چۆن مەرجە بازرگانی و پیشەسازییەكان لەخزمەتی ژینگەدا دەبن؟

چۆن مەرجە بازرگانی و پیشەسازییەكان لەخزمەتی ژینگەدا دەبن؟

یاساكان و رێنماییەكان وەك هەرشتێكی دی لەكات و شوێنێكی دیاریكراودا دێنەئاراوە، بۆیە زانینی ئەو بارودۆخەی كە یاساو رێنمایی تێدا لەدایك دەبێت زۆر گرنگە، چونكە یاسایەك كە لە سەروبەندی دەركەوتنی گرفتێكدا دێتەئاراوە، جیایە لە یاسایەك كە لەكاتی دۆزینەوەی چارەسەری گرفتەكەدا لەدایك دەبێت.
بڕیاربەدەستان لە بواری ژینگەپارێزیدا زۆر گرنگە یاساو رێنماییەكانیان لە ساتەوەختی دۆزینەوەی چارەسەری گرفتەكاندا بێنەئاراوە، بۆ ئەوەی توانای مانەوە و بەردەوامبوونیان تێدابێت.
لەدیداری وەزیرانی ژینگەی وڵاتانی عەرەبی و ژاپۆندا لە (تۆكیۆ) دكتۆر (واتانابی هیرۆیۆكی) بەڕێوەبەری كارگێڕی لە كۆمپانیای (تۆیۆتا)ی ژاپۆنم بینی لە ساڵی(2004)دا، ئەو دەیوت: «ئێمە لە ژاپۆن لەكاتی روودانی هەر گرفتێكدا بە دوای چارەسەردا دەگەڕێین پێش دەركردنی هەر یاسایەك كە دواتر دەردەچێت و دێتە سەر زەمینەیەكی تا رادەیەك چارەسەركراو، نەك هەوڵدان بۆ دەركردنی یاساو رێنمایی كتوپڕ لە ساتەوەختی رەگداكوتانی گرفتەكە لە زەمینەی واقیعدا، لەبەر ئەوەشە یاساكان و رێنماییەكانمان ئاسان جێبەجێ دەبن.»
مەبەستم لەم وتەیە ئەوەیە كە رێنمایی و یاسا چەندە گرنگ بن، دۆزینەوەی چارەسەریش ئەوەندە گرنگە لە جێبەجێكردنی یاسا و رێنماییەكاندا، بۆ نموونە: ئێمە زۆر یاساو رێنمایی ئامادەمان هەیە بۆ سزادانی هەر شوفێرێك كە ئۆتۆمبێلەكەی لە رووی زیانگەیاندن بە ژینگەو دەرهێنانی گازە پیسكارەكانی هەوا لە ئەگزۆزەوە پێچەوانە دەوەستێتەوە لەگەڵ رێژە یاسایی و دیاریكراوەكاندا، بەڵام دەكرێت ئەم جۆرە یاسا و رێنماییە زۆر بە ئاسانی جێبەجێ بكرێت، ئەگەر وەك دەوڵەت توانیمان هۆكارێكی گواستنەوەی كەم زیان و دۆستی ژینگە دروست بكەین، یان هاوردە بكەین.
بۆیە پێویستە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زۆر رێوشوێنی گرنگ بگرنەبەر لە پێناوی پاراستن و چاككردنی ژینگەدا، لەوانە بۆ نموونە:
جێكردنەوەی ستانداردە ژینگەیییەكان و لەبەرچاوگرتنیان لە سیاسەتی پیشەسازی و بازرگانیدا.
گرنگیدان بە زانینی كاریگەریی بوارەكانی بازرگانی و پیشەسازی لەسەر پڕۆگرامەكانی ژینگەپارێزی.
بنیادنانی تواناكان بۆ گەشەپێدان و داڕشتنی سیاسەتی پاڵپشتكردنی بازرگانی وپیشەسازیی دۆستی ژینگە بۆ خزمەتی پەرەپێدانی بەردەوام و درێژەپێدراو.
ئاگاداربوون لە هەنگاوەكانی بواری پاراستنی ژینگە و بەردەوام كۆككردنی پەیوەندیی پۆزەتیڤی نێوان بازرگانی و پیشەسازی و ژینگە.
بەهێزكردنی رۆڵی حكومەت لە بواری پاراستنی ژینگەدا.
بۆ ئەم مەبەستانە و زۆری تریش پێویستە یاداشتنامەیەكی لێكگەیشتن لە نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی ژینگەدا هەبێت كە چەند خاڵێك لەخۆ بگرێت، لەوانەش بە نموونە:
بەهێزكردنی رۆڵی بنكەكانی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و ناوەندەكانی توێژینەوە و شیكردنەوە ژینگەیی و بازرگانییەكان.
بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان كۆمەڵە و یەكێتی و رێكخراوە تایبەتەكانی بواری پەرەپێدانی بازرگانی و پیشەسازی و بواری پاراستنی ژینگە.
هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە بواری داڕشتنو پەسەندكردنی یاسا و بڕیار و راسپاردەكانی تایبەت بە ئازادیی بازرگانی و پیشەسازی و پاراستنی ژینگە.
دۆزینەوەو داڕشتنی ئەو چوارچێوە یاساییانەی كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی كاریگەرییە نێگەتیڤەكان لەسەر بازرگانی و پیشەسازی و پاراستنی ژینگە.
داڕشتن و دانانی رێوشوێنی گونجاو بۆ كۆككردنی پەیوەندیی نێوان بازرگانی و پیشەسازی و پەرەپێدانی بەردەوامكراو.
داهێنانی خەڵات و پاداشتی نیشتمانیی ساڵانە بۆ ئەو دەزگا و كۆمپانیا و كارمەندانەی كە رۆڵی داهێنەر و بەرچاویان هەیە لە هەردوو بواری كوالێتی بازرگانی و پیشەسازی و پاراستنی ژینگەدا.
داهێنانی پڕۆگرامی تایبەت بۆ هاندان و پێشبڕكێ لە نێوان دامودەزگاكانی حكومەت خۆیدا بۆ گرنگیدان بە هێنان و بەكارهێنانی ئەو بەرهەمە پیشەسازییانەی كە دۆستی ژینگەن.
كاركردن بە پێی ستانداردە جیهانییەكانی تایبەت بە هەردوو بواری بازرگانی و پیشەسازی و ژینگە و.. هتد.

Top