مستەفا بارزانی بڕیاری چوونی خۆی و پێشمەرگەكانی بۆ پاراستنی كۆماری كوردستان دا، ئەوا دەبینین لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی-دا، دامەزراندنی دەوڵەت و پاراستنی دەوڵەت بووەتە پڕۆژەیەك كە ئیرادەی گەلی كوردستان توانای جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیەی هەیە، بۆیە لە كۆماری كوردستانەوە كاتێك لە ژێر ناوی دامەزراندنی پارتی داوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، ئەوا ئەرك و ئامانجی ئەم پارتە بریتی بووە لە:
- نەهێشتنی پاشاگەردانیی سیاسی و نەهێشتنی بیركردنەوەی تەسكی حزبایەتی و كۆكردنەوەی ئیرادەی نیشتمانی و نەتەوەیی لە چوارچێوەیەكدا كە ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.
- رێكخستنی ئەم ئیرادە نیشتمانی و نەتەوەییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان و پاراستنی ئەم دەوڵەتە.
لێرەوە ئەگەر جارێكی دیكە ئەم ئەرك و ئامانجانە كە بەرەنجامی شاهیدیی مێژوون، دووبارە بخەینەوە ژێر پرسیار و دیسان بپرسین: دوای رووخانی كۆماری كوردستان و چوونی مستەفا بارزانی بۆ یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، ئایا چەمكی پارتی لە فیكری مستەفا بارزانی-دا هەر هەمان ئەرك و ئامانجی هەبووە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش دیسان هەر پێویستمان بە شاهیدیی مێژوو هەیە، مێژوو وەك شاهید پێمان دەڵێت:
- دوای ئەوەی مستەفا بارزانی بە ئاوارەیی چووە یەكێتی سۆڤیەت، ئەزموونێكی دیكەی بۆ دروست بوو، بەوەی كە تەسلیمبوون بە ئەمری واقیعی داگیركاری بوونی نییە، بۆیە كاتێك نەتەوە شكستێكی بە سەردێت، دەبێت هەوڵبدات باشتر و بەهێزتر لە جاران هەستێتەوە، هەر بۆیە مێژوو وەك شاهید پێمان دەڵێت: مستەفا بارزانی لە باكۆ بەرنامەی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بەو جۆرە داڕشت كە ئامانجی ئیعلانكردنی جمهوورییەتی كوردستانی گەورەیە.
- لەسەر ئاستی دیپلۆماتی بۆ زەمینەسازكردن بۆ ئەم ئامانجە، ئەو دەیزانی لە سەردەمی شەڕی سارد، سۆڤیەتی پێشوو و رۆژئاوا ناتوانن پشتگیری دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بكەن، بۆیە وەك رێبەرێكی نیشتمانی و دڵسۆز بۆ نەتەوەكەی پشتگیری لە كۆنگرەی بانكۆك بۆ دامەزراندنی دەوڵەتانی جیهانی سێیەم كرد، ئەو دەوڵەتانەی كە تازە لە كۆلۆنیاڵی رزگاریان ببوو، ئەمەش مانای ئەوەیە مستەفا بارزانی هەوڵیداوە كوردستان وەك نیشتمانێكی كۆڵۆنیاڵی پیشانی سیاسەتی جیهانی بدات و، لە چوارچێوەی كۆتاییهاتنی سەردەمی ئیمپریالیزمدا، شەرعییەت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان مسۆگەر بكات و پشتیوانیی دەوڵەتانی جیهانی سێهەم بۆ دەوڵەتی كوردستان دابین بكات.
ئەگەر لێرەوە بێینە ناو رووداوەكانی گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە 6ی ئۆكتۆبەری 1958 بۆ عێراق، ئەو پرسیارە لەو رووداوە بكەین، ئەگەر چەمكی پارتی لە فیكری مستەفا بارزانی-دا پڕۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتە، بۆچی لە سۆڤییەت گەڕایەوە، كە هێشتا كوردستان هەلی دامەزراندنی دەوڵەتی بۆ هەڵنەكەوتبوو؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش، ئەمجارە مێژوو وەك شاهید خۆی پرسیارێك ئاراستەی ئەو پرسیارە دەكات و لێمان دەپرسێت: مستەفا بارزانی لەسەر چ بنەمایەك لە سۆڤیەتەوە گەڕایەوە بۆ عێراق؟ بێگومان هەر مێژوو وەك شاهید پێمان دەڵێت، دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی بە رێگەی كودەتا لەلایەن پۆلێك ئەفسەری عێراقییەوە بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم، خەڵكی عێراق لە كوردستانیشەوە، ئەو كودەتایەیان وەك شۆڕش سەیر كرد، نەك تەنیا كودەتا، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، كودەتاكەی عەبدولكەریم قاسم تەنیا گۆڕینی دەموچاوێك نەبوو، بە دەموچاوێكی دیكە، بەڵكو شۆڕشێك بوو لە بیركردنەوەی عەرەبی عێراق بەرامبەر بە مافەكانی گەلی كوردستان و ناسنامەی نیشتمانێك كە كوردستانە و راشكاوانە لەو دەستوورە كاتییەی دوای شۆڕشی 14 ی تەموزی 1958 نووسراوەتەوە، هاتووە كە عێراق نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەبە، ئەمەش مانای ئەوەیە مستەفا بارزانی لەسەر ئەو بنەمایە گەڕاوەتەوە كە گەلی كوردستان بە خاوەنی نیشتمانێكی هاوبەش دەكرێت، ئەم دوو نەتەوەیە پێكەوە ئەم نیشتمانە هاوبەشە بەڕێوە دەبەن. هەر بۆیەشە دوای ئەوەی عەبدولكەریم قاسم لە ژێر كاریگەریی فیكری شۆڤێنی عەرەبی لە دەستوورە كاتییەكە پاشگەز بووەوە، گەلی كوردستان شۆڕشی ئەیلوولیان هەڵگیرساند و مستەفا بارزانی رێبەرایەتیی ئەو شۆڕشەی كرد، هەتا لە ئاداری 1970 رێككەوتنی ئاداری بۆ مافی ئۆتۆنومی لە كوردستان لەگەڵ رژێمی پێشووی بەعس ئیمزا كرد.
بەڵام پرسیاری دیكە ئەوەیە: ئایا پارتی لە پڕۆژەی دەوڵەتەوە نەگۆڕا بۆ پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش مێژوو وەك شاهید دەیداتەوە و دەڵێت: ئەگەر یەكێك بە وردی تەواوی بڕگەكانی رێككەوتنی ئادار بخوێنێتەوە كە دوای چوار ساڵ رژێمی بەعس لێی پاشگەز بووەوە، ئەوا بە راشكاوی دەگاتە ئەو قەناعەتەی كە رێككەوتنی ئادار هەنگاوی یەكەم و دانانی بەردی بناخەی دەوڵەتی كوردستانە، لەبەر ئەم هۆكارانە:
- ئەگەر رێككەوتنی ئادار جێبەجێ بكرایە، سنووری باشووری كوردستان دیاری دەكرا و حكومەتی عێراق دانی بە سنووری جوگرافی و مێژوویی ئەم بەشەی كوردستاندا دەنا، بە كەركووكی دڵی كوردستانیشەوە.
- لە رێككەوتنی ئاداردا دان نراوە بە مافی هەموو نەتەوە و ئایینەكانی كوردستاندا و مافی هەموو لایەكیان دیاری كراوە.
- لە رێككەوتنی ئاداردا هەیكەلی حكومەتێكی لۆكاڵی بۆ بەڕێوەبردنی كوردستان دیاری كرا، كە هەر سێ كۆڵگەكەی دەوڵەت لەخۆی دەگرێت، كە بریتین لە دەسەڵاتەكانی (یاسادانان، جێبەجێ كردن، دادوەری)، هەر دوو ئەنجومەنی (یاسادانان و جێبەجێكردن)یش دەبوو راستەوخۆ لەلایەن گەلی كوردستانەوە هەڵبژێردرێن.
- لەبەر ئەوەی رێككەوتنی ئادار بەردی بناخەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بوو، كاتێك لە ساڵی 1974 شەڕ لە نێوان شۆڕش و رژێمی بەعس هەڵگیرسایەوە، سەركرداییەتی شۆڕشی ئەیلوول لیژنەیەكی دامەزراند بۆ ئەوەی ناوەرۆكی رێككەوتنی ئادار بگۆرێت بۆ پڕۆژەی دروستكردنی هەرێمی فیدڕاڵی كوردستان لە عێراقدا، زیاد لەمەش شەخسی مستەفا بارزانی و سەركردایەتیی شۆڕشیش لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی بوون بۆ ئەوەی لە كاتێكی گونجاودا دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنن.
ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە كە ئەم مێژووە و بەردەوامیی ئەم فیكرە ئێستاش وەك ئەو كاتەی كە چەمكی پارتی لە فیكری مستەفا بارزانی-دا بووە، پێش ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دابمەزرێت، بەردەوامی هەیە، ئەمەش زۆر بە بوێری و راشكاوانە لە رەفتار و گوتاری بەڕێز مسعود بارزانی دەیبینین و گوێمان لێی دەبێت.
Top